پۆرترێتی نیشتمان..سێ هونەرمەندی ناودار (فوئاد ئەحمەد، شەماڵ سائیب و تەحسین تەها)

پۆرترێتی نیشتمان..سێ هونەرمەندی ناودار (فوئاد ئەحمەد، شەماڵ سائیب و تەحسین تەها)

نیشتمانی ئێمە، چەند جوانە بە گوڵ و گوڵزار و چیای سەركەش و پێدەشتی سەوز و رووباری بەخوڕەوە، چەند خۆشە بە هەوای پاك و نەسیمی بەرەبەیان و چریكەی مەلانەوە، چەند دەوڵەمەندە بە دیوانی پڕ شیعری بەرز و داب و نەریتی شایان، هێندەش جوانە بە هونەر، بە هونەرەكان، بە تەواوی هونەرە جوانەكان.
هونەری گۆرانی یەكێكە لەو هونەرانەی لە سەردەمی زووەوە و بە شێوازی جیاجیا لە كوردەواریدا پەرەی سەندووە و، توانیویشیەتی فۆلكلۆر و كەلەپووری كوردەواری زارەوزار بێنێ و بەزیندوویی بهێڵێتەوە.
لەو كاروانسەرا دوورودرێژەی هونەری گۆرانیدا، چەندین چرای گەش بوون بە رێنوێنی رێگە و هێشتاش نەكوژاونەتەوە و هەروا دادەگیرسێن.

 

لەم یادەوەرییەدا، بە كورتی باس لە سێ چرای رۆشنی نیشتمان دەكەین، كە ئەگەرچی لە ناوماندا نەماون، بەڵام هێشتا دەنگیان لە گوێچكەماندا زایەڵەی دێت و قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵمان دەمێننەوە، ئەوانیش رەوانشادان (فوئاد ئەحمەد، شەماڵ سائیب، تەحسین تەها)ن، كە هەر یەكەیان لە یەكێ لە شارەكانی كوردستاندا لەدایكبوون و دواتر بوون بە سەرمەشقی گۆرانی و ئاوازی رەسەن و، چەندین كاری هونەرییشیان لە هەولێر پێشكەش كردووە. ئەم سێ هونەرمەندە ناسراو و ناودارە رەسەنەی كورد، لە هەولێری ماڵە گەورەكەی هونەرمەندان چەندین خزمەتی جۆراوجۆری هونەری و فێركاری و پەروەردەییان پێشكەش بە رۆڵەكانی كردووە و، وەك مامۆستا و پێشەنگ لە یادەوەریماندا دەمێننەوە.
فوئاد ئەحمەد سلێمان، لە هۆزی نانەكەلییە، (ئەحمەد تەبیب)ی باوكی، خوا لێی خۆشبێت، یەكێك بووە لە كەسایەتییە ناسراوەكانی ئەو ناوچەیە و هەولێر بەگشتی. هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد) لە ساڵی 1932 لە گوندی (عەوێنە)ی سەر بە شارەدێی گوێڕ لەدایكبووە، ساڵی 1940 چووەتە قوتابخانە، پاشان خانەی مامۆستایانی‌ لە دهۆك تەواو كردووە، سەرەتا لە گوندی عاڵا و گردعازەبان و چەند شوێنێكی دیكەش، بووە بە مامۆستا و دەرسی داوەتەوە.
هونەرمەند شەماڵ سائیب، هونەرمەند و موزیكژەن ‌و مامۆستایەكی دیار و ناسراوی كوردستانە، بە پێشەنگی نوێكردنەوەی گۆرانیی كوردی دادەنرێت ‌و خاوەنی دەنگێكی خۆش ‌و بەسۆزە.
ئەم هونەرمەندە وەرچەرخانێكی گەورەی لە بواری هونەری كوردیدا كرد ‌و، یەكەم كەس بوو لە دەرەوەی ستۆدیۆ گۆرانی ‌و كلیپی تۆمار كرد.
شەماڵ جەلال سائیب، كە بە شەماڵ سائیب ناسراوە، لە 12ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٣١ لە باوەشی خێزانێكی رووناكبیری شاری سلێمانی لەدایكبووە.
لە سەرەتای ژیانی لاویدا خولیای هونەری مۆسیقا و گۆرانی بووە‌ و لەو بوارەدا خزمەتێكی گەورەی پێشكەش كردووە‌ و، شوێنپەنجەی بە نوێكردنەوە‌ و گەشەپێدانی هونەری گۆرانیی كوردییەوە دیارە.
هونەرمەند تەحسین تەها، هونەرمەندێكی دیار و ناسراوی كوردستانە‌ و لە چەند بوار و رشتەیەكی جیاوازدا خزمەتی بە هونەری گۆرانی‌ و موزیكی كوردی كردووە، رۆڵی دیار‌ و بەرچاوی لە نوێكردنەوەی هونەری گۆرانی لە ناوچەی بادیناندا هەبووە.
تەحسین تەها محەمەد سەلیم ئامێدی، ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە ‌و بە تەحسین تەها ناسراوە.
ساڵی 1941 لە ناوچەی بیبۆی سەر بە شارۆچكەی ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆك لەدایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی ‌و ناوەندی لە مانگێش ‌و باتووفە‌ و دهۆك تەواو كردووە.
هونەرمەند فوئاد ئەحمەد، ئەو چریكەیەی لە دەشتی پان و بەرینی هەولێر، لە ساڵی 1959 تاكو 1970 لێپرسراوی جووڵانەوەی هونەری بووە، بۆ یەكەمجار ساڵی 1955 چووەتە ئێزگەی بەغدا، یەكەم سروودی بەناوی (نەورۆز) تۆمار كردووە، لە ساڵی 1959 گۆرانیی (ئەمیرەكەم)ی تۆمار كردووە، ئینجا گۆرانیی (نامەكەت گەیشت) و (سروەی بەیان) و چەند گۆرانییەكی دیكە. لە ساڵی 1963 بۆ یەكەمجار بە ڕەش‌ و سپی، یەكەم گۆرانیی بە ناوی (ئەی بووكی تازە) تۆمار كرد. لە سەردەمی شۆڕشدا سروودی (ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین. نیشتمان ئازاد دەكەین لە خوێن مژین)ی لە شیعری شاعیر (مەدحەت بێخەو) كردە مارشی شۆڕشی ئەیلوول و، تا ئێستا و تا هەتایە ئەو سروودە ئاوێزانی پێشمەرگەیە و لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.
مامۆستا شەماڵ سائیب، لە سلێمانی ‌و بەغدا‌ و ئەمریكا خوێندوویەتی و بڕوانامەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان ‌و بەكالۆریۆسی مێژووی كۆلێژی ئادابی بەغدا و ماستەری ئەدەبی لە ئەمریكا بەدەست هێناوە.
وەك مامۆستای ئەدەب ‌و هونەر لە زانكۆكانی سلێمانی‌ و سەڵاحەدین خزمەتی كردووە.
شەماڵ سائیب وەك موزیكژەن ‌و گۆرانیبێژ ‌و مامۆستای زانكۆ‌ و نووسەر خزمەتی كردووە‌ و كەسێكی دڵسۆز و بەئەمەك بووە بۆ وڵاتەكەی.
هەرچی هونەرمەندی رەوانشاد تەحسین تەهایە، لەبەرئەوەی هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە، دوای قۆناغی ناوەندی، چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا‌ و لە ساڵی 1964 قۆناغی خوێندنی ئەو پەیمانگەیەی تەواو كردووە.
ئەو ماوەیەی لە بەغدا بووە، هەلی بۆ رەخساوە و چووەتە رادیۆی كوردیی بەغدا ‌و گۆرانییەكانی بۆ ئەو رادیۆیە تۆمار كردووە‌، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی كوردستان بە دەنگە بەسۆزەكەی ئاشنا بن‌ و بیناسن.
بەپێی هەندێ‌ ئامار، نزیكەی 120 گۆرانیی لەو ئێزگەیە تۆمار كردووە‌ و بەگشتیش خاوەنی نزیكەی 150 گۆرانییە.
جگە‌ لە گۆرانی، مامۆستا تەحسین تەها لە بواری ئۆپەرێتیشدا خزمەتی كردووە ‌و لە ئۆپەرێتەكانی (داستانی شۆڕش ‌و رووباری ژیان ‌و دەرگاكانی ژیان) وەك ئەكتەر بەشداریی كردووە ‌و رۆڵی دیار ‌و سەرەكیی بینیوە.
تەحسین تەها وەك مامۆستای هونەریش خزمەتی زۆری بە هونەرەكانی موزیك ‌و سروود ‌و گۆرانی كردووە‌ و، لە مەخموور ‌و هەولێر مامۆستای هونەر بووە ‌و شوێنپەنجەی بە خزمەتكردنی هونەر و پەروەردەی هونەری دیار بووە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە، بەشی زۆری ژیانی بۆ خزمەتكردنی هونەری كوردی تەرخان كرد‌، بەرهەم‌ و بەخششە هونەرییەكانی وەك سەرمایەكی هونەری بە نەمری دەمێننەوە.
سەبارەت بە كار و بەرهەمەكانی هونەرمەند فوئاد ئەحمەد و كۆچی ماڵئاوایی، ئەوا فوئاد ئەحمەد تا ساڵی 1986 نزیكەی 100 گۆرانیی لە ئێزگە و 50 گۆرانییشی لە تەلەفزیۆن تۆمار كردووە. دوای تەمەنێكی دوورودرێژ لە خزمەتی هونەری كوردی، مخابن لە رۆژی سێشەممە رێكەوتی (17ی 8ی 2004 ) ماڵئاوایی لە ئازیزان و هاوڕێیان و هونەرەكەی كرد و چووە بەر دلۆڤانیی خودا، دوای پێنج رۆژ لە كۆچی دوایی، لە ڕێككەوتی 22ی 8ی 2004، لە رێوەڕسمێكی شكۆداردا لە شاری هەولێر، تەرمی پیرۆزی هونەرمەند گەیشتەوە خاكی كوردستان‌ و لە گۆڕستانی (مەعمەل قیڕ) بەخاك سپێردرا.
هەرچی هونەرمەندی رەوانشاد شەماڵ سائیبە، بەداخەوە كە ئەم مامۆستای هونەرە و ئەو كەسایەتییە هەڵكەوتووەی كورد، لە رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 1986 بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد و، لە گردی سەیوان بەخاك سپێردرا.
تەحسین تەهای بولبولەكەی بادینانیش، ئەم كەسایەتییە مەزنە هونەرییە، لە ئاوارەیی‌ و لە غەریبی و لە وڵاتی هۆڵەندا، لە رۆژی 28ی ئایاری 1995 بۆ دواجار ماڵئاوایی لە جیهانی هونەر كرد‌ و چووە دنیای نەمرانەوە‌ و، لە 4ی حوزەیرانی هەمان ساڵ، تەرمەكەی هێنرایەوە بۆ كوردستان ‌و لە زێدی خۆی لە شاری ئامێدیی دڵگیر بە خاك سپێردرا.

Top