ئاڵا شوان: سوپاسی بابم دەكەم بۆ ئەو متمانەیەی بە منی داوە و هەمیشە هاندەر و پشتیوانم بووە
كاركردنی سەربەخۆی خانمانی كورد لەم دواییانەدا ڕێژەیەكی پێوانەیی تۆمار كردووە و، ژمارەیەكی زۆری خانمان بەهرە و لێهاتوویی و تواناكانیان ئاوێتە كردووە و سەربەرزانە چوونەتە مەیدانی كار و تێكەڵی بازاڕی كار بوون. ئاڵا شوان كچە گەنجێكی دانیشتووی شاری كۆیەیە و لە ئێستادا خاوەنی چێشتخانەیەكی كوردەوارییە، وەك خۆی باسی دەكات دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەكات و هەلی دامەزراندنی لە كەرتی حكوومی بۆ ناڕەخسێت، بیر لەوە دەكاتەوە كارێك بكات و بژێوی ژیانی خۆی و خانەوادەكەی دەستەبەر بكات. ئاڵا چەندین كار تاقی دەكاتەوە و دواجار چێشتخانەكەی دەكاتەوە. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە هەنگاوەكانی كاركردنی بۆ خوێنەران دەگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئاڵا شوان خانمە گەنجێكی تەمەن 30 ساڵە و دەرچووی بەشی وەرزشییە و بەمجۆرە باس لە ئەزموونی كاركردنی دەكات: «ماوەی 10 ساڵە خوێندنم تەواو كردووە و دەرچووی بەشی وەرزشیم، بە درێژایی ئەو ماوەیە چاوەڕێی هەلی دامەزراندن بووم، بەڵام ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخسا، تاوەكو لە كەرتی حكوومی دەستبەكاربم، دواجار بڕیاری ئەوەم دا كار بكەم، حەزی خۆم بۆ كاركردن و هاندانی بابم وایان كرد كە كاربكەم و چێشتخانەكەم بكەمەوە، زۆربەی خواردنەكانمان كوردەوارییە، بە خۆم بە تەنیا چێشتخانەكەم بەڕێوە دەبەم و سەرپەرشتیی كارمەندەكان دەكەم، دوای تەواوكردنی خوێندن لە زۆر شوێن كارم كرد، تەنانەت وەكو گارسۆن لە چێشتخانەیەك كارم كردووە، بەهۆی چالاك بوونم لەو چێشتخانەیە كرام بە شێف، پارەی ماندووبوونەكانمم كۆكردەوە و بیرم لەوە كردەوە و بڕیارم دا كە چێشتخانەیەكی تایبەت بە خۆمم هەبێت. خۆشبەختانە لە ئێستادا دوو خانمی گەنج لە چێشتخانەكەم كاردەكەن، بۆ داهاتووی كارەكەشم پڕۆژەی ئەوەم هەیە، ناوی چێشتخانەكەم بە بڕاند بكەم، لە پاڵ ئەوەشدا چێشتخانەكەم زۆر گەورەتر بكەم و دەرفەتی كاركردن بۆ زۆرترین خانم بڕەخسێنم و بیانهێنمە ناو پڕۆژەكەم، ئامانجم ئەوەیە كۆیە بە خواردنگەكەی من زیاتر بناسرێت».
ئاڵا شوان هەر سەبارەت بە كاری ڕۆژانەی خۆی دەڵێت: «هەموو ڕۆژێك كاتژمێر شەش و نیوی بەیانی لە ماڵ دێمە دەرەوە و بە خۆم پێداویستییەكان دەكڕم، لەوێوەش پێش كارمەندەكان دەچمە چێشتخانەكەم، بۆ سەعات یازدە خواردنەكانمان ئامادە دەبن، خواردنەكانم لەلایەن كڕیارەكانەوە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە، ئەویش بە حوكمی ئەوەی كارەكانی ئێمە جیاوازن و خەڵكیش بە دوای شتی جیاوازدا دەگەڕێت، هاوكات خەڵك زیاتر حەزی لە دەستاوی ئافرەتە.» گوتیشی: «هەرچەندە لە قۆناغی سەرەتای كاركردنم بازاڕەكە بەپێی پێویست و داخوازی من نییە، بەڵام ئەوە واناكات لە كارەكەم ساردم بكاتەوە، هەرگیز كۆڵ نادەم و لە هەوڵ و كۆشش بەردەوام دەبم، تا دەگەمە ئەو ئاستەی كە ئامانجم بەدی دێنم. لەگەڵ ئەوەشدا لە كارەكەم زۆر زۆر ئاسوودەم چونگە لەسەر پێی خۆم وەستاوم.»
بڕیاری كاركردنی ئافرەت بۆ پەیداكردن و هاوبەشیكردن لە دەستەبەری بژێوی ڕۆژانەی خێزانیشی بە «بڕیارێكی ڕاست و دروست» ناو برد و گوتی: «پێویستە هەموو ئافرەتێك ئەو بڕیارە ڕاستە بدات و توانا و لێهاتوویی خۆی پیشان بدات، تاوەكو لە بەرانبەردا دەست مایەیەكی سەربەخۆی هەبێت، منیش بەش بە حاڵی خۆم زۆر سوپاسی بابم دەكەم بۆ ئەو سیقە و متمانەیەی بە منی داوە و هەمیشە هاندەر و پشتیوانم بووە». گوتیشی: «زۆربەی ئافرەتان حەز دەكەن، كار بكەن و بە دەستی خۆیان بژێوی ژیانیان پەیدا بكەن، بەڵام بەشێك لەو خانمانە لە لایەن خێزانەكانیانەوە ڕێگرییان لێ دەكرێت».
ئاڵا شوان وەك دواوتەی ئەم پەیامەی بۆ خانمان هەبوو: «پێویستە كچان و ژنان تەسلیم نەبن و لە پێناو خەون و ئاواتەكانیان بجەنگن، من لێرەوە بەو خانمە كە نییەتی كاركردنی هەیە، بەڵام بوێریی ئەوەی پەیدا نەكردووە بجەنگێت، پێی دەڵێم بۆ ئەوەی خەونەكانت ببێت بە واقع پێویستە هەوڵ بدەیت، كە بوویتە خاوەن كاری خۆت پێویستە بەو قەناعەتە بگەیت كە هەم خۆت و هەم دەوروبەرت و بە تایبەت خانەوادەكەت لە كارەكەت ڕازی دەبن. لەكۆتایی قسەكانمدا بە هەموو ئەو ئافرەتانە دەڵێم كە دیمانەكەم دەخوێننەوە، هەوڵ بدەن و مەوەستن. ژیان بەوە جوانە كە بەرزی و نزمی تێدا بەدی دەكرێت، زۆرجار لە هەوڵەكان شكست دێنین، دڵمان دەشكێت و ئازار دەدرێین، پێویستە ئەو شكان و ئازار و ناخۆشییانە ببنە پەیژەی سەركەوتن بۆ بەرزتر و بە هەموو لایەك بڵێین ئێمەی ئافرەتانیش دەتوانین و دەتوانین و دەتوانین. خانمانی شاری كۆیەش بە ڕێژەیەكی بەرچاو لە دەرەوەی ماڵ كاردەكەن».