دكتۆر ڕۆبی بارێت بۆ گوڵان: ئەوەی ڤلادمیر پوتین بە سەر ڕووسیادای هێناوە هەڵەیەكی كارەساتبارە
ڕۆبی بارێت توێژەرە لە كۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە زانكۆی كامبریج و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە زانكۆی تێكساس بەدەستی هێناوە، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك تیرۆریزم و پرسە ئەمنییەكان، بزووتنەوە سیاسییەكان، سیاسەتی دەرەكیی ناوچەكە و پرسەكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پێشهات و لێكەوتەكانی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* هەروەك ئاشكرایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا درێژەی كێشاوە و ڕووسیاش تووشی چەندین شكست و پاشەكشە و خەسارەتی سەربازی بووەتەوە، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری دەكات لەسەر درێژەدان بە شەڕەكە، ئایا پێت وایە ڕووسیا تووشی چ دەرئەنجامێك دەبێتەوە لە حاڵەتی درێژەكێشانی زیاتری شەڕەكە؟
- لە ڕاستیدا من پێم وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕووسیا ناچار دەبێت- بە چەشنی سەردەم و ڕۆژگاری یەكێتیی سۆڤییەت- سنوورەكانی دابخات، لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر لە دەست دەدات، مەبەستم ئەوەیە كە وڵاتەكە جێ دەهێڵن. كەواتە ئەوەی سەرۆك ڤلادمیر پوتین كردی، یان بڕیارەكەی بۆ بەرپاكردنی شەڕ لەسەر بنەمایەك، یان لێكدانەوەیەكی هەڵە بوو بۆ ئۆكرانیا و بۆ ڕۆڵ و هێزی ڕووسیا، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی ڕووسیا بە ڕاددە و ئاست و ئەندازەیەكی گەورە تووشی داكشان و لاوازی ببێتەوە لە ئایندەدا. لەم ڕووەوە پێم وایە داكشان و پووكانەوەی ڕووسیا هەواڵێكی خۆش دەبێت بۆ وڵاتی چین، چونكە بارودۆخێكی لەم چەشنە دەبێتە هۆی ئەوەی چین بە ئاسانی دەستی بە نەوت و بە سەرچاوە سرووشتییەكانی ڕووسیا ڕابگات. هەروەها سەرباری ئەو هەموو گوشارەی كە كردی بەتایبەتی لە ڕووی وزەوە و بە دیاریكراوی لە بەرامبەر ئەڵمانیادا، ئەوا گوشارەكانی بەرهەم و دەرئەنجامیان نەبوو، لە ئێستاشدا وڵاتانی ئەوروپا بە دوای جێگرەوە و بەدیلی وزەی ڕووسیادا دەگەڕێن، كە من پێم وایە ئەمە پەرەسەندن و هەوڵێكی باشە.
* كەواتە پێت وایە ئەم سیاسەتەی ڕووسیا بۆ بەكارهێنانی وزە وەك چەكێك بۆ دروستكردنی گوشار لەسەر یەكێتی ئەوروپا بۆ ئەوەی هەڵوێستیان پەرت، یان لاواز بكات و وەك پێویست نەتوانن پاڵپشتی ئۆكرانیا بكەن، ئایا ئەم هەڵوێستەی ڕووسیا مایەی تاسان و سەرسوڕمان بوو بۆ وڵاتانی ئەوروپا؟
- لە ڕاستیدام پێم خۆشە ئاماژە بەوە بكەم كە خۆم ماوەیەكی زۆر پێش شەڕەكە بە بیر بەرپرسانی ئەڵمانیام هێنایەوە كە ناكرێت بە پشت بە هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیاوە ببەسترێت و ناكرێت متمانە بە ڕووسیا بكرێت، لەبەر ئەوەی سەرۆك ڤلادمیر پوتین پێی وایە ئەو لە هەوڵ و ئەركی دووبارە دروستكردنەوە و بنیادنانەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادایە، ئەوەشم بۆ ڕوون كردنەوە كە لە كۆتاییدا هەر تووشی ڕووبەڕووبوونەوە دەبنەوە و دەبێت باجی ئەم پشتبەستنە بە وزەی ڕووسیا بدەن، لە كۆتاییشدا بۆتان دەردەكەوێت كە ناتوانن وەك هاوبەشێكی بواری بزنێس و بازرگانی متمانە بە ڕووسیا بكەن.
* هەر لە پەیوەندی بە دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕەوەوە بە ایبەتی لەسەر خودی ڕووسیا، ئایا پێت وایە ئەم شەڕە پەردەی لەسەر چ لاوازییەكی ڕووسیا هەڵماڵی و ئایا تا چەند بووەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا پاشەكشەی بكات لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی و تا چەند زیانی بە پێگە نێودەوڵەتییەكەی گەیاندووە؟
- من لەم ڕووەوە پێم وایە ئەو بارودۆخەی ئێستا ڕووسیای تێكەوتووە - بە هۆی ئەم شەڕەوە و درێژەكێشانی شەڕەكە- وەك ئەوە وایە كە بووبێتە گواتیمالا، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە كە خاوەنی چەكی ئەتۆمییە، چونكە ئەوەی ئێستا ڕووسیا بەدەستییەوە ماوە، ئەم چەكەیە و لە ڕاستیدا ئەم چەكەش هیچی پێ ناكرێت، چونكە ئەگەر پەنا بباتە بەر بەكارهێنانی، ئەوا ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە دەبێتەوە و خۆیشی تووشی كاولكاری و لەناوچوون دەبێتەوە. كەواتە ڕووسیا بەم هەڕەشانە خۆی ڕووبەڕووی دۆخێكی خراپ و نەخوازراو كردووەتەوە، چونكە ئەگەر هەڕەشەكەی جێبەجێ بكات، ئەوا بە توندی تۆڵەی لێ دەكرێتەوە و دەرئەنجامێكی خراپ ڕووی تێ دەكات، خۆ ئەگەر جێبەجێشی ناكات، ئەوا سوودی ئەم هەڕەشانە چییە؟ هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بوو كە وتم ئەم چەكە كەڵكی نییە.
* كەواتە ئەگەر پرسیارەكەی پێشوو دووبارە بكەینەوە بە چەشنێكی دیكە ئایا دەكرێت لە ئێستادا وەك هێزێكی مەزنی جیهانی لە ڕووسیا بڕوانین، بە چەشنی ئەوەی لە ڕابردوودا تێڕوانینێكی لەم چەشنە لە ئارادا بووە؟
- بە تێڕوانینی من ئەوەی سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئەنجامی داوە، بریتییە لەوەی ڕووسیای لە هاوكێشەی هێز دوور خستووەتەوە، بە واتایەكی دیكە ئێمە چیتر بەو چەشنە لە هێز و پێگە و سەنگی ڕووسیا ناڕوانین، كە ساڵێك پێش ئێستا لێمان دەڕوانی. چونكە ئەو تێڕوانینەی ساڵێك بەر لە ئێستا هەمان بوو بۆ ڕۆڵ و دەستڕۆیشتوویی و دەسەڵاتی ڕووسیا، هەموویان ڕەوینەوە. چونكە ئێمە ئەدای سوپای ڕووسیامان بینی لەم شەڕەدا، بە چەشنێك كە ڕووسیا ناتوانێت پێداویستی و كەرەستە بۆ سوپاكەی خۆی دەستەبەر و دابین بكات، ئیدی چۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێت كە ئەم كارە بۆ وڵات و سوپایەكی دیكە بكات؟ كەواتە ئەوەی ڤلادمیر پوتین بە سەر ڕووسیادای هێناوە، هەڵەیەكی كارەساتبارە.
* ئەی تا چەند ئەمە كاریگەری و دەرئەنجامی لێ دەكەوێتەوە لەسەر پەیوەندییەكانی ڕووسیا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بزنێس و بازرگانییەكی بەرفراوانیان هەیە لەگەڵیدا لە ڕووی كڕینی نەوت و چەكەوە لە ڕووسیا؟
- من پێم وایە ئەگەر لە هەموو ئەم پەرەسەندن و پێشهاتانە بڕوانین، ئەوا بەو دەرئەنجامە دەگەین كە ئەمە لێكەوتەی لەسەر ئاستی جیهانیش لێ دەكەوێتەوە، چونكە تەنانەت ئەو وڵاتانەشی كە هاوسۆزن لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوا دەبێت پێداچوونەوە بكەن بەوەی تا چەند ڕووسیا هاوپەیمانێكی بەهادارە، كە دەركەوت ڕووسیا هاوپەیمانێكی هێندە بەهادار نییە، چونكە ئەگەر وڵاتانی چین و هیندستان نەوتی ڕووسیا هاوردە بكەن، ئەوا لەوانەیە ئەمە شتێكی ئاسایی بێت، بەڵام ئەگەر هیندستان بە تەواوەتی پشت بە هاوردەی چەك و كەرەستەی سەربازی لە ڕووسیاوە ببەستێت، ئەوا دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە و بگاتە ئەو دەرئەنجامەی كە ناكرێت چیتر متمانە بە ڕووسیا بكرێت لەم ڕووەوە، چونكە ڕووسیا ناتوانێت وەك پێویست چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ خۆی بەرهەم بهێنێت، ئیدی چۆن دەتوانێت هاوردەی بكات بۆ ئێمە؟ كەواتە ئەوەی ڤلادمیر پوتین كردوویەتی بە تەواوەتی جێی سەرسوڕمان و سەرسامییە كە چ هەڵەیەكی كردووە.
* كەواتە دەكرێت بڵێین ئەمە یەكێكە لە گەورەترین كارەساتە جیۆپۆلەتیكییەكان كە ڕووسیا تووشی خۆی كردووە، یان بەسەر خۆیدا هێناوە؟
- بەڵێ، ئەمە وایە و لە ڕاستیدا مێژووی ڕووسیا پڕیەتی لە هەڵەی لێكدانەوە و هەڵەی كارەساتبارانە، چونكە ئەگەر لە مێژووی بڕوانین، ئەوا دەتوانین ئاماژە بە نیكۆلای یەكەم بكەین كە هۆكاری هەڵگیرسانی شەڕی كریمیا بوو لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی نۆزدەدا، بڕیارەكەش لەسەر بنەمای لێكدانەوەیەكی هەڵە بوو بۆ لاوازییەكانی خۆی و ئامادەیی عوسمانییەكان و بەریتانییەكان بۆ شەڕكردن و دەرئەنجامەكەشی بریتی بوو لە ڕێككەوتنێكی پڕ لە سووكایەتی. بە هەمان شێوە نیكۆلای دووەم خۆی تووشی شەڕ كردەوە لەگەڵ یاباندا و لە دەرئەنجامدا تەواوی كەشتییەكانی لەلایەن یابانییەكانەوە تێك شكا و تووشی دۆخێكی پڕ لە سووكایەتی و شەرمەزاری بوو. چونكە لێكدانەوەیەكی هەڵەی كرد بۆ توانا و هێز و دەستڕۆیشتوویی خۆی. هەروەها لە ساڵی 1941 ستالین ڕەتی كردەوە باوەڕ بەوە بهێنێت كە هیتلەر هێرشی كردووەتــــــــــە سەر وڵاتەكەی و ئەوە بوو خەریك بـــــوو یەكێتیی ســـــــــــۆڤییەتی بڕووخێت و لە نــــاو بچێت. هەمــــــــــــوو ئەمانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتــەوە كە خۆیان لە كەشێكی تاكڕەو و خۆسەپێنیدا قەتیس كردووە، كەسانی دەوروبەریشیان ناوێرن ڕاستییەكانیان پێ بڵێن و لە ئەنجامدا هەڵەی گەورە دەكەن.