لیا سەیفەدین بەرپرسی ئەنجومەنی یەكێتیی ئافرەتانی كودستان لە سلێمانی:   سزاكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێن، تا ببێتە پەند بۆ ئەوەی تاوانەكان بەرانبەر بە ئافرەتان دووبارە نەكرێنەوە

لیا سەیفەدین بەرپرسی ئەنجومەنی یەكێتیی ئافرەتانی كودستان لە سلێمانی:     سزاكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێن، تا ببێتە پەند بۆ ئەوەی تاوانەكان بەرانبەر بە ئافرەتان دووبارە نەكرێنەوە

 

 

لیا سەیفەدین بەرپرسی ئەنجومەنی یەكێتیی ئافرەتانی كودستان لە سلێمانی، لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە پرسە هەنوكەییەكانی پەیوەست بە دۆخی خانمان دەكات و، تیشك دەخاتە سەر ئەو دەستكەوتانەی كە ئافرەتان لە بوارە جیاجیاكان بە دەستیان هێناون، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ئاستی بەشداربوونی خانمان لە كایەی ئیداری و حزبی و سیاسی و ئابووری و بوارەكانی دیكەی ژیان هێشتا وەكو پێویست نییە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

* لە ئێستادا دۆخی خانمانی كوردستان لە چ ئاستێكدا دەبینیت؟ ئایا تا چەند خانمان توانیویانە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم خۆیان بگونجێنن و لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا تا چەند ماندوو و شەكەتن؟

‎- دۆخی كۆمەڵگە بەگشتی لە ئاكامی تێكۆشانی دەیان ساڵە و ڕاپەرینەكانی گەلی كوردستان پێشكەوتنی ئەرێنی بە خۆیەوە بینیوە. ‎ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین لەم ساڵانەی دواییدا چەندین گۆڕانكاری لە بواری ئابووری و تەكنەلۆژی و كەلتووری و كۆمەڵایەتیدا ڕوویان داوە و، بە باشی بەدی دەكرێن، لە بواری مەدەنیشدا، دامەزراندنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی تایبەت بە خانمان هەنگاوی بەرچاوی ناوە، ئەم ڕێكخراوانە ئەگەرچی ئیمكانیەتی ماددی و ڕێگرییەكانی بەردەمیشیان كەم نەبوون، بەڵام وێڕای ئەوەش هەنگاوی بەرچاویان ناوە و ڕۆڵی باشیان بینیوە لە بەرگریكردن لە خانمان و شەڕكردن لەسەر چەسپاندنی مافەكانیان و فراوانكردنی سنووری ئازادییەكانیان و گۆڕینی تێڕوانینی كۆمەڵگە و ڕەگەزی بەرانبەر و لە زۆر بواری دیكەشدا .

‎ئێستا باشتر و كاریگەرانەتر خانمان هاوشانی پیاوان لە بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و هونەری و فەرهەنگی هاتوونەتە مەیدانەوە و بوونی خۆیان سەلماندووە، هەمیشەش لە هەوڵی زیاتردان بۆ سەلماندنی زیاتری تواناكانیان، لەو بوارانەشدا كە هاتوونەتە مەیدان جێگە دەستیان دیارە، ئەمە سەرباری ئاستەنگ و ڕێگریی خێزانی و دابونەریت و دابەشكردنی ڕەگەزییانەی كار و جیاكاری لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هەردوو ڕەگەز، وێڕای ئەو هەموو ڕووبەڕووبوونەوانەش، ئافرەتان توانای خۆیان لە گۆڕەپانەكەدا سەلماندووە .بەڵام وێڕای ئەمانەش كاتێك كە سەیری ئاستی بەشداربوونی خانمان لە ‎كایەی ئیداری، حزبی، سیاسی، ئابووری و بوارەكانی دیكەی ژیان دەكەین، هێشتا بە جیاوازییەكی زۆر بەشداریی خانمان كەمترە لە پیاوان، ‎بێگومان ئەمەش بەشێكی زۆری سەرچاوەی لە كەلتوور و زهنییەتی پیاوسالارانە و تێڕوانینی خێڵەكییەوە وەردەگرێت، كە هێشتا لە كۆمەڵگەكەماندا زاڵە. بە شوودانی كچان لە تەمەنێكی بچووكدا، بێبەشكردنیان لە خوێندن، پشتگوێخستنی ئیرادەیان و سووكایەتی پێكردنیان، ناكۆكی لە نێوان كەلتووری خێڵەكی و مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و كاریگەریی لە سەر خانمان، ئاڵۆزییەكی مەزنی بۆ خانمان دروست كردووە.

‎‎ * هەموارنەكردنەوەی یاسای توندوتیژیی خێزانی تا چەند هاوكێشەكانی ئاڵۆز كردووە؟

- یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی ساڵی 2011 كە لە 10ماددە پێكهاتووە، یەكێكە لەو یاسایا باشانەی كە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ سنوورداركردنی دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە نێو كۆمەڵگەدا دەری كردووە،. ئەو توندوتیژییەی كە دەكرێت لە لایەن كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو خێزانەوە، دەرهەق بە كەسێكی دی كە پەیوەندیی خێزانی بە یەكیانەوە دەبەستێتەوە، وەك پەیوەندیی هاوسەرێتی، منداڵ، یان خزمایەتی تاوەكو پلە چوار، یان ئەو كەسەی بەپێی یاسا خراوەتە پاڵ خێزانەكەی، هەروەها ئەو توندوتیژییەی كە پێچەوانەی هەموو ئایینە ئاسمانییەكان و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤی نێو ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانە، هێشتا ڕێژەیان بەرزە. بەڵام ‎ئەم یاسایە بۆ پاراستی خێزان لە لەبەریەك هەڵوەشانەوە و بەرگرتن لە توندوتیژییە بەر لە ڕوودانی، یان چارەسەر كردنی دوای ڕوودانی، كەواتە ئاستی توندوتیژیی خێزانی نەك كۆنتڕۆڵ نەكراوە، بگرە لەگەڵ گەورەبوونی كۆمەڵگە و زیادبوونی ئامرازەكانی تاوانكردن توندوتیژییەكانیش زیادیان كردووە، لەبەر ئەم هۆیەشە كە پێویستە یاساكە هەموار بكرێتەوە و توندتر بكرێتەوە، تا تاك و ئەندامە زوڵملێكراو و بێدەسەڵاتەكانی بندەستی دەستڕۆیشتووە توندوتیژكارەكانی ناو خێزان و ماڵەكان بپارێزرێن و، ڕێگری بكرێت لە ئازاردانیان، كاتێك توندوتیژییش بەرانبەریان كرا، یاسایەك هەبێت بیانپارێزێت، بە دیوێكی دیكەشدا ڕێگری لە ئازادكردنی تاوانباران بكرێت بە كەفالەت و پاساوی جۆراوجۆر ئازاد دەكرێن.

‎بێگومان یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی ساڵی 2011 بۆشایی زۆری تێدایە، بۆیە هەوڵ درا كە هەموار بكرێتەوە، بە شێوەیەك كە ئەو بۆشاییانە پڕ بكرێنەوە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن ئیسلامییە سیاسییەكان و خەڵكانی نەریتخوازەوە هەڵڵایەكی نائاسایی لەسەر ناوەڕۆكی پرۆژە پێشنیاركراوەكە دروست كرا، بە هەندێك هۆكار كە دەكرا ئەو هۆكارانە، یان ئەو بابەتانە لە یاساكە دەر بكرێن و پڕۆژە یاساكە دەر بكرێت، بچووككردنەوەی بابەتەكە لە چەند بڕگەیەك و دروستكردنی هەڵڵا لەسەر زاراوە، یان چەمكێك بۆ چەواشەكردنی خەڵك بوو، نەك خەمخۆری بۆ خێزان و كۆمەڵگە. ئەوانەی ئەو كارەیان كرد و كێشەیان بۆ پڕۆژە یاسا هەمواركراوەكە دروست كرد، نایانەوێت كۆمەڵگە بەرەو كرانەوە بڕوات و خێزانەكان دوور بخرێنەوە لە توندوتیژی و مەترسیی كوشتن و لەناوبردن.

* ئایا هۆكاری بەردەوامیی توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرتان و كوشتنیان بە پاساوی جیا جیا بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

- توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیوەست نییە بە كات و شوێنەوە، لە هەموو كۆمەڵگەكاندا ئەم دیاردەیە هەیە، جا چ كۆمەڵگەی پێشكەوتوو بن، چ كۆمەڵگەی دواكەوتوو، بەڵام بێگومان لە جۆر و ئاست و ئامرازەكانی توندوتیژیدا لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازی هەیە. بۆ نموونە لە وڵاتێكی وەك ئێران، یان ئەفغانستان توندوتیژی لەسەر جۆری جلوبەرگ و سەرڕووتكردن توندە، ڕەنگە كوشتن، یان زیندانیكردنی لە دوادا بێت، بەڵام ئەم جۆرە لە توندوتیژی لە وڵاتێكی ئەمریكای لاتین، یان هیندستان، یان ناوەڕاستی ئەفریقا نەبێت، بەڵكو لەوێ جۆری دیكەی توندوتیژی هەبێت، وێڕای ئەم جیاوازییەش زۆرێك لە توندوتیژییەكانی دیكە ڕەنگە وەك یەك بن، یان نزیك لە یەك بن، وەكو توندوتیژیی خێزانی و توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسی و.. تادوایی. ئافرەتان لە كۆمەڵگەدا لە لایەن باوك، برا، هاوسەر، كەسوكاری نزیك وەك خاڵ و مام و تەنانەت ئامۆزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئەوەش بەپێی دەرەنجامی لێكۆڵینەوەكان جگە لەوەی كە كاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ئافرەتان وەك تاك، كاریگەرییەكی زۆر خراپ و مەترسیداریشی دەبێت لەسەر خێزان و كۆمەڵگە و دەبێتە هۆی ئەوەی كە شیرازەی خێزان و كۆمەڵگەش لێك بترازێت.

‎لەگەڵ گەورەبوونی كۆمەڵگە و زیادبوونی ئامرازەكانی تاوان و هاتنە ناوەوەی كەلتووری جیا جیا و تێكەڵبوونی بە كەلتووری كورد، كێشە كۆمەڵایەتییەكان زیادیان كردووە، بە جۆرێك كە خەریكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچن. ڕێژەی كوشتنی ئافرەتان بە بیانووی جۆراوجۆر زیاد بووە و جیاوازی لە نێوان تاوانباراندا دەكرێت. زۆرجار بكوژانی ئافرەت براونەتە زیندان و دواتر بە لێبوردنێكی تایبەت ئازاد كراون، حوكمی یاسا جێگەی خۆی نەگرتووە، لەبەر ئەوەی كە سزا وەكو خۆی جێبەجێ ناكرێت، تا ببێتە عیبرەت و پەند بۆ كەسانی دی، بۆ ئەوەی تاوانەكان بەرانبەر بە ئافرەتان دووبارە نەكرێنەوە. بە كورتیەكەی ڕۆژ دوای ڕۆژ توندوتیژیەكان بەرانبەر ئافرەتان لە زیادبووندایە و جۆری توندوتیژییش لە زیادبووندایە و هۆكار و پاساوی ئەم توندوتیژییانەش لە زیادبووندایە، بەشێك لەم توندوتیژییانەش بەداخەوە پەل دەهاون بۆ كوشتن، هۆكاری ئەمانەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاربوونەوەی ئافرەتان بە مافەكانیان و چیتر قبووڵنەكردنی بندەستی و سووكایەتی پێكردن و ماف پێشێلكردن و وەك مرۆڤ سەیر نەكردنیان لەلایەن پیاوانەوە، هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ داخراویی كۆمەڵگە و زاڵبوونی كەلتووری خێڵ و مێشك داخراوی بەشێك لە پیاوان، بەشەكەی دیكەشی پەیوەستە بە كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی دیكە، كە پیاو و ئافرەت هەر دووكیان تێیدا بەر ئەو توندوتیژی و كوشتنە دەكەون، چارەسەر بۆ كەمكردنەوە و بنبڕكردنی دیاردەی توندوتیژیی خێزانی، چەسپاندنی یاسایە وەك خۆی و ڕێگریكردنە لە دەربازبوونی تاوانكاران بە كەفالەت و سوڵحی عەشایەری و پاساوی جۆراوجۆر لە لایەك، لە لایەكەی دیكەش پرۆسەی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیە بە ماف و ئازادییەكانی هەر دوو ڕەگەز و مافەكانی منداڵ و ئەندامانی خێزان لە دایەنگاوە بۆ زانكۆ.

Top