هۆكارەكانی ساردبوونی پێیەكان

هۆكارەكانی ساردبوونی پێیەكان

 ساردبوونی پێیەكان Cold feet لە هەموو حاڵەتێكدا نەخۆشیی لەپاڵ نییە، بەڵكو لە گەلێك كەسدا بە شێوەیەكی ئاسایی لە مانگە ساردەكانی زستاندا دەبینرێت. ساردبوونی پێیەكان كە لە رادەبەدەر بێت و ببێتە هۆی ناڕەحەتی، بەتایبەتی لەكاتی شەودا، ئەوا پێویست بە بەدواداچوونی پزیشكی دەكات، بۆ زانینی ئەوەی كە هۆكاری ساردبوونی پێیەكان تەنیا بۆ ساردیی دەوروبەر و گۆڕینی ستایلی ژیان دەگەڕێتەوە یان نەخۆشی. بە شێوەیەكی ئاسایی، لەكاتی سەرمادا بۆڕییەكانی خوێن تەسك دەبنەوە، بەتایبەتی لە بەشە دوورەكانی لەش كە زیاتر دەست و پێیەكان دەگرێتەوە بەمەبەستی رێگرتن لە ونكردنی گەرمیی لەش، دەرەنجام دەست و پێیەكان سارد دەبن و هەندێك جاریش شین و مۆر هەڵدەگەڕێن. هۆكارە نەخۆشییەكانی ساردبوونی پێیەكان بریتین لە: پەستی و سترێسی درێژخایەن كە دەبنە هۆی زیاد دەردانی هۆرمۆنی ئەدرینالین، كە بۆرییەكانی خوێن لە پەلەكاندا تەسك دەكاتەوە و دەست و پێیەكان سارد دەبن، زیاد دانیشتن و كەمی جووڵەی بەدەن،ی كە هۆكارن بۆ كەمبوونەوەی سووڕی خوێن لە قاچ و پێیەكاندا، ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵی خوێن كە بووبێتە هۆی تەسبكوونەوەی خوێنبەرەكانی قاچ، كەمخوێنی لەبەر كەمیی ئاسن یان ڤیتامین B9 یان ڤیتامین B12، سستبوونی گلاندی دەرەقی كە هۆكارە بۆ كزبوونی كرداری میتابۆلیزمی Metabolism لەش، كە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر سووڕی خوێن و پلەی گەرمیی لەش و لێدانەكانی دڵ.

 

Top