ئالین بۆ گوڵان:(كەچ و خورت) پەیامی پشتگیری و پاڵپشتییە بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان

ئالین بۆ گوڵان:(كەچ و خورت) پەیامی پشتگیری و پاڵپشتییە بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان

ئالین لە ڕۆژئاوای كوردستان لە دایكبووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە ڕووی لە وڵاتی غەریبی كردووە و لەوێوە بەردەوام بووە لە گۆرانیگوتن، تا ئێستا چەندین بەرهەمی بڵاو كردووەتەوە و ماوەیەكە هیچ بەرهەمێكی نەبووە، بەڵام لە دوایین سەردانی بۆ كوردستان ژمارەیەك گۆرانی و سروودی نوێی تۆمار كرد، كە یەكێكیان بە ناوی (كەچ و خورت) بەبۆنەی رۆژی ئاڵاوە بڵاوكرایەوە، ئێمەش وەك گۆڤاری گوڵان لەو بارەیەوە هەندێك پرسمان لەگەڵدا تاوتوێ كرد.

لە سەرەتای گفتوگۆكەماندا (ئالین) باسی لە كارە نوێیەكانی كرد و رایگەیاند: «رۆژی ئاڵا لە هەموو گەلی كوردستان پیرۆز دەكەم لە هەر شوێنێك بێت، بەم بۆنەوە بەرهەمێكی هونەری نوێم بڵاو كردەوە بە ناوی (كەچ و خورت). تێكستی ئەم گۆرانییە نوێیەم بە هاوبەشی لەگەڵ (ئەمو ئەردەم و رێناس میران) نووسیوەتەوە و لە ئاواز و دەرهێنانی رێناس میرانە، لە دوایین سەردانم بۆ كوردستان لە قەڵای هەولێر و چەند شوێنێكی دیكە بە ڤیدیۆ كلیپ تۆمارم كرد و، بەبۆنەی رۆژی ئاڵا پێشكەشی جەماوەری دەكەم، هیوادارم جێگای رەزامەندییان بێت، دەمەوێت ئەوەش بە جەماوەرەكەم بڵێم كە بەر لە چەند مانگێك سەردانی كوردستانم كرد بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەك كاری هونەری، لەوانە چەند ڤیدیۆ كلیپێك كە لە داهاتوودا بڵاو دەكرێنەوە.»

ئالین بۆ گوڵان:(كەچ و خورت) پەیامی پشتگیری و پاڵپشتییە بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان

سەبارەت بە ئامانجی لەم كلیپە، ئالین گوتی: «ئامانجی من لە بڵاوكردنەوەی ئەم كلیپە لەو رۆژە پیرۆزەدا بریتییە لە گەیاندنی پەیامێك بە گەلی كوردستان و بەتایبەتیش پێشمەرگە، كە ئێمە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی پێشمەرگەین، ئەوانەی بە گیانی خۆیان وڵات دەپارێزن لە هێرشی تیرۆریستانی داعش و نەیارانی گەلی كورد، ئەو نەیارانەی كە هێرشە دوژمنكارانەكانیان دژی گەلی كوردستان چڕ كردووەتەوە، میللەت و هونەرمەندان هەمیشە پاڵپشتی پێشمەرگە بوون لە هەر شوێنێك و هەر بارودۆخكدا بن، ئێمەی هونەرمەندیش بە هونەرەكەمان لە سەنگەری بەرگریداین».
هەر لەم بارەوە زیاتر گوتی: «هەر لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە پەیامێك ئاراستەی دوژمن و نەیاران دەكەم كە ئێمەی گەلی كوردستان هیچ كاتێك دەست لە خەون و ئاواتەكانمان هەڵناگرین، تا كۆتایی هەبوونی خۆمان وەك میللەت و كوردستانیش وەك وڵات، دەپارێزین، لە هیچ بارودۆخێكدا ئێمە ئامادە نین دەست لە خەبات هەڵبگرین».

ئالین بۆ گوڵان:(كەچ و خورت) پەیامی پشتگیری و پاڵپشتییە بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان

ماوەی چەند ساڵێكە ئالین هیچ بەرهەمی نوێی پێشكەش نەكردووە، لەو بارەوە گوتی:
«بێدەنگی و دوورەپەرێزیم لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ چەند هۆكارێ دەگەڕێتەوە، لەوانە من سەرقاڵی كار و ژیانی تایبەتی خۆم بووم، هەروەها لەبەر خۆئامادەكردنم بۆ بەرهەمێكی نوێی هونەری، ئێستا چەند كلیپم ئامادەیە كە یەكێكیان بە زمانی سریانی ئامادەیە و لە داهاتوودا بڵاویان دەكەمەوە».
ئالین بە سروودی نیشتمانی ناسراوە» لەم بارەوە دەڵێت: «خەمی هەر چوار پارچەی كوردستان خەمی منە، هەر چوار پارچەیان بۆ من وەك رۆژئاوا وان و جیاوازییان نییە، خۆشی و ناخۆشی و دەرد و مەینەتییەكانی هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی و ناخۆش و مەینەتی منن، بەڵام لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان سەرچاوەی خەم و ناخۆشییە بۆ من، بۆیە ئەوەی لە توانامدا بێت بۆ رۆژئاوا، ئەنجامم داوە، چ لە رێگەی كلیپەكانمەوە وەك كلیپ (یەكێتی برایەتی) تێیدا داوای یەكگرتن و برایەتی نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكەم، هەروەها گۆرانییەكانی (بلبلێ دلشاد) و (ئەی فەلەك ژ بو تە دناڵم)، چونكە لەو كاتەدا ئەوەی لە باشووری كوردستان رووی دا، هەمان شت بوو كە لە رۆژئاوای كوردستانیش ڕووی دا، وەك هێرشە دڕندەكانی تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژئاوا و باشوور، بەتایبەتی لە شنگال».

Top