متمانە بەخۆبوون گەورەترین سوپای بێ سەربازە كە هەموو جەنگەكان ئەباتەوە

متمانە بەخۆبوون گەورەترین سوپای بێ سەربازە كە هەموو جەنگەكان ئەباتەوە

متمانە بەخۆبوون یەكێكە لەو سیفاتە گرنگانەی كە پێویستە لە هەموو تاكێكدا هەبێت، چونكە متمانە بەخۆبوون دەمانكات بە خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێز و هەلی گەیشتن بەخەونەكانمان زیاتر دەكات ،زانایانی دەرونناسی كۆمەڵێك ئامۆژگاریان بۆ ئەو كەسانە پێشنیار كردووە كە دەیانەوێت متمانە بەخۆیان بكەن، بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان پشت بە كەسی تر نەبەستن.

1_پێویستە خودی خۆت بیت و بیر لە قسەی كەسانی چواردەورت نەكەیتەوە و ڕێگە نەدەیت كەسانی تر بڕیار لەسەر ژیانت بدەن .

2_ئامانجەكانی ژیانت دیاری بكە و پلان بۆ داهاتوو دابنێ و بریار بدە كە لە ژیانتدا دەتەوێت بە چ شتێك بگەیت.

3_میهرەبان بە لەگەڵ خودی خۆتدا هەرگیز بەهۆی قسەی كەسانی ترەوە سەرزەنشتی خۆت مەكە .

4_بەهێزبە و كۆڵمەدە و كەوتنەكانت مەكە بە كۆسپ، چونكە ژیان بەوجۆرەیە تا جارێك سەردەكەوی دووجار دەكەویت، بۆیە كۆڵمەدە و بەردەوام بە .

5_ڕۆژانە كاتێك دابنێ بۆ مەنەلۆگ كردن لەگەڵ خۆتدا .

هۆكارەكانی كەم بوونەوەی متمانە بەخۆبوون :

1_ترس و ڕاڕایی و دڵە ڕاوكێ و شپرزەیی لەوەی كە كردەوەیەك یان هەڵسوكەوتێك یان گوفتارێكت هەێت بەڵام نەشیاوبێت و خەڵك بەدڵیان نەبێت .لەوانەیە گاڵتەت پێ بكەن .

2_دەڵێێت كە من كەسێكی لاوازم وكەم ئەرزشم وناتوانم هیچ شتێكی بەسوود ئەنجام بدەم، ئەمجۆرە بیركردنەوە خراپترین هۆكارە بۆ كوشتنی داهێنان و وزە لەخۆتدا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو كەسانە ،سەرنەكەون و لە قوناغەكانی خوێندندا ڕووبەڕووی ڕەخنەی هاوڕێ و دایك و باوك و مامۆستاكانیان ببنەوە، یان هەدێ‌ ڕووداوە كۆنەكانی ژیانیان كە تەریق كردنەوە و سەرزەنشت كرد و تانەلێدان لە تواناكانت بووە .

بەكۆمەڵێك ڕێگا متمانە بۆخۆت دروست بكە:

1_وشەی ناتوانم لە فەرهەنگی خۆتدا بسڕەوە بڵێ ئەتوانم و دڵنیابە لە خۆت و لە ئەوەی كە ئەتوانیت .

2_هاوڕێیەتی ئەوكەسانە بكە كە هەمیشە بەرچاو ڕوون و گەشبینن و لەكەسانی ڕەشبینن دووربكەوە .

3_دروستكردنی هەستی لەخۆ بووردەیی و هەوڵدان و كۆڵنەدان و بەردەوامی لەخۆتدا .

4_دیاری كردنی ئامانج بۆ هەموو كارەكانت كە ئەتەوێت ئەنجامیان بدەیت .

5_پێویستە كەسێكی پۆزەتیڤ بیت و پۆزەتیڤانە بیربكەیتەوە .

6_پێویستە ڕۆژانە كاتێكی دیاری كراوت هەبێت بۆ وەرزش كردن و ڕۆیشتن بەپێ .

7_پێویستە ڕووبەڕووی هەموو ئەو شوێن و شتانە ببیتەوە كەلێیان ئەترسیت، چونكە ئەو ترسانە بێ متمانەیی بەخود دروست دەكات .

8_متمانەی تەواوت بەخۆت و تواناكانی خۆت هەبێت و گوێ لە بەهرە وتواناكانی خۆت بگرە.

نیشانەكانی كەمی متمانە بەخۆبوون .

ئەو كەسانەی كە متمانەیەكی كەمیان بەخۆیان هەیە له گفتووگۆ و قسەكردندا ناتوانن كەسی بەرامبەریان ڕازی بكەن، هەروەها كاتێكیش كە هەق بە كەسی بەرامبەر نەبێت، هەقی پێ ئەدەن لە پێناوی ئەوەی ئەو باسە دابخرێت و زۆر قسە و گفتوگۆی لەسەر نەكرێت، بەخێرایی رازی دەبن، هەروەها بەردەوام ئەو كەسانەی كە متمانەیان بەخۆیان نییە یاخود متمانەیەكی كەمیان بەخۆیان هەیە لەناو كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا ئاسوودە نین و كاتێك كە هاوڕێ و كەسێكی نزیكی خۆیان لە كۆبوونەوەكە بوونی نەبیت، قسەكردن بۆیان زۆر قورس و ئەستەم دەبێت، ئەو جۆرە كەسانە ئەگەر ِرەخنەیان لێ بگریت ڕەخنەكە قبوڵ ناكەن و بەر هەڵستی دەكەن و زویر ئەبن. هەروەها ئەو جۆرە كەسانەی كە متمانەیان بەخۆیان كەمە لە باسكردنی بیرو باوەڕی خویان دەترسن لەوەی تووشی دڵەڕاوكێ و ترسێكی زۆر دەبن ، كەسانێكن كە بیرو باوەری خۆیان دەگۆڕن هەرگیز بیرو باوەڕێكی جێگریان نییە، بەڵكو بەپێی بارودۆخ بیرو باوەریان دەگۆڕن و كەسانێكن كە ناتوانن كۆنترۆڵی ژیانی خۆیان بكەن و بەخێرایی پاشەكشێ دەكەن و چێژ لە بردنەوەكانیان نابینن وهەمیشە كەسانێكن ڕەشبینن و چاوەڕێ دەكەن هەمووان لێیان ڕازی بن

 

 

بێلان ڕۆژبەیانی

 

Top