ڕەنگی ئەندێشە و خەیاڵ

ڕەنگی ئەندێشە و خەیاڵ

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

لە هونەری نیگاردا ڕەنگ ڕەگەزی باڵادەستە. لێرەدا قسەمان لە بارەی هونەر ئەزموونی عومەر سەیدە، كە خاوەنی چەندین ڕۆمانە. لە هونەری ڕۆماندا، ڕۆماننووس دەروازە بە ڕووی بەركەوت و جێكەوتی دەروونی و ئەندێشە دەكاتەوە، بە شاباڵی خەیاڵیش، زۆر ئازادانە شوێن و كات تەی دەكات. ئەم دەروازەی هەڵفڕینە بێ سنوورەی لە نێو دنیای ڕۆمان بە ڕووی نووسەردا دەكرێتەوە، كارێكی ناوازەیە كاتێك خۆی لە دنیای هونەری نیگار دووبارە دەكاتەوە. مەبەستمە بڵێم، (عومەر سەید)ی ڕۆماننووس كاتێك دەست بۆ تابلۆ كێشان دەبات، هەر دەبێت ئەزموونێكی دانسقەمان پێشكەش بكات. دانسقەیی ئەو ئەزموونەی ڕۆماننووسێك لە تابلۆ كێشاندا دەیخاتە ڕوو، دەبێت چی بێت؟ ئەمە پرسیارێكە لە جێی خۆیدا. ئێمە سووكە بەرخوردێكی لەگەڵدا دەكەین.

ڕەنگی ئەندێشە و خەیاڵ

هەر كەسێك ڕۆمانەكانی عومەر سەید بخوێنێتەوە، بە دنیای تەژی لە خەیاڵ و ئەندێشەی ئەو ئاشنا دەبێت. ڕاستە من و تۆ لە خوێندنەوەی ئەو دەقانەی نووسەر، باوەڕی تەواومان لە لا دروست دەبێت، كە كاراكتەر و پاڵەوانی ڕۆمانەكان كەسانی نزیكی خۆمانن یان كەسانێكن دێنە بەر زەین و دیدەمان. لە پاڵ ئەو باوەڕی من و تۆشدا، نووسەر لە داڕشتنی تان و پۆی دەقەكانیدا دەرگا بە ڕووی خەیاڵدا دەخاتە سەر گازەرەی پشت، دنیای بەر دیدە و بەر زەینی ئێمە تێكەڵ بە ڕووداوگەلێك دەكات، كە زادەی بیر و لێكدانەوەی گەشتەكانی خەیاڵی ئەون. هەر ئەم گەمە سەرنج ڕاكێشەی نێوان دنیای واقیع و دنیای خەیاڵ، لە بری ئەوەی بە وشە و ڕستە گەڵاڵەی بكات، ئەم جارەیان هاتووە بە ڕەنگ دایڕشتووە. لە ڕۆماندا دەقی وێژە و لە تابلۆدا دەقی هونەری خستووەتە ڕوو.

ڕەنگی ئەندێشە و خەیاڵ

بەیاری مانۆری هونەری عومەر سەید بە چەند تەرزێك خۆی دەنوێنێت. ئەو لە بەكار هێنانی ڕەنگ، لە گەڵاڵە كردنی فۆرم و فیگەر، لە بەرجەستە كردنی كەشی ئەندێشە و دنیای خەیاڵدا، توانا و بڕستی ئەزموون و مەشقێكی باش دەخاتە ڕوو. لە گەڵاڵە كردنی بیرۆكە و تۆمار كردنی دەقەكانی بە ڕەنگ و شێوە، پتر وابەستەی تێك چڕژانی شەپۆلی ڕەنگە. لە بەشێكی تابلۆكانیدا گیاندارێك دەردەكەوێت، ئەو گیاندارە مرۆڤە یان لە شێوەی ئەو، بەڵام لە بەشێكی زۆری تابلۆكاندا ئەو گیاندارە دەبێتە ڕوفاتی ئەنفالێك و گەواهی دەرهەق بە تاوانێكی كۆكوژی (جینۆساید) دەدات، هەندێك جاریش وەك جانەوەری دەرەوەی گۆی زەوی خۆی دەنوێنێت. لە چەند تابلۆیەكیشدا، عومەر سەید سروشت بەسەر دەكاتەوە، لەو تەرزە تابلۆیەشدا كارامەییەكی زۆر لە ڕووی گەڵاڵە كردن و گواستنەوەی دیمەنی سروشت و وەگەڕ خستنی ڕەگەزی ڕەنگدا، دەنوێنێت.

ڕەنگی ئەندێشە و خەیاڵ

قسەیەك كە دەرهەق بە بەرهەمەكانی ئەم نووسەر/ هونەرمەندە دەگوترێت و بۆ هاوچەشنانی ئەویش دروست و بەجێیە، كاتێك بەهرەمەندێك لە دنیای هونەری نووسینەوە دێتە نێو دنیای هونەری نیگارەوە، بەرهەمەكانی لە ڕووی گوتاری دیدەییەوە، زۆر چڕ و پڕ دەبن.

Top