نەجات حەسەن ئەندامی سەركردایەتی و جێگری سەرۆكی لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی(14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: پارتی بە سەركەوتوویی كۆنگرە ئەنجام دەدات و بە هزرێكی هاوچەرخەوە درێژە بە خزمەتكردنی گەلی كوردستان دەدات
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی پێشڕەو لە تێكۆشان و خەباتی نەتەوایەتی، خاوەنی چەندین سەروەری و سەركەوتنە و حزبێكە هەمیشە توانیویەتی لەگەڵ هەلومەرجی هاوچەرخدا تێڕوانینی واقیعبینانە دابڕێژێت و هەنگاوی گونجاو هەڵبگرێت، ئەنجامدانی كۆنگرەش یەكێك بووە لەو وێستگانەی كە هەمیشە پارتی تێیدا باشتر و بەهێزتر خۆی ئامادە كردووە بۆ ئەركەكانی سەردەم و ڕۆژگار، ئێستاش لە سەروبەندی گرێدانی كۆنگرەی 14دایە، ئەمەش بووە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ نەجات حەسەن ئەندامی سەركردایەتی و جێگری سەرۆكی لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
* پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین كۆنگرەی لە تەمەنی خەباتی خۆیدا بەستووە، ئایا دەكرێت باسی مێژوو و گرنگیی كۆنگرەكان بەتایبەت ئەوانەی لە سەردەمی بارزانیی نەمر ئەنجام دراون، بكەن؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەردەمێكدا هاتە كۆڕی خەبات كە ڕێگاكەی پڕ لەمپەر و ئاستەنگ بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجی خەباتی نەتەوەیی و شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی ستەمدیدەی كورد و كوردستان بوو، ئەوە بوو توانی ڕێگای بەردەم ڕۆڵەكانی گەلەكەمان خۆش و تەخت بكات. هیشتا بۆنی بارووت و كێشمەكێشەكانی دابەشكردنی ناوچەكە و بەرژەوەندییەكان لە نیوان وڵاتانی سەركەوتوو لە جەنگی دووەمی جیهانی بەردەوام بوو، بەڵام لەو كاتەدا وەك زەروورەتێكی مێژوویی لە (16ی ئابی 1946) پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەلا مستەفا بارزانی ڕابەر و سەركردەی لێهاتووی بێ وێنەی گەلەكەمان دامەزرا، ئەمەش گۆڕانكارییەكی گەورە بوو لە پێشكەوتنی بزاڤی سیاسی و شۆڕشگێری لە كوردستان. لە لایەكی دیكەوە بانگەشەی ئەوە بە گۆیی جیهان ڕاگەیندرا كە گەلی كوردستان بووەتە خاوەن پیشڕەوێكی سیاسیی شۆڕشگێڕ كە ئەو دابەشكارییەی بۆ خاكی كوردستان نەخشە و پلانی بۆ كێشراوە لە نێوان وڵاتە زلهیزەكان و خاوەن بەڕژەوەندییەكانەوە ڕەت دەكاتەوە و داوای مافی ڕەوای گەلی كوردستان دەكات لە ئازادی و دیموكراتی و دادپەروەری، ئەم ویستگەیەش لەو كاتەدا كاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر ئاستی عێراقی تازە دروستبوو و تێكڕای ناوچەكەش. لە پاشان لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی و لە كاتی پاڵەپەستووی زۆری ستەمكاران، پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم كۆنگرەی خۆی بەست و پارتی بووە خاوەن دیسپلین و پروگرام وپەیڕەوی ناوخۆی سەردەمییانە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتییەوە جەماوەری كوردستان پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر دەربڕی. بێگومان پـــــــارتی و بارزانی لە قۆناغە یەك لە دوای یەكەكانی حوكمڕانی لە عێراق كەوتنە بەر هەڕەشە و ڕاوەدوونانی تێكۆشەرانی و پەلاماردانی ڕۆژنامەنووس و سیاسییەكانی، بەڵام پارتی بە هۆی ئەو باوەڕە بەهێز و نەتەوەیی و شۆڕشگیڕییەی كە هەیبوو، ڕۆژ بە ڕۆژ پتر ڕووبەڕووی ستەمكاران دەبووەوە، ئەویش پشتئەستور بە پاڵپشتیی جەماوەری كوردستان و لێهاتوویی ئەندامان و كادرەكانی. هەروەها لە قۆناغی دوای 1975 پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم كونفڕانسی بەخۆداچوونەوەی خۆی لە بەرلین ئەنجام دا، پاشان هەر دوو كۆنگرەی 9 و 10 كە لە بارودۆخێكی زۆر ئاڵوزی خەباتی سیاسی و شۆرشگێڕی بە سەركەوتوویی ئەنجام دا لە نیوان ساڵەكانی 1979 و 1989 كە بەمەش پارتی بە گوڕوتینێكی بەرزتر و ئیرادەیەكی بەهێزەوە پێشڕەوایەتیی گەلی كوردستانی كرد بۆ قۆناغی ڕاپەڕینی 1991 و دامەزراندنی دامەزراوەكانی حوكمڕانی لە كوردستان.
* لە ئێستادا بە ڕابەرایەتیی مەرجەعی كورد و كوردستان جەنابی سەرۆك بارزانی كۆنگرەی 14 بەڕێوە دەچێت، ئایا گرنگیی ئەم كۆنگرەیە لە چیدایە؟
- وەك لای هەموو لایەك ئاشكرایە جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و لە تەمەنێكی زۆر كەم و لە لاویەتیدا بووەتە پێشمەرگەی كوردستان و لە هەموو تەمەن و مێژووی خۆیدا تا ئێستاش جەنابیان شانازی بە پێشمەرگەبوونی خۆی دەكات كە لە پێناوی ڕزگاری و بەدیهێنانی كوردستانی سەربەخۆدا ژیان و تەمەنی خۆی بەخت كردووە و بینیمان هەر لەسەر دەستی جەنابیان و بە بڕیار و هەوڵ و كۆششی مەرجەعییەتی كورد و كوردستان سەرۆك مسعود بارزانی ڕیفراندۆم ئەنجام درا و بووە تاپۆ و بەڵگەنامەیەكی گرنگی نەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی كوردستان. بە دڵنیاییەوە بەستنی كۆنگرەی 14 لەم كات و ساتەدا زۆر گرنگە، بە تایبەت بە تێڕوانین و هزری كاریزمای مەرجەعی نەتەوەییمان، كە جەنابی سەرۆك بارزانییە، بۆ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغەكانی گۆڕانكاریی خێرای هاوچەرخ دانەبڕێت و هەنگاو و كارەكانی زیاتر بۆ چەسپاندن و هاتنەدی دۆزی ڕەوای نەتەوەكەمان قاڵ ببێتەوە. هەروەك دەبینین كۆنگرەی 14 نوێنەرانی سەرجەم جومگەكانی سیاسی و حزبی بە بێ جیاوازی تێیدا بەشدارن كە زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لەم كۆنگرەیە دەنگیان داوە بۆ نوێنەرەكانیان، چ كاندید و چ ئەو نوێنەرانەی هەڵبژێردراون بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی 14دا هەڤاڵی لاو و خوێنگەرم و خاوەن تێڕوانینی سەردەمیانە و هزرفراوان و كەسایەتیی پڕشنگدارن و بەپێی ئەو ئەزموونەی ئێمە هەمانە ئەوە مەبەستی كۆنگرەكە بەتایبەت جەنابی سەرۆك بارزانی، هاتنەپێشەوەی كەسانی لاو و خاوەن تێڕوانینی هزری و هەڵقوڵاوی بیری نەتەوەیی و خزمەتكاری كورد و كوردستانن. لە دوای بەستنی كۆنگرەش زیاتر بۆمان دەردەكەوێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی هەڵقوڵاوی سەرجەم گەلی كوردستانە و حەز بە نوێبوونەوە دەكات. ئەگەر تەماشای سەرتاپای مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین تا ئێستاكە هەرچەندە خاوەن تەمەن و مێژووێكی زۆر و دوور و درێژە و بەرزی و نزمیی زۆری بەسەر هاتووە، بەڵام لە سایەی بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو و جەنابی سەرۆك بارزانی هەر بە شێوەیەكی نوێ و پڕشنگدار و كارا لە هەموو قۆناغەكانی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی كوردستان، چ لە مومارەسەكردنی پڕۆسەی دیموكراتی و و چ لە دامەزراندنی دامەزراوەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری سەركەوتوو بووە. پارتی تاكە حزبە كە تاكلایەنانە بەبێ گوێدانە ئەو كۆسپ و تەگەرانەی هاتووەتە پێشی كاری بۆ بەرژەوەندیی باڵای گەلی كورد و كوردستان كردووە و هێچ كاتێك لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لە بەرامبەر ناحەزان و دوژمنانی نەتەوەكەمان بێدەنگ نەبووە و نەسڵەمیوەتەوە.
* لە عێراق و كوردستان پارتی گرنگترین و دێرینترین حزبە، ئایا پارتی بۆ دۆزی ڕەواو مافی كورد و كوردستان چی دەگەیەنێت؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان واتە كورد و كوردستان، لە قۆناغی چەكداری و شۆڕشی ڕزگاریخوازی كوردستان و ئێستاش كە خاوەن پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆی خۆمانین، لە كار و بەرنامەو دیسپلینی خۆی لای نەداوە، هەموو كار و هەوڵ و كۆشش و گیانفیدایی و پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمایەتی و جیهانییەكانی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستانە، كە ئەویش ڕزگاربوونی لە زوڵم و ستەم و گەیشتن بە دۆزی ڕەوای خۆیەتی كە ئازادی و دیموكراتی و دادپەروەری و یەكسانییە و ئێستاكە هەموو دونیا بە عێراقی فیدڕاڵیشەوە ئەو شاهێدییە بۆ پارتی و بارزانی دەدەن.
* پارتی جیاواز لە حزبەكانی دیكەی كوردستان پارتێكی جەماوەری سەرتاسەرییە و هەموو نەتەوە و پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستانی تێدا كۆبووەتەوە، ئایا پارتی تا چەند گرنگە بۆ پێكەوە ژیان و ئاشتی و لێبوردەیی لە كوردستاندا؟
- پارتی لە دەستپێكی دامەزراندنی تا ئێستاش وەك كۆكەرەوەیەكی جەماوەری بۆ هەموو چین و توێژەكانی گەلی كوردستان بووە و خۆی بە چەتری كۆكەرەوە و یەكڕیزیی جەماوەری كوردستان زانیوە. هەموو كەسێك لە سەرتاسەری كوردستان لەناو ڕێزەكانی پارتی بەبێ ڕێكخستنیش توانیویەتی خۆی تێدا ببینێتەوە و بە ماڵی گەورەی خۆی بزانێت، ئامانجێكی سەرەكیی دامەزراندنی پارتی لەلایەن بارزانیی نەمرەوە بۆ ئەوە بووە كە گەلی كورد و كوردستان پەرش و بڵاو نەبن و لەژێر یەك سابات بەرەنگاری ئەو زوڵم و ستەمە ببنەوە كە دەرهەقیان دەكرێت. هاوكات هەموو كەس و چین و توێژێكی كوردستانیش بە یەكسانی و دادپەروەری بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو ماڵەی بە ماڵی هەموو پێكهاتە و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان زانیوە و پێكەوە ژیان لە ناو كۆمەڵگەی كوردستان ئامانجی دێرینی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتییەكان بووە لە هەموو مێژووی دوور و نزیكی خۆیاندا. پێكەوە ژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانیش بووەتە فاكتەرێكی گرنگ و بەهێزی پێشكەوتنەكانی پارتی و ئێستاش بووەتە دەستكەوتێك كە هەموو گەلی كوردستان شانازی بەو پێكەوە ژیانە دەكات. هەروەها بووەتە جێگای خۆشحاڵی و سەرنجی جوانی هەموو دونیا كە كوردستان لانكەی پێكەوە ژیان و ئاشتی و لێبووردەییە كە ئەمەش لەو كارنامە و پەیڕەوە ناوخۆییەدا خۆی دەبینێتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەری دامەزراوە.
* ماوەیەكە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ كۆنگرەی 14، ئایا كار و ئامادەكارییەكانتان بۆ كۆنگرە بە كوێ گەیشتووە؟
- ئیستا بەرەو بەستنی كۆنگرەی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕۆین و ئامادەكارییەكان لە هەڵبژاردنی نۆینەرانی كۆنگرە و شوێنی كۆنگرەكە و پێویستییەكانی كۆنگرەكە لە قۆناغی كۆتاییدان. هاوكات پێویستە ئەو ئامانج و خاڵە گرنگەش بخەینەڕوو كە ئەم كۆنگرەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم بارودوخەدا بۆ خۆنوێكردنەوە و خۆگونجاندنە لەگەڵ قۆناغی تازەدا كە دەبێتە پاڵپشتێكی گەورە و كاریگەر بۆ بەهێزكردنی ئازادی و دیموكراتی و دادپەروەری لە لایەك، و پشتیوانی و بەهێزكردنی سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستان و جێگیركردنی سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراق كە لە ساڵانی ڕابردوو لە دوای ساڵی 2003وە لە دروستبوونی عێراقی نوێدا مافەكانی گەلی كوردستانی تێدا پێشێل كراوە.
* ئایا پرۆسەی دیموكراتی تا چەند لەم هەڵبژاردنەی ئەندامانی كۆنگرە مەبەستی خۆی پێكاوە؟
- لە هەڵبژاردنەكان بۆ نوێنەرانی كۆنگرەی 14 لە بەر ڕۆشنایی و ڕێنمایەكانی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و ئەو ڕێنماییانەی بە لێژنەكە دراون، بایەخێكی زۆر بە پاكی و شەفافییەتی پڕوسەكە دراوە و لەم لایەنەشەوە پڕۆسەكە زۆر سەركەوتوو بووە. هەر لەم بارەوە جەخت دەكەمەوە چ لە هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەناو ئۆرگانەكانی حزبدا، چ لە پڕۆسەی دەنگداندا ئەو پەڕی ئازادی و گیانی دیموكراتی مومارەسە كراوە كە ئەمەش ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە، هەر بۆیە دووپاتی دەكەمەوە كە كۆنگرەی پارتی زۆر بە سەركەوتوویی دەبەسترێت و بە گیانێكی نەتەوەیی و خزمەتكردنی گەلی كوردستان كارەكانی خۆی دەكات و بە ڕۆحێكی تازە و بیر و هزرێكی هاوچەرخ لە قۆناغەكانی ئایندەماندا خزمەت بە گەلی كوردستان دەكات.