هونەری تەلارسازی

هونەری تەلارسازی

هەموومان لە نێو ماڵ و خانوو، لە نێو بینا و تەلاردا دەژین. ڕەنگە كەم كەس لە ئێمە بیری لەوە كرد بێتەوە، ئاخۆ تەلار و بینا چۆن و بۆچی دروست دەكرێن؟ وەك چۆن ئێمە گوێ لە گۆرانی و مووزیك دەگرین، بە بێ ئەوەی لە ڕیتم و ئاواز و مەقام و پەیژەی مووزیك شارەزا بین، بە هەمان شێوە، شتێكی ئەوتۆ لە بارەی تەلارسازییەوە نازانین، بەڵام بە درێژایی ژیانمان لە ئامێزی ئەو هونەرەدا دەژین. ڕەنگە كەم كەسیش ئەوەی بە خەیاڵدا بێت و بۆ ئەوە چوو بێت، كە تەلارسازی هونەرێكی دێرینی بەرەی مرۆڤایەتییە.

هونەری تەلارسازی

ئا/ تاریق كارێزی

سەرەتای ئەم هونەرە، وەك سەرەتای هەموو شتێكی دی، سادە و ساكار بووە. ڕیشەی ئەم هونەرە بۆ ژیانی نێو ئەشكەوت و خانووی بەرد و قوڕی مرۆڤی بەرین دەگەڕێتەوە. دروست كردنی وار و هەوار وەك پێداویستێكی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ هاتە كایەوە. وەك چۆن باڵندە هێلانە و گیاندار لانەی بۆ خۆی چێ دەكرد، مرۆڤیش بە هۆشمەندیی خۆی و بە گوێرەی پێداویستی ژیان و جەستەی، خانووی دروست كرد. دروست كردنی بینا، هێدی هێدی لەگەڵ هەڵكشانی هەستی جوانخوازانەی مرۆڤ و گەشە كردنی هزر و شارستانیەت، بەرەو تەلارسازی گەشەی كرد، بە ئاراستەی ئەوە چوو، وەك هونەرێكی باڵای پەیوەست بە ژیانی مرۆڤ و بۆ تێر كردنی هەستی ستاتیكاییانەی ئەو، نەشونمای كرد. كولتوور و میراتی شارستانی و بیر و باوەڕی نەتەوەكان، لەم هونەرەدا ڕەنگ دەداتەوە. لە دروست كردنی تەلار و بیناشدا، هەر جڤاكێك سوودی لە كەرەستەی بەر دەستی خۆی وەرگرتووە. لە ناوچەی شاخ و بەردەڵاندا، شاخ و بەرد، لە دەشت و ناوچەی گڵیندا، قوڕ و خشتی قوڕ بۆ دروست كردنی تەلار و بینا بەكار هاتووە. تەلارسازی ڕووكارێكی زۆر دیار و بەرجەستەی هەر شارستانیەتێكە. كاتێك ستوونی زۆر لە بینادا دەبینیت، تێدەگەیت ئەمە تەلارسازیی ڕۆمە، گومبەت و كەوانە و ستوونی نێوانیان، نیشانەیە بە تەلارسازیی ئیسلام، تەلار و خانووی گوێسانەداری سەر قووچەكیش، نیشانەیە بە تەلارسازیی چین و ژاپۆن و كۆریا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە گشتی.

هونەری تەلارسازی

تەلارسازی وەك قەبارە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدەكشێت، لەو هەڵكشانەدا دروست كردنی بۆشایی مەبەستە، چونكە تەلارسازی ئامێزی حەوانەوەی مرۆڤ و ژینگەی ژیان و مانەوەیەتی، هەر ئەو شوێن و بۆشاییەش بووە بە لانەی ژیار و شارستانیەت، بۆیە مرۆڤ هەردەم بایەخ بە تەلارسازی دەدات، كۆمەڵێك زانست و هونەری خستووەتە خزمەتی ئەم هونەرەوە. چڕ بوونەوەی ئەزموون و توانای زۆر بواری بەرەی مرۆڤایەتی لە نموونەی تەكنیك، زانست و هونەر لە ئامێزی هونەری تەلارسازیدا، نیشانەی ئەوەیە ئەم هونەرە بۆ ژیانی تێكڕای مرۆڤایەتی یەكجار گرنگ و هەستەوەرە. لە پاڵ ئەوەشدا، ئەو ئەرك و خەرجییەی مرۆڤ لە دروست كردنی تەلاردا بۆ بەدەست هێنانی جوانی دەیخاتە گەڕ، پاساوی ئەوەیە تەلارسازی وەك هونەرێك پێناسە دەكرێت، بەڵكوو بۆ خۆی كرۆكی هونەرە. هونەرێكی نزیك لە ژیان و ئاوێتە بە هەمەڕەنگی و فرە ڕەهەندیی ژیانەوە. ڤیتروڤیوس ئەندازیاری ڕۆم (سەدەی یەكەمی زایین) پێی وایە تەلار و بینای نایاب دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت: پتەو بێت، بە سوود بێت، جوان بێت. دووبارەیان دەكەمەوە، چونكە بۆچوونی ئەندازیارەكەی ڕۆم تا ئێستا لایەقی ئەوەیە بكرێتە دەستووری تەلاسازی. ئەو دەڵێت، پێویستە بینا و تەلار (پتەو بێت، بە سوود بێت، جوان بێت).

هونەری تەلارسازی

لە تەلارسازیدا، بە زانست و هونەر كار بۆ دروست كردنی دیزاین و نەخشەی تەلار دەكرێت، پاشان ئەو نەخشە و دیزاینە بەو جۆرەی خواست و پێداویستی ژیانی مرۆڤ دەستەبەر دەكات، بەرجەستە دەكرێت، لە سەر پەڕەی نەخشەوە دێتە سەر زەوی و خۆی دەنوێنێت. هەڵبەت تا ئەو كاتەی تەلار تەواو دەبێت، ڕێی تێ دەچێت گەشەی پێ بدرێت و چاكسازیی زیاتری تێدا بكرێت، بە ئامانجی ئەوەی لە ئەو پەڕی پوختی و بە گوێرەی خواستی خاوەن تەلار دەربچێت.
لەم سەردەمەدا بۆ بەجێ گەیاندنی خواستی ژیانی مرۆڤ و پڕ كردنەوەی هەستی جوانخوازانەی ئەو، دەكرێت لە سەرانسەری جیهانەوە دیزاینی زۆر چاك بە گوێرەی خواست بەدەست بێت، هیچ ڕێگرییەكیش بێ لە توانای دارایی، لە بەردەم هێنانی كەرەستەی بینا كردن و تەواوكارییەكانی ناو و دەری تەلاریش لە هەر شوێنێكی جیهانەوە، نییە و بەدی ناكرێت. بۆ دروست كردنی هەر بینا و تەلارێك چەندین ئەندازیاری بواری شارستانی و تەلارسازی و كارەبا و دیكۆر و ژینگە و هی دیكەش، بەشدار دەبن. چەندین بواری زانست و مەعریفەی مرۆڤایەتی (بیركاری، ئەندازە، تەكنۆلۆژیا، دەروونناسی، مێژوو، سیاسەت، فەلسەفە، كۆمەڵناسی، كولتوور، هونەر) لە دروست كردنی هەر تەلارێكدا ئامادەن. ئەم هونەرە ڕووكاری شارستانیەت و خەسڵەتی خۆماڵی و پێداویستی ژیانی ڕۆژانەی گەل و نەتەوە دەخاتە ڕوو. لەم ڕۆژگارەدا چەشنێك لە تەلارسازی دروست بووە، مۆرك و شێوەی جیهانگیریی بەم هونەرە داوە، دوایین پێشكەوتنی بوارەكە، بۆ هەر پرۆژەیەكی تەلارسازی لە هەر شوێنێكی جیهان بەردەستە. تەلارسازان لە دروست كردنی هەر تەلارێكدا مەرجی تیشكی خۆر و هەواگۆڕكێ و ڕووناكی و گەرما و سەرما، ڕەچاو دەكەن. تەلارسازی هونەرێكە زۆر ئاوێتە بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ بووە. بۆیە هونەری ژمارە یەكی ژیانە، كە بە بڕوای من هێشتا وەك پێویست لە وڵاتی ئێمە بایەخی پێ نەدراوە. كەم و كوڕیی زۆر، بە گوتەی ئەندازیارانی تەلارساز، لە بینا و تەلاری ئێمەدا هەن.

Top