یادێكی هونەرمەند جەلال سەعید

یادێكی هونەرمەند جەلال سەعید

ئا/عەبدولڕەحمان فەرهادی

لەم ڕۆژانە بە سەیداوەدا چووم و شەقامی جەلال سەعیدم بینی، كە سی مەتری و شەست مەتری بەیەك دەگەیەنێت، كۆڵێ خۆشحاڵ بووم بەوەی‌ ئەم جادەیە بە ناوی هونەرمەندێكی نەمر كراوە، كە لەوێ ژیاوە. جەلال سەعید لە ژیان و دوای مەرگیشی هەقی خۆی نەدرایێ، ئەو پیاوێكی بە هەڵوێست و ڕەوشتبەرز بوو، وەك لێی دەگێرنەوە كە قەت سازشی لەگەڵ بیروڕا و سەربڵندیی خۆی نەدەكرد، بە سادەیی ژیا و بە نەدارییش دەیگوزەراند، هەموو ژیانیشی هونەرەكەی بوو، خۆزگە كۆتەڵێكیشیان لەسەر پردەكەی سەیداوە بۆ دادەمەزراند.
هاوڕێیەكمان چەند ساڵێك لەوەوبەر، هەر بۆ خۆشی یادگارییەكی جەلال سەعیدی بۆ گێڕامەوە، منیش هەر بۆ خۆشی لێرەدا دەیگێڕمەوە:
لە حەفتاكان و پێشتریش خەڵك بە حەنچە و نێرن و مارسیدسی 53 دەچوونە بەغدا، كورد هەر كە دەگەیشتنە نەهزە، تەنیا مەیدانیان پێدەزانی، نەهزە پڕی سایەق تاكسیی عارەب بوو، هەر كە چاویان بە كوردان دەكەوت كە بە كراس و شەرواڵ و كڵاشەوە بەوێدا وەردەبوون، پێیان دەگوتن: ها كاكە لیلمەیدان؟ كاكە كاكە لیلمەیدان؟ كاكە یەم گەهوە مال نەسیم؟ سا‌یەقی عارەب بە سێ درهەمان كوردی سواری قەمەرە دەكرد و یەكەوڕاست دەیبردن بۆ ئوتێل ئەربیل یان ئوتێل ئەمین. ڕۆژێكیان جەلال سەعید و ساڵح سەرچناری هەر بۆ كەیف و سەفا لە نەقلیاتی هەولێرەوە سواری حەنچەیەكی شین دەبن و بۆ نیوەڕۆكەی دەگەنە نەهزە، لەوێ سایەقی عارەب دەیانگەیەننە مەیدان، هەردووكیان بەو زەردەگەرمایەی تەممووزی بەغدا، هەست بە برسێتی دەكەن و ڕوو دەكەنە یەكێك لە ڕێستورانتە زۆروزەوەندەكانی ئەوێ، ڕێستورانتەكانی ئەوكات پڕی شاگردە میسری بوون، ئەوان لە یەك لە ڕێستورانتەكان كە دادەنیشن، یەك لە میسرییەكان دەچێتە لایان و پێیان دەڵێت تفەززەڵ یا بێ، شتاكلوون؟ ئەوانیش بە هەردووكیان پێنج كەلیمە عارەبی نازانن، ساڵح ڕوو دەكاتە جەلال، جەلال دە دوو قسانی لەگەڵ بكە، جەلال دەڵێ واحید تەشریف( واتە یەك تەشریب)، كابرای میسری تێێ دەگات و ڕوو دەكاتەوە ساڵح، تفەززەل، ساڵح بە جەلالی دەڵێ جەلال وەیبرێیێ با لۆ منیش تەشریفەكی بینی، جەلال ڕوو دەكاتە شاگردەكە و پەنجەش بۆ ساڵح درێژ دەكا و دەڵێ واحید تەشریف، كابرای میسری خەریكە بڕوا، ساڵح دەڵێتە جەلال: كورە جەلال وەیبرێیێ ئی من تێنەكووشی، با هیی من نانەكەی بەتەنێ و گۆشتاوەكەشی بەتەنێ بینی، پێی بڵێ با بۆ من تێنەكوشی، جەلال چەندی سەر دێنێ و دەبا نازانێ بە عارەبی ئەوە بە میسرییەكە بڵێ، بۆیە ڕوو دەكاتەوە ساڵح و دەیڵێتێ: ساڵح بە عارەبی تێمەكووشە نییە، عارەب هەر تێدەكووشن و تێمەكووشە بە عارەبی نابی! دەبی هەر تێكووشی.
یادی هەموویان بەخێر.

Top