پڕۆفیسۆر دكتۆر ئیبراهیم حەمە ڕەش بۆ گوڵان: حكومەتی دیجیتاڵی كاریگەری بەرچاوی لەسەر سەركەوتنی حكومەت و گەشەكردنی ئابووری هەیە

پڕۆفیسۆر دكتۆر ئیبراهیم حەمە ڕەش بۆ گوڵان:  حكومەتی دیجیتاڵی كاریگەری بەرچاوی لەسەر سەركەوتنی حكومەت و گەشەكردنی ئابووری هەیە

 

 

پرسی حكومەتی دیجیتاڵی و هەنگاوەكانی بەرەوپێشچوون لەم بارەیەوە و لایەن و دەرئەنجامە باشەكانی كۆششكردن بۆ هێنانەئاری ئەم جۆرە حكومەتە لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی ڕۆتین بوونە تەوەری ئەم دیدارە لەگەڵ پڕۆفیسۆر دكتۆر ئیبراهیم حەمە ڕەش لە زانكۆی كوردستان – هەولێر كە بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* كاتێك باس لە حكومەتی دیجیتاڵی دەكرێت وەك هەنگاوێكی زۆر پێشكەوتوو بۆ ئاستی حوكمڕانی، بە ڕێچكەیەك دادەنرێت بۆ پیادەكردنی حوكمڕانیی باش، ئایا لایەنە باش و دیارەكانی حكومەتی دیجیتاڵی بۆ حوكمڕانییەكی سەركەوتوو چین؟

- جاران حكومەتی باش(رشید) و حكومەتی خراپ بە چەند پێوەرێك كە پێیان دەگوترێت «ئیندێكس» هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرا، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا بەدیجیتاڵكردنی حكومەت و چەند حكومەتەكە بەدیجیتاڵكراوە یەكێك لەو پێوەرانەیە كە هەڵسەنگاندنی بۆ حكومەتەكەی پێ دەكرێت كە ڕەشیدە، یان نە. حكومەتی دیجیتاڵی ئەوەیە دوای پەیدابوونی ئینتەرنێت هەر كەسێك چ لە كەرتی گشتی، یان تایبەت بتوانێت لە ماڵی خۆی كار و مامەڵەی خۆی پێشكەش بكات و باشترین تەجروبەی ئێمە لە كوردستان زانكۆلاینە كە ئەلیكترۆنییە و ئەزموونێكی زۆر سەركەوتووە، ئەگەرچی پێشتر پرۆسەكە زۆر زەحمەت و ئاڵۆز بوو، تاوەكو قوتابی فۆرم و داواكاری پێشكەش بە زانكۆ دەكرد بۆ ئەوەی لە كۆلێژێك وەربگیرێت، بەڵام ئێستاكە لە ڕێگای زانكۆلاینەوە هەر لە ماڵ و شوێنی خۆتەوە پێشكەش بە زانكۆ دەكەیت، هاوكات هەر لەو ڕێگا ئەلیكترۆنییەوە ناوەكەت دەگەڕێتەوە. هەروەها دەكرێت هەموو حكومەت و دامودەزگاكان لە سەرەتادا بە یەكەوە ئەلیكترۆنی و بەدیجیتاڵ نەكرێت، بەڵكو پڕۆسەكە هەنگاو بە هەنگاو دەست پێ دەكات، واتە سێكتەر لە دوای سێكتەر كار بۆ بەدیجیتاڵكردنی حكومەت هەنگاو هەڵدەگرێت و ئەمە كارێكی سرووشتی و ئاساییە، چونكە حكومەتی دیجیتاڵی كۆتایی نییە و لە شوێنێك ڕاناوەستێت، بەڵكو هەر لە پێشكەوتن و زیاتر بەدیجیتاڵ بوونە و زۆر ئاساییە ئێمە لاسایی وڵاتانی دیكە بەتایبەت وڵاتە پێشكەوتووەكان بكەینەوە، چونكە ئەوان لە ئێمە پێشكەوتووترن و هەندێ دەوڵەتیش هەن زۆر پێشكەوتوون، وەك ئوسترالیا بۆیە دەكرێت و سرووشتییە هەنگاو بە هەنگاو لاسایی ئەو جۆرە وڵاتانە بكەینەوە.

 حكومەتی دیجیتاڵی لایەنی خراپی نییە و هەموو لایەنەكانی باشە، دەكرێت هەندێ لە لایەنە باشەكانی بخەینەڕوو وەك، یەكەم: هاتوچۆی خەڵك كەم دەبێتەوە، یان هەر نامێنێت بۆ ناو دامودەزگاكانی حكومەت لەو كاتەدا هاتوچۆی ڕێگاوبانیش كەم دەبێتەوە و بەنزین و سووتەمەنییەكانی دیكەی ئۆتۆمبێل كەمتر سەرف دەبێت، چونكە هاووڵاتی لە ماڵی خۆی دەتوانێت كار و مامەڵەكانی خۆی ڕایی بكات، بۆ نموونە پاسپۆرتەكەت ماوەی بەسەر دەچێت، هەر لە ڕێگای ئەو پڕۆسە دیجیتاڵەوە داواكاری پێشكەش دەكەیت و كارەكانت بۆ جێبەجێ دەكرێت، كە ئەمە بەشێكی بچووكی حكومەتەكەیە. دووەم: لە حكومەتی دیجیتاڵی شەفافیەت زۆر بە جوانی و ڕێكوپێكی خۆی نیشان دەدات، چونكە هەموو كارو مامەڵەكان لەبەرچاوی خەڵك بەئاشكرا بەڕێوە دەچێت. سێیەم: لەلایەن خەڵكەوە متمانە و باوڕبوون بە حكومەتەكە زیاد دەكات و متمانەیەكی بەهێز لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی دروست دەبێت. چوارەم: لە حكومەتی دیجیتاڵی كەس پێویستی بەوە نییە پرسیار لە خەڵكی دیكە بكات، پێویستی بەوەش نییە كە خەڵكی دیكە كار و مامەڵەكەی بۆ بكات و ماندووش نابێت لە هاتوچۆكردندا. پێنجەم: لە حكومەتی ئەلیكترۆنیدا ڤی ئای پی نامێنێت واتە جیاوازی نامێنێت لە نێوان كەسدا و واسیتەش لە گۆڕ دەنرێت. لەلایەكی دیكەوە لە سەرەتای هەموو كارێكی حكومەتی دیجیتاڵی دەبێت بانكەكان بە سیستمی دیجیتاڵی بكرێن، لەم لایەنەوە هەرێمی كوردستان كەمترین هەنگاوی ناوە، بۆیە پێویستە لە سەرەتادا هەموو بانكەكان بە یەكەوە لە ڕێگای بەدیجیتاڵیكردنەوە بە یەكتر ببەسترێنەوە كە تا ئێستا لەلای خۆمان ئەوە جێبەجێ نەكراوە، بەڵكو هەندێ لە بانكەكان ماستەركارت دەدەن، كە ئەمەش بەدیجیتاڵی نییە، واتە هیچ بانكێك، تەنانەت ئەوانەی كە حكوومین ناتوانن پارەی كەسێك لە بانكێك بۆ بانكێكی دیكە بگوازنەوە، یان حكومەت هەق و پارەی ئاو و كارەبا و باج لە ڕێگای بانكەكانەوە لە خەڵك وەربگرێت، هەر بۆیە پێویستە حكومەت لە سەرەتادا بانكەكان بەدیجیتاڵ بكات، لە پاشان حكومەت دەستی دەكرێتەوە و توانای ئەوەی دەبێت زۆر سیرڤس هەیە هەر لە ڕێگای بانكەكانەوە لە خەڵكی وەربگرێت. لێرە بە نموونە باسی وڵاتی ئوسترالیا دەكەین، كە زۆر پێشكەوتووە لە حكومەتی دیجیتاڵی، لەو وڵاتە هاووڵاتی نازانێت كەی وەرەقە و بلیتی كارەبا و ئاو و باجی بۆ دێت، بەڵكو ڕاستەوخۆ بە ئۆتۆماتیكی ئەو سێرڤسانە لە خەڵك وەردەگرێت، چونكە لەو وڵاتەدا هەموو خەڵك حیسابی خۆی بە بانكەكانەوە بەستووەتەوە و لە كاتێكدا حكومەتیش بیەوێت ڕیكلامێك، یان شتێك بكات، ئەوە دەچێتە ناو ئیندێكسی خەڵكەكەوە، لەو كاتەدا هەموو خەڵك ئاگاداری ئەو داواكاری، یان ئەو شتەی حكومەت دەبن كە تازەیە، یان زیادی كردووە. بۆیە پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە باشی و چاكیەكانی حكومەتی ئەلیكترۆنی لە بن نایەت و یەكجار زۆرە و پاش چەند ساڵێكی دیكە من و تۆ ڕازین بە نۆرەگرتن، بەڵام نەوەی نوێی ئێمە لە هەرێمی كوردستان ڕازی نابن بۆ مامەڵە و كارێك نۆرە بگرن، واتە حكومەتی دیجیتاڵی دەبێتە زروورەتێكی حەتمی، هەر بۆیە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێم زۆر بەپەرۆشە و لە هەوڵدایە بە بەرنامەڕێژی حكومەتی هەرێم هەنگاو بە هەنگاو بە ئەلیكترۆنی بكات و لە زانست و سەردەمی هاوچەرخ و پێشكەوتوو دانەبڕین.     

* سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەك بەر لە ئێستا ڕایگەیاند كە لە ساڵی 2025 تەواوی دامەزراوەكانی حكومەت دەبنە دیجیتاڵی، ئەمەش مانای ئەوەیە كاروبارەكانی حكومەت دەبنە ئەلیكترۆنی، ئایا ئەم پرۆسەیە لە كەیەوە دەستی پێ كردووە و هەتا ئێستا تا چەند ژێرخانی ئەم حكومەتە ئەلیكترۆنییە تەواو بووە؟

- لە هەرێمی كوردستان داتا سەنتەرێك دروست كراوە كە ئەمە كارێكی زۆر باشە كە دەتوانرێت زانیاری لەسەر هاووڵاتیان بەگشتی لەو سەنتەرە بپارێزرێت كە لە ڕێگای كارتی نیشتمانییەوە زانیارییەكان كۆ دەكرێتەوە، ئەگەرچی نازانم حكومەتی عێراقی لەو لایەنەوە هاوكاری و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان دەكات، یان نایكات، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا عێراق هاوكار نەبێت، خۆی دووبارە لە ڕێگای كارتی نیشتمانییەوە هەموو زانیارییەكان لەسەر خەڵك وەربگرێتەوە و لەو داتا سەنتەرە بیانپارێزیت. لەلایەكی دیكەوە هەندێ دامودەزگا و سێكتەری حكومەتی هەرێم بە دیجیتاڵ كراون و هەندێكی دیكە لە ژێر كاركردندان بۆ بەدیجیتاڵكردنیان و نموونەیەكی گرنگ لەو سیستمە دیجیتاڵە كە لە هاتوچۆ پەیڕەو دەكرێت، كە لایەنی ئیجابیی زۆر باشی هەیە، ئەوەیە كە لە كاتێكدا یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان سەرپێچی دەكات، بە بێ ئەوەی شوفیر گوێی پێ بدات، نامەیەكی ڕاستەوخۆی بە ژمارەی مۆبایلەكەی بۆ دێت و سزاكەشی بۆ دیاری كردووە، ئەمەش یەكێكە لەو كارانەی سیستمی دیجیتاڵی، یان لەو كاتەی لە پەتای كۆڕۆنا ناوت بۆ كوتان دەنووسی، بە نامەی دیجیتاڵی كات و سەنتەری كوتانەكەتی بۆ دەنارد، هەموو ئەمانە باشی و سەركەوتنی سیستمەكەیە، حكومەتی دیجیتاڵی لە هەرێمی كوردستان بە جددی كاری لەسەر كراوە و پاڵپشت و ئومێدەوارین ئەو ئومێد و هیوا و بەرنامەی كە ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەدیجیتاڵیكردنی حكومەتەكەی هەیەتی، بێتەدی كە نییەت و ماندووبوون و ئاواتەكەی دیارە بۆ ئەوەیە لە پێشكەوتنی دونیا دوور نەكەوینەوە و ڕۆتین نەمێنێت و شەفافییەت شوێنی ڕاستەقینەی خۆی ببینێت و باڵ بەسەر هەموو جومگەكانی وڵاتدا بگرێت كە بەمەش یەكسانی و داپەروەری ڕێچكەی تەواوی خۆی وەر دەگرێت. 

* لەو وڵاتانەی كە لە ماوەیەكی كورتدا توانیویانە پەرە بە پرۆسەی پەرەپێدان بدەن، باس لە «سیستمی یەك پەنجەرە» دەكەن. ئایا سیستمی یەك پەنجەرەش بەشێكە لە حكومەتی ئەلیكترۆنی، یان جیاوازە؟

- وڵاتانی پێشكەوتوو لە حكومەتی دیجیتاڵی زۆرن، بەڵام ئوسترالیا و دەوڵەتانی ئەسكەندەناڤی وەك سوید و دانیمارك و فینلەندا و ...تاد، لە هەرە وڵاتانی سەركەوتووی ئەو سیستمە دیجیتاڵییەن كە هەموو جومگە و شوێنێكی حكومەت و كەرتی تایبەت و خەڵكی گرتووەتەوە، هەر بۆیە ڕۆتین و بیرۆكراتیەت وەك ئەوەیە كە نەبێت و شەفافییەت بە تەواوی شوێنی خۆی گرتووە، بێگومان لە حكومەتی دیجیتاڵی «سیستمی یەك پەنجەرە» واتە نەمانی بیرۆكراسیەت، یان كەمبوونەوەی بیرۆكراسیەتە و یەك پەنجەرەیش مانای وایە كە هەموو كار و مامەڵەكەت لە یەك شوێن بۆت جێبەجێ دەكرێت، بە بێ ئەوەی خۆت هیچ ماندووبوون و ئەو ژوور و ئەو ژوور بكەیت. نموونەیەكی دیكە ئۆفیسی جەنابی سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان و دامودەزگاكانی حكومەتە كە هەر هەموویان لە رێگای ئینتەرنێت و ئەو كۆمپیۆتەرەی بەردەستیان دەتوانن دەتوانن پێكەوە كۆبوونەوە بكەن، واتە ئەوە یەك پەنجەرەییە.

* حوكمڕانی لە دوو سێكتەری گرنگ پێكدێت كە بریتین لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، ئەم دوو سێكتەرەش هەر یەكەیان تەواوكەری ئەوی دیكەیە، ئایا كاتێك حكومەت دەبێتە دیجیتاڵی بە هەمان شێوە كەرتی تایبەتیش دەبێتە دیجیتاڵی؟

- پێویستە حكومەت فشار بخاتە سەر كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی ببن بە دیجیتاڵی و دەكرێت پێش دامودەزگای حكومەت و كەرتی گشتی، كەرتی تایبەت ببن بە دیجیتاڵی، بۆ ئەو مەبەستەش یاسا و ڕێنماییان بۆ دەربچێت، هەروەك ئەوەی چۆن شارەوانی مۆڵەت و ڕێنمایی دەدات بەو كەسانەی كە خانوو و باڵاخانە دروست دەكەن، بەهەمان شێوە ڕێنمایی و یاسا و مۆڵەتیش بۆ كەرتی تایبەت دەربكرێت كە بكرێنە دیجیتاڵی و ئۆتێل و مۆتێلەكان لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان چونكە كارێكی بازرگانین، هەر هەموویان بە ئەلیكترۆنی كراون. هەر لێرەدا دەتوانم ژوورێك لە هۆتێلێك بگرم. لەلایەكی دیكەوە چەند حكومەتی ئەلیكترۆنی لە كەرتی گشتی و تایبەت زیاد بێت، ئەوەندە زمانی كوردی لەسەر لاپەڕەكانی ئینتەرنێت زیاد دەبن و لەو كاتەی كە زمانەكانی دونیا ڕێزبەند دەكرێن، بەم هۆیەوە زمانی كوردییش لە ڕێزی زمانەكانی هەموو دونیا ڕێزبەندی وەردەگرێت و بەرەوپێش دەچێت، لەو كاتەشدا مەعنەوییەن وەك ناسنامەی نەتەوەییش قازانج دەكەین. 

* هەتا ئێستا چەند سێكتەرێك كراون بە دیجیتاڵی، وەك بەڕێوەبەرایەتییەكانی «هاتوچۆ و ڕەگەزنامە و كارتی نیشتمانی»، بەڵام هەندێك سێكتەری دیكە هەن وەك «تەندروستی و كشتوكاڵ و پەروەردە و...هتد» قورسترن، ئایا چۆن هەموو سێكتەرەكانی حكومەت بۆ دیجیتاڵی دەگۆڕدرێت؟

- وەك ئاماژەمان پێ دا هەنگاو بە هەنگاو سێكتەرەكانی حكومەت بە دیجیتاڵی دەكرێن لە دوای ئەوەی بانكەكان بە دیجیتاڵی كران، گرنگ لەوەدایە لە هەر سێكتەرێك كە بە دیجیتاڵی دەكرێت، ئەو سیستمە كار لەسەر گەشەكردن و بەرەوپێشەوەچوونی سێكتەرەكە بكات، بۆ نموونە كاتێك كەرتی كشتوكاڵ و وەزارەتی كشتوكاڵ بە هەموو دامودەزگاكانی بەدیجیتاڵی دەكرێت، ئەوە پێویستە وەزارەتی كشتوكال دامەزراوەیەكیان هەبێت كە نامە بۆ جووتیاران بنێرێت، بۆ نموونە لە كاتی بارانبارین ئەگەر ڕێژەكە باش بوو كە بگاتە ئاستێك بتوانرێت جووتیاران تۆیەكانیان بكەن، ئەوە پێویستە نامەیان بۆ بنێرن و پێیان ڕابگەیەنن كە ڕێژەی بارانبارینەكە ئەوەندە بووە و دەتوانن زەوییەكانیان بە گەنم و جۆ داچێنن، یان كاتی پەین، یان جۆرە نەخۆشییەك بۆ كشتوكاڵ، یان بۆ پەلەوەر بڵاو بووەوە، دەكرێت بە هەمان شێوە خاوەن كێڵگە و زەوییە كشتوكاڵییەكان ئاگادار بكەنەوە. هەندێ لەو ڕێنمایی و ئاگادارییانەش لەبەر ئەوەی بۆی هەیە جووتیارەكان خوێندەوار نەبن، پێویستە بە دەنگ و ڤیدیۆ بۆیان بنێرن. واتە هەموو سێكتەرەكان بوونیان بە دیجیتاڵی كاریگەری باشی لەسەر كەرتەكە دەبێت، لە پاشان دەبێتە بەشێك لە هەموو حكومەتە دیجیتاڵییەكە و كاریگەریی باش و زۆری لەسەر سەركەوتنی حكومەت و گەشەكردنی ئابووریی وڵاتەكە دروست دەكات. لەلایەكی دیكەوە دەتوانرێت ئەو حكومەتە دیجیتاڵییە لە هەنگاوی یەكەم و سەرەتاییدا لە كار و شتە بچووكەكانەوە دەست پێ بكەین و هەر سیكتەرێك لە بواری خۆیدا خاوەن كار و پیشەكانی لە ڕێنمایی و پێویستییەكانی بە مۆبایل ئاگادار بكاتەوە، چ نامەی نووسین، یان دەنگی، یان ڤیدیۆیی بێت، هەروەك ئەوەی كە وەزارەتی تەندروستی لە كاتی بڵاوبوونەوەوی پەتاكان دەست بە هەڵمەت و بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی و خۆپارێزییەكان دەكات. بە تەئكید حكومەتی دیجیتاڵی ئەو كات هەموو هەنگاوەكانی تەواو بووە كە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتی بە دیجیتاڵی كردبێت. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو بەشی دامەزراندنی چەندین حكومەتی ئەلیكترۆنیمان خەرج كردووە، بەڵام هەر نەمانگەیاندووەتە ئەو ئاستەی كە حكومەتەكە بكەوێتە سەر ڕێچكەی تەواوی بەئەلیكترۆنیكردنی، ئەمەش لە بەر چەند هۆكارێكە. لەوانە: تەوجیهاتەكان پەرت و بڵاو بووە و هەر كەسێك بە ئارەزووی خۆی كاری لەو بارەوە كردووە و ڕێنماییەك لەلایەن حكومەتەوە نەبووە كە خەڵك چۆن كاری لەسەر بكات، بۆ نموونە لە كاتێكدا وەزارەتێك داتا بێسێك دادەمەزرێنێت و وەزارەتێكی دیكە وێبسایتێك دادەنێت، لەو كاتەی زانیاری دەگۆڕنەوە، دەبینیت بەپێی ئەو تەكنەلۆژیایەی بە كاریان هێناوە كە لەگەڵ یەكتر ناگونجێن، لەو كاتەدا كار و خەرجییەكە بە خۆرایی لە دەست دەچێت، بەڵام ئێستا لە كابینەی نۆیەمدا حكومەت ڕێنمایی بۆ وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت دەركردووە كە دەبێت بەپێی ئەو مەرج و ڕێنماییانە دەست بە كارەكانی بەدیجیتاڵیكردن بكەن.

 

Top