منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری لە هەڵكشاندایە

منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری لە هەڵكشاندایە

 

ئەگەرچی پزیشكان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر شێوازی منداڵبوون هەیە، لەسەر هەندێك لە خاڵە باش و خراپەكانی هەردوو شێوازەكەش كۆكن، بەڵام بەگشتی زانستی پزیشكی جەخت لەوە دەكاتەوە كە منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری زیانەكانی لە سوودەكانی زۆرترە، چونكە دەبێتە هۆكاری ئەوەی چیتر ژنان نەتوانن بە ڕێگەی سرووشتی منداڵیان ببێت، لە كاتێكدا ئافرەتان بەگشتی دەتوانن بە شێوازی سرووشتی منداڵیان ببێت، بێجگە لە هەندێك حاڵەتی تایبەت نەبێت، كە تێیدا پزیشكان بڕیار دەدەن بۆ سەلامەتیی كۆرپەلە و دایك بە شێوازی نەشتەرگەری منداڵەكە لەدایك ببێت.

 مایەی هەڵوەستەلەسەركردنە لەم دواییانەدا ڕێژەی منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری بە شێوەیەكی ناتەندروست هەڵكشاوە، پسپۆڕانی بواری تەندروستییش حاڵەتەكە بە دیاردەیەكی جیهانی لە قەڵەم دەدەن. بەڵام ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: پێویستە ڕێژەكە لە نێوان 10% بۆ 15% بێت. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ بابەتەكە هەیە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی، لە بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانە حكوومییەكان، لیژنەی تایبەت دانراوە كە كاروبارەكانیان زۆر بە چڕی و وردی دەكەن، ئەگەر ئافرەتێك پێویستی بە نەشتەرگەری نەبێت و حاڵەتەكەی زۆر گرنگ نەبێت، ئەوا ڕێگا نادرێت بە ئارەزووی خۆی بە ڕێگەی نەشتەرگەری منداڵی ببێت.

شیوەن شێرزاد چالاكی بواری كۆمەڵگەی مەدەنییە و وەك خۆی باسی كرد، سێ جار نەشتەرگەریی منداڵبوونی بۆ ئەنجام دراوە و هەر لەوبارەیەوە دەڵێت: «تاوەكو ئێستا ژنان ئەو پرسیارە ناكەن كە ئایا نەشتەرگەری ئەگەرێكی حەتمییە، یان نا، دكتۆرەكانیش بۆ ناوبانگ و زیاتركردنی ئەزموونەكانیان ژنان دەخەنە ژێر نەشتەرگەری، بەڵگەش ئەوەیە بەشی هەرە زۆری ژنان لە نەخۆشخانە تایبەتەكان نەشتەرگەرییان بۆ دەكرێ، نەك لە نەخۆشخانە حكوومییەكان. بەنجكردن و بەنجوەرگرتن هەر خۆی زەرەری زۆرە، هەم بۆ دایك و هەم بۆ منداڵیش، تێكچوونی باری دەروونیی ژن لە كاتی چوونی بۆ ژووری نەشتەرگەری كاریگەرییەكی زۆر خراپ لەسەر خۆی و كۆرپەلەكەی جێ دەهێڵێت، هەروەها نەجووڵانی پێویست دوای نەشتەرگەری و بەكارهێنانی دەرمانی تایبەت بۆ پاككردنەوەی برین و ئەستووربوونی سك و پشت ئێشە و هەستكردنی ژن بە كەموكورتی كەوا ناتوانێت وەك ژنانی دیكە بە سرووشتی منداڵ بێنێتە دونیا، لە زیانەكانی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانەن، وێڕای ئەوەی كە هاوسەر و ئەندامانی خێزان زۆر نیگەران و ماندوو دەبن، سەرباری ئەوەی خەرجییەكی یەكجار زۆریش دەكەوێتە سەر میزانییەی ماڵ، هەموو ئەوانە ژن بێتاقەت دەكەن. خۆم سێ جار نەشتەرگەریم بۆ كراوە و هەر سێ جارەكەش تووشی ئەو حاڵەتانە بووم. دكتۆرەكان پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن، كە نەشتەرگەری یەكەمین جارم هەڵەی دكتۆر بووە، بۆیە هیچ كات ناتوانم بە سرووشتی منداڵ بێنمە دنیا، هەروەها بە نەشتەرگەری ئافرەت شانسی ئەوەی كەم دەكاتەوە كە زیاتر لە سێ منداڵ بێنێتە دنیا. بۆیە پێویستە بەدواداچوونی جددی بكرێت كە ئەم هەموو نەشتەرگەرییە بۆ چییە؟ پێویستە دكتۆرەكان بخرێنە ژێر كۆنتڕۆڵ و نەشتەرگەری زیاتر لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بكرێن، بۆ ئەوەی لە قاڵبی بازرگانی دەربچێت، ئەوكات دكتۆرەكانیش ژنان ناترسێنن بەوەی كە دەبێ و پێویستە نەشتەرگەرییان بۆ بكرێت».

د. هالە جەودەت، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی خانمان و منداڵبوون و چارەسەری دواكەوتنی دووگیانیی ئافرەتانە و لە ساڵانی 2016 تا 2020 بەڕێوەبەری نەخوشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی فێركای بووە. ئاماژە بەوە دەكات كە منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان بەڵكو لە سەرانسەری جیهاندا زیادی كردووە، بۆ ئەوەش هۆكار زۆرن، بۆ نموونە گۆڕانكاری لە ستایلی ژیانی ئافرەت و كەم وەرزشكردن و خواردنی خواردنە خێراكان، كەم جوولەیی و زۆر نووستن. هەروەها ئەو ئافرەتانەی كە لە تەمەنێكی زوودا لە تەمەنی 16 تا 20 ساڵین، هۆكاری دیكە زۆرن. بەڵام بەگشتی منداڵبوونی سرووشتی زۆر باشتر و سەلامەتترە، لەبەر ئەوەی پرۆسەیەكی فسیۆلۆژییە و وادەكات منداڵ بە ڕێڕەوی منداڵداندا بێت و لەم كاتەدا لەم ڕێڕەوەدا هەندێك بەكتریای سوودبەخش بە منداڵەكە دەگات، وادەكات ڕێژەی هەستیاری و تووشبوونیان بە تەنگەنەفەسی و رەبوو كەم دەكاتەوە». گوتیشی: «بە منداڵبوونی سرووشتی ئافرەتەكە دوای چەند كاتژمێرێك لە منداڵبوون دەتوانێ بگەڕێتەوە ماڵەوە، ڕەنگە ئازاری هەبێت، یان تەقەڵی هەبێت، بەڵام وەكو ئەو ئافرەتە نییە كە بە نەشتەرگەری منداڵی بووە، هەروەها پاش چەند خولەكێك دەتوانێ منداڵەكە بخاتە باوەشی و یەكسەر شیری پێ بدات، ئەو شیرپێدانە هەم بۆ تەندروستی دایكەكە و هەم بۆ كۆرپەكە سوودی دەبێت، بەڵام منداڵبوون بە نەشتەرگەری مەترسیی زۆری هەیە و باشترە تەنیا لە كاتی پێویست بڕیاری لەسەر بدرێت، سڕكردن مەترسیدارە و كاریگەری لابەلای دەبێت، زۆرجار منداڵبوون بە نەشتەرگەری دایكەكە تووشی خوێنبەربوون دەكات، ئەوانەش كە نەشتەرگەریی زۆریان بۆ ئەنجام دراوە، كێشەی ئەوەیان دەبێت كە منداڵدان بە میزڵدان یان لەگەڵ ڕیخۆڵە یان وێلداشەكەوە دەنووسێت. زۆرجار میزڵدان بریندار دەبێت، یان ڕەحم بریندار دەبێت و ناچار دەبین منداڵدانەكەی دەردێنین. من لە ساڵی 2014 كە یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون بووم، هەوڵی ئەوەمان دا لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆكی بەشی ئافرەتان لێژنەیەك پێك بێنین كە لە دوو پزیشكی پسپۆڕ پێكدێت، ئەو نەخۆشانەی كە بۆ نەشتەرگەری ئامادە كراون، بەتایبەتی ئەوانەی منداڵی نۆبەریان لە سكدایە، یان جارێك نەشتەرگەریی منداڵبوونیان بۆ ئەنجام دراوە، ڕەوانەی ئەو لێژنەیە بكرێن، لەسەر بنەمای زانستی بڕیاری لەسەر بدرێت. زۆر جار ئافرەت سوورە لەسەر ئەوەی نەشتەرگەری بۆ بكرێت، بەڵام بە هۆی نەبوونی بنەمای زانستی بۆ ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە نەشتەرگەری نییە، لە نەخۆشخانە بەپێی بڕیاری لێژنەكە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام نادرێت. ئێمەی پزیشكان لایەنە باشەكانی منداڵی سرووشتییان بۆ شی دەكەینەوە. هەر لە ڕێگەی ئەو لێژنەیەوە توانیمان ڕێژەی نەشتەرگەری 30% تاوەكو 31% ڕابگرین، ساڵانە 20 تاوەكو 21 هەزار منداڵبوونی سرووشتی لەم نەخۆشخانەیە ئەنجام دەدرێت، بەڵام وەك دەزانین تەنیا لە شاری هەولێر نزیكەی 30 نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، بەڵام هیچ ئامار و داتایەكمان نییە كە بزانین ڕیژەی نەشتەرگەرییەكانی منداڵبوون لەم نەخۆشخانانە چەندە».

د. هالە جەودەت لە كۆتایی قسەكانیدا بەمجۆرە ئامۆژگاری خانمانی دووگیان دەكات:» ئامۆژگاریم بۆ خانمانی دووگیان ئەوەیە كە ماوەی دووگیانییەكەی بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بباتەسەر و زۆر بیر لە پرۆسەی منداڵبوونەكەی نەكاتەوە، بەڵكو گرنگی بە تەندروستی خۆی بدات و دوور بكەوێتەوە لە خواردنی خێرا و چەور و ئەو خواردنانەش كە برنج و ئارد و شەكری بە رێژەیەكی زۆر تێدایە، زیاتر سەوزە و میوە بخوات سەوزەی وەك بڕوكلی و سپێناخ و ئەو میوانەی كە رێژەی ڤیتامین سی تێدایە وەكو كیوی و فراولە و پرتەقاڵ، هاوكات پێویستە رۆژانە بڕی زیاد ئاو بخواتەوە، چونكە ئاو بۆ گەشەی منداڵەكە بەسوودە، هاوكات پاڵەپەستۆی خوێنی دایكەكە بە باشی رادەگرێت و كاری گورچیلەكان بە باشی رێكدەخات، وێڕای ئەوەی ئاو خواردنەوەی زۆر رێژەی هەوكردن لە جەستە كەمدەكاتەوە.

سێ هۆكار هەن وادەكات بۆ منداڵبوون دووچاری نەشتەرگەری ببن، یەكێك تەندروستی دایكەكەیە و دووەمیش پەیوەندی بە تەندروستی كۆرپەكەیە، هۆكاری سێیەم پەیوەندیدارە بەو رێڕەوەی كە منداڵ پێش لە دایكبوون بەرێگەی سروشتی پێیدا تێپەڕ دەبێت.

هۆكاری دایكەكە زیاتر پەیوەستە بە هەڵكشانی تەمەنی كە لە یەكەم دووگیانی تەمەنی 38 تا 40 ساڵە، ئەو ئافرەتانەش كە كێشیان زۆرە نزیكەی 130 تا 140 كیلۆن یان نەخۆشی شەكرەی هەیە یان بەرزی و نزمی فشاری خوێنیان هەیە و كۆنتڕۆڵ ناكرێت، یان منداڵەكە كێشی زۆربێت، هەروەها ئەو ئافرەتانەی كە كێشییان زۆر زۆر كەم بێت، یان ئەو منداڵانەی كە بە پێچەوانەوە هاتبن یان منداڵەكان دووانە و سیانەن، یان حەبلی وێڵداش لە ملی منداڵەكە بئاڵێت، هەروەها ئەو مندالانەش كە كێشیان زۆر كەمە یان ئاوی منداڵدان لە مانگەكانی دوایی كەم بێت، یان لە رێڕەوی منداڵبوون گرێ هەبێت، یان كەمكاركردنی وێلداش هەبێت».

د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو، بەمجۆرە باس لە زیانە زۆرەكانی نەشتەرگەری دەكات: «نەشتەرگەری قەیسەری یەكێكە لە كۆنترین جۆری نەشتەرگەرییەكان، كە؛ لەپێشدا تەنیا بۆ بوونی ئەو منداڵانە دەكرا، كە دایكیان لە سەر زگ دەچوون و گیانی لەدەست دەدا، بەڵام كۆرپەكەی زگی هێشتا ساغ بوو. دواتر لە سەدەی بیست كاتێك مەترسیی نەشتەرگەری لەسەر دایك و كۆرپەكەی كەم بووەوە، وردە وردە ژمارەی ئەو عەمەلیاتانە زیادی كرد. بێگومان ئەم عەمەلیاتە لە هەموو جیهان دەكرێت؛ لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا لە ساڵی (٢٠٠٢) زۆرترین ڕێژەی (٢٦.١) بووە و لە هەنووكەدا زیاتر لە (٣١٪) منداڵ بە عەمەلیات و نەشتەرگەری دەبێت. لە عێراق و كوردستانیش هەروەك هەموو جیهان ڕێژەی ئەنجامدانی ئەم عەمەلیاتە ڕوو لە زیاد بوونە. بۆ زانینیش سیاسەتمەداری عێراقی (عەدنان پاچەچی) لە چاوپێكەوتنێكی ئەوەی ئاشكرا كرد، كە ئەو یەكەم منداڵی عێراقە كە بەو جۆرە لە بیستەكانی سەدەی ڕابردوو لە نەخۆشخانە مەجیدییە لە بەغدا لەدایك بووە». سەبارەت بە هۆكارەكانی زیادبوونی ڕێژەی ئەو نەشتەرگەرییانەش گوتی: «هۆكارەكان زۆرن، كە بۆی هەیە هی ئێرە و جیهان خڕ وێك بچن، لەوانە:

١- زۆركردنی نەشەرگەریی منداڵبوون، بە جۆرێك منداڵەكانی دیكەش هەر بە نەشتەرگەری دەبێت.

٢- دایك: دایكەكە نایەوێت ژان و ئازاری منداڵبوون بچێژێت.

٣- لە ساڵی (٢٠٠٣ز) لە ئەمریكا قسەیەك دەكرا، كە؛ زگكردن و منداڵبوون بە سرووشتی بەژن و باڵای ژنە تێك دەدات (pelvic floor damage)! دایكەكەش هەموو دەم دەیەویست شێوەی كیژینی بدات.

٤- ئۆین: زوو لە ئەمریكا و بەو دواییەش لای خۆمان، دایك و باوك دەیانویست كۆرپەكەیان بەرواری لە دایكبوونی (موالید)ی جوان بێت.

٥- كاركردن: دایك و باوك هەردووك كاریان هەیە، بۆیە؛ لە دایكبوونی منداڵەكەیان بە گوێرەی كارەكەیان دادەنێن، یان منداڵبوونەكە لە كار و كاسبیان نەكات.

٦- دایك و باوك هەبووە، دەیانویست نێوان منداڵەكەیان ڕێك بێت، یان ئەو كاتە منداڵیان بێت، كە ئازیز و نزیكێكیان لە دوورەوە دێت، هەتا لە وەختی ویلادەكە ئەویش لەوێ بێت.

٧- چاولێكەری.

٨- هۆكارگەلی دیكە زۆرن، وەك؛ زۆر بوونی نیوە بەنج و...هتد.

* ئەنگێزەكان (Indications) بۆ بەكارهێنانەكانی نەشتەرگەری منداڵبوون: منداڵ هەتا دەكرێت بە سرووشتی ببێت، بەڵام لە هەندێك حالەت ئاساییە پەنا بۆ نەشتەرگەری ببردرێت، وەك:

1- دەبێت بكرێت:

كاتێك ژنەكە وێڵداشی هاتبێت، یان وێڵداش(ئاوەڵ)ی خزاو بێت (placenta previa).

٢- حەوزی تەسك بێت.

٣- ویڵداشی تەقی بێت، یان وێڵداشی جیا ببێتەوە

 (placental abruption).

٤- ژنەكە بالووكەی زاوزێی هەبێت

 (active genital herpes).

٥- ناوكە پەتك هاتبێت.

٦- ئاستەنگ لە قۆناغەكانی منداڵبوون دروست بێت.

٧- پێشتر نەشتەرگەری زگی كردبێت (چ بۆ منداڵبوون، یان بۆ گرێی منداڵدان).

٨- شێرپەنجە (سادە، یان سندانداری)؛ كەڕێگای گرتبێت.

٩- گیرانی ملی منداڵدان (cervical circlage).

هەندێك حاڵەت هەیە لەوانەیە پەنا بۆ ئەم نەشتەگەرییە لە كاتی پێویست ببردرێت (contoversial) وەك:

١- منداڵ دانیشتبێت.

٢- پێشتر ژنەكە بە نەشتەرگەری زگی كرد ێت.

٣- خوێنیان تێك نەكاتەوە (severe RH alloimmunization).

٤- نەخۆشییەكی زگماكی زەق.

* زیانەكانی: وە نەبێت نەشتەرگەری منداڵبوون بێ زیان بێت، بەڵكو زیانی زۆرە، وەك:

١- مردن: ئەو دایكانەی بە سرووشتی منداڵییان دەبێت، ڕێژەی مەترسی مردنییان (2,1/١٠٠٠٠٠)ـە، بەڵام ئەوانەی بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت (5,9/ ١٠٠٠٠٠)ـە. بەو مانایە ئەگەرەكەی لەوانەی بە نەشتەرگەری زگ دەكەن دوو قات و نیو زیاترە. هەرچی ئەوانەن نەشتەرگەری منداڵبوونی لەناكاو (Emergency C/S) دەكەن، ڕێژەكە بەرز دەبێتەوە بۆ (18,2/١٠٠٠٠٠).

٢- دایك: دوای نەشتەرگەری دایكەكە مەترسی لەسەر تەندروستی و ژیانی دروست دەبێت، بە هۆی؛ هەوكردن، بەنج، خوێن مەیین، خوێنبەربوون و گرفتەكانی خوێن.

٣- لە زگەكانیتر دیسان دایكەكە مەترسی بۆ دروست دەبێت. ئەو ژنانە لە زگەكانیتر ئەگەری خوێنبەربوونیان لەو زگانە بۆ زیاد دەبێت، هەروەها ئەگەری هاتنی ویڵداش بە ڕێژەی (5,2/١٠٠٠) زیاد دەبێت، و ڕێژەی تەقینی ویڵداش بە (11,5/١٠٠٠) زیاد دەبێت.

٤- كۆرپەكە: ئەو ژنانەی بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت لە زگەكانی دی ئەگەری مردنی كۆرپەكانیان زیاد دەبێت، یان پشێوی لە هەناسەدان (neonatal respiratory distress) زیاد دەبێت، یان كۆرپەكە پێویستی بە ئۆكسیجن (هەوا) زۆر دەبێت».

 

Top