ڕۆبی بارێت توێژەری كاروبارە ئەمنییەكان لە زانكۆی كامبریج بۆ گوڵان:   ڕووسیا بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە كۆلۆنیاڵێكی ئابووری و سەربازیی چین

ڕۆبی بارێت  توێژەری كاروبارە ئەمنییەكان لە زانكۆی كامبریج بۆ گوڵان:     ڕووسیا بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە كۆلۆنیاڵێكی ئابووری و سەربازیی چین

 

 

ڕۆبی بارێت توێژەرە لە كۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە زانكۆی كامبریج و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە زانكۆی تێكساس بەدەستی هێناوە، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك تیرۆریزم و پرسە ئەمنییەكان، بزووتنەوە سیاسییەكان، سیاسەتی دەرەكیی ناوچەكە و پرسەكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیاوە.

 

* هەروەك ئاشكرایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا چەندین پەرەسەندنی بە خۆیەوە بینیوە و چەندین دەرئەنجام و دەرهاویشتەی لەسەر ئاستی جیهانیش لێ كەوتووەتەوە، خوێندنەوە و تێڕوانینی ئێوە بۆ ئەم شەڕە چییە؟

- سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێم كە بۆ من مایەی سەرسوڕمان بوو كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئەم شەڕە گەمژانەیە هەڵگیرسێنێت، چونكە سەرەڕای لاوازییەكانی ڕووسیا و سەرجەم ئەو كێشە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە بەدەستیانەوە گرفتار بوو، وەك نەبوونی گەشەكردن و هەبوونی گەندەڵییەكی بەربڵاو و نەبوونی دارایی تەرخانكراو بۆ بنیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەكە، ئەوا هێشتا داهاتێكی بەرچاوی بەدەست دەهێنا، بە هۆی فرۆشتنی نەوت و غازەوە و لەسەر ئاستی جیهانیش وەك دووەم گەورەترین و بەهێزترین هێزی سەربازی لێی دەڕوانرا، بەڵام بە هۆی هەڵگیرسان و درێژەپێدانی ئەم شەڕەوە ئێستا دۆخێكی خوڵقاندووە كە ئەم وێنەیەی ڕووسیا لەسەر ئاستی جیهانی تێكبشكێت. واتە ئەم شەڕە پەردەی لەسەر دۆخی ڕاستەقینەی نێو ڕووسیا هەڵماڵی، مەبەستم ئەوەیە پێشتریش ئێمە دەمانزانی كە گەندەڵی لە نێو ئەو وڵاتەدا بوونی هەیە، بەڵام نەماندەزانی بە چەشنێكە كە بنچینە و بناغەی هەموو شتێكی هەڵتەكاندووە، كەواتە ئێستا ئەم ڕووكار و توێژاڵە هەڵماڵدرا و چیتر ڕووسیا وەك دووەم گەورەترین هێزی سەربازی لەسەر ئاستی جیهانی لێی ناڕوانرێت، و ڕەنگە بتوانین بڵێین دووەم گەورەترین هێزی سەربازییە لە نێو ئۆكرانیادا. كەواتە ئەوەی ناچێتە عەقڵەوە ئەوەیە بڕیارێكی لەم چەشنە هەڵەیە بدات، هەروەها ئەوەندە بێ ئاگا و بێ زانیاری بێت لەبارەی لاوازییەكانی پەیوەست بە سوپا و هێزی سەربازیی وڵاتەكەیەوە. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەینەوە، ئەوا ئەم بڕیارە و ئەم بژارەیەی سەرۆك پوتین بەرجەستەكاری بوونی سەركردەیەكە كە لە جیهان دابڕاوە و بێ ئاگایە لەوەی لە چواردەوریدا چی ڕوودەدات و چی دەگوزەرێت. بە دەربڕینێكی دیكە ئەو هیچ بیرۆكەیەكی نەبوو كە سوپاكەی بەو چەشنە ئەدایەكی لاوازی هەبێت و خۆڕاگڕ نەبێت.

* بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی سەرۆك ڤلادمیر پوتین هێندە پێداگری دەكات لەسەر درێژەپێدان و بەردەوامیدان بەم شەڕە، سەرباری هەموو شكست و زیانە سەربازییانە و سەرەڕای چەندین پاشەكشەی سوپاكەی لە خاكی ئۆكرانیادا؟

- سەرۆك پوتین هێندە توانایەكی داهێنانكارانەی نییە كە ڕێگاچارەیەك بدۆزێتەوە و هەلومەرجێك بخوڵقێنێت كە بە هۆییەوە وڵاتەكەی بە دوور بگرێت لە زیانێكی هەمیشەیی، چونكە ئەوەتا سەدان هەزار كەس ڕووسیا بەجێ دەهێڵن، لە كاتێكدا بنیادنانەوە و بووژاندنەوەی ئەو وڵاتە پێویستی بەو كەسانە هەیە. كەواتە ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە خۆی خستووەتە دۆخێكی لەم چەشنەوەوە و بەردەوامیشە لە بنكۆڵكردن و لاوازكردنی پێگەی جیهانی و نێودەوڵەتی ڕووسیا. دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە چیتر هیچ وڵاتێك متمانە بە ڕووسیا ناكات، بەلای كەمەوە تا ئایندەیەكی نزیك. دواتر دەبێت ئاماژە بەو ڕاستییەش بكەین كە ئەمە لە ڕووی مێژوییەوە كێشە و گرفتێك بووە كە دەسەڵاتداران و حوكمڕانەكانی ڕووسیا بەدەستیەوە گرفتار بوون. چونكە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پیتەری مەزن، یان پوتروسی گەورە، ئەوا لەو كاتەشدا ئەو وڵاتە تەكنەلۆژیا و ڕاهێنان و مەشقی سەربازیی ڕۆژئاوای هاوردە كردووە، چونكە نەیتوانیوە وەك پێویست ئەم كارە لە نێوخۆی وڵاتەكەدا ئەنجام بدات، سەرۆك پوتینیش لەم دۆخەدا بوو، بەڵام لەم ڕاستییە تێنەگەیشت. مەبەستم ئەوەیە سەرۆك پوتین بە تەواوەتی خوێندنەوەیەكی هەڵەی كرد بۆ هێز و توانا سەربازییەكەی سوپای وڵاتەكەی لە ئاست ڕۆژئاوا، بەتایبەتی لە ئاست ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا. شتێك كە سەرۆك ڤلادمپیر پوتین تێیدا بە تەواوەتی بە هەڵەدا چوو، ئەوە بوو كە پێی وابوو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەسێكی بەساڵاچووە و و كاردانەوەیەكی ئەوتۆی نابێت و ناتوانێت ئیدارەی دۆخەكە بكات، بەڵام نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت كە جۆ بایدن لە ساڵی 1973وە لە نێو حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا كار دەكات، كە دەنگی لەسەر بەرژەوەندیی سەرجەم ئەم بڕیارانە داوە كە پەیوەست بوون بە هەناردەكردن و جێگیركردنی سیستمی چەكەوە لە ئەوروپا. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم پوتین تووشی بە هەڵەتێگەیشتن بوو و پێی وابوو كە سەرۆك جۆ بایدن كەسێكی لاوازە و پیاوێكی بە ساڵاچووە و زوو دەست هەڵدەگرێت و وازدەهێنێت، بەڵام پوتین بە تەواوەتی بە هەڵەداچوو لەم ڕووەوە. كەواتە جارێكی دیكە دووبارە و دووپاتی دەكەمەوە كە ئاستی بێئاگایی و بەهەڵەداچوونی سەرۆك ڤلادمیر پوتین جێی سەرسوڕمان و هەڵوەستەلەسەر كردنە.

* كەواتە وەسفێكی وردە ئەگەر بڵێین ڕووسیا نەك تەنیا ئامانجە ڕاگەیەندراوەكانی لەم شەڕەدا بەدەست نەهێنا، بەڵكو ئەم شەڕە دەرئەنجام و ئاكامی پێچەوانەی لێكەوتەوە بۆ ڕووسیا؟

- بەڵێ، ئێمە دەتوانین بڵێین كە ڕووسیا باشترین خەڵكی وڵاتەكەی لە دەست دەدات، ئەوەتا سەدان هەزار كەسی بەتوانای ڕووسیا وڵاتەكەیان جێهێشتووە و بە سەدان هەزار كەسیشی لە نێو ڕیزەكانی سوپای وڵاتەكەدا بە كوشت داوە. من دەڵێم بە كوشتی داون، چونكە تەنانەت جلوبەرگ و گۆرەوی و جلی ژێرەوەشی بۆ دابین نەكردبوون و چەكی بەسەرچووی بۆ دابین كردبوون، ئێوە لەوە بڕوانن كە ئەوەتا ڕووسیا ناتوانێت چەكی پێویست بۆ شەڕكردنەكە دروست بكات و بەرهەم بهێنێت و ئەوەی جێی باوەڕپێكردن نییە، ئەوەیە كە ناچار بووە چەك لە ئێران بكڕێت. دواتر ئێوە لە وڵاتی ڕووسیا بڕوانن كە ڕووبەڕێكی چەند بەرفراوانی هەیە و دانیشتووانی زیاتر لە 140 ملیۆن كەس دەبن، بەڵام زۆربەی ئەو سەربازانەی لە سەرەتای شەڕەكەوە ڕەوانەی بەرەكانی شەڕ كراون، سەربازی ئەو ناوچانەن كە زۆربەی دانیشتووانەكانیان موسڵمانن و كەمتر سەربازانی شارە گەورەكانی وەك مۆسكۆی ڕەوانە كرد بۆ شەڕەكە، ئەمەش لە ڕووی مێژوییەوە ڕاستە و تەنانەت پوتروسی گەورەش ئەم كارەی دەكرد و ئەمەش ڕەگەزپەرستییە و لەو تێڕوانینەوە سەرچاوەی گرتووە كە ڕووسەكان لە پێكهاتەكانی دیكە باڵاترن، ئێستاش ناچار بووە سەربازانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكە ڕەوانە بكات بۆ شەڕی ئۆكرانیا، كە ئەو ناوچانەی دانیشتووانێكی كەمیان هەیە، بەڵام سەرچاوەیەكی زۆری نەوت و غازیان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە گەورەترین سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە بۆ ڕووسیا ئۆكرانیا نابێت، هەروەها ناتۆش نابێت، بەڵكو لە چینەوە سەرچاوە دەگرێت، لەبەر ئەوەی چین ئەو سەرچاوە سرووشتییانەی پێویستە و ڕووسیاش تا ڕاددەیەكی زۆر سوپای وڵاتەكەی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتدا نەهێشتووە و لەم ڕووەوە چین گەمەی چاوەڕوانی دەرهەق بە ڕووسیا دەكات و ژمارەی دانیشتووانی ڕووسیاش كە 140 ملیۆنە ڕێژەیەكی كەمی دانیشتووانی وڵاتی چین پێكدەهێنێت و لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین ڕووسیا لە پرۆسەی ئەوەدایە كە ببێتە كۆڵۆنیالێكی ئابووری و سەربازیی چین و پێموایە ئەمە پلانی چینیشە، دواتر ئێوە بڕوانن كە چین نەوت و غازی ڕووسیا بە داشكاندنێكی زۆر گەورە دەكڕێت، چونكە پوتین شوێنێكی دیكەی نییە ڕووی تێ بكات. ئەمەش هەڵەیەكە كە زەحمەتە بتوانیت وێنای بكەیت كە كەسێك لەم پۆستەدا ئەنجامی بدات.

* ئاشكرایە كە هەر لە سەرەتای شەڕەكەوە و تاوەكو ئێستاش ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دیاریكراوی سزای ئابووری و دارایی گەورەیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئێوە چۆن لە كاریگەری و كارایی ئەم سزایانە دەڕوانن؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە سەپاندنی ئەم سزایانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی یان با بڵێین ڕووسیایان ناچار نەكرد كە دەستبەجێ پاشەكشە بكات و لە ئۆكرانیا بكشێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە لە كاریگەری و دەرئەنجامە دوورمەوداكانی بڕوانین، ئەوا ڕووسیا دابڕێنراوە لە ئابووریی جیهان، ڕاستە هێشتا ڕووسیا نەوت دەفرۆشێت، بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە دەستهێنانی تەكنەلۆژیاوە لەلایەن ڕووسیاوە، ئەوا تووشی گرفت بووەتەوە و تەنانەت چینیش خۆی بە دوور دەگرێت لەوەی هێڵە دیاریكراوەكان ببەزێنێت لەم ڕووەوە، لەبەر ئەوەی دەزانێت دەبێت ڕووبەڕووی دەرئەنجامەكانی ببێتەوە، پێم وایە لە ئایندەشدا ئابووریی ڕووسیا بەرەو داكشان دەچێت.

Top