رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ باس لەپڕۆسەی کردنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و پشکنینی پێویست دەکات

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ باس لەپڕۆسەی کردنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و پشکنینی پێویست دەکات

 

رۆژی ٢٨/١٠/٢٠٢٢ لە بارەگای سەرەکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە کۆشکی ویڵسن لە جنێڤ شاندی هاوبەشی حکومەتی هەرێم وحکومەتی ئیتحادی سەردانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ کرد و لەلایەن کوت ئالف و ئانا فیشەر نوێنەرانی تیمی ناوبراو پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە سەرپەرشتی د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدرا، باس لە بوونی سەدان گۆڕی بە کۆمەڵی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووی قوربانیانی رژێمی بەعس کە بۆ گشت پێکهاتەکانی عێراق دەگەڕێتەوە بەتایبەتی کورد و شیعە کرا، هەروەها گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی دەستی داعش لە گشت پێکهاتەکان، کە تا ئێستا وەک پێویست کاریان لەسەر نەکراوە و پێویستە میکانیزمێک دابنرێت بۆ کارکردن لەسەر ئەو گۆڕانە.

رێکخەری راسپاردەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر وتی: تا ئێستا بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ هەن پێویستیان بە کردنەوە هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەو پاڵپشتیەی نییە لە رووی ئامێر و کەلوپەل بۆ کردنەوەیان، هەروەها تا ئێستا میانیزمێکی دیاریکراو نییە بۆ هاریکاری کردنی عێراق و هەرێم لەو رووەوە لە کاتێکدا ئەم دوو بابەتە گرنگ و پێویستن بۆ چارەسەر کردنی بابەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە پڕۆسەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی و بە دیکیۆمنت کردن و ئەرشیف کردنی بەڵگەنامەکان و ئەو تەحەدیاتانەی رووبەڕووی هەرێم دەبنەوە کرد و رایگەیاند: لە بابەتی کردنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی هەماهەنگییان هەیە، بەڵام پروسەکە رووبەرووی تەحەدیاتی زۆر دەبێتەوە بەتایبەتی لە بابەتی کردنەوەی گۆڕەکان وئەنجامدانی پشکنینی (DNA)، چونکە چەند تاقیگە هەیە بۆ ئەم پشکنینە لە عێراق کە ژمارەیان بەراورد بە ژمارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان زۆر کەمە ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی پشکنینەکان بۆ ماوەیەکی رۆر و هاوتاکردنی ئەنجامەکان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان بە مەبەستی ناسینەوەیان بۆیە داوا لە تیمی بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ دەکەین کە یارمەتیمان بدات لەو رووەوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ باس لەپڕۆسەی کردنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و پشکنینی پێویست دەکات
Top