ئەحلام حەجی بۆ گوڵان: دیمەنی منداڵە ئاوارەكان دەمگریەنێت

ئەحلام حەجی بۆ گوڵان: دیمەنی منداڵە  ئاوارەكان دەمگریەنێت

لە سەردانێكی ئەم دواییەی خانمە راگەیاندكار و شاجوانی پێشووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شاری هەولێر، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد دەربارەی كاری مۆدێل و راگەیاندن و چەند پرسێكی تایبەت بە خۆی، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* بۆچی دەركەوتنت لە سنووری فاشیون تێپەڕ ناكات؟
- رەنگە لەبەر ئەوە بێت كە من زیاتر خۆم لەو جۆرە بەرنامانەدا دەبینمەوە كە گرنگی بە جلوبەرگ و جوانی دەدەن، هەروەها من خۆیشم عاشقی جلوبەرگی جوانم.
* هیچ پێوەرێكی جێگیرت هەیە لەو بەرنامانەی كە پێشكەشیان دەكەیت؟
- بەر لە هەر شتێك هەوڵ نادەم بەرنامەیەك پێشكەش بكەم كە تیایدا سەركەوتوو نەبم، ئەمەش وام لێ دەكات كە لە هەموو لایەكەوە لەو بەرنامەیە ووردببمەوە، چونكە دەمەوێت بەرنامەیەك پێشكەش بكەم كە نوێ بێت بۆ بینەر و، كاتێك بۆ یەكەم جار دەیبنێت هەست نەكات كە پێشتر ئەو بەرنامەیەی بینیوە، واتە دوور بێت لە لاسایی كردنەوە و بینەر بێزار نەكات، من ئەو كارانەم دەوێت كە تایبەت بن بە خۆم و ناوی من و بەرنامەكەم گونجاو بن، چونكە ئامانجی من رازیكردنی بینەرە.
* چۆن توانیوتە سەرنجی ئەو جەماوەرە زۆر رابكێشیت؟
- لەوانەیە هۆكارەكەی ئەوە بێت كە من خۆم زۆر ماندوو دەكەم لە پێناو سەركەوتنی كارەكەم و پێشكەشكردنی بە باشترین شێوە، چونكە ئامانجی من دۆزینەوەی ئەو شتانەیە كە بینەر ئارەزوویان دەكات.
* هەڵبژاردنت بە شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ سوودێكی پێ گەیاندی لە ژیانتدا؟
- سەركەوتنم لە بواری پێشكەشكردنی بەرنامەی فاشیون و دواتریش لە بواری شاجوانیدا، وای كرد كە متمانەی میدیاكان و خۆشەویستیی جەماوەر بە دەست بهێنم، ئەمەش سەروەتێكی گرانبەهایە، لەوانەیە رووبەڕووی گرفت ببمەوە، بەڵام شانازیی پێوە دەكەم، چونكە توانیومە ناوی خۆم و خانەوادەكەم و ئاڵای وڵاتەكەم بەرز بكەمەوە لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا.
* بۆچی رووت لە راگەیاندن كرد، ئایا گەڕان بووە بەدوای دەرفەت یان گەڕانە بە دوای ئامانجێكی دیاریكراودا كە تا ئێستا نەتدۆزیوەتەوە؟
- خۆشەویستیم بۆ جلوبەرگ و فاشیون دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیم، بە پێچەوانەی خوشكەكانم، هەمیشە دایكم بە دەستی منەوە دەیناڵاند بەهۆی جلوبەرگەوە، ئەم خۆشەویستییە لە ناخی مندا چەكەرەی كرد تا گەیشتمە ئەو ئاستەی ببم بە یەكێك لە مۆدێلە ناسراوەكانی زۆر ماركەی جیهانی، ئەمەش وای كرد شارەزاییەكی زۆر پەیدا بكەم و دەرگاكانی لەبەردەممدا واڵا كرد، یەكێك لەو دەرگایانەش راگەیاندن بووە، بەڵام ئەمەش بە شێوەیەكی گشتی لەبەر ئەوە بووە كە دەربڕی خودی خۆم بم و بەهرەكانم دەربخەم.
* پێتوایە لەم بوارەدا سەركەوتوویت؟
- دەكرێت ئەو پرسیارە ئاراستەی بینەران بكرێت، چونكە پێویستە ئەوان هەڵسەنگاندنی سەركەوتنی من بكەن، بەڵام پێموایە سەركەوتووم لە ئەنجامی ئەو ئەركە زۆرەی كە كێشاومە لەپێناو سەركەوتنی كارەكانم.
* هێڵە سوورەكانت چین لەسەر ئاستی كەسی و لە بواری كاردا؟
- من كەسێكی بە جورئەتم لە هەنگاوەكانم بەرەو دواڕۆژ، نامەوێت كارێك ئەنجام بدەم كە قەناعەتم پێی نەبێت، ژیانێكی ئاسایی دەژیم بێ ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك لە سیستمی ژیانی تایبەتیمدا ئەنجام بدەم، بۆ ئەوەی لە رەخنەی كەسانی دیكە دوور بكەومەوە، من چۆنم دەمەوێت هەر ئاوا بم.
* روخساری جوان چ سوودێكی هەیە بۆ كچە بێژەرێك؟
- راستییەك هەیە پێویستە دانی پێدا بنرێت، ئەویش ئەوەیە كە بێژەری كچ پێویستە جوان بێت بۆ ئەوەی بە جوانی دەربكەوێت و قبوڵ كراو بێت لای بینەر، بەڵام پێویستە لەگەڵ ئەو جوانییەدا خاوەن رۆشنبیرییەكی باش و ئاگاداری بابەتەكان بێت، واتە تەنیا خوێنەر نەبێت بۆ ئەوە بابەتانەی دەخرێنە پێشی و بۆی ئامادە دەكرێن.
* پێتوایە جوانی نیعمەتە، یان نەهامەتییە بۆ بێژەری كچ؟
- هەر شتێك خودای گەورە پێی بەخشیبین نیعەمەتە، جوانییش یەكێك لەو نیعمەتانە، پێویستە مرۆڤ بە قەناعەتەوە جوانییەكەی خۆیی قبوڵ بێت، بەڵام پێویستە بابەتەكە بۆ كچە ئەكتەرێك، یان بێژەرێك جیاواز بێت، نابێ ئەوەشمان بیر بچێت كە بیركردنەوە و بۆچوونی مرۆڤەكان جیاوازە، رەنگە لە چاوی كەسێكدا جوان بێت، بەڵام كەسێكی دیكە بە جیاواز بتبینێت، بەشێوەیەكی گشتی من وای نابینم كە جوانی نەهامەتی بێت بۆ ئافرەت.
* خاڵە لاوازەكانت چین؟
- لەوانەیە زۆر هەستیاریم لە لایەنی مرۆڤایەتییەوە و گەورەترین خاڵی لاوازی من ئەوە بێت.
* چۆن گوزارشت لە خۆشییەكانت دەكەیت؟
- من بە سرووشتی خۆم كەسێكی هێمنم، تەنانەت كاتێك خۆشیش دەردەبڕم، بینینی خەڵك بە دڵخۆشی وا دەكات هەست بە كامەرانی و ئاسوودەیی بكەم، بەتایبەتی كاتێك من هۆكاری خۆشییەكانیان بم جا ئەگەر ئەمە لە رێگەی راگەیاندنەوە بێت، یان لە رێگەی كارە خێرخوازییەكانم كە لە چوارچێوەی رێكخراوی (احلام الطفولە)ەوە پێشكەشیان دەكەم.
* ئەی چی دەتگریەنێت؟
- زۆر لە دیمەنە ترسناكەكان كە ئێستا لە ژیانی رۆژانەمان دەیانبینین وام لێ دەكات بگریم، بەتایبەتی دیمەنی منداڵە ئاوارەكان كە بەهۆی جەنگەوە دەناڵێنن، جەنگێك كە ئەوان هیچ پەیوەندییان بەو شەڕانەوە نەبووە، بەڵكو بوونەتە قوربانیی جەنگ، من سەردانی كەمپەكانی ئاوارەكانم كرد و هەست بە ئازارەكانیان دەكەم.
* بۆچوونت سەبارەت بە یارییەكانی مۆندیال كە بەردەوام سەیری یارییەكان دەكەیت، بەتایبەتی یارییەكانی مەغریب چییە؟
- بێگومان من یەكێك بووم لە هاندەرە سەرسەختەكانی هەڵبژاردەی مەغریب و سەرەڕای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون و خەونەكانی ئێمەیان نەهێنا دی، بەڵام شانازییان پێوە دەكەم، بەڵام لە دوای مەغریب هاندەری هەڵبژاردەی فەرەنسام، چونكە لەو وڵاتە دەژیم و ساڵانێكی زۆری تەمەنم لەوێ بەسەر بردووە، هەروەها لە بواری یاریكردنیش هەڵبژاردەیەكی بەهێزە و پێموایە پاڵێوراوێكی سەرەكیی بەدەستهێنانی مۆندیالە.

Top