لە سێیەمین فیستیڤاڵی شانۆی كەركووكدا..ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان خەڵاتیان چنییەوە
ئا/ تاریق كارێزی
ڕۆژانی 5-10/تشرینی دووەم/2022 سێیەمین فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان، لە هەردوو شاری كەركووك و چەمچەماڵ بەڕێوە چوو. لەو فیستیڤاڵەدا شانۆكارانی هەر چوار پارچەی كوردستان و ژمارەیەك شانۆكار و ئەكادیمیانی شانۆی عیراق بەشدار بوون. ئەم فیستیڤاڵە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ساڵانە پشتیوانیی دارایی لێ دەكرێت. بەشی ڕۆشنبیری و هونەری كەركووك سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشەنگانی شانۆ لە شاری كەركووك، ئەم فیستیڤاڵە بەڕێوە دەبەن. لە لایەن حكومەتی عیراقەوە ڕێگری لە هاتنی شانۆكارانی سێ پارچەی كوردستان بۆ نێو شاری كەركووك كرا. بە گوتەی شكۆ عومەر بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ، ئامانج لەو ڕێگرییەی خرایە بەردەم هاتنی شانۆكارانی سێ پارچەی كوردستان بۆ شاری كەركووك، پەك خستنی فیستیڤاڵ بوو، بەڵام، وەك بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ گوتی «بە پشتیوانیی هەموو دڵسۆزان، بە هەموو ئەو ڕۆحیەتەی لای ئەندامانی لیژنەكانی فیستیڤاڵ و ڕۆحیەتی دەرەوەی فیستیڤاڵ، هەروەها ئەو پشتیوانییەی بەرپرسانی باڵای كورد لە شارەكە دەریانبڕی، فیستیڤاڵ ڕێڕەوی خۆی گرت».
دوو فیستیڤاڵ پێكەوە
دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی خواست، هەردوو فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك و شانۆی شەقامی كەركووك پێكەوە بەڕێوە بچن، حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە فیستیڤاڵ بە چاودێریی ئەو بەڕێوە چوو گوتی «بۆ ئەوەی توانا و بەهرەكان یەك بخەین، هەمووان لە چوارچێوەی یەك فیستیڤاڵدا كۆ بكەینەوە، بۆ ئەوەی دیمەنێكی گەورەتری هونەر لە شاری كەركووك پیشان بدەین، هەردوو فیستیڤاڵەكەمان كرد بە یەك.» محەمەد سەید سەرۆكی فیستیڤاڵ گوتی «ئەم پێكەوە گرێدان و تێكەڵ كردنەی هەردوو فیستیڤاڵ، تەنیا بۆ ئەم ساڵە».
ئامانجی فیستیڤاڵ
ئامانجی سەرەكیی فیستیڤاڵ بە یەكدی ئاشنا كردنی شانۆكارانی هەر چوار پارچەی كوردستانە، تا بە ئەزموونی یەكدی ئاشنا بن و شارەزایی لەگەڵ یەكدیدا بگۆڕن، لە كەشێكی كوردانە و كوردستانیانەش هەمەجۆر چالاكیی پەیوەست بە هونەری شانۆ لە كوردستانی مەزن نمایش بكەن. كەركووك و شانۆكارانی ئەو شارەش، چاویان لەوەیە شارەكەیان ببێت بە پایتەختی شانۆی كورد. ژێرخانی ئەو پایتەختییەی هونەری شانۆش لە شارەكەدا هەیە. ساڵی 1974 لە یەكەمین فیستیڤاڵی ڕۆشنبیریی كورد لە بەغدا، كەركووك لەسەر ئاستی باشووری كوردستان، خەڵاتی شانۆی بردەوە. یەكەمین ئەكادیمیانی كورد لە باشووری كوردستان كە بڕوانامەی دكتۆرایان لە شانۆ وەرگرت، شانۆكارانی كەركووك بوون. شانۆكارانی ئەم شارە تین و تەوژمیان بە شانۆی شارەكانی دیكەی باشووری كوردستانیش داوە. لە دژوارترین هەلومەرجدا كە داگیركەر ڕێی بە هیچ جۆرە چالاكییەكی كورد نەداوە، لە دوایین چارەكی سەدەی بیستەم تا ڕووخانی ڕژێمی سەدام (2003)، هونەری شانۆ لەو شارەدا خامۆش نەبووە. ئێستاش فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك و فیستیڤاڵی شانۆی شەقام لە شاری كەركووك بوون بە هەوارێكی هونەر و ساڵانە شانۆی هەر چوار پارچەی كوردستان لە ئامێز دەگرن.
هەردوو وەزیر چییان گوت؟
ڕۆژی 5/تشرینی دووەم لە گەورە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك، لە قەڵای هونەر و گەورەترین تەلاری هونەر لە شارەكەدا، بە ئامادە بوونی جەماوەرێكی زۆری هونەر دۆست و هەردوو وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان و عیراقی فیدراڵ، ڕێوڕەسمی دەست پێ كردنی فیستیڤاڵ بەڕێوە چوو. حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە حكومەتی كوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا گوتی «سڵاوی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانتان پێ ڕادەگەیەنم. ئێمە چاوەڕوانین فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك ببێتە دەروازەیەك بۆ هاوكاری و كاری هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشت و شوێنەوار لە حكومەتی فیدراڵ.» وەزیری ڕۆشنبیریی كوردستان گوتی «شانۆ لە یەك كاتدا چێژ دەبەخشێت و مەعریفە پێشكەش دەكات.» وەزیر جەختی كردەوە «ئێمە لە پشتیوانی كردنی ئەم فیستیڤاڵە بەردەوام دەبین.» ئەحمەد ئەلفەككاك وەزیری ڕۆشنبیری و گەشت و شوێنەوار لە حكومەتی فیدراڵی عیراق لە وتەیەكدا گوتی «هەرچەندە ژن و منداڵەكانم زمانی شیرینی كوردی دەزانن، مخابن كە من نایزانم.» وەزیری ڕۆشنبیریی عیراق خەڵكی مووسڵە، بە عەرەبی لە درێژەی وتەكەیدا گوتی «كەركووك شاری برایەتییە، هەردوو باڵی خۆی بە خۆشەویستیی نێوان پێكهاتەكانی ڕسكاندووە. ئەم فرەیی و هەمەڕەنگییەش هێز و تینە نەك لاوازی.» وەزیری ڕۆشنبیریی عیراق ئەوەشی گوت «لەگەڵ برای خۆم وەزیری ڕۆشنبیری لە حكومەتی هەرێم پێكەوە بە یەك بەرنامە كار دەكەین و پشتیوانی لە چالاكیی وێژە و هونەر و كولتوور و شوێنەوار لە پارێزگاكاندا دەكەین».
نمایشەكان
فیستیڤاڵ بەسەر دوو تەوەری شانۆی هۆڵ و شانۆی شەقامدا دابەش بووبوو. لە شانۆی هۆڵدا ئەم نمایشانەی دادێن، پێشكەش كران:
-ڕۆژی 6/تشرینی دووەم دوو نمایش لە باشووری كوردستانەوە (كاس و هەنگوین) و (هۆشێن تەرمەكی) پێشكەش كران.
-ڕۆژی 7/تشرینی دووەم دوو نمایش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە (شەوكوێر) و (چیای سیپان) پێشكەش كران.
-ڕۆژی 8/تشرینی دووەم دوو نمایش لە ڕۆژاوای كوردستانەوە (ئایا كەسێكت كوشتووە؟) و (ببوورین مەم و زین) پێشكەش كران.
-ڕۆژی 9/تشرینی دووەم دوو نمایش لە باكووری كوردستانەوە (چیرۆكەكە جەنگێ) و (بووكا لەكی) پێشكەش كران.
-ڕۆژی 10/تشرینی دووەم نمایشی (كلیل) لە لایەن تیپی نواندنی نیشتیمان لە بەغداوە، پێشكەش كرا.
نمایشەكانی شانۆی شەقامیش بریتی بوون لە:
نمایشی (میتا) لە لایەن گرووپی شانۆی كفرییەوە هەر شەش ڕۆژی فیستیڤاڵ پێشكەش كرا. لە سلێمانییەوە دوو نمایشی (پارانۆیا) بە زمانی عەرەبی و (ژن، ژیان، ئازادی) لە لایەن گرووپی (یاران بێ دەنگ دامەنیشن)ـەوە بە زمانی كوردی لە ڕۆژانی فیستیڤاڵ پێشكەش كران. لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە هەردوو نمایشی (دێوی چرای جادوو) و (تیك تاك) پێشكەش كران. لە ڕۆژاوای كوردستانەوە نمایشی (كەرانی یەكگرتوو)، لە بابلەوە نمایشی (هاووڵاتی)، لە بەغداوە نمایشی (كۆكایین) و لە هەولێریشەوە نمایشی (ژەهر و هەنگوین) پێشكەش كران.
خەڵاتەكانی فیستیڤاڵ
لیژنەی دادوەر زۆرترین خەڵاتەكانی شانۆی هۆڵی بە نمایشەكانی باكووری كوردستان و زۆرترین خەڵاتەكانی شانۆی شەقامی بە نمایشەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەخشی. ئەكادیمی و مامۆستایانی هونەری شانۆ لە زانكۆكان لەوەدا كۆك بوون، كە ئەو بەرهەمەی شانۆكارانی باكووری كوردستان پێشكەشیان كرد، لە ئاستی بەرزی جیهاندا بوو. ئەوان پێشبینیی ئەوەیان كرد شانۆكارانی باكووری كوردستان شێرە بەشی خەڵاتەكانی شانۆی هۆڵ ببەنەوە. هەر واش دەرچوو. پسپۆرانی شانۆی شەقامیش پێشبینیی ئەوەیان دەكرد، شانۆكارانی ڕۆژهەڵاتیش زۆرترین خەڵاتەكانی شانۆی شەقام ببەنەوە، ئەمەشیان بە بڕیاری لیژنەی دادوەر هەر وا دەرچوو.
بە بڕیاری لیژنەی دادوەر خەڵاتەكانی شانۆی شەقام بەم جۆرە بوون. خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ بۆ (نازیلە ئەمینی) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە، خەڵاتی باشترین ئەكتەری كوڕ بۆ (هاوڕێ ڕەزایی) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ (نازیلە ئەمینی) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە. بەم جۆرە شانۆكارانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نیوەی خەڵاتەكانی شانۆی شەقامیان بردەوە. خەڵاتی باشترین نمایش بە شانۆیی (پارانۆیا) لە دەرهێنانی مستەفا زەواهیری لە سلێمانییەوە درا. خەڵاتی باشترین بیرۆكەی شانۆیی بە نمایشی (میتا) لە شاری كفرییەوە درا. خەڵاتی باشترین نمایشی بە كۆمەڵ بە نمایشی (یاران بێ دەنگ دامەنیشن) لە سلێمانییەوە درا. خەڵاتی هاندان بۆ شانۆ بە (كێ دەبێتە داوەرمان) لە هەڵەبجەوە درا.
شانۆكارانی باكووری كوردستانیش نیوەی خەڵاتەكانی شانۆی هۆڵیان بردەوە. ئەوانەی خەڵاتەكانی شانۆیان بردەوە، بەم جۆرە بوون. خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بە میرزا مەتین دەرهێنەری شانۆیی (بووكا لەكێ) لە باكووری كوردستانەوە درا. خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ بە پێڵدا باڵ لە شانۆیی (بووكا لەكێ) لە باكووری كوردستانەوە درا. خەڵاتی باشترین بەرهەم بە شانۆیی (بووكا لەكێ) لە باكووری كوردستانەوە درا. نمایشی (بووكا لەكێ) كە لە باكووری كوردستانەوە هات بوو، بینەران و پسپۆرانی شانۆی سەرسام كرد، كۆمەڵێك هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە شانۆ كە لە زانكۆكانی عیراقەوە هات بوون، ئەو نمایشەیان بە جیهانی پەسن دا. شانۆكارانی شانۆیی (بووكا لەكێ) شانۆی كوردییان گەیاندە ئاستی جیهانی. ئەم ستانداردەش دەبێت ببێتە خاڵی كار كردن لە لای تێكڕای شانۆكارانی هەر چوار پارچەی كوردستان. ئەو نمایشە هی ئەوەیە وەك وانە لە تێكڕای بەشەكانی شانۆ لە كۆلیژ و پەیمانگاكانی هونەری جواندا بخوێندرێت.
خەڵاتی باشترین ئەكتەری كوڕ بە (رەسووڵ بەنگین) لە شانۆیی شەوكوێر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە درا. خەڵاتی باشترین سینۆگرافیا بە سەرحان ئەحمەد لە شانۆیی (هۆشێن تەرمەكی) لە دهۆكەوە درا. خەڵاتی شانۆكاری ئاییندە بە بەرهەم ئەحمەد لە كەركووكەوە درا.