ماملێ مه‌مله‌كه‌تێك له گۆرانی..لە یادی (24) ساڵەی ماڵاوایی محەمەدی ماملێ
ئامادەكردنی/ئامانج غازی
به ئاوه‌ڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا و تێڕامانێكی چڕ بۆ گه‌نجینه‌ی گۆرانیی كوردی، یان ڕاستتر بڵێین بۆ ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه خۆیان ده‌بنه ڕوخسار و ناوه‌ڕۆكی ناساندن و هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنیه‌تیی پۆلینكردن و دانانی پله و پایه و پێگه‌یان له نێوه‌ندی هونه‌ری كوردیدا، كۆمه‌ڵێ له‌و ده‌نگه پڕ زایه‌ڵانە توانیویانه گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له شێوه‌و شێوازی ده‌ربڕین و (ئادا)ی نه‌ته‌وه‌یید كه هه‌ڵقووڵاوی نێو كانیاوی ڕه‌سه‌نایه‌تیی ژینگه و سرووشت و پێگه كۆمەڵایتیه‌كان بن .
بۆیه كه باس دێته سه‌ر دانانی چوارچێوه‌یه‌كی (هونه‌ری ـــ زانستی) بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه توانیویانه جێپه‌نجه و بابه‌ت و هزری نوێ بخه‌نه سه‌ر خه‌رمانی هونه‌ره‌كه‌یان، ئه‌وا بێگومان ده‌بێ له‌و كه‌ڵه هونه‌رمه‌ندانەوە ده‌ست پێ بكه‌ین، كه هه‌رسێ كۆڵه‌گه‌ی هونه‌ری گۆرانی له گۆرانی (فۆلكلۆری ـــ میللی ـــ دانراو) یان كردووەته بنه‌ما و سه‌ره‌تای چۆنیه‌تدی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌ره‌دا.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانی ئێمه‌یه سه‌باره‌ت به هونه‌رمه‌ندانی پێشه‌نگ، ئەوەیە کە ئه‌وان هه‌میشه ویستوویانه ده‌روازه‌یه‌كی واڵا بۆ په‌یوه‌ندیی هونه‌ری و گشتی به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا پته‌و بكه‌ن و به‌رده‌وامیی پێ ببه‌خشن، ئه‌م په‌یوه‌ندییانه (كه به داخه‌وه ئێستا به‌و شێوه نییه كه ئاڵوگۆڕی بیر‌و ڕاو و سه‌رنجی هونه‌ریی بونیاتنه‌ری به‌دواوه بێ) كه‌واته مه‌به‌ستم له‌م پیشه‌یه له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت كه هونه‌ری گۆرانی له نێو بنه‌ماڵه‌ی (ماملێ)دا بووه‌ته پیشه‌یه‌ك و ناتوانرێت ده‌ستبه‌ردار بین یان به‌ڕێزه‌وه سه‌یر نه‌كرێت
لێره‌دا ئه‌م په‌یوه‌ندییه توند و تۆڵه هاتووەته كایه‌وه كه ئامانجه‌كانمان به ڕوونی ده‌پێكێت (ماملێ)ی باوك و هه‌ڵگری په‌یامی (ئادا و مۆركی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه) كاتێ كەو‌توونه‌ته به‌ر ڕۆشنایی هونه‌ری به گشتی و موزیك و گۆرانیش به تایبه‌تی، كه به شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ (گۆرانی)دا كردووه كه ده‌بێ (گۆرانی) پێداویستییه مێژوویی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌رییەكانی نێو كۆمه‌ڵگە بپێكێت و له هه‌مان كاتدا دابینیان بكات.
هونه‌ری گۆرانیچڕین له‌لای (ماملێ)ی هونه‌رمه‌ند به سه‌لیقه‌ییه‌وه له دایكبووه و سات دوای سات به شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست نه‌شونمای كردووه. دوو خاڵی زۆر گرنگ هه‌ن له هونه‌ری (ماملێ)دا كه ڕێڕه‌و و پێگه‌ی تایبه‌تی ده‌به‌خشنه ئه‌و ده‌نگه:
١- ئادا و چۆنیه‌تی ده‌ربڕینی هونه‌ری پێش ده‌نگخۆشی كه‌وتووه و له سه‌رجه‌م گۆرانییه‌كاندا ئه‌م خاڵه وه‌چه‌رخانێكی میژوویی دانه‌بڕاوی داوه‌ته هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده، كه بتوانێت له‌گه‌ڵ گشت سه‌رده‌مه‌كاندا خۆی بگونجێنێت و پیر و گه‌نج و چێژوه‌رگری به‌سه‌لیقه، هه‌رسێكیان به‌یه‌كه‌وه بخاته نێو ئه‌ندێشه‌كانی هونه‌ری گۆرانییه‌وه.
٢- سوودوه‌رگرتن له گۆرانییه (فۆلكلۆری و میللیه‌كان) بووه‌ته هه‌وێنی له‌دایكبوون و سه‌رهه‌ڵدانی ئاوازی دانراو و خۆی به واتایه‌كی دیکە (میلۆدی فۆلكلۆری و میللی كوردی) كه به شێوه‌یه‌كی گشتی لە (4 تا 8)مازۆره‌ی موزیك پێك هاتوون.
لای ماملێ ئه‌م میلۆدییانه بێ ئه‌وه‌ی به هیچ بیانویه‌ك یان شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ده‌ستكاری بكرێت، ده‌بنه هه‌وێنێكی زیندووی سه‌هه‌ڵدان و له‌دایكبوونی كۆپله‌ی تازه، كه كتومت وه‌ك بێچكه‌ی شه‌رعیی میلۆدیه‌كانن و له هه‌مان كاتدا دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕیتمی (6/4)ی ده‌روێشی له زۆرینه‌ی گۆرانییه‌كانی (ماملێ)دا جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندی و ناسینه‌وه‌ی هونه‌ریی ئه‌م هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه‌ی پی به‌خشیووه.
هه‌ڵبژاردنی ده‌قی شیعری كلاسیكی كوردی بۆ ئاداكردنی مه‌قامه كوردییه‌كان له‌لای ماملـــــێ به شێوه‌یه‌كــــــی (هەڕه‌مه‌كی) نه‌هاتووه، به‌ڵكو به ســـــه‌رنج و تێگه‌یشتنێكی ڕاده‌به‌ده‌ر هاتووه، له‌وه‌ی چ جۆره مه‌قامێكـــــی گونجاو له‌گه‌ڵ چه‌مكی شیعره‌كاندا ده‌گــــــونجێت، خـــــوێندنه‌وه‌ی شیعری كلاسیكی كوردی به زمانی چڕین و موزیك جیاوازییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه‌ی كه له‌لایه‌ن خودی شاعیره‌كه‌وه نووسراوه.
هونه‌رمه‌ند ده‌بێ هــــــــه‌میشه به‌رگێكی نوێ و تازه بخاته به‌ر ئه‌و كالێیه‌ی كه له‌به‌رده‌ستیا گه‌وره ده‌بێ، زۆر له‌و تێكستانه‌ی كه هه‌ڵگری ئایدیایه‌كی دیاریكراوی شاعیر بوونه له ئان و ساتی خۆیدا، دواتر له هزری هونه‌رمه‌ندی ئاوازدانه‌ر و مه‌قامبێژدا كراونه‌ته بابه‌تی موزیكی ئایدیا و تێڕوانێكی گه‌وره‌تر و فراوانتریان هه‌ڵگرتووه، كه زۆر جار بوونه‌ته هۆكاری گۆڕانكاری و تێگه‌یشتنێكی دیکە بۆ خودی شیعره‌كه و بابه‌ته هونه‌رییه‌كه، گرنگیدانێكی بێسنووری (ماملێ) به بابه‌تی موزیك له شاكاره‌كانیدا، بابه‌تێكه پێویستی به هه‌ڵوه‌سته‌كردن هه‌یه له‌سه‌ری.
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ چه‌ندین ژه‌نیاری به‌توانا له نه‌ته‌وه جیاجیاكاندا هۆكاری ئه‌و گۆڕانكارییه بابه‌تییانه‌یه له گۆرانیه‌كاندا كه هه‌میشه ئه‌وان به دوای ئه‌و نوێكاریانه‌دا وێڵن كه له ده‌نگی هونه‌رمه‌نده‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر ژێی ئامێره‌كانیان، لێره‌دا هه‌ردوو كۆڵه‌گه سه‌ركییه‌كه (ده‌نگی پڕ سۆز و مه‌عریفه‌ی ماملێ له چۆنیه‌تی چڕینی گۆرانییه‌كان و موزیكی ئامێره‌كانی وه‌ك تار و زه‌رب و كه‌مانچه، كه به ستایلێكی دیکە ده‌كه‌ونه به‌ر گوێچكه‌كانمان، له‌لایه‌ن ژه‌نیاره‌كانه‌وه جۆرێك له ئاڵوگۆڕكردنی هونه‌ری و به‌راوردكاری به‌خۆوه هه‌ڵگرتووه، كه له كاتی ژه‌نینی موزیكه‌كاندا وه‌ك: پێشه‌كی ـــ كۆپله ـــ باكگراوندی موزیكی له‌گه‌ڵ ده‌نگی هارمۆنی، ماملێ‌ی هونه‌رمه‌ند ویستویه‌تی ئیلهام و چه‌مكی نوێبوونه‌وه له‌و موزیكانه ببه‌خشێته گۆرانییه‌كانی، له هه‌مان كاتدا وه‌كو په‌یڕه‌وێكی به‌رده‌وامی گۆرانیی كوردی، كه موزیكی گۆرانییه‌كان له زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری گۆرانییه كوردییه‌كاندا دووباره كردنه‌وه‌ی میلۆدییه ده‌نگییه‌كه‌یه له‌لایه‌ن ژه‌نیارانه‌وه به ئامێره‌كانیان، به‌ڵام گه‌ر به وردی گوێ بۆ گۆرانییه‌كانی (ماملێ) شل بكه‌ین، هه‌ست ده‌كه‌ین هه‌میشه موزیكی گۆرانییه‌كان له گۆڕانكاری به‌رده‌وامن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ لە میلۆدییه‌كان كه (ماملێ) چڕیویه‌تی، پاش ئه‌وه‌ی موزیكی بۆ كراوه له كۆپله‌یه‌ك بۆ كۆپله‌ی دوای خۆی گۆڕانكاریی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه له باشه‌وه بۆ ئاداكردنێكی چاكتر.
ماملێ‌ی هونه‌رمه‌ندی به سه‌لیقه و ئه‌زموونی چڕ، هه‌میشه به ڕێز و وردبوونه‌وه‌یه‌كی ته‌واوم،م سه‌یری ڕابردوو و هونه‌رمه‌ندانی پێشه‌نگی پێش خۆی كردووه، زۆر به وردی گوێی بۆ هونه‌رمه‌ندانی گه‌ورهی وەک (سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی و مه‌لا كه‌ریم و عه‌لی مه‌ردان و سێوه) گرتووه و، له‌وانه‌وه چۆنیه‌تی ئاداكردن و چڕینی بابه‌ته هونه‌رییه‌كان فێر بووه، بەڵام چ فێربوونێك؟! فێربوونێك كه وه‌كو وانه‌یه‌كی ته‌واوكه‌ر بووه بۆ گه‌نجینه‌ی هونه‌ری ماملێ، به واتایه‌كی دی (ماملێ) هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی به‌لاوه زۆر گه‌وره و پیرۆز بوون، به‌ڵام كاتێ هاتووه ئادای گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ندی قوتابخانه (حه‌سه‌ن زیره‌ك) بكاته‌وه به شێواز و ستایل و گوتنی (ماملێ)یانه چڕیویه‌تیه‌وه، كه‌واته گوێگرتن و كاریگه‌ریی هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی له‌سه‌ر هونه‌ری ماملێ ته‌نیا ئه‌زموون و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی دیکەی بێسنووری پێ به‌خشیووه، كه دواتر هه‌ر هه‌مووی به قازانجی هونه‌ری كوردی به گشتی و هونه‌ری (ماملێ) به تایبه‌تی ته‌واو بووه.
بلیمه‌تییەكی دیکەی زیندووی هونه‌ری ماملێ گونجانی هونه‌رییه له نێو بابه‌ته فره جۆره‌كانی گۆرانیگوتنی كورد كه لایه‌نه‌كانی (دڵداری و سۆز ـــ قاره‌مانێتی ـــ شین و لاواندنه‌وه ـــ گۆرانی ڕۆژانه و كار و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ـــ گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی.. . هتد) به خۆوه ده‌گرێت.
ماملێ هه‌میشه قه‌ناعه‌تی به‌وه هه‌بووه كه ده‌نگی ئه‌و ده‌نگێكی سۆزداری خۆشه‌ویستی بارانئاسایه، كه هه‌موو سنووره‌كانی ده‌به‌زێنێت و هه‌موو كات گوشار ده‌خاته سه‌ر خۆشه‌ویستییان، كه به‌خۆیاندا بچنه‌وه و نه‌كه‌ونه داوی خیانه‌تكاری و خۆجوینه‌وه، كه‌واته بۆ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ زۆر گرنگه كه (پێداویست و سنوور و قورگ و تایبه‌تمه‌ندی و ستایل و شێواز)ی ده‌نگی خۆی بناسێت ئه‌وسا بتوانێت ئه‌م چڕینه بخاته به‌ر گوێچكه‌ی بیسه‌ر و چاوی بینه‌ر.
هونەریه‌تی (ئادا)ی ماملێ له چڕینی گۆرانییه‌كەدا زۆر زاڵتره به‌سه‌ر هونه‌ریه‌تی (ده‌نگخۆشی)ی به گشتی، (ئادا) به چه‌مكی سه‌ركه‌وتنی بابه‌تێك هه‌میشه له به‌شه‌كانی دیکەی گۆرانی ناترازێت، بەڵام به پێودانگی هه‌ڵسه‌نگاندن (ئادا)ی هونه‌رمه‌ند پله و پایه‌كه‌ی به‌رزتره له چۆنیه‌تی ده‌ربڕینی سۆز و خۆشه‌ویستی به ده‌نگه‌وه. له ڕسته میلۆدییه‌كانی (ماملێ)دا جۆرێك له (Sincup)ی هونه‌ری هه‌ست پێ ده‌كرێت و هه‌ندێک جاریش (ڕیتم)ی ناوه‌وه‌ی گۆرانی جۆرێك له (bit) ده‌رچوونی تێدایه، به‌ڵام به مانای ئێسته‌تیكه‌وه لێك ده‌درێته‌وه.
ڕسته میلۆدییه‌كان له‌لای (ماملێ) باڵا ده‌ستن له ڕووی داڕشتن و زمانی موزیكه‌وه، مه‌به‌ستم كاتێ كه شیعر مانا ئه‌زه‌لییه‌كه‌ی به ده‌سته‌وه نادات و چیڕۆكی ژیانێك ده‌گێڕێته‌وه، ماملێ به ئاواز و میلۆدی (كه‌دانزایه‌كی) هونه‌ری به بناگوێی كۆتایی ڕسته شیعره‌كاندا ده‌دات، لێره گوێگر هه‌ست ده‌كات جۆرێك له هاوكێشه‌ی هونه‌ری به ئه‌ندازه‌ی دابه‌شكردنێكی هارمۆنتی گرنگی هه‌یه، ئه‌م هاوسه‌نگییه لای ماملێ جۆرێك له ساده‌یی و ساكاریی میلۆدی و ده‌ربڕین ده‌به‌خشێت، بۆیه هه‌ست ده‌كه‌ین كه هه‌وادارێكی زۆر له ئاره‌زوومه‌ندانی ئه‌م ده‌نگه ده‌توانن به ئاسایی لاسایی ئه‌م ده‌نگه بكه‌نه‌وه له ڕووی ده‌نگه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز هیچیان ناگه‌نه ئاستی لاسایی كرنه‌وه‌ی (ئادا)ی ده‌نگه‌كه له ڕووی ڕسته و میلۆدی و ته‌جوید و له‌رینه‌وه (Trill) و ئه‌كسنت و Forte Piano و ئه‌پۆجیاتورا موزیكییه‌كان.
بۆیه هونه‌ری ماملێ له زۆرترین پانتاییه‌وه ده‌چێته نێو مێژووی موزیك و گۆرانیی كوردی، چونكه ئه‌م هونه‌ره توانیویه‌تی (ئادا)ی هونه‌ری به یه‌كه جیاجیاكانی پێكهاته‌ی گۆرانییه‌وه گرێ بدا‌و (ده‌نگ) بكاته پێوه‌رێكی سه‌ره‌كی بۆ سه‌ركه‌وتنی گۆرانی له‌ته‌ك ئاواز و شیعر و موزیكدا، به‌م پێودانگه ماملێ به جیاوازتر ده‌بینم له هونه‌رمه‌ندانی دیکەی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهانیش به گشتی.