دووریا نەسروڵڵا: كارگەیەكی گەورەم هەیە و زیاتر لە 50 ئافرەتیشم فێری كاری دروومان كردووە

دووریا نەسروڵڵا:  كارگەیەكی گەورەم هەیە و زیاتر لە 50 ئافرەتیشم فێری كاری دروومان كردووە

 

 

ئەو ئافرەتانەی كە سەرپەرشتیی خانەوادەكەیان لە ئەستۆ گرتووە و بوێرانە قوتی خێزانێك پەیدا دەكەن، ژمارەیان كەم نییە. ئەوان لەگەڵ هەموو بارودۆخێك خۆیان دەگونجێنن و سڵ لە ماندوو بوون و سەختیی كار و گرفتەكانی ژیان ناكەنەوە. دووریا نەسروڵڵا خانمێكی دەستڕەنگینی دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە، دوای لە دەستدانی هاوژینەكەی ئەركی بەڕێوەبردنی ماڵ و دەستەبەری بژێوی خێزانەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، دواجار بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانی بە هاوكاری دایكی دەست دەداتە كاری دروومان و تا ئێستا لە كارەكەی بەردەوامە، ئەو لە ئێستادا لە قەزای ناوەندی سۆران لە گەڕەكی بارزان لەگەڵ شەش ئافرەت كارگەیەكی گەورەی دروومان بەڕێوە دەبەن و جلوبەرگ بە شێوەی كۆ دەنێرنە بازاڕەكان، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەم شێوەیە باس لە هەنگاوەكانی گەیشتن بە پیشەكەی بۆ خوێنەران دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

دووریا نەسروڵڵا بە حوكمی ئەوەی باوكی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، دوای نسكۆی شۆڕش لە ئاوارەیی لە ئێران لە دایك بووە، بە هۆی ئاوارەیی و بارودۆخی سیاسیی ئەو كات نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات، دوریا دایكی دوو كچ و كوڕێكە، دوای ئەوەی ساڵی 2016 هاوژینەكەی لە دەست دەدات، بە پاڵپشتیی دایكی كاری دروومان هەڵدەبژێرێت. بەمجۆرەش باسی ژیانی خۆی و تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەكات: «كاتێك هاوسەرەكەم كۆچی دوایی كرد، منداڵەكانم بچووك بوون، بۆ بەخێوكردنیان پێویستیم بەوە بوو كارێك بكەم، بۆ ئەوەی منداڵەكانم موحتاجی دەستی كەس نەبن، ئەوكات دایكم بەوە ئامۆژگاری كردم، كە لە ماڵەوە دەست بكەم بە كاری بڕین و دروومان، بەو پێیەی دایكم كاری دروومانی باش دەزانی، زۆر هاوكاری كردم و لە كارەكەم پشتی گرتم، سەرەتا بۆ من زۆر قورس و ناخۆش بوو، كە هەم پەروەردەی منداڵ و هەم پەیداكردنی بژێوی ڕۆژانەی خێزانەكەم لە ئەستۆدا بوو، ئاسان نەبوو كە بۆ منداڵەكانم هەم دایك و هەم باوكیش بووم، بەڵام خوای گەورەی یارمەتیدام و ئەو هێز و توانایەی پێ بەخشیم، تا ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگەكان ببمەوە، كە كەوتمە سەر پێی خۆم دایكم داوای لێ كردم كارەكەی خۆم گەورەتر بكەم، لە ئێستادا سوپاس بۆ خوا كارگەیەكی گەورەم هەیە.»

سەبارەت بە كاری كارگەكەی و بەڕێوەبردنی كارەكانی، ئەو خاتوونە گوتی: «ماوەی چوار ساڵە كارگەیەكمان دامەزراندووە و جلوبەرگی مۆدە بە شێوەی جوملە بۆ بازاڕ دەنێرین، من ئەزموونی زیاتر لە 15 ساڵ لە بواری دروومانم هەیە و لەگەڵ ڕێكخراوەكانی GIZ و ڕێكخراوی ڕوانگە كارم كردووە و چەندان خولی ڕاهێنان و فێركردنی بڕین و درومانم كردووەتەوە، لەگەڵ بەخشینی بڕوانامە بەو خانمانەی كە خاوەن پیشەن لە بواری كاری دروومانی جلوبەرگ، زیاتر لە 50 ئافرەتم فێری كاری دروومان كردووە».

دووریا نەسروڵڵا دڵخۆشە بەوەی كە توانیویەتی منداڵەكانی گەورە بكات، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «زۆر دڵخۆش و سەربەرزم كە دەبینم منداڵەكانم گەورە بوون و تا ئەمڕۆ نەمهێشتووە لە هیچ شتێكیان كەم بێت، كچە گەورەكەم خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە و لە ئێستادا لەگەڵ خۆم كار دەكات، كچە بچووكەكەشم قوتابی پەیمانگەیە و كوڕەكەشم تەمەنی 13 ساڵە و لە قۆناغی بنەڕەتی دەخوێنێت، دوای ئەوەی كارم كرد و تێكەڵی سەختییەكانی ژیان بووم، بەو ڕاستییە گەیشتم كە توانای ئافرەت هیچی لە توانای پیاو كەمتر نییە، ئەگەر ئافرەت هەوڵبدات و لەگەڵ ئاستەنگ و ڕێگرییەكان بجەنگێت، براوە دەبێت و هەوڵەكانی بێ ئەنجام نابن».

Top