رووخساری مامۆستا له ئاوێنه‌ی قوتابی دا
پێویسته به‌ر له‌هه‌ر شتێك مامۆستا وه‌كو په‌روه‌رده‌كارێك رۆڵ بگێڕێت و قوتابیان به هه‌ڵسوكه‌وتی جوان و ره‌فتاری باش و لێبوورده‌یی و پاكوخاوێنی و ژینگه‌پارێزیی و هاوكاریكردنی ده‌وروبه‌ر گۆشیان بكات و بۆ ئه‌وانه‌ی زیاتر پێویستییان به ده‌ستگرتن هه‌یه (وه‌كو كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت) هه‌میشه یارمه‌تیده‌ریان بێت.
ئه‌ركی مامۆستایه به دڵسۆزییه‌وه گرینگی به‌و قوتابیانه بدات كه‌وا توانای تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنیان لاوازه، هانیان بدات و هه‌موو قوتابیان به كه‌سوكاری خۆی بزانێت به‌جۆرێك كه قوتابی د‌رك به‌وه بكا كه‌وا سه‌رباری ئه‌ركی وه‌كو فێركار خه‌مخۆر و دڵسۆزیشه بۆ پێگه‌یاندنی؛ كه مامۆستا ئه‌و تێڕوانینه له قوتابییه‌وه ده‌بینێت هه‌ست به سه‌ركه‌وتوویی و ویژدان ئاسووده‌یی خۆی ده‌كا و قوتابیانیش زیاتر حه‌ز و ئاره‌زوویان له وانه‌كه‌ی ده‌بێت و لێی تێده‌گه‌ن و به درێژایی ماوه‌ی وانه‌گوتنه‌وه هه‌ست به بێتاقه‌تی و بێزاری ناكه‌ن و له شیكردنه‌وه‌ی وانه‌كانی كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
مرۆڤ له‌میانی ئه‌و كارانه‌ی كه به له‌خۆبوردوویی و دڵسۆزییه‌وه ئه‌نجامی ده‌دا و كاتێك به‌رهه‌م و كاریگه‌رییه‌كانی ده‌بینێت چێژ و خۆشییه‌كی زۆر ده‌بینێت، مامۆستا له‌مڕووه‌وه چێژبینینی جیاوازتره و مایه‌ی ئاسووده‌ییه‌كی زیاتره بۆ ناخ و دڵی، ئه‌و هه‌ست به‌وه ده‌كا كه‌وا به دروستكردنی مرۆڤ به‌شداریی له هه‌ڵچنینی دیواری نیشتماندا كردووه و هاووڵاتی به‌سوودی خستۆته نێو كۆمه‌ڵگا و به په‌یڕه‌وكردنی په‌روه‌رده‌یه‌كی جوان قوتابییه لاسار و سه‌ره‌ڕۆكانیشی هێناوه‌ته ئاستێك كه هه‌ڵگری كه‌سایه‌تی نه‌رمونیان و خاوه‌ن پاشخانێكی زانستی بن و بۆ پاشه‌ڕۆژی خۆیان و ماڵبات و گه‌له‌كه‌یان جێ ئومێد و ده‌سكه‌وت بن.
هیچ كه‌سێك به‌ده‌ر نیه له یاده‌وه‌رییه‌كانی قوتابخانه، هه‌مووان هه‌ڵوێستی مامۆستاكانیان له خه‌یاڵدا هه‌ڵگرتووه، له‌وانه‌یه ره‌فتارێكی ئاسایی كه‌وا مامۆستا به‌چاوێكی كه‌مبایه‌خ سه‌یری ده‌كا له‌لای قوتابی ئه‌وه‌نده كاریگه‌ر و گرینگ بێت كه به درێژایی ژیان له‌بیری نه‌چێت... وه‌كو ئه‌وه‌ی رۆژێك له‌ناو هۆبه‌دا وڵامی پرسیاری مامۆستای داوه‌ته‌وه و مامۆستا به قوتابییه‌كانی دیكه‌ی گوتووه (ئه‌و وڵامه زۆر جوان و به‌جێیه، چه‌پڵه‌یه‌كی قه‌یمی بۆ لێده‌ن)، به‌یانییه‌ك له گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا ناوی خوێندراوه‌ته‌وه و بانگكراوه و مامۆستا باجی قوتابی نموونه‌یی له سینگی داوه و به هه‌موو قوتابیانی قوتابخانه‌ی گوتووه (ئه‌و قوتابییه زۆر بایه‌خ به پاكوخاوێنی خۆی ده‌دا، هه‌رده‌م وه‌كو گوڵ جوانیی و بۆن و به‌رامی خۆش به‌و ناوه‌دا په‌رش و بڵاو ده‌كاته‌وه.... ئه‌و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه باجی قوتابی نموونه‌ی پێوه بكرێ.... چه‌پڵه‌ی بۆ ده‌ن... هه‌مووان با وه‌كو ئه‌و بن)، رۆژێكیان مامۆستا وێنه و ناوی خستۆته نێو تابلۆی قوتابییه زیره‌كه‌كان و هه‌رچی هاوڕێیه‌كانی هه‌ن پێیانگوتووه (ئێمه شانازیت پێوه ده‌كه‌ین ... چانس و به‌ختێكی باشمان هه‌یه تۆ هاوڕێمانیت)... ئه‌مانه و هه‌ڵوێستی دیكه بوونه‌ته وێستگه‌یه‌كی بیره‌وه‌ری له مێشكی مرۆڤه‌كان و هه‌رگیز له‌بیری ناكه‌ن... ده‌بێت مامۆستایان ئه‌وه به هه‌ند وه‌رگرن و بزانن كه‌وا هاندان وا ده‌كا قوتابییان هه‌وڵی پێشخستنی تواناكانیان بده‌ن و ببنه نموونه‌ی جوان بۆ هاوڕێیه‌كانیان.
تۆڵستۆی؛ رۆماننووسی ناوداری رووسی له وته‌یه‌كیدا ده‌ڵیت: (هه‌رچی چاكسازیی هه‌یه گه‌ر له‌ڕێی توندوتیژییه‌وه بكرێ، ده‌رده‌كان تیمار ناكا... ئاقڵمه‌ندیی ئه‌وه‌یه له توندوئاژۆیی دووركه‌وینه‌وه)، لێره‌دا قسه‌یه‌كی ره‌ق و ته‌نانه‌ت تێڕوانینی سه‌رزه‌نشتكاریی و رووگرژی مامۆستاش له‌لای قوتابی وه‌كو ره‌فتارێكی توند سه‌یر ده‌كرێ، بۆیه ده‌بێ مامۆستایان بزانن كه‌وا رووخۆشی ئه‌وان هاوكارێكی باشه بۆ بونیادنانی كه‌سایه‌تی قوتابی و دواجار بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامی خۆشه‌ویستی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، له‌هه‌مان كاتدا له‌ڕووی فێركردنیشه‌وه خاڵێكی به‌هێزه قوتابی به‌ده‌روونێكی ئارامه‌وه گوێی بۆ راگرێ و لێی تێ‌بگا و ئه‌و و قوتابخانه‌شی خۆش بوێت.
پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه روو ده‌دا كه مامۆستا قوتابییه‌كانی رووشكێن ده‌كا، ئه‌و كاته وه‌كو مۆته‌كه‌یه‌ك سه‌یری په‌رتووكی خوێندن و هۆبه ده‌كه‌ن و له قوتابخانه دوور ده‌كه‌ونه‌وه. سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی جیاوازیی تاكه‌كه‌سی له‌نێوان قوتابیان له‌ڕووی تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی بابه‌ته‌كان، به‌دواداچوون و دووباره‌كردنه‌وه‌و پرسیاركردنی مامۆستا له قوتابی زۆر گرینگه كه به‌رچاوڕوونییه‌كی باشه بۆ ناسین و زانینی ئاستی هه‌مووان و به‌مه قوتابی ده‌زانێت كه له‌لایه‌ن مامۆستا پشتگوێ نه‌خراوه... به‌مه قوتابی هه‌ست به‌وه ده‌كا كه مامۆستا له‌خه‌می ئه‌ودایه و ده‌یه‌وێ فێری بكا و هه‌ستاندنه‌وه و وه‌رگرتنی وڵام له‌لایه‌ن مامۆستاوه مه‌به‌ست لێی رق لێبوونه‌وه نیه به‌ڵكو دڵسۆزی و خه‌مخۆرییه بۆ ئه‌و.
قسه‌یه‌ك ناوه‌رۆكه‌كه‌ی به‌مشێوه‌یه‌یه: (مامۆستای كارامه ئه‌وه‌یه وا له قوتابیان بكا به حه‌زه‌وه به‌دوای وڵامدا بگه‌ڕێن و بیدۆزنه‌وه، پێیان بڵێت ئاخۆ ئێوه وڵامی ئاماده‌كراوتان ده‌وێت؟ كوا له‌ژیاندا شتی به‌رده‌ست و ئاماده‌كراو هه‌یه ؟!)، با قوتابیان وڵامی پرسیاره‌كان بده‌نه‌وه و له‌به‌رامبه‌ر وڵامی هه‌ڵه‌دا سه‌رزه‌نشت نه‌كرێن و، به پێچه‌وانه‌وه نرخ بۆ ده‌ربڕین و بیرۆكه‌كانیان دابندرێ و مامۆستا ئافه‌رینیان لێ بكا و پێیان بڵێ ئێوه زۆر زیره‌كن و گه‌ر زیاتر بیر بكه‌نه‌وه و هه‌وڵ بده‌ن وڵامی راستتر ده‌دۆزنه‌وه... به‌مه متمانه‌ی زیاتریان له‌لادا دروست ده‌بێت.
له‌وانه‌یه قوتابی ئاستی زیره‌كی له‌هه‌موو بابه‌ته‌كان هاوشێوه نه‌بێت، له یه‌كێكیان زیره‌كتر بێت له‌وی دیكه و بۆ ئه‌مه پێویسته زیاتر هان بدرێ و تاكو مامۆستا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئاستی قوتابییه‌كانی هه‌بیت له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كارگێڕی قوتابخانه‌كه‌ی به‌رنامه‌ڕێژیی بكه‌ن بۆ بینینی (موشاهه‌ده)ی مامۆستایانی دیكه له‌كاتی وانه‌گوتنه‌وه‌دا و سوود له‌شێوازی وانه‌گوتنه‌وه‌ی یه‌كتری وه‌رگرن و ئاڵوگۆڕی زانستی و كارامه‌یی له‌نێوانیاندا هه‌بێت. چۆن له ئێستادا ئێمه باشترین هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری مامۆستایانی خۆمانین كه رۆژانێك وانه‌یان به ئیمه گوتووه، قوتابیانیش راستترین و باشترین چاوساغترین كه‌سن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستا، بۆیه زۆر پێویسته به پلانێكی تۆكمه و ئاماده‌كارییه‌كی زۆره‌وه به‌ره‌و قوتابخانه و پۆل هه‌نگاو بنێن، ئه‌وكاته ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه یان سه‌رپه‌رشتیاری هاوڕێی ره‌خنه‌گر یان هه‌ر به‌رپرسێكی په‌روه‌رده‌یی سه‌ردانی مامۆستا بكا هه‌ست به تواناكانی ده‌كا كه په‌روه‌رده‌كارێكی راسته‌قینه‌یه و دڵسۆزه و شایانی ده‌ستخۆشی و رێزگرتنه.
*به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی خه‌بات
مه‌عروف حه‌مه‌د سه‌عید*