ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گرنگترین بڕیاری مێژوویی سەرۆك مسعود بارزانی وەك دۆكیومێنتێك بە زیندوویی دەمێنێتەوە
7ی حوزەیرانی ٢٠١٧ ڕۆژێكی مێژووییە لە ژیانی سیاسیی گەلی كوردستان، لایەنە سیاسییەكان بە سەرپەرشتیی سەرۆك مسعود بارزانی لەم ڕۆژەدا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دا.
بڕیارەكە گرنگترین بڕیاری مێژوویی سەرۆك مسعود بارزانی و چەند لایەنی سیاسی بوو، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بتوانێ بە شێوازێكی مودێڕن دەنگ و ویستی خۆی بەجیهان بگەیێنێت.
خەڵكی كوردستان لە بێ وێنەترین كەرنەڤاڵی نیشتمانیدا لە٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ وەك مافێكی دەستووری، گوزارشتیان لە ئیرادەی ئازادیخوازیی خۆیان كرد، بەمەش ئەرك و پەیامێكی ڕاست و ڕەوایان بە جێ گەیاند و، سەروەرییەكی دیكەیان لە مێژوودا تۆمار كرد لە خەبات و تێكۆشان وەك دۆكیومێنتێكیش بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
گەلی كوردستان مافی خۆی بوو بڕیار لە دیاركردنی چارەنووسی خۆی بدات، بە سەركەوتنی ڕیفراندۆمیش ئیرادەی گەلەكەمان سەركەوت، چونكە بابەتی سەربەخۆیی و بە خاوەن دەوڵەت بوون شتێكی تازە و نوێ نەبوو، بەڵكو سەدەیەك بەر لە ئێستا شێخ عبدولسەلامی شەهید بۆ ئەم مەبەستە تێكۆشاوە و داوای لە ڕۆژهەڵاتناسێكی بەریتانی كردووە، دیدارێكی بۆ ڕێك بخات لەگەڵ پادشای بەریتانیا، بۆ ئەوەی باسی سەربەخۆیی كوردستانی لەگەڵ بكات، بۆیەش پرسەكە هەمیشە ئامانج و ستراتیژیەتی سەرجەم شۆڕش و ڕاپەرینەكانی گەلی كوردستان بووە، لەم پێناوەشدا قوربانییەكی زۆرمان بۆ داوە، تا ببین بە خاوەن دەوڵەت و كیانی خۆمان.
بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەستكەوتێكی دیكەی مێژوویی تۆمار كرا لە سەد ساڵی ڕابردوودی خەباتی گەلی كوردستان كە نزیكەی٩٣% بە «بەڵێ» دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بۆیەش گەلی كوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوولدا بریارێكی ڕاست و مێژووییان دا، كە بە گەورەترین ڕووداوی مێژوویی دادەندرێت، دوای دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، تا هەتاییش وەك سەنەدێكی نەتەوەیی هاوشێوەی تاپۆی ڕەشی عوسمانی دەمێنێتەوە. هەر چەندە ناحەزانی گەلەكەمان هەموو هەولێكیان بەگەڕ خست بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم، بەڵام سوپاس بۆ خوا لەمەش سەرنەكەوتن، هیچ كەس و لایەن وڵاتێكیش ناتوانێت ئەنجامەكەی بگۆڕێت، كە دەنگی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە، تەنیا لە ڕێگای ڕیفراندۆمێكی دیكەوە دەتوانرێت ئەنجامەكەی پووچەڵ بكرێتەوە، كە ئەمەش كارێكی زۆر ئەستەمە، بۆیەش ڕیفراندۆم وەك دەنگی سێ ملیۆن هاووڵاتی بە زیندوویی دەمێنێتەوە تا ڕۆژی خۆی و، سەرجەم كۆسپەكانی بەردەمی كاتیین و هیچ هێز و لایەنێك ناتوانێ ئەم خواستەمان لە گۆڕ بنێت. ئەگەر خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر ڕووی نەدابا، هیچ بڕیار و سزایێكی سیاسی و سەربازی و ئابووری كاریگەری نەرێنی لەسەر خەڵكی كوردستان دروست نەدەكرد. گەلی كورد لە ڕابردوودا پیلانی گەورەتر و دۆخی سەختتری بڕیوە، ئەمەش ئەو ڕاستییەی سەڵماند كە گەلی كوردستان لەسەر ڕیفراندۆم سزا نادرێت و مووچە و بودجەی نابڕدرێت، بەڵكو لەسەر كوردبوونە، هەموو لایەك لە یادی ماوە، لە سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٤ بوو كە مووچە و بودجەی كوردستان لە لایەن بەغداوە بڕدرا، كە ئەو كات ڕیفراندۆمیش نەكرابوو، ئەوەی لە دواییشدا هاتەئاراوە، بە هۆی پیلانی تاقمێك بوو، كە تەنیا ڕەچاوی بەرژەوەندیی خۆیان و گیرفانیان كرد.
لەم چوارچێویەدا گرنگە هەڵوەستە لە هەمبەر چەند خاڵێك بكەین.
یەكەم: ڕیفراندۆم نوێكردنەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان بوو، بۆیەش گەلی كوردستان زۆر بە تامەزرۆییەوە بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان كرد، بە بەراوردلەگەڵ هەڵبژاردنەكانی دیكە.
دووەم: كۆسپەكانی بەردەم پرۆسەی سەربەخۆیی كاتیین، بۆیەش تا هەتایە ڕیفراندۆم وەك شكۆ و شانازییەك دەمێنێتەوە و بە هیچ جۆرێك گەلی كوردستان دەستبەرداری نابێت. ڕۆژێك دادێت بەرهەم و هەوێنی ڕیفراندۆم دەبینین. سەرۆك مسعود بارزانی لە پەیامێكیدا جوانی فەرمووە: «دەنگە زوڵاڵ و بەرزەكەی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بەفیڕۆ ناچێت و ڕۆژێك دێت، بەرهەمی دەبێت».
سێیەم: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەركێشی و شكست نەبوو، بەڵكو خواستی زۆرینەی كوردستانییان بوو، دەركەوت چیمان دەوێت، بەڵام خیانەتەكەی١٦ی ئۆكتۆبەر سەركێشی و شكستی عەسكەری بوو، كە چەند كەسێك لەناو لایەنێكی سیاسی بە ئاشكرا خیانەتیان لە كورد و كوردستان كرد.
چوارەم: هیچ هێز و لایەنێك ناتوانێت كار بكات لەسەر ڕووخاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان، ڕاستە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر كوردستان تووشی ڕەوشێكی نەخوازراو بوو، بەڵام كوردستانییان بە ئیرادەی بەهێزەوە بەرگرییان لە كوردستان كرد، بۆیەش ئەستەمە گرەو لەسەر شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بكرێت.
پێنجەم: ئەنجامدەرانی خیانەتە ڕەشەكەی ١٦ـی ئۆكتۆبەر دەبێت باجی خیانەتەكەیان بدەن، چونكە ئەوەی زیاتر لە سەدەیەك بە خوێن و خەبات و فرمێسك بە دەست هاتبوو، لە پێناوی بەرژەوەندیی گیرفانی چەند كەسێك بە چەند كاتژمێرێك لە دەست درا و خیانەتێكی بێ وێنەیان لە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و خاكی كوردستان كرد، ئۆباڵی هەموو نەهامەتییەكانیش لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە لە پێناو بەرژەوەندیی گیرفانیان شاری كەركووكیان هەرزانفرۆش كرد. لە ڕابردوودا هەستمان بە باجەكەی كردووە، بەلام هێشتا باجی زیاتر ماوە و خوای گەورەش ئینتیقام لە ئەنجامدەرانی وەردەگرێت، كە غەدریان لە گەلی كوردستان كرد.
شەشەم: ڕیفراندۆم سنووری كوردستانی پاراست كە هیچ كەس و لایەن و هێزێك ناتوانێ ناسنامەی ناوچە كوردستانییەكان بگۆڕێت، ئەگەر ئەم دەرفەتەمان لە دەست دابا، زۆر ئەستەم بوو جارێكی دی ڕیفراندۆمێكی لەم شێوەیەدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام درابا.
حەوتەم: ئەگەر حیكمەتی سەرۆك مسعودبارزانی و قارەمانیەتیی شێرەكوڕانی پارتی و بارزانی نەبا، كوردستان لە ڕەوشێكی دیكەدا دەبوو، جگە لە خوای گەورە كەس نەیدەزانی چارەنووسمان چی دەبوو. بەڵام لە٢٠ی ئۆكتۆبەر لە داستانەكانی (پردێ، سحێلا، مەحموودیە و تلسقۆف) مێژوویەكی دیكەی بەرگری و خۆنەچەماندنیان دروست كرد و هەرەسیان بە پیلانی لەناوبردنی قەوارەی سیاسیی كوردستان هێنا، سنووریان بۆ خائین و خاكفرۆشان دانا، گەمارۆكان تێكشكێندران و هاوكێشەكان گۆڕدران.
هەشتەم: دەبێت ڕۆژی ڕیفراندۆم، وەك ڕۆژی نیشتمانیی گەلی كوردستان دەستنیشان بكرێت، چونكە ئەوەی گەلی كوردستان ئەنجامی دا بەجێگەیاندنی ئەرك و پەیامێكی ڕاست و رەوا بوو، بۆیەش پێویستە پەرلەمانی كوردستان وەك باڵاترین دەسەلاتی یاسادانان ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕۆژی ڕیفراندۆم، بە فەرمی وەك ڕۆژی نیشتمانیی گەلی كوردستان بناسرێت، تا ڕیفراندۆم وەك دۆكیومێنتێك بە زیندوویی بمێنێتەوە و نەوە لە دوای نەوە شانازی پێ بكەن..