دۆتمیر بۆ گوڵان: ئەو تێكستانە هەڵدەبژێرم كە خۆمی تێدا دەبینمەوە

دۆتمیر بۆ گوڵان: ئەو تێكستانە هەڵدەبژێرم كە خۆمی تێدا دەبینمەوە

دۆتمیر نازێ یەكێكە لەو كچانەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە سەرەڕای بچووكیی تەمەنی، بەڵام بەو كارانەی پێشكەشی كردوون، شوێنپەنجەی دیارە و ئەگەر بەردەوام بێت، لە داهاتوودا دەبێتە یەكێك لە ئافرەتە هونەرمەندە گەورەكانی كورد و، دەتوانێت خزمەتێكی زۆر بە هونەری رەسەنی كوردی دەكات.
دوتمیر كە خەڵكی شاری ئورمییەی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئێستا لە ئەوروپا ژیان بەسەر دەبات، سەبارەت بە هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانییەكانی ئاماژە بەوە دەكات كە لە هەڵبژاردانی هەر كارێكدا، پرس و راوێژ بە كەسانی شارەزای بواری هونەری دەكات، لەم بارەوە دەڵێت: «من لە سەرەتای كاروانی هونەریدام و لە هەموو كاری هونەریمدا پرس بە كەسانی شارەزای بواری هونەری كوردی دەكەم سەبارەت بە هەر گۆرانییەك، كە لە چ ئاستێكدایە و تا چەند لەگەڵ دەنگی من دەگونجێت، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنێكیان لەو بوارەدا بەسەر بردووە و شارەزایی تەواویان لە ئاوازدانان هەیە، سەبارەت بە تێكستی گۆرانییەكانیش، من ئەوانە هەڵدەبژێرم كە خۆمی تێدا دەبینمەوە و بزانم چۆن لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازیی لێ دەكرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش راوێژ بە كەسانی شارەزا دەكەم».

دۆتمیر بۆ گوڵان: ئەو تێكستانە هەڵدەبژێرم كە خۆمی تێدا دەبینمەوە


سەبارەت بە پاراستنی مافی هونەرمەندانی كورد وەك هونەرمەندانی هەموو وڵاتان و پێشێل نەكردنی، دۆتمیر دەڵێت: «كەسانێك هەن ئەگەر بیانەوێت كەسێك پێش بخەن، ئەوا بە هەموو شێوەیەك یارمەتیی دەدەن و لە بەرامبەردا كەسانی دیكە ژێر دەخەن، من نازانم ئەمە لە بەرامبەر چیدایە، بەڵام ئەو جۆرە كارانە هەن، من وەك دۆتمیر تا ئێستا نەپێشخراوم و نەدوا كەوتووم، بەڵكو لە قۆناغێكی دیاریكراوی هونەریدام».
دۆتمیر لە بارەی فۆلكلۆریشەوە دەڵێت: «من لە خانەوادەیەكی كوردپەروەر و هونەردۆست گەورە بووم، بۆیە زۆر گوێم لە گۆرانییە كۆنەكان دەگرت، وەك كاوێس ئاغا و شاكرۆ و مریەم خان، ئەمانەش كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر من هەبوو، تەنانەت زۆر كەس پێیان دەگوتم تۆ لە ئەوروپا گەورە بووی، چۆن زانیاریت دەربارەی ئەم هونەرمەندە نەمرانە و گۆرانییەكانیان هەیە».

Top