دكتۆر مەحموود ئەلداغر شارەزا و پسپۆڕی ئابووری بۆ گوڵان: ناجێگیریی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار تەنیا بە هەماهەنگیی نێوان بانكی ناوەندی و حكومەتی فیدڕاڵ چارەسەر دەبێت
دكتۆر مەحموود ئەلداغر شارەزا و پسپۆڕی بواری دارایی و ئابووری و كەسایەتیی ناسراوی عێراقی، لەم دیدارەی گۆڤاری گوڵاندا جەخت لەسەر مەترسیی ناجێگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دەكاتەوە، هۆكار و دەرئەنجامەكان و ئەو میكانیزمانەشی ڕوون دەكاتەوە كە بانكی ناوەندیی عێراقی بۆ جێگیربوونی نرخی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی پەیڕەوی كردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی باسی بودجەی گشتیی 2023ی عێراقی كرد و بۆ دەربازبوون لە زۆربەی كێشە و گرفتە ئابوورییەكان بە باشترین هەلی لە قەڵەم دا. لێرەدا دەقی وەڵامەكانی ئەم شارەزایەی دارایی و ئابووریی عێراق بڵاو دەكەینەوە.
* وەك شارەزا و پسپۆڕێكی دیاری بواری دارایی و ئابووریی عێراق، ئایا هۆكاری شكستی ئەو میكانیزمانە لە چیدا دەبینن كە بانكی ناوەندیی عێراق بۆ جێگیركردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی جێبەجێی كرد؟
- هەموو ئەو میكانیزم و هەنگاوانەی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ جێگیربوونی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی جێبەجێی كرد، ئەگەرچی میكانیزم و هەنگاوی باش و كەم نەبوون، بەڵام نەتوانرا نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی جێگیر بكات. ناجێگیریی بەهای دینار كێشەیەكی گەورەیە ڕووبەڕوومان بووەتەوە، چاوەڕوانیش ناكرێت بەو میكانیزمانە بتوانرێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەكانی عێراقدا جێگیر بكرێت. كێشەكە لە دۆلاری نەخت، یان كاشدا نییە، بەڵكو كێشەكە لەو بڕە دۆلارەدایە كە پێویستمانە لە ڕێگەی حەواڵە و سەنەداتەوە، بۆ مەبەستی هێنانی كاڵا و شمەك دەستمان بكەوێت، ئەوەتا ڕاوەستانێكی نیمچە تەواو لە حەواڵە و ئەو بڕە دۆلارە دروست بووە كە بانكەكە پێویستە بیدەنە ئەو بازرگان و بزنێسكارانەی شمەك و پێداویستییەكان لە دەرەوەی وڵات دەهێنن، بەمەش خستنەڕووی دۆلار بۆ مەبەستی هێنانی كاڵا و شمەك لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا كەمی كردووە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار لە ناوخۆ و وڵاتانی دەوروبەریشماندا.
* ڕاستە خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە بە كۆمەڵێك هۆكار كەمی كردووە، بەڵام بانكەكە ڕایگەیاندووە بڕە دۆلارێكی زیاتر دەخاتە بازاڕەوە، بەتایبەتی ڕاستەوخۆ دەیداتە ئەو بازرگان و هاووڵاتیانەی پێویستیانە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەم هەنگاوەش نەبووە هۆی گەڕانەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بۆ نرخەكانی پێشووی، یان هەر هیچ نەبێت، بەهاكەی جێگیر بێت؟
- نزیكەی هەفتەیەكە بانكی ناوەندیی عێراق دەستی كردووە بە خستنەڕووی بڕە دۆلارێكی زیاتر بۆ ئەو كەسانەی پێویستیانە لە هاووڵاتیانی عێراقی، بەتایبەتی ئەوانەی گەشت دەكەن بۆ مەبەستی بازرگانی و گەشتوگوزاری و خوێندن و نەخۆشی، ئەم هەنگاوەش تا ڕاددەیەك كاریگەرییەكی كەمی لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار و كەمكردنەوەی شوێنەواری قەیرانەكە بووە، قەیرانەكەش لەو بڕە دۆلارەیە كە بۆ مەبەستی هێنانی كاڵا و شمەك لە دەرەوەی وڵات پێویستمانە، نەك لە دۆلاری نەختینەیی.
* زۆر لە چاودێرانی دارایی و نەختینەیی ئەم ناجێگیری و هەڵكشانی بەهای دۆلارە بەرامبەر دینار بۆ ئاودیوكردنی دۆلار دەگەڕێننەوە بۆ دەرەوەی سنوورەكان، ئایا كێ لەپشت ئەم سەرپێچی و جموجووڵە نەبینراوەدایە؟
- عێراق سیستەمی نرخی جێگیر بەكار دەهێنێت، واتا دراوەكەمان بە نرخی 1460 و لە بازاڕدا ئەم نرخە دەبێتە 1470، بەمەش بازاڕ پابەندبوونێكی دەكەوێتە ئەستۆ، بەوەی ڕێگری بكرێت لە ئاودیوكردنی ئەو دراوە بیانییەی كە بانكی ناوەندی نرخەكەی جێگیر كردووە بەرامبەر دینار، ڕەنگە تەنیا بۆ مەبەستی ئاودیوكردنی دۆلار نەبێت، بەڵكو بۆ ڕێگاگرتن بێت لە قۆرخكاری و بەدەستهێنانی قازانج لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی، ئەوە بوو چوار بانك لە عێراقدا سزا دران، لە ئاكامی سەرپێچیكردن لە ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی بانكی ناوەندیی فیدڕاڵی، بەمەش قەیرانێكی نوێ دروست بوو، كە من ناوم لێ ناوە «قەیرانی متمانە» لەنێوان سێ لایەنی حكومەتی فیدڕاڵی و بانكی ناوەندی و مەسرەفەكان، پێویستە بە هاوشێوەی سەرجەم وڵاتانی پێشكەوتوو هەنگاوی ڕاست و شێواز و ڕێگای گونجاو بگرینەبەر لەپێناو عێراق و هاووڵاتیان، نەوەك ئاودیوكردنی دۆلار بۆ دەرەوەی سنوورەكانی عێراق. بە بڕوای من بانكی ناوەندی هەنگاوی گونجاو دەگرێتە بەر بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی ئەم ئەركە و هەلێك پێشكەش عێراق دەكات، بە لایەنی كەم بۆ گەڕانەوەی شێوازی ڕاست و دروستی هەناردەكردن لە ماوەی سێ مانگدا، نابێت وا بیر بكەینەوە لە چەند ڕۆژێكدا قازانج بكەین و چەندین مانگ و ساڵیش زیان بكەین، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ناوەند و حكومەتی فیدڕاڵ و بانكی ناوەندی هاوكاری یەكتر بن و مامەڵە لەگەڵ بازرگانانی ڕاستەقینە بكەن، لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو حەواڵانەش بكرێت كە نادروست و نازانستین. كۆتاییهاتنی قەیرانی ناجێگیری بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی پێویستی بە هەماهەنگی و لێكتێگەیشتن هەیە لەگەڵ بانكی ناوەندیی فیدڕاڵی بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەكی ئاسان و مومكین لە عێراقدا بۆ حەواڵە و بڕواپێدانی بانكی، گرفتەكە لەوەدا بوو، بانكی ناوەندیی فیدڕاڵی بە شێوەیەكی زۆر خێرا گۆڕانكاری لە شێوازی حەواڵە و وردبینی كرد، ئەمەش وای كرد حەواڵەكردنی دۆلار بۆ دەرەوە قورس بێت و بانكی ناوەندییش خستنەڕووی دۆلاری كەم كردەوە، بە هۆی كەمبوونەوەی داواكاریی بانكەكان لەسەر دۆلار و قورسیی حەواڵەكردنی دۆلار بۆ دەرەوەی سنوورەكان، ئەم گۆڕانكاری و ڕووداوانە وای كرد، خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەكاندا كەم ببێتەوە، نرخەكەشی بۆ سەرووی 1555 دینار بەرز ببێتەوە و كاریگەریشی لەسەر بازاڕ هەبوو.
* كەواتە ئەم تێكچوونەی جێگیربوونی نرخی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لەسەر بازاڕ و هەڵاوسان ئایا زۆر مەترسیدار دەبێت؟
- بە بۆچوونی من تاكو ئێستا شوێنەوارەكانی ئەم ناجێگیربوونەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دیارو ڕوون نییە، ڕاستە بازاڕەكان جۆرێك لە ناجێگیریان پێوە دیارە و جامبازەكان یاری بە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەكەن، بۆیە پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی فیدڕاڵ بكرێت، بۆ ئەوەی میكانیزمێكی نوێ بدۆزرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بۆ هێنانی كاڵا و شمەك لە دەرەوەی وڵات، لە بری پشت بەستن بە دۆلاری كاشی ناو بازاڕ كە ئێستا بەم شێوازە هێنراوەكان دەهێنرێن و مەترسییەكی گەورە لەخۆ دەگرێت، بەو ئومێدەی بەم نزیكانە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت.
* پێت وانییە چارەسەری ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی تەنیا بە ئومێد نابێت؟ ئایا ئەم كێشەیە بەم نزیكانە چارەسەر دەبێت؟
- چارەسەری ئەم ناجێگیرییەی نرخی دراوی نیشتمانی تەنیا بە هەماهەنگیی نێوان بانكی ناوەندی و حكومەتی فیدڕاڵ دەبێت، بەوەی دەسەڵاتدارانی نەختینەیی لە بانكی ناوەندی و بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی حكومەتی فیدڕاڵی شێواز و میكانیزمێكی نوێی حەواڵە و خستنەڕووی دۆلار بۆ بازرگانانی ڕاستەقینە و بانكی متمانەپێكراو بخەنە بەردەست، بە لانی كەم تاوەكو سێ مانگ هەموو ئەم بوارانە ڕێك بخرێنەوە و دەبێت بازرگانە ڕاستەقینەكان بڕواپێدانی بانكی(ائتمان مصرفي) بۆ وەرگرتنی حەواڵە بكەنەوە، نەوەكو بەم شێوازەی ئێستا كە بۆ هێنانی كاڵا و شمەك لەدەرەوە پشت بە سەڕافەكانی ئاڵووێری دراو ببەسترێت.
* بەڵام پێت وانییە هەموو ئەم هەوڵە دارایی و ئابوورییانە لە وڵاتێكدا كە بە ئاودیوكردنی پارە و نەوت و سپیكردنەوەی پارە و گەندەڵی ناسراوە، هەر وا كارێكی ئاسان بێت؟
- مەسەلەیەكی عەرەبی هەیە، دەڵێت: ڕەنگە شتێكی خراپیش هەر سوودێكی هەبێت، چونكە ئەگەر لەسەر ئەم شێوازە و حاڵەتە بەردەوام بین، قەیرانی زۆر زیاتر و گەورەتر بەڕێوە دەبێت، دەبێت هەمووان پێكەوە هاوكار و هەماهەنگ بین لە نێوان بازرگانانی ڕاستەقینە و بانكە ناحكوومییەكانی متمانەپێكراو، لەبری ئەوەی پشت بە سەڕافەكانی ئاڵووێری دراو و بازاڕەكانی دراو ببەستین، ئێمە نامانەوێت بانكێكی دیكە لەكار ڕاوەستێت، ئێمە لە ناوچەیەكی ناسەقامگیر و نائارامداین، چەندین وڵات گەمارۆی ئابووری و داراییان لەسەرە، بۆیە دەبێت پشت بەتواناو بەرهەمی ناوخۆمان ببەستین و لە مەسەلەی حەواڵە و دابینكردنی دراوی قورسدا پشت بە سەڕافەكان نەبەستین.
* زۆر لە چاودێران پێیان وایە پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق كە بودجەیەكی گەورەیە، تاكە ڕێگەیە بۆ دەربازبوونی عێراق لە زۆر لەو كێشە و گرفتە ئابووری و داراییانەی تووشی بووە، ئایا تا چەند بودجەی گشتیی عێراق فریادڕەسی هەموو ئەم قەیران و كێشە دارایی و ئابوورییانە دەبێت؟
- بودجەی گشتیی 2023 نەخشەڕێگاو هێزێكی دارایییە كە سیاسەتی ئابووریی حكومەتی نوێی عێراقی پێ جێبەجێ دەكرێت، زۆربەی وردەكاریی و سیمای سەرەكیی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 لە ئەنجومەنی وەزیران تەواو بووە و عێراق لەبەردەم گەورەترین بودجەی گشتی لەمێژووی خۆیدایە،كە خۆی لە 140-150 تریلیۆن دینار دەدات و كورتهێنانی تێدا نییە، ئەم داهاتە زۆرەش بۆ بەرزیی بەهای نەوت و زۆریی داهاتی فرۆشتنی نەوتی 2022 و جێبەجێ نەكردنی زۆربەی پڕۆژەكان لەو ساڵەدا دەگەڕێتەوە، هەر خۆی لەخۆیدا داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022 نزیكەی 155 ملیار دۆلار بووە، ئەم بڕە پارە و داهاتانە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر سێكتەرە جۆراوجۆرەكان و پارێزگا و هەرێمەكاندا دابەش بكرێت، عێراق زۆرترین پڕۆژە و وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دەدرێت.