بـیـسـت پــەنــابەر لەئاوەکانی یۆناندا خنکان

بـیـسـت پــەنــابەر لەئاوەکانی یۆناندا خنکان

 

 

سەرچاوەکان دەڵێن دوای نقوم بوونی  بەلەمێک 20 پەنابەر لە ئاوی یۆناندا خنکاون.

سەرچاوەکان هەواڵی خنکانی ئەم ٢٠ پەنابەرەیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دەڵێت، دوای وەرگەڕانی بەلەمێک لە ئاوەکانی یۆنان، تەرمی ٢٠ پەنابەری نایاسایی دۆزراونەتەوە.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان تەرمی ئەم پەناخوازانەیان لە نزیک کەنارەکانی دوورگەی "ئیڤیا" لە ئاوەکانی دەریای ئیجە دۆزیوەتەوە.

دەوترێت ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەم بەلەمەدا بوون ٧٠ کەس بووە، بەلەمەکەیان بەهۆی شەپۆلی دەریاوە وەرگەڕاوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر سەرنشینانی دیكەی ئەم بەلەمە نییە.

هاوکات پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایگەیاند: کە لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەزار و ٥٠٠ کەسیان لە ئاوەکانی ئەم وڵاتە ڕزگار کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی ڕابردوودا کەمتر بوو لە ٦٠٠ کەس.

هەروەها ڕاپۆرتی ڕێکخراوێكی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەریدەخات کە لە ساڵی ڕابردووەوە بە تێکڕا ڕۆژانە پێنج کۆچبەر لەسەر ڕێگای دەریای ناوەڕاست بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە دوو هەزار و ٢٧٦ کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا خنکاون.

هاوکات، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی باسی لە ڕزگارکردنی ٨٠ پەنابەری ئەفغانی لە یۆنان کرد و ڕایگەیاند: كە ٨٠ پەنابەری ئەفغانی لە دەریای یۆنان لەلایەن پیاوێکی پیری یۆنانییەوە لە خنکان ڕزگارکران.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top