د.كابان عەبدولكەریم شێخ عەلی بۆ گوڵان: لە كوردستان جێگەی هزری توندوتیژیی نامۆ بە ئیسلام و كەلتووری كوردەواری نابێتەوە

د.كابان عەبدولكەریم شێخ عەلی بۆ گوڵان:  لە كوردستان جێگەی هزری توندوتیژیی نامۆ بە ئیسلام و كەلتووری كوردەواری نابێتەوە

 

 

 لە كوردستاندا نەك هەر كێشەی ئایینی نەبووە، بەڵكو زانا و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پەیڕەوكارانی ئایین و ئایینزاكانی دیكەش بە باشی لە پەیامی دین تێگەیشتوون، بەوەی ئایین بۆ چاكسازی و ڕێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤە، لەم ڕوانگەیەوە پێكەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی كوردستاندا مێژوویەكی كۆنی هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر مێژووی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان و چەند تەوەری دیكە چەند پرسیارمان ئاراستەی د.كابان عەبدولكەریم شێخ عەلی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین كرد، كە پسپۆڕ و شارەزایەكی دیاری بواری ئایینناسی و پێكەوەژیانە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* مێژووی كورد لێبووردەیی و پێكەوەژیانی بەرهەم هێناوە، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئایین و ئایینزا لە هەرێمی كوردستاندا، جوانترین بەڵگەیە بۆ ئەم مێژووە جوانە، ئایا چ هۆكارێك لە پشت ئەم كەلتوورەی پێكەوەژیان و لێبووردەییە هەیە كە زانا و مامۆستای ئایینی و تەنانەت لە ناو پیاوانی ئایین و ئایینزاكانی دیكەشدا هەیە؟

 - لە هەرێمی كوردستان چەند ئایینی فەرمی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەیە، كە بریتین لە ئایینەكانی (ئیسلام، كریستیان، ئێزدی، كاكەیی، زەردەشتی، جوو، بەهائی و سابیئەی مەندائی) كە پەیڕەوكارانیان ئازادانە مومارەسەی بۆنە ئایینییەكانی خۆیان دەكەن. لەم ساڵانەی دواییشدا بە هۆی كۆچ و هاتنی كرێكارانی بەنگلادیشی و ئاسیایی، چەندین ئایینی بووزی و هیندۆسی و سیخی و دیانەتی دیكە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بوونی پێنج ئایینە فەرمییەكە بۆ ئەو واقیعە مێژووییە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان لە مێژووی خۆیدا پێیدا تێپەڕ بووە، بەوەی كورد گەلێكی چەوساوە و ستەملێكراو بووە و پەنای بۆ هێرشی سەر هیچ نەتەوە و ئایینزایەك نەبردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو كات باوەشی بۆ ئایین و ئایینزاكانی دیكە كردووەتەوە، بۆ نموونە جووەكان لە پێش ئیسلامەوە لە سەردەمی ئاشوورییەكان هەر لە ساڵی 722ی پێش زایین لەسەر دەستی سەرجۆنی ئەكەدی و دواتر لەسەر دەستی نەبوخزنەسر لە سەرەتای سەدەی شەشەمی پێش زایین، هێنراونەتە چیاكانی كوردستان، ئەو سەردەمە هەم ئاشوورییەكان و هەم بابلییەكان دەسەڵاتێكی زۆریان هەبوو، شاڵاویان بردە سەر ئەهلی كەنعان (ناوچەی شام) كە خودای گەورە و میهرەبان بە گوێرەی تەورات لە سفری تەكوین ئەو سەر زەمینەی بە خەڵات دابووە (بەنی ئیسڕائیل) واتا جووەكان، ئەو سەردەمە جووەكان بەدیل هێنران بۆ بابل و بەشێكیشیان هێنرایە چیاكانی كوردستان، بەمەش جووەكان لەگەڵ كورد تێكەڵ بوون و ڕێزێكی زۆریان لێ نرا. دوای هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەشێكیان بوونە ئیسلام و بەشەكەی دیكەیان هەر لە ناوچەكە ژیاون، تا ئەو كاتەی كۆچیان كرد بۆ ئیسڕائیل، بەو پێیەی جووەكان لە كوردستان خاوەنی خاك و زەوی و زار و پەرستگە بوون، ڕۆژێك دێت هەر دێنەوە، مێژووی جووەكان لە بارزان و دهۆك و لە ناو گەڕەكی تەعجیل و عارەبان لە هەولێر و گەڕەكی جوولەكان لە سلێمانی، بەڵگەیەكی ڕوونی بوونی جووەكان بووە، كاتێك ئەو جووانە لە كوردستانەوە بۆ ئیسڕائیل كۆچیان كرد، بە گریانەوە ڕۆیشتن، چونكە كورد زۆر باش بوون لەگەڵیاندا، بەتایبەتی بارزانییەكان ڕێزیان لە هەموو ئایین و ئایینزا و، لە ناویشیاندا جووەكان دەگرت، لە یەكێك لە دەقەكانی شێخی بارزاندا هاتووە: «نابێت جووەكان ئازار بدەن»، تا ئێستاش كوردە جووەكانی ئیسڕائیل بە كوردی قسە دەكەن و لە یادەكاندا جلوبەرگی كوردی دەپۆشن. مەسیحییەكانیش لە كوردستاندا لە خۆشترین و پارێزراوترین پێگەی سەر زەویدا بوون، لێرەوە مەسیحییەت بۆ چەندین ناوچە و شوێنی دیكە بڵاو كرایەوە، ئێمە لە كوردستان ئەرمەنەكانیشمان هەیە، كە لەسەردەستی عوسمانییەكان زۆر ئازار دران و هاتن بەرە و شنگال و ئێزدییەكان پاراستیانن، حەمو شەرۆ كە كەسایەتییەكی ئێزدییان بوو، داوای لە ئێزدییەكان كرد، ئەوەی خێر دەكات دەبێت ئاگای لە ئەرمەنەكان بێت و ئەوەی خێر بەوان نەدات، بە منیشی نەداوە، سەبارەت بە كاكەیی و زەردەشتی و سابیئەش بە هامان شێوە، خاوەنی پەرستگەی خۆیانن و بە ئازادانە ئایینی خۆیان بەڕێوە دەبەن، كاكەییەكان بە سێ ناو ناویان دەهێنرێت: یارسان – كاكەیی- عەلی ئیلاهی(ئەهلی هەق) كە لە دێر زەمانەوە لە كوردستان بەتایبەتی لە ناوچەی هەورامان هەبوون، سابیئەكانیش لە كۆنەوە لە كوردستان هەبوون، بەڵام كۆچی گەورەیان لە ساڵی 2006 بوو، ئەو دەمەی لە عێراق زۆر چەوسانەوە و ناچار كۆچیان كرد بۆ هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر و عێنكاوە نیشتەجێ بوون، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كات زۆر هاوكاریی سابیئەی كرد و پەرستگەی بۆ دانان، بۆ بۆنەكانیان دەچنە سەر زێی گەورە لە كەڵەك.

* تا چەند زانا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام ڕۆڵیان هەبووە بۆ ئەوەی ئەم دیوە جوانەی لێبووردەیی و پێكەوەژیان نەگۆڕدرێت بۆ توندوتیژی؟

- كورد گەلێكی چەوساوە و ستەملێكراو و بێ دەوڵەت بووە و زوڵمێكی زۆرمان لێ كراوە، ئەمەش پێچەوانەی دەقە پیرۆزەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان بووە، زۆربەی سەركردەكانی كوردیش لە مێژوودا كە خەباتیان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد كردووە، خوداپەرست و ئایینپەروەر بوون و مەلا و مامۆستای ئایینی زۆر لە دەوریان بوون، هەمووان پێكەوە ڕەسەنایەتی ئایینەكە و فەرموودەكان و كەلتوور و نەریتی كوردەوارییان جێبەجێ كردووە، ڕاستە زۆر كەس هەبووە سەرقاڵی هێنانی هزری توندڕەوی و توندوتیژی و بیری نامۆ بوون، بەڵام لە ناو كورددا جێگەی ئەم هزر و بیروبۆچوونە توندوتیژییانە نەبووەتەوە، چۆنكە خۆی چەوساوە بووە و ئازار و ستەم و زوڵمی لە نەتەوە و ئایینەكانی دیكە نەكردووە و، خێر بۆ مرۆڤایەتی لای كورد بووەتە كەلتوور، بۆ نموونە ڕۆڵی شێخ عەبدولسەلامی بارزان و شێخ مەحموودی حەفید و شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفا بارزانی لەم ڕووەوە دیار و بەرچاو بووە، كاتێك لە كۆتایی تەمەنی دەوڵەتی عوسمانیدا ستەم لە ئەرمەنەكان كرا، مەلا مستەفا بارزانی یەكێك بوو لەو سەركردانەی كە لەگەڵ چەندین پێشمەرگە چوو بۆ داكۆكیكردن لێیان، سەرۆك مسعود بارزانی لە پەرتووكەكەی خۆیدا باسی كردووە، دەڵێت: «كاتێك مەلا مستەفا بارزانی نەخۆش بوو لە ئەمریكا، ئێمە لە سۆپەرماركێتێك ڕاوەستا بووین، ئەو دەمە پیاو و ژنێك هاتنە پێشەوە لێمان و پرسیاری باوكمیان كرد و گوتیان ئەوە ژەنەڕاڵ بارزانییە، ئێمە شێوەی دەكەین، پێمان گوتن: بەڵێ ئەوە بارزانییە، ئەو پیاو و ژنە ڕاستەوخۆ بە مەلا مستەفا بارزانییان گوت: ئێمە ئەرمەنین و نەوەی ئەنتراكت پاشای ئەرمەنین، پاشامان ئەوەندە باسی پیاوچاكی و گەورەیی جەنابتی بۆ كردووین كە ئێمەت ڕزگار كردووە، ڕاستەوخۆ تۆمان ناسییەوە»، كەسێكی وەكو كاك ئەحمەدی شێخ گرنگیی زۆری بە مەسیحییەكان دەدا، تەنانەت بووكەكەی خۆی مەسیحی بوو، كاتێك منداڵیان بوو، داوای كرد منداڵەكەی ناو بنێت (عیسا) سەرەتا كوڕی كاك ئەحمەدی شێخ ڕازی نەبوو، بەڵام كاك ئەحمەدی شێخ گوتی: دەبێت بەدڵی ئەو بێت، شێخ مەحموودیش وەزیری داراییەكەی كەریمی عەلەكە بوو، ئەو كەریمی عەلەكەیەی لە ناو ماڵی خۆیدا بیری ئاوی تەرخان كردبوو بۆ مزگەوتێك، هەموو سەركردەكانی كورد بەتایبەتی مەلا مستەفا بارزانی ڕۆڵی زۆر گەورەیان هەبووە لە پێكەوەژیان و لێبووردەییدا، كە ئێستا كورد شانازییەكی زۆریان پێوە دەكات و لای كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییش جێگەی ڕێز و تەقدیرن.

* لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی دارایی و بوونی فكری توندوتیژی لە عێراق و ناوچەكەدا، وای كردووە زۆر لەم پێكهاتە ئایینی و ئایینزایانە كۆچ بكەن، تاچەند گرنگە كورد ڕێگە نەدات كۆمەڵگەی ئەم پێكهاتانە دابڕمێت؟

- لەبەر ئەوەی من ئەندامی ڕێكخراوی (كایسیدم) كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پێكەوەژیانە و زۆر بەناوبانگە و بارەگای لە زۆر پایتەختی ئەوروپا هەیە، زۆر گرنگی بەوە دەدەن كە گرنگی بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی بدرێت، من بەم دواییانە لە كۆنفڕانسێكی ڕێكخراوەكە لە لیشبوونەی پایتەختی پورتوگال بە توێژینەوەیەك بەشدار بووم، كە باسی پێكەوەژیانی هەر هەشت ئایین و ئایینزاكەی كوردستانم كرد، كوردستانم وەكو جیهانێكی بچووككراوەی هەموو ئایین و ئایینزاكان وەسف كرد، كە جێگەی سەرنجی بەشداربووان بوو، پاراستنی ئایینزاكان و چارەسەری ئەو كێشانەی كەوایان لێ دەكات كۆچ بكەن، ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی و تەنانەت ئایینیشە، بۆ نموونە بەهائییەكان كە بە یاسایەكی ئێرانی و عێراقی قەدەغە كراون، بە ناچاری ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەهائی لە ناو باوەشی مەزهەبی شیعەدا دروست بووە و لە عێراقیش ڕۆیشتن، لەبەر ئەوەی سوڵتانی عوسمانییەكان قبووڵیانی نەكرد، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەهائییەكان نوێنەریان هەیە و زۆر بە ئاسایی پەیڕەوی ئایینی خۆیان دەكەن. ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ بەشەرییەت هاتووە و پێغەمبەرمان(دروودی خوای لەسەر بێت) كە جوویەك مردبوو تەرمەكەیان بەڕێ دەكرد، وەكو ڕێزلێنانێك لەبەری هەڵساوەتەوە، هەر خۆی لە خۆیدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ناو كورددا هاندەرە بۆ پاراستنی پێكەوەژیان، دەكرێت ئەمە بكرێتە قەڵغانێك بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لەو هەموو دوژمنانەی كە هەیەتی، ڕۆژئاوا كوردیان پاراستووە لەبەر مەزڵوومییەتی خۆی و ڕێزگرتن لە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكە و وەك میللەتێكی ئاشتیخواز، كاتێك بە دەستی دەرەكی كار بۆ هێنانە ناوەوەی هزری دەرەكی و نامۆ بە كورد و ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەكرێت، تەنیا بۆ چۆڵكردنی كوردستانە لە ڕووی ژمارە و پێكهاتەكانیەوە، ئەو كات شتێك نامێنێت ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەكان پارێزگاری لێ بكەن، ئەگەر كۆچ لە ناو كوردی موسڵمان زیانێكی هەبێت لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئایینییەوە، ئەوا كۆچكردنی ئایین و ئایینزاكانی دیكەی كوردستان دەیان زیانی دەبێت، بۆ نموونە كۆچكردنی ئێزدییەكان بۆ ئەڵمانیا زیانێكی گەورەیە كە بەر جوانیی ئەم كۆمەڵگەیە دەكەوێت، كە دەكرێت لێرە جیهانی دەرەوە پارێزگارییان لێ بكات و ببێتە قەڵغانێك بۆ پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان.

* چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم نموونە جوانەی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزرێت؟

- پێویستە كۆتایی بە گوتاری ڕق و كینە بهێنرێت، كە لە ناو هەموو ئایین و ئایینزاكاندا بە ڕێژەی جیاواز هەیە و مەترسیدارە، دەبێت ڕۆڵی گەورە بدرێتە یەكێتیی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەركی گۆڕینی پڕۆگرامەكانی خوێندنیان لەسەر شانە، جەنابی سەرۆك زۆر باسی نموونەی جوانی پێكەوەژیانی كردووە، بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە ئەم نموونانە لە تارمایی دەربهێنین و بە جوانی بۆ خەڵكی دەرەوەی بخەینە ڕوو، تەنانەت ڕێكخراوێكی تایبەت بە پێكەوەژیانمان لە هەرێمی كوردستان نییە، ئایین و كوردایەتی پێمان دەڵێت دەبێت مرۆڤدۆست و نەرمونیان بین و بۆ بەشەرییەت و كوردایەتی كار بكەین و، سوود لە هەموو سامانە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان وەربگرین، بۆ بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان، داواكارم لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان شاری هەولێر وەكو پایتەختی كوردستان بكرێتە شوێنی پێكەوەژیانی ئایینی و ئایینزایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

Top