بڵاوكردنەوەی هەواڵەكان و هەڵوەستەیەك

بڵاوكردنەوەی هەواڵەكان و هەڵوەستەیەك

 

لەگەڵ زۆربوونی رێژەی وێب سایت و پەیج و ئەكاونتە كوردییەكان، رۆژ نییە بابەتی سەیر و سەمەرە لە هەواڵەكان نەبینین و نەیەتە بەردیدەمان، بەجۆرێك سەیر و سەمەرەی هەواڵەكان رووی لە زیادبوون كردووە كە بە جارێك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە، هیچ جیاوازییەكیشی نییە كە بابەتەكان سیاسی بن یان ئابووری یان تەندروستی یان كۆمەڵایەتی، بۆیە دەبێت خوێنەری كورد ئاستێكی باڵای رۆشنبیرییان هەبێت سەبارەت بەو هەواڵە سەیروسەمەرانەی بڵاودەكرێنەوە تاوەكو بە ئاسانی تێنەكەون .
زۆرێك لە هەواڵەكان هەن سەردێری بابەتەكە شتێكە و ناوەرۆكی بابەتەكە شتێكی تر، بەجۆریك خوێنەر سەر لە بابەتەكە دەرناكات، ئەمەش تەنیا بۆ كۆكردنەوەی رێژەی بینین و زیادكردنی رێژەی باڵانسی ڵایك وكۆمێنت بۆ بابەتەكەیە، كە هیچ سوودێكی بۆ خوێنەر نییە، ژمارەیەك لەو وێب سایت و پەیجانەی ئەم شتانە بلاو دەكەنەوە ئامانجێكی ناروونیان هەیە، كە دەبێت خۆیان یەكلایی بكەنەوە، بەوەی كە ئامانجیان تەنیا بەخشینی زانیاری بێت بەخوێنەر و بینەر نەك هەلخەڵەتاندنیان.
هەندێك هەواڵ هەیە كە سەیری دەكەی چەواشەكارییەكی زۆری تێدایە، كاتێك دەیبینی تووشی سەرسووڕمان دەبیت، كە دەشیكەیتەوە یاخود دەچییتە ناو لینكەكە دەبینیت ئەوە نییە كە لەسەرەوە باس كراوە، نموونە زۆرن لە هەموو روەكانەوە بۆ نموونە: (بڕواناكەیت سبەینێ لە هەرێمی كوردستان چی روودەدات ) كە تۆی خوێنەر یاخود بینەر ئەم دەستەواژە سەرنجڕاكێشە دەبینی دەڵێی ئاخۆ دەبێت چی رووبدات چ كارەساتێك لە رێگە بێت، كە دەیكەیتەوە نووسراوە (سبەینێ لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان بەلێزمە باران دەبارێت. یاخود مووچەی مانگی 10 دابەش دەكرێت، كە دەچیتە ناو هەواڵەكە دەبینی نووسراوە كەوا دوای دابەش كردنی مووچەی مانگی 9 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 دەكرێت، یاخود هونەرمەندێكی بەناوبانگ بەڕووداوی هاتۆچۆ لەگەڵ كچەكەی گیانیان لەدەستداوە، كە هەواڵەكە دەكەیتەوە دەبینی هونەرمەندێكی وڵاتێكی بیانییە كەرەنگە بەناو بانگیش نەبێت تەنیا هونەرمەندێكی میلی ئەو وڵاتە بێت، نموونە زۆر زۆرن سەبارەت بە سەیروسەمەِرەی هەواڵەكان هەڵبەتە دەبێت رۆژنامەنووس واز لەم هەواڵە سەیروسەمەرانە بێنێت و رێز لە خوێنەر و بینەر بگرێت، چونكە گەر خوێنەر و بینەر نەبێت بابەتەكە هیج بایەخێكی ئەوتۆیی بۆ دەزگاكە نابێت.

 

 

ئەحمەد شەمزین سرێشمەیی بەرپرسی ناوچەی قوتابیانی شەمامك لە لقی قەرەچوغ، كادیری بەشی راگەیاندنی ناوچەی شەمامك پ.د.ك

Top