ئەحلام بۆ گوڵان: فەرەنسا پاڵێوراوێكی سەرەكیی بەدەستهێنانی مۆندیالە

ئەحلام بۆ گوڵان: فەرەنسا پاڵێوراوێكی سەرەكیی بەدەستهێنانی مۆندیالە

شاجوانی پێشووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كچە راگەیاندكاری مەغریبی (ئەحلام حەجی) رایگەیاند كە لە ئێستاوە خەریكی خۆئامادەكردنە بۆ ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەكی نوێ، كە جیاوازتر بێت لەو كارانەی پێشتری و، پێی وایە كەسێكە دەتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.
سەبارەت بە كەسایەتیی خۆی، ئەحلام دەڵێت: «من بە سرووشتی خۆم كەسێكی هێمنم، تەنانەت كاتێكیش خۆشی دەردەبڕم، بینینی خەڵك بە دڵخۆشی، وا دەكات هەست بە كامەرانی و ئاسوودەیی بكەم، بەتایبەتی كاتێك من هۆكاری خۆشییەكانیان بم، جا ئەگەر ئەمە لە رێگەی راگەیاندنەوە بێت، یان لە رێگای كارە خێرخوازییەكانم كە لە چوارچێوەی رێكخراوی (احلام الطفولة)ەوە پێشكەشیان دەكەم».
ئەحلام باس لە هێڵە سوورەكان دەكات لە ژیانی پیشەیی خۆیدا و دەڵێت:
«من كەسێكی بە جورئەتم لە هەنگاوەكانم بەرەو دواڕۆژ، نامەوێ كارێك ئەنجام بدەم كە قەناعەتم پێی نەبێت، ژیانێكی ئاسایی دەژیم بێ ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك لە سیستەمی ژیانی تایبەتیم ئەنجام بدەم، بۆ ئەوەی لە رەخنەی كەسانی دیكە دووركەومەوە، من چۆنم دەمەوێ هەر ئاوا بم».
لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە یارییەكانی مۆندیال كە بەردەوام سەیری یارییەكانی دەكرد، بەتایبەتی یارییەكانی مەغریب، ئەحلام حەجی دەڵێت: «بێگومان من یەكێك بووم لە هاندەرە سەرسەختەكانی هەڵبژاردەی مەغریب كە سەرەڕای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون و خەونەكانی ئێمەیان نەهێنا دی، بەڵام شانازییان پێوە دەكەم، بەڵام لە دوای مەغریب من هاندەری هەڵبژاردەی فەرەنسام، چونكە لەو وڵاتە دەژیم و ساڵانێكی زۆری تەمەنم لەوێ بەسەر بردووە، هەروەها لە بواری یاریكردنیش هەڵبژاردەیەكی بەهێزە و پێم وایە پاڵێوراوێكی سەرەكیی بەدەستهێنانی مۆندیالە».

Top