جنیفەر لۆپێز: حەزم لە خۆدەرخستن نییە

جنیفەر لۆپێز: حەزم لە خۆدەرخستن نییە

جنێفەر لۆپێزی ئەكتەر و گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریكی رایگەیاندووە كەوا بە هیچ شێوەیەك ترسی لە بەساڵاچوون و پیر بوون نییە، چونكە دڵنیایە لەوەی زوو یان درەنگ پیر دەبێت.
لۆپێز كە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە لە پەیوەندییەكی خۆشەویستیدایە لەگەڵ یاریزانی بیسبۆڵ ئەلیكس رۆدریگز، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری (ET) دووپاتی كردەوە كە هێشتا خۆی بە گەنج دەزانێت، لەم بارەوە گوتی: «سەرەڕای ئەوەی تەمەنم نزیكی پەنجا ساڵ بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا توانیومە گەنجێتیی خۆم بپارێزم، ئەویش لە رێگای خواردنی تەندروست و ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بەشێوەیەكی بەردەوام، بەتایبەتی لەگەڵ ئەلیكس رۆدیگزی خۆشەویستم، كە یاریزانێكی ناسراوی بیسبۆڵە و ئەو هاوكاریی زۆرم دەكات».
ئەو ئەستێرە جیهانییەی كە بە رەچەڵەك لاتینییە، ئاماژەی بەوەش كرد، لەو كەسانە نییە كە حەز بە خۆدەرخستن بكات لە ئاهەنگ و فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا، بەڵكو حەز ناكات لەو جۆرە ئاهەنگ و فیستیڤاڵانەدا لەگەڵ هیچ كەسێك قسە بكات.
جنێفەر بەم دواییە بە یاوەریی خۆشەویستەكەی بەشداریی لە ئاهەنگێكی خێرخوازیدا كرد كە رێكخراوی (The Robin Hood) ئەنجامی دا بوو لە شاری نیویۆرك و، بە جوانی و جلوبەرگەكانی سەرنجی ئامادەبووانی راكێشا، ئەوەی زیاتر سەرنجی ئامادەبووانی راكێشا، خۆشەویستەكەی جنێفەر بوو، كە بە هیچ شێوەیەك بە درێژایی ئاهەنگەكەی لێی جیا نەدەبووەوە، لەم ئاهەنگەدا كراسێكی رەشی سەرنجڕاكێشی پۆشی بوو.

Top