ئەمساڵ زیاتر لە ٤٢ هەزار هاووڵاتیی وڵاتانی ئەفریقا چوونەتە وڵاتی یەمەن
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٤٢ هەزار هاووڵاتیی وڵاتانی ئەفریقا چوونەتە ناو خاكی یەمەن.
ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، کە لە سەرەتای مانگی یەکەوە تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ٤٢ هەزار و ٧٠٠ کۆچبەری ئەفریقی چوونەتە ناو خاكی یەمەن.
هەروەها لە راپۆرتەکەداهاتووە: كە نزیکەی ٩٢%یان خەڵکی ئەسیوپیان و ئەوانی دیکەش هاووڵاتیی سۆماڵین.
ئەم دامەزراوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ئەو کۆچبەرانەی کە ئاماژەیان پێکراوە لە کاتی گەشتەکەیاندا بۆ وڵاتی یەمەن ڕووبەڕووی مەترسی زۆر بوونەتەوە و پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کۆچبەرانی ئەفریقی خاکی یەمەن بەکاردەهێنن بۆ پەڕینەوە بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ کارکردن لە وڵاتانی کەنداو بە تایبەت سعودیە.
گوڵان: سەردار خەلیل