پڕۆفیسۆر هوارد فیدرسپیڵ بۆ گوڵان: بایدن پوتینی تووشی سەرسوڕمان كرد  

پڕۆفیسۆر هوارد فیدرسپیڵ بۆ گوڵان:  بایدن پوتینی تووشی سەرسوڕمان كرد   

 

 

هوارد فیدرسپیڵ پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی ئۆهایۆ ستەیت لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی بەراوردكاری، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئاراستە و ئاكامەكانی ئەم شەڕە و پرسی ئەوەی ئایا لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم شەڕەدا تا چەند هاوكارییە سەربازی و داراییەكانی ڕۆژئاوا بۆ وڵاتی ئۆكرانیا بەردەوام دەبن.

 

* وەك كەسێكی تایبەتمەندی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، چۆن لە بارودۆخی ئێستای جیهان دەڕوانیت، بە تایبەتی لە بەر ڕۆشنایی درێژەكێشان و بەردەوامبوونی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، كە ئاشكرایە دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی لە سەرتاسەری جیهاندا ڕەنگیان داوەتەوە، بۆچی ڕووسیا سەرباری شكستە سەربازییەكانی هێشتا بەردەوامە لەم شەڕە؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ڕووسیا و خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین پێیان وا بوو كە ڕووسیا ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بووەتەوە (هەڕەشە و مەترسییەك كە لە ناتۆوە سەرچاوە دەگرێت بە تێڕوانینی ڕووسیا) و دەبێت پەرچەكردار و كاردانەوەی هەبێت بۆ ئەم هەڕەشەیە، بە تێڕوانینی من ئەمە لێكدانەوە و دیدێك، یان خوێندنەوەیەكی هەڵەی هەلومەرجەكەیە، بەڵام ئیدی ئەمە بیركردنەوە و شرۆڤەكاریی ڕووسیایە و لەسەر ئەم بنەمایەش ڕەفتاری كردووە، واتە ڕووسیا پێی وایە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتەكەی هەبووە، دواتر ئەگەر ئێمە ئاوڕ لە مێژوو بدەینەوە، ئەوا حوكمڕان و بڕیاربەدەستانی ڕووسیا هەمیشە باوەڕیان وابووە كە دەبێت دەوڵەتە دراوسێكانی دۆستی ڕووسیا بن و، ئەگەر دۆست نەبن، ئەوا مایەی هەڕەشە و مەترسین.

* هەر لێكدانەوەیەك بۆ ئەم شەڕە بكرێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە ڕووسیا نەیتوانی وەك پێویست پێشڕەوی بكات و ئامانجە ڕاگەیاندراوەكانی خۆی بەدەست بهێنێت. ئایا پێت وایە تا چەند كاردانەوە و بەرگری گەلی ئۆكرانیا و هاوكارییە سەربازی و داراییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مایەی سەرسوڕمان بوون بۆ ڕووسیا؟

- لە ڕاستیدا ناتوانرێت نكۆڵی لەوە بكرێت كە ڕووسیا تووشی سەرسوڕمانێكی گەورە بووە، چونكە ڕووسیا و خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین بەو شێوەیە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان دەڕوانی كە هەڵوێستێكی نەرم دەگرێتەبەر و، لە بارێكی لاوازی سەربازیدایە، كە زۆرجار ئەمە كێشەی وڵاتانی دیكەیە لە ئاست ئەمریكادا، كە هەندێ جار ئەو تێڕوانینەیان بۆ دروست دەبێت كە ئەمریكا وەك پێویست جددی نییە، لەم ڕووەوە ڕووسیا پێشبینیی ئەو بەرهەڵستی و بەرگرییەی نەكرد، تەنانەت پێی وابوو بایدن كە كەسێكی بە تەمەن و بەساڵاچووە، بەو شێوەیەی ئێستا پشتیوانی و هاوكاریی وڵاتی ئۆكرانیا بكات، واتە بایدن ڕووسیا و پوتینی تووشی سەرسوڕمان كرد لەم ڕووەوە.

* كەواتە چۆن لە ئەدای ئیدارەی سەرۆك جۆزێف بایدن دەڕوانیت لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، كە تا ئێستا ئەمریكا خۆی بەدوور گرتووە لەوەی بكەوێتە شەڕێكی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕووە لەگەڵ ڕووسیادا، ئایا ئەمە تا چ ڕاددەیەك ستراتیژیەتێكی سەركەوتوو و ژیرانە بووە؟

- بە تێڕوانینی من ئەوەی تا ئێستا ئیدارەی سەرۆك بایدن ئەنجامی داوە، یان پیادەی كردووە، ئەو سیاسەتە بووە كە گەلی ئەمریكا ویستوویانە و خوازیاری ئەوە بوون ئیدارەی وڵاتەكەیان بیگرێتەبەر، واتە ئەم ئیدارەیە ئەو ڕاستییەی لەبەرچاوە كە گەلەكەی نایەوێت وڵاتەكەی تووشی شەڕ ببێت، بە تایبەتی لەگەڵ ڕووسیادا، دواتر هەر خودی ئەم ئیدارەیەش نایەوێت بكەوێتە شەڕێكی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕووسیادا، بەڵكو ئەم ئیدارەیەی سەرۆكی ئەمریكا بە چەشنی سەرۆكەكانی پێش خۆیان خوازیاری پشتیوانیكردنن لەو نەتەوانەی كە خۆیان ئامادەن شەڕەكە بكەن، پوختەی وەڵامەكە ئەوەیە كە سەرۆك بایدن هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەیەكی ڕاست و دروستی كردووە بۆ خواستی گەلی ئەمریكا لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، خواستی گەلی ئەمریكاش ئەوەیە كە ڕێگە بە ڕووسیا نەدرێت دەست بە سەر وڵاتی ئۆكرانیادا بگرێت و داگیری بكات، لەم ڕووەوە هاوسۆزییەكی زۆریان بۆ خەڵك و گەلی ئۆكرانیا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت سەربازانی سوپای وڵاتەكەیان بچێتە ئۆكرانیا و لەوێوە شەڕی ڕووسیا بكەن.

* ئێمە لە پرسیاری یەكەمدا ئاماژەمان بەوە كرد كە شەڕەكە درێژەی كێشاوە، لەم ڕووەوە دەمانەوێت بزانین پێشبینیی ئێوە چییە بۆ بەردەوامبوونی هاوكارییە سەربازی و داراییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیا، مەبەستمان ئەوەیە ئایا ئەگەر شەڕەكە بەردەوام بێت، پێت وایە ئەم هاوكارییانەش بە هەمان ئاست و ئەندازەی پێشوو بەردەوام بن؟

- من خۆیشم بیرم لەم پرسە كردووەتەوە و ئەو پرسیارەم لا دروست بووە، ئایا تا چەند ئەم هاوكاری و پاڵپشتییانە بەردەوام دەبن، ئەگەر ئێمە نموونەی چەند وڵاتێك وەربگرین لە پەیوەندی بەم پرسەوە، ئەوا وەڵامی جیاوازمان دەست دەكەوێت، چونكە ئێوە بڕوانن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ماوەی 70 ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیادا ماوەتەوە و بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی، بەڵام لە ئەفغانستاندا نزیكەی 20 ساڵ مایەوە و دواتر بەپەلە و بە خێرایی پاشەكشەی كرد و ئەو وڵاتەی جێهێشت. كەواتە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە بمانەوێت وەڵامی پرسیارەكە بدەینەوە، ئەوا من پێم وایە بەندە بەوەی تا چەند ئەم شەڕە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریكا ناچار بێت سەربازی خۆی بنێرێت، ئەو كاتە ئەگەر تەرمی سەربازە كوژراوەكانی ئەمریكا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكە ئەوا ئەمە كاردانەوە لای خەڵكی ئەمریكا و ڕای گشتی دروست دەكات، ئەمە دەرئەنجامێكە كە خودی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن خوازیاری ئەوە نییە ڕوو بدات. لەم كاتەدا پرسی بەردەوامبوونی ئەم هاوكاری و پاڵپشتییانە هەڵوەستەی لەسەر دەكرێت، كەواتە ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆی لە دۆخێكدا بینییەوە كە ناچار بوو ڕاوێژكار و سەربازی خۆی بنێرێت، ئەو كاتە پێم وایە مەودا و ماوەی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیا زۆر درێژە ناكێشێت.

* هەروەك ئاشكرایە لەم شەڕەدا تەنیا چەك و ئامرازە سەربازییەكان بەكار نەهێنران، بەڵكو وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تایبەتی چەندین ڕێكار و سزای دارایی و ئابووریی قورسیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، لە بەرانبەریشدا ڕووسیا هەوڵی داوە وزە (نەوت و غاز) وەك چەكێك بەكار بهێنێت بۆ ناچاركردنی وڵاتانی ئەوروپا و، بە دیاریكراوی بۆ گۆڕینی هەڵوێست و سیاسەتەكانیان، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و تا چەند ئەمە حیساباتی ئەوروپای لە پەیوەندی بە وزە و ئاسایشەوە گۆڕیوە؟

- شتێكی ڕوونە كە ئەم دەرئەنجامە و بە دیاریكراوی پرسی پەیوەست بە نرخی وزە، یان بەرزبوونەوە و هەڵكشانی نرخی وزە مایەی ناڕەحەتی و نیگەرانیی وڵاتانی ئەوروپایە، كە لەم زستانەدا دەبێت خەمی ئەوە بخۆن چۆن وزەی پێویست دەستەبەر بكەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەكانیان بتوانن خۆیان لە سەرماوسۆڵە بپارێزن، مەبەستم ئەوەیە كە پێویستیان بە كەرەستە، یان پێداویستیی خۆگەرمكردنەوە هەیە و ئەم وڵاتانەش دەیانەوێت ئابوورییەكانیان بەردەوام بێت و تووشی سستبوون و پووكانەوە نەبن، لەم ڕووەوە پشت بە نەوتی هاوردەكراو لە ڕووسیاوە دەبەستن. لەلایەكی دیكەوە ئەوروپا نایەوێت ڕووسیایەكی زۆر بەهێز بێتە ئاراوە و ئەم ترس و نیگەرانییە لە وڵاتانی بەڵتیكدا بە ڕوونی هەستی پێ دەكرێت، هەروەها ئەڵمانیاش بە ڕاددەیەكی گەورە پشت بە نەوتی هاوردەكراوی ڕووسیا دەبەستێت، ئەگەرچی ڕەنگە لە ئێستادا خوازیاری ئەوە نەبێت كە ئەم كارە بكات، كەواتە لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا خاڵی وەرچەرخانەكە چییە؟ مەبەستم ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك ئەم وڵاتانە ئامادەن و دەتوانن دژی ڕووسیا بوەستنەوە لەم ڕووەوە. دواتر ئێمە بینیمان لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا سەرۆكی فەرەنسا (ئیمانوێڵ ماكرۆن) سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای كرد و خواستی خۆی دەربڕی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ڕووسیادا، كە ئەمەش پێمان دەڵێت كە چۆن وڵاتانی ئەوروپا لە ڕوانگە و گۆشە نیگایەكی جیاوازەوە لە پێشهات و پەرەسەندنەكانی ئەم شەڕە دەڕوانن.

Top