پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن بۆ گوڵان:   پێشبینی دەكەم ڕووسیا هێرشی بەهێزتر ئەنجام بدات

پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن بۆ گوڵان:     پێشبینی دەكەم ڕووسیا هێرشی بەهێزتر ئەنجام بدات

 

 

گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن زانایەكی سیاسیی نەرویجییە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری دامەزراوە و تەنگژە ئەمنییەكان لە زانكۆی ئازاد لە ئەمستردام بەدەست هێناوە. پێشتر نیشتەجێی ڕووسیا بووە و لە سكووڵی باڵای ئابووری لە مۆسكۆ كاری كردووە و شارەزا و تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و ئاوێتەبوونی ئەوروپایە. لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە بەشی مێژوو و زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج. بۆ لێكدانەوە و شرۆڤەكردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پێشهات و پەرەسەندنەكانی ئەم شەڕە و ڕۆڵی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان ناكارایی ئەم ڕێكخراوە لە ئاست ڕاگرتنی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

 

* هەروەك ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا درێژەی كێشاوە و بەردەوامە، ئێوە چۆن لە بەرەوپێشچوونی ئەم شەڕە دەڕوانن؟ ئایا بە بۆچونی ئێوە بۆچی ڕووسیا سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕەكە سەرباری ئەو پەرەسەندن و پێشهاتە نەخوازرانەی ڕووبەڕووی ڕووسیا بوونەتەوە، بەتایبەتی لە گۆڕەپانی شەڕدا و لە هاوكێشە سەربازییەكەدا؟

- سەرەتا دەبێت ئێمە ئەوە بڵێین كە مۆسكۆ بەرفراوانبوونی ناتۆ و لەخۆگرتنی وڵاتی ئۆكرانیا بە هەڕەشەیەكی وجوودی و بە مەترسی لەسەر لەناوچوونی ڕووسیا لە قەڵەم دەدات. ئێمە ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاوە كە خودی ئەم كێشە و ناكۆكییە لە ساڵی 2014دا دەستی پێ كرد و هاتە ئاراوە، ئەویش كاتێك وڵاتانی ڕۆژئاوا پاڵپشتی و پشتیوانیی ئەنجامدانی كودەتایەكیان لە ئۆكرانیادا كرد، كە بووە هۆی ڕوخاندنی دەسەڵاتی سەرۆكی ئەو كاتەی ئۆكرانیا كە بە شێوەیەكی دیموكراسی هەڵبژێردرابوو و دەسەڵاتی گرتبووە دەست و لە هەمان كاتدا دۆستی وڵاتی ڕووسیاش بوو، دەرئەنجامەكە خوڵقاندنی دۆخێك بوو كە تێیدا هەم شەڕی ناوخۆ و هەم شەڕ بە وەكالەت لە نێو خودی ئۆكرانیا هاتەئاراوە و دروست بوو. لەم ڕووەوە پێم وایە ڕووسیا تا كۆتایی درێژە بە شەڕەكە دەدات، ئەویش بۆ ڕێگەگرتن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاوەكو ئۆكرانیا پڕچەك نەكات و دەوڵەتێكی پاشكۆی دژ بە ڕووسیا دروست نەبێت لە ئۆكرانیادا. دواتر ئێمە دەزانین لە سەرەتادا ڕووسیا لە ڕێی كەمتر لە 200،000 سەربازەوە دەستی كرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سنوورداری سەربازی. وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵێنی ئەوەیان بە وڵاتی ئۆكرانیا دا كە تەواوی ئەو چەكانەی بۆ دەستەبەر بكەن كە پێویستیەتی بۆ تێكشكاندن و شكستهێنان بە ڕووسیا، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە ڕووسیا بڕیاری دا هەوڵەكانی شەڕەكە بەرەو هەڵكشان ببات. لە ئەنجامدا ڕووسیا بڕیاری دا كە 300 هەزار سەربازی دیكە بخاتە نێو شەڕەكەوە كە بە چەكی بەهێز پڕچەك كراون، لە هەمان كاتدا دەستی كردووە بە هەڵمەت و هێرشكردنە سەر ژێرخانی وزە و پرد و ناوەندەكانی دروستكردنی بڕیاری سیاسی لە ئۆكرانیا. هەر لەم ڕوانگەیەوە پێشبینی ئەوە دەكەم كە لە ماوەی چەند هەفتەیەكی كەمی داهاتوودا، ڕووسیا هێرشێكی زۆر بەهێز ئەنجام بدات.

* ئەوەی پەیوەندی بە سزا سەپێندراوەكانی سەر ڕووسیاوە هەبێت، ئەوا ئاشكرایە ئەم سزایانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا كێشەی نەختینەیی بۆ دروست بێت، بەڵكو ئێستا داهاتێكی زیاتر بەدەست دەهێنێت، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غازەوە، كەواتە ئێوە چۆن لە كاریگەری و كارایی ئەم سزا و ڕێكارانە دەڕوانن لەسەر وڵاتی ڕووسیا؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە پێوەری سەركەوتوویی، یان كارایی سزاكان ئەوەیە كە تا چەند بوونەتە هۆی گۆڕینی سیاسەت و هەڵوێستەكانی وڵاتە سزادراوەكەوە. لەم سۆنگەیەوە پێم وانییە ئەم سزایانە ببنە هۆی ئەوەی، یان ڕووسیا ناچار بە گۆڕینی سیاسەتەكانی بكەن، لەبەر ئەوەی ڕووسیا وەك هەڕەشەیەك، یان مەترسی و مان و نەمان لەم شەڕە دەڕوانێت. تەنانەت لە ئێستادا خودی وڵاتە ڕۆژئاواییەكانیش دەرك بەو ڕاستییە دەكەن كە ئەم سزا سەپێندراوانە نابنە هۆی بەدەستهێنانی هیچ سازشێكی سیاسی، لەبەر ئەوە ئێستا ئامانجەكەیان لە لاوازكردنی ڕووسیادا بەرجەستە بووە. هەڵەی سەرەكی لەم سزایانەدا ئەو گریمانە و باوەڕە بوو كە پێی وابوو ڕووسیا بە ئاست و ئەندازەیەكی گەورە بەدەست ئەم سزایانە گرفتار دەبێت، پێش ئەوە ڕێی پێ بدرێت بگەڕێتەوە بۆ نێو ئەو سیستمە ئابوورییەی كە ڕۆژئاوا سەركردایەتی دەكات. ڕاستە ڕووسیا گرفتار بووە بە دەست دەرئەنجامەكانی ئەم سزا سەپێندراوانەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا مۆسكۆ ئەم سزایانە وەك دەرفەتێك بەكار دەهێنێت بۆ خۆدابڕین و خۆبەدوورگرتن لەو سیستمە ئابوورییە جڵەوەكەی بەدەست ڕۆژئاواوەیە و دەیەوێت لە بری ئەوە ئاوێتەی ڕۆژهەڵات بێت، دەستبەرداری خەونەكانی بێت بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ ڕۆژئاوادا و لە ئێستادا هەوڵی بەدیهێنان و دامەزراندنی هاوبەشییەكی ئیرۆئاسیایی دەدات لەگەڵ وڵاتانی چین و هیندستان و پاكستان و چەند وڵاتێكی عەرەبی و وڵاتانی دیكەی ڕۆژهەڵات. كەواتە لە دەرئەنجامدا دەتوانین بڵێین كە سزاكان تەنیا بوونەتە هۆی چڕكردنەوەی هەوڵەكانی ڕووسیا بۆ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و ڕاڕەوەكانی گواستنەوە و بانك و سیستمی پارەدان و دراوی ناڕۆژئاوایی.

* ئەوەی لەم شەڕەدا مایەی سەرنج و هەڵوەستەلەسەركردنە ناكارایی و بێتوانایی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە لە سنورداركردن و كۆتاییهێنان بەم شەڕە، بە تێڕوانینی ئێوە هۆكارەكانی ناكارایی ئەم ڕێكخراوە بۆچی دەگەڕێتەوە و بۆچی ئەدای هێندە لاواز بووە لە ئاست هەوڵەكانی بۆ ڕاگرتنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا؟

- ئەوە ڕاستییەكی ئاشكرایە كە هێزە مەزنەكانی جیهان كاریگەری و دەستڕۆیشتووییەكی زۆریان هەیە بەسەر ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تا ڕاددەیەك ببێتە دامەزراوەیەكی ناكارا بۆ خاوكردنەوە و كەمكردنەوەی شەڕ و ناكۆكییەكان، بەتایبەتی كە هێزە مەزنەكان لە بەرەی دژ بە یەكتردا بن. هەروەها ئەوەی بووەتە هۆی زیاتر ناكاراكردنی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی نایانەوێت هیچ ڕێگاچارەیەكی دیپلۆماسی بگیرێتەبەر بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم شەڕە. تەنانەت هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە بە دەرفەتێك دەزانن بۆ ئەوەی ڕووسیا تووشی خوێنبەربوونێكی سەربازی و ئابووری بكەن. خۆ ئەگەر هێرشەكەی ڕووسیا سەركەوتوو بێت و ئۆكرانیا بەرەو داڕووخان بچێت، ئەوا ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەست بە هەوڵی دیپلۆماسی بكات و ئەو كاتە ڕێگا دەدەن كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەو شێوەیەی كە پێویستە كار بكات.

* ئەی چۆن لە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ناكارایی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڕوانن؟ ئایا پێت وا نییە ببێتە هۆی ئەوەی جیهان كەمتر ئارامی و ئاسایش بە خۆیەوە ببینێت؟ ئایا پێت وا نییە پێویست بە دووبارەداڕشتنەوەی بكرێت، یان دەبێت چاكسازی لەم ڕێكخراوەكەدا بكرێت؟

- ئاشكرایە كە ناكارایی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێتە هۆی ئەوەی جیهان كەمتر ئاسایش بە خۆیەوە ببینێت. بەڵام دەبێت وریا بین لەوەی چ چاكسازییەك بگیرێتەبەر، یان پیادە بكرێت لەم ڕێكخراوەدا. بۆ نموونە، بە زۆری مشتومڕی ئەوە دەكرێت كە هەبوونی مافی ڤیتۆ بەدەست ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بووەتە هۆی كەمكردنەوەی كارایی ئەم ڕێكخراوە. هەر چۆنێك بێت، هۆكاری سەرەكیی ناكارابوونی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕۆژگاری ئێستادا ئەوەیە كە ئەم دامەزراوەیە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هێزێكی مەزن دەكات، چونكە دەسەڵات و دەستڕۆیشتووییەكی زۆری پێ دەدات، بەڵام ئەگەر مافی ڤیتۆ لەم وڵاتە بسەنرێتەوە، ئەوا ئەگەرێكی كەمتر لە ئارادا دەبێت كە وڵاتانی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داواكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبەرچاو بگرن و بگرە ئەگەری ئەوەش دروست دەبێت كە ئەم ڕێكخراوە لەبەریەك هەڵبوەشێتەوە. هەرچۆنێك بێت، باشترین چاكسازی ئەوەیە كە گۆڕانكاری لە ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكرێت، بە چەشنێك كە ڕەنگدانەوەی دابەشبوونی دەسەڵات بێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لەم ڕووەوە دەكرێت پاڵێوراوە بەهێزەكان وڵاتانی هیندستان و بەڕازیل، یان ئەفریقای باشوور بن.

* كەواتە لە ئێستادا پێت وایە ڕەوتی شەڕەكە بە چ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچێت و بە چەشنێكی مەترسی و هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ناوكی بێتەئاراوە، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە دوایین پەرەسەندنەكانی گۆڕەپانی شەڕ لەبەرچاو بگرین؟

- لە ڕاستیدا ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەكە سەربكێشێت بۆ هەڵكشانی زیاتر و بە ئاراستەی جەنگی ناوكی، ئەویش لەبەر ئەوەی نە ناتۆ و نە ڕووسیا ناتوانن بەرگەی شكست و دۆڕان لە شەڕەكەدا قبووڵ بكەن. چونكە لەلایەك ناتۆ پێی وایە سەركەوتنی ڕووسیا دەبێتە هۆی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی سیستمە نێودەوڵەتییەكە كە جڵەوەكەی بەدەست ڕۆژئاواوەیە. لەلایەكی دیكەوە ڕووسیا پێی وایە سەركەوتنی ناتۆ دەبێتە هۆی تێكشكان و لە ناوچوونی وڵاتەكەی. كەواتە پێ دەچێت هەردوولا ئامادە بن بۆ بەردەوامیدان بەم شەڕی بە وەكالەتە. كەواتە چەند سیناریۆیەك لە ئارادان بۆ هاتنەئارای جەنگێكی ناوكی، لەبەر ئەوەی شەڕەكە لە كۆنتڕۆڵی هەردوولا دەرچووە. بۆ نموونە لەم دواییانەدا ئۆكرانیا مووشەكێكی هەڵدایە نێو خاكی پۆڵەنداوە و هەوڵیدا ئۆباڵەكەی بخاتە ئەستۆی ڕووسیا. ئەوە بوو ڕۆژئاوا بانگەشەكەی ئۆكرانیای ڕەت كردەوە، كە ئەگەر وا نەبووایە، ئەوا ئێستا ئێمە لە نێو جەنگێكی ناوكیدا دەبووین.

Top