حکومەتی کودەتاکەی میانمار ٦ هەزار زیندانی سیاسی ئازاد دەکات
سوپای میانمار ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند: کە نزیکەی شەش هەزار زیندانی ئازاد دەکات کە باڵیۆزێکی پێشووی بەریتانیا و ڕۆژنامەنووسێکی ژاپۆنی و ڕاوێژکاری ئابووری ئوسترالیای تێدایە، حكومەتی میانمار ڕایگەیاندووە، كە هەرسێکیان دیپۆرت دەکرێنەوە، بەبێ ئەوەی وادەیەک دیاری بکات.
ئەم وڵاتەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە دوای کودەتای سەربازی ساڵی ڕابردوو و سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕازییەکان کە هەزاران کەسی زیندانی کردووە، لە ئاڵۆزیدایە، هەروەها دەیان هاووڵاتیی بیانیش لەم سەرکوتکردنەدا گیریان خواردووە.
حکومەتی کودەتاکە ڕایگەیاند: بە گشتی پێنج هەزار و ٧٧٤ زیندانی ئازاد دەکرێن کە نزیکەی ٦٠٠ زیندانیی ژنیشیان تێدایە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سوپای میانمار کودەتایەکی لە دژی حکومەتی مەدەنی ئەنجامدا، ئانگ سان سووچی، ڕێبەری نیشتمانیی ئەم وڵاتە و هەزاران کەسی خستۆتە زیندانەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل