مامۆستا مەلا ئەبوبەكر ئاقوبانی بۆ گوڵان:   نابێت ڕێگە بدەین ئایین و نیشتمانپەروەری لە یەكتری جیابكرێنەوە

مامۆستا مەلا ئەبوبەكر ئاقوبانی بۆ گوڵان:     نابێت ڕێگە بدەین ئایین و نیشتمانپەروەری لە یەكتری جیابكرێنەوە

 

 

مامۆستا مەلا ئەبوبەكر ئاقوبانی ئیمام و وتارخوێن لە مزگەوتی چوار خەلیفە لە پیرمام و، ئەندامی لێژنەی فەتوا و شارەزا لە فقهی ئیسلامی و خاوەنی قوتابخانەی زانستییە، كە ساڵانێكە لە بواری بڵاوكردنەوەی زانستی شەرعی و بیری میانڕەویدا كار دەكات و، دەیان كەس لەسەر دەستی ئەو مۆڵەتی زانستییان وەرگرتووە. لە دیدارێكی گۆڤاری گوڵاندا جەختی لەسەر ئاوێتەبوونی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لایەنی نەتەوەیی كردەوە، هەموو ئەو هزر و بیروبۆچوونە توندوتیژییانەی كە لە دەرەوەی سنوورەكان هێنراونەتە ناو كوردستانەوە، ڕەت كردەوە، لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* بەو پێیەی خاوەنی مەدرەسەی زانستی شەرعین و بڕوانامەی ماستەرتان بە دەست هێناوە و، شارەزاییەكی باشتان لە مێژووی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ناو نەتەوەی كورددا هەیە، با لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، تا چەند مامۆستا و مەلای ئایینیی كورد توانیویەتی لە ڕێگەی ئایینەكەیەوە پارێزگاری لە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكات؟

- بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. ئایین و وڵات هەردووكیان ئاوێتەی یەكترن و لێكتر جیا ناكرێنەوە. لە هەموو دەقە پیرۆزەكانی قورئان و فەرموودەكان و شەرعدا زۆر جەخت لەسەر ئەم بابەتە كراوەتەوە، بەوەی ئایین بە بێ وڵات نابێت و وڵاتیش بەبێ ئایین نابێت. خۆشەویستیی وڵات بەشێكە لە بیروباوەڕمان، گەورە و سەروەرمان پێغەمبەرمان محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) كاتێك لە مەككەی پیرۆز پەیامی پیرۆزی ئیسلامی بڵاو دەكردەوە، تاوەكو خەڵكی لە زوڵم و چەوسانەوە و بێ ئیمانی ڕزگار بكات و، وەكو مرۆڤی پێگەیشتوو مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەن، كە ئەو سەردەمە قورەیشییەكان مافی ئافرەت و منداڵ و هەژاریان دەخوارد، بەم پەیامە پیرۆزەی ڕازی نەبوون، كاتێكیش پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لە وڵاتەكەیان دەربەدەر كرد، ئەویش كاتێك ناچار بوو لە مەككە كۆچ بكات، لە كاتی كۆچكردنیدا دووپاتی ئەوەی كردەوە كە مەككە خۆشەویستترین پارچە زەویی خوایە لای ئەو و، ئەگەر ناچار نەكرایە هەرگیز بەجێی نەدەهێشت.

مامۆستا و مەلای ئایینی كورد پەروەردەی ڕەسەنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن و بە باشی لە ئایینەكەیان تێگەیشتوون و، وڵات و نیشتمان و نەتەوەكەیان خۆش دەوێت و، لە رۆژە سەختەكاندا لەگەڵ میللەتەكەیان پێكەوە بوون، جوانترین بەڵگەش بۆ ئەمە بەرزیی بیروباوەڕی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و بەرگریكردنە لە خاك و نیشتمان لە ناو كورددا. هەموو زانا و مامۆستا و مەلای كورد تاكی كوردیان لە مزگەوت و زانست و تەكیە و خانەقا و قوتابخانەكانیاندا، وا پەروەردە كردووە ئەگەر لە پێناو خاك و نەتەوە و ئایینی خۆیدا بكوژرێت، پلەی شەهیدی هەیە، ئەوەتا كورد هەرگیز هیچ نەتەوەیەكی دیكەی نەچەوساندووەتەوە و ڕێگەشی نەداوە هزری نامۆ و بیروبۆچوونی توندوتیژی لە دەرەوەی سنوورەكانەوە بۆی ڕەوانە بكرێت و، دین بۆ مەرامی تاكەكەسی و تاقمێك بەكار بهێنرێت، بەمەش مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی لە ناو كورددا توانیویانە پارێزگاری لە ناوەڕۆكی قورئان و فەرموودەكان بكەن، جوانترین نموونەش لە شۆڕشی ئەیلوولدا ئەوە بووە كە مامۆستا و مەلای ئایینی پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانییان دەكرد.

* لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی و زۆربەی سەركردەكانی دیكەی كورددا، كە ئەهلی مزگەوت و خانەقا و كەسانی ئایینی بوون، هاوكات مامۆستا و زانایانی ئیسلامییش لە دەوریان بوون و گرنگییەكی زۆر بە مامۆستایانی ئایینی درابوو، ئەمە بۆچی دەگەڕایەوە و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشدا چۆن بوو؟

 - مەلا مستەفا بارزانی وەكو سەركردەیەكی گەورەی مێژوویی كورد و خاوەن بنەماڵەیەكی تێكۆشەر و ئایینپەروەر، بەرگریی لە نەتەوە و خاكەكەی خۆی دەكرد و دژی زوڵم و چەوسانەوە و داگیركەر بوو. ئەو زاتە گەورەیە ڕێزی زۆری لە مامۆستایانی ئایینی گرتبوو، هەموو تەمەنی خۆی بەخشییە بەرگریكردن لە مرۆڤایەتی و كوردایەتی و ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەو دەربەدەری و ئازار و ئەشكەنجەیەی كە بینی، لە پێناو ئەوە بوو زوڵم و چەوسانەوە لەسەر میللەتی خۆی هەڵبگیرێت.لە مێژووی گەلی كورددا پێشەوا و شێخ سەعید و شێخ مەحموودی حەفید و هەموو سەركردە و پیاوچاكانی دیكەی گەلەكەمان خودا لێیان خۆش بێت، هەڵگری هەمان بیروباوەڕی ئایینپەروەری و كوردپەروەری بوون. شۆڕشی كورد لەسەر دەستی هەموو ئەم سەركردە گەورانەی مێژووی كورد بوون، كە ئەهلی مزگەوت و دەرچووی خانەقا و حوجرە بوون و باوك و باپیرانیان پیاوی گەورە و موسڵمان بوون، دڵسۆزی خاك و نەتەوەكەیان بوون و هەرهەموویان پەروەردەی كوردایەتی بوون.

* ئایا هەر لەسەر ئەم ڕێبازە بوو مامۆستایان و مەلای كورد بەرگرییان نەك تەنیا لە نەتەوەی كورد و موسڵمانان كردووە، بەڵكو بەرگرییان لە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكەی كوردستانیش كردووە؟

-مامۆستا و مەلای كورد بەرگریكردن لە مەزڵوومییەت و كەسانی چەوساوەیان بە ئەركی خۆیان زانیوە، ئەوان بە باشی لە دەقە پیرۆزییەكانی قورئان و فەرموودەكان شارەزان و باش دەزانن ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خێری بەشەرییەت هاتووە، نەك تەنیا بۆ تاكی موسڵمان، جەنابی بارزانی كاتێك یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانی دانا، بۆ ئەوە بوو، ڕۆڵ و پێگەی زانا و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەرز ڕابگیرێت و دوژمنانی ئەم گەلە دژی نەتەوەكەیان بەكاریان نەهێنن. مەلا مستەفا بارزانی كاتێك زانایان و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی كۆ كردەوە، فەرمووی: «من بەرگریكار و پشتیوانی ئێوەم، فەرموون بە شەریعەت و قورئانی پیرۆزی ئیسلام كار بكەن»، هەر لەبەر ئەمەش بوو مەلا مستەفا بارزانی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی میللەتی كورد و ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا لێژنەی فەتوای كوردستانی دانا، بۆ خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نەتەوەی كورد و دژایەتیكردنی توندڕەوی و ناحاڵیبوون لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بوو، تاكو ئەمڕۆ لێژنەی فەتوامان لە پارێزگا و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان هەیە. من لە زۆر دۆست و ناسیاوی زانا و مامۆستایانی پێش خۆمم بیستووە كە مەلا مستەفا بارزانی زۆر هاوكاریی مامۆستای مەلا و فەقێی كردووە، تەنانەت دەگێڕنەوە كە ئەو سەردەمە زۆر دڵخۆش بووە بە بینی زانا و مامۆستایانی ئایینی و بەردەوام لە مەجلیسەكانیدا هەبوون و، یارمەتی داون و هاوكاریی كردوون و قورئان و كتێبی شەرعی بۆ كڕیون و پێشكەشی كردوون. ئێمە هیچ پەیوەندیمان بەو ئەجێندەی دەرەكی و هزری نامۆ و توندوتیژییەوە نییە كە بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە لە دەرەوەی سنوورەكانی كوردستان هێنراوەتە ناو كوردستان، خودای گەورە و میهرەبان پارێزگاری لە ئایینەكەی دەكات، لە شەڕی داعش و ئەو هێرشە توندوتیژییەی دژ بە كوردی موسڵمان كرا، مامۆستا و مەلای كورد پاڵپشتی پێشمەرگە بوون و شەهیدەكانمان خوای گەورە و میهرەبان ئینشائەڵا بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات، چونكە ئێمەی مامۆستایانی ئایینی ئەو ڕاستییە باش دەزانین كە هەركەسێك لە پێناو بەرگری لە خاك و نەتەوەی خۆی بكوژرێت پلەی شەهیدی هەیە، ئەمەش شەریعەتی خوای گەورە و بەخشندە و ڕێبازی پێغەمبەرمانە (دروودی خوای لەسەر بێت)، ئەو دەمەی هێرشی داعش و داگیركەران كرایە سەر كوردستان، خۆ تەنیا بەرگریمان لە موسڵمانان نەدەكرد، بەڵكو بەرگریمان لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی دیكەی كوردستان دەكرد.

* باسی هزر و بیری توندوتیژی و نامۆت كرد، كە بە مەبەستی بەرژەوەندیی كەسی و تایبەتی و حزبی، لێرە و لەوێ بەكار دەهێنرێت. ئایا تاچەند ئێوەی مامۆستایانی ئایینیی گەلی كورد ڕێگە لەم هزرە نامۆییانە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و كۆمەڵگەی كوردستانی دەگرن؟

- مامۆستا و مەلای ئایینپەروەر و كوردپەروەر هەرگیز ڕێگەیان نەداوە و نادەن هیچ كەسێك زیان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بگەیەنێت، ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینێكە بۆ خوداپەرستی و خێر و خۆشیی مرۆڤایەتی خودای گەورە و میهرەبان بۆ بە شەرییەتی ناردووە، خودای گەورە و میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَيٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا * إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ * إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)، ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگەیە بۆ ئەوەی پێكەوە بژین و لێبووردە بین، مامۆستایانی ئایینی كە لەسەر شەریعەتی خودا و فەرموودەكانی پێغەمبەر ئایینپەروەری دەكەن، پێشمەرگەكانمان هان دەدا بۆ پارێزگاریكردن لە ئایین و ئایینزا و نەتەوەكانی دیكەش بەبێ جیاوازی، ئێمەی مامۆستایانی ئایینی زۆر بە توندی دژی ئەوانە دەبینەوە كە دەیانەوێت ئایینی پیرۆزی ئیسلام وا نیشان بدەن، كە توندوتیژە و لەم پێناوەشدا لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە جۆرەها شێوە لا دەدەن.

دین واتا ژین و نیشتمان و خێزان و پێكەوە ژیان و لێبووردەیی و خێر و خۆشی بۆ بەشەرییەت، هەمووان پێكەوە كۆدەكاتەوە و پێكەوەژیانیان دەپارێزێت، نەوەكو بە پێچەوانەوە بۆ لێكتردابڕان و ئاژاوە و ئاشووپ و دژایەتیكردنی یەكتر كە هزر و بۆچوونی نامۆی توندتیژین و بە ناوی جوداجوداوە، گرووپە ئیسلامییەكان بە ناوی پیرۆزی ئیسلامەوە بۆمانی دەنێرن و دەرخواردی گەنجەكانمانی دەدەن، لە رێگەی ئەم هزر و بۆچوونە هەڵەو نامۆیانە بە ڕەسەنایەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، زیان بە گەنجەكانمان و نەتەوە و وڵاتمان دەگەیەنن، كەسانێكی ناحاڵی و نەزان لە خشتە دەبەن، داعشەكان میللەتی مەزڵوومی كوردیان بە مورتەد دادەنا، كەچی دەركەوت خۆیان موسڵمان نەبوون و فەساد و وێرانییان لە سەر زەوی بڵاوكردەوە و خوێنی موسڵمانانیان بە ناهەق ڕشت، دەبێت موسڵمان لە دەست و زمان و كردەوەی سەلامەت بن، كەچی ئەوان كوشتن و وێرانییان بڵاو كردەوە. ئەركی سەركردە و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە كە پێكەوە بۆ ڕزگاركردنی میللەتی كورد لە زوڵم و چەوسانەوە و داگیركردنی خاك و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی تێبكۆشن و خێر و خۆشی لە ناو موسڵماناندا بڵاو بكەنەوە.

* ئایا دەتوانین بڵێین تا ئێستاش ئەم هزر و ڕێبازە بەردەوامیی هەیە و هزری نەتەوەیی و ئایینی گرێدراوی یەكترن؟ ئایا ڕۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی لە ڕاگرتنی ئەو هزرە نەتەوەیی و ئایینییەدا چۆنە؟

- من وەكو مامۆستایەكی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، داواكارم لە سەرۆك مسعود بارزانی خودا بیپارێزێت و تەمەنی درێژ بێت ئینشائەڵا و دواتریش لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خودا موەفەقیان بكات، ڕێگە نەدەن، ئایین و نیشتمانپەروەری لێكتر جودا بكەنەوە و، لەسەر هەمان ڕێباز و بیروباوەڕی پیاوچاكان و سەركردەكانی پێش خۆیان بن، بە هەمان شێوەی ئەوان لەسەر هەمان فكر و ڕێبازی كوردایەتی و خوداپەرستی درێژە بە خەباتی گەلی كورد بدەن، بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركەش دەبێت گرنگی بە زانا و مامۆستایانی ئایینی بدەن و ڕاوێژیان پێ بكەن و، پارێزگاری لە دابونەریت و كەلتووری جوانی كوردایەتی و ئایینی بكەن، ڕێگە نەدەن بەرەو كوفر و بەدڕەوشتی و تێكچوونی شیرازەی خێزان بچین. خوداپەرستی و ئایینپەروەری و كوردایەتی گرێدراوی یەكترن، وەڵاهی تێكدانی ئەم ڕێباز و هزرە ئایینی و نەتەوەییە خزمەت بە هیچ كەس ناكات، بەوانەی كە دژایەتیشی دەكەن، دڵتوندی و ناڕەحەتی و بێزاری بۆ دووركەوتنەوە دەگەڕێتەوە لە هەموو ئەو خۆشی و سامان و بەخشندەییەی كە خودای گەورە و میهرەبان بە مرۆڤی بەخشیوە، لە تەندروستیی باش و سەلامەتی و سامان، دووركەوتنەوە لە ئایین، واتا دووركەوتنەوە لە خۆشەویستیی مرۆڤایەتی و نەتەوە و خاك و نیشتمان، دەزانن لەبری ئەوەی سۆشیالمیدیا و مۆبایل و تەكنەلۆژیا بكەینە هۆكارێك بۆ خۆشگوزەرانی و پەروەردەی ڕۆحی، ناخی مرۆڤ بووەتە هۆكارێك بۆ دابڕان و قسەگوتن بە یەكتر و بڵاوكردنەوەی بەدرەوشتی و خوو و نەریتی ناشیرین و نامۆ بە پەروەردەی خێزان و كۆمەڵگە و نەتەوە و ئایین، هەموو ئەو هزر و بۆچوونە نامۆیانەی ئایینی دژ بە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆمان دێت، ئەویش لەو ڕێگایەوە دێت، واتە گەندەڵی و بەدرەوشتی و توندوتیژیی ئایینیش بە خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و بێسەروبەریی ئەم بوارە دروست بووە. شیرازەی پەیوەندیی نێوان ژن و مێرد و گەورە و بچووك و برا و برایەتی و تەنانەت ڕێزگرتن لە ئافرەتیش، بۆیە داواكارم چاوخشاندنەوەیەكی جددی بەم مەترسییە نوێیەدا بكەنەوە و، ئایین و وڵات و نەتەوەكەمان بپارێزین، پێغەمبەری خۆشەویست (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: (صنفان من الناس إذا صلحا صلح الناس وإذا فسدا فسد الناس: العلماء والأمراء). واتا ئەگەر زانا و سەركردە و بەرپرسەكان ڕێكوپێك بن و، پێكەوە كار بۆ خۆشگوزەرانی و كاروباری خەڵكی و چاكە بكەن، ئەوا خەڵكیش بارودۆخیان خۆش دەبێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر خراپە بكەن، بارودۆخی خەڵكیش خراپ دەكەن.

* ئایا تا چەند ئەركی مامۆستایانی ئایینییە كە خەڵك و وڵات لە ئاشووپ و دووبەرەكی و نانەوەی پشێوی و فیتنە بپارێزن، بەتایبەتی كە گەلی كورد لە هەرچوار لاوە هێرشی توندی دەكرێتەسەر و زیانی پێ دەگەیەنن؟

- پشێوی و نانەوەی فیتنە و ئاشووپ كارێكی نوێ نییە و، بەداخەوە لە دێر زەمانەوە ئەم دژایەتیكردنەی میللەتی كورد لەلایەن ڕژێمەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە دەكرێت، زاناو مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی شارەزاییەكی باشیان بەرامبەر هەموو ئەو كەس و گرووپ و تاقمانە هەیە كە بەردەوام كار لەسەر نانەوەی فیتنە و ئاشووپ و كاركردن لەگەڵ دوژمندا دەكەن، كەمتەرخەمییان لە بەرپەرچدانەوە نەكردووە، خودای گەورەو میهرەبان داوای لێ كردووین: وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا، بەداخیشەوە ناكۆكی و لێكترازانی پەیوەندیی نێوان حزبەكان و نانەوەی پشێوی و دووبەرەكی و كاركردن لەگەڵ دوژمندا، زیانی گەورەی بە گەلەكەمان گەیاندووە، بۆیە ئێمەی مامۆستا و مەلای ئایینی هەرگیز پاڵپشتی و پشتگیریی ئەو كارانە ناكەین، كە نەك هەر لە دژی ئەخلاق و ڕەوشتمانە، بەڵكو دژی داواكاریی خوای گەورە و میهرەبان و فەرموودەكانی پێغەمبەریشمانە (دروودی خوای لەسەر بێت)، ناكۆكی و پشێویی نێو حزب و لایەنە سیاسییەكان بووەتە هۆی ساردكردنەوەی دۆستەكانیشمان، خودای گەورە لە ئایەتێكی قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: (وَلا تَنَازَعُوا فَتَفْشَلُوا وَتَذْهَبَ رِيحُكُمْ). واتا لە ناكۆكی و لێكترازاندا هێز و دەسەڵاتتان لەدەست دەدەن، كوردستانێكی پان و بەرین و دەوڵەمەند و بەپیت و بەرەكەت و گەلێكی فیداكاری شۆڕشگێڕ و بەوەفا و دڵسۆز و خەباتگێڕمان هەیە، بۆچی ناكۆكی دەخەنە نێوانیان؟ بەداخەوە حزب و ئایدیۆلۆژیا و بیر و هزری نامۆ زیانی بە گەلی كوردی موسڵمان گەیاندووە، لە خودای گەورە و میهرەبان دەپاڕێینەوە دڵیان نەرم بكات و ناكۆك نەبن و یەكگرتوو بن.

Top