پ.د.ئاریانا شێخ خاڵس بەرزنجی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان: بۆردی كوردستان بۆ پسپۆڕایەتیی پزیشكی هاوتای بۆردی ئوردنی و عەرەبییە

پ.د.ئاریانا شێخ خاڵس بەرزنجی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان: بۆردی كوردستان بۆ پسپۆڕایەتیی پزیشكی هاوتای بۆردی ئوردنی و عەرەبییە

 

ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتیی پزیشكی یەكێكە لە دامەزراوە گرنگەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2009 بە بڕیاری پەرلەمان و لە چوارچێوەی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراوە، خاوەنی 56 لقی پسپۆڕی و پسپۆریی وردی پزیشكییە و هەتا ئێستا 737 پزیشك هەڵگری بڕوانامەی كوردستانن بۆ پسپۆڕی پزیشكی، هەروەها 835 پزیشكی بوارە جیاوازەكان لە قۆناخی خوێندن و ڕاهێناندان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم دامەزراوە گرنگە، ئەم دیدارەمان لەگەڵ پ.د. ئاریانا شێخ خاڵس بەرزنجی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتیی پزیشكی ئەنجام دا و بەم جۆرە وڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

  • ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان، یەكێكە لە دامەزراوە زانستی و پزیشكییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، ئایا كەی ئەم ئەنجومەنە دامەزراوە؟
    - ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان لە ساڵی 2009 بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و لەژێر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان دامەزراوە، بۆیە ئەنجومەنەكەمان دامەزراوەیەكە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان‌. سەرەتا لە ژمارەیەك لقی پسپۆڕی پزیشكی پێك هاتبوو، بەڵام لەبەر پێویستیی كۆمەڵگەی كوردی بە پسپۆڕییە جیاوازەكانی پزیشكی، بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی چەندین پسپۆڕیی دیكەی تیادا كراوەتەوە و، ئێستا لە 56 پسپۆڕی و پسپۆڕی وردی جۆراوجۆر پێك هاتووە، كە ڕاهێنراوانمان خوێندن و ڕاهێنانی تیادا ئەنجام دەدەن لە بوارەكانی پزیشكی و پزیشكی ددان و دەرمانسازیدا، ساڵانە ڕاهێنراوان لەو پسپۆڕییانەدا وەردەگیرێن و هەر یەكەو بەپێی پسپۆڕییەكەی، كە هەیانە چوار ساڵە و هەیانە پێنج ساڵە لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی ڕاهێنان ئامادە دەكرێن و، دوای تەواوكردنی ڕاهێنان و مەرجەكانی دیكەی خوێندن، بڕوانامەی بۆردی كوردستانیان پێ دەدرێت.
    * هەتا ئێستا چەند پزیشك لە كوردستان بڕوانامەی بۆردی كوردستانیان پێ دراوە و چەندی دیكەش لە قۆناخی ڕاهێناندان؟
    - تا ئێستا 737 پزیشك لە كوردستان بڕوانامەی بۆردی كوردستانیان پێ دراوە و بوونەتە هاوەڵی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان، ژمارەی ئەوانەشی ئێستا ڕاهێنراون لە ئەنجومەنەكەمان و لە خوێندن بەردەوامن 835 ڕاهێنراوە.
    * بڕوانامەی بۆردی كوردستان بۆ پسپۆڕایەتیی پزیشكی هاوتای چییە؟
    - بەپێی ڕێكخراوی فیدراسیۆنی پزیشكیی جیهانی (World Federation for Medical Education – Postgraduate) بڕوانامەی بۆردی كوردستانی بەرزترین بڕوانامەی پیشەییە لە بواری پسپۆڕییە پزیشكییەكاندا، لە ڕووی ماف و جیاوكەكانەوە هاوتایە لەگەڵ بڕوانامەی دكتۆرا، بەڵام لە ڕووی پڕۆگرامی خوێندنەوە،‌ بۆرد لەگەڵ دكتۆرا جیاوازە، بۆرد كلینیكییە، دكتۆرا ئەكادیمییە‌.
    ڕاهێنراو لە بۆردی پزیشكیی كوردستان لە پسپۆڕییە جیاوازەكاندا كە هەیانە چوار ساڵە، هەیانە پێنج ساڵە، خوێندن و ڕاهێنان دەكات، ئەگەر پسپۆڕیی وردیش بخوێنێت، ئەوا ماوەی خوێندن و ڕاهێنانی دەبێتە حەوت ساڵ لە نەخۆشخانەكان و سەنتەرەكانی ڕاهێنان، لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی پزیشكی پسپۆڕ مەشق و ڕاهێنان دەكات، كە زۆربەیان نازناوی زانستییان پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و ڕاوێژكارە. هەر ڕاهێنراوێكیش ماوەی 14 ڕۆژ بە بێ هیچ بیانوویەك و هۆیەك لە خوێندن و ڕاهێنان داببڕێت، ئەوا تەرقین قەید دەكرێت.
    دوای ئەنجامدانی پڕۆگرامەكانی ڕاهێنان، ڕاهێنراوان پێش قۆناغی كۆتایی دەچنە قۆناغی تاقیكردنەوەی زانستە بنەڕەتییەكان كە پێی دەگوترێت (OSCE) لەم تاقیكردنەوەیەدا ڕاهێنراو هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، تا بزانرێت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی تاقیكردنەوەی كۆتایی ئەنجام بدات و بڕوانامەی بۆردی پزیشكی كوردستانی پێ بدرێت، یان نا. پاش تەواوبوون و دەرچوونی قوتابی لە تاقیكردنەوەی OSCE، دەبێت ڕاهێنراو توێژینەوە (Article) ئامادە بكات و لە گۆڤاری بۆردی پزیشكیی كوردستان، یان لە گۆڤارێك بڵاوی بكاتەوە كە (Impact factor)ی بەرزبێت.
    ئێمە لە ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان، خاوەن گۆڤاری سەربەخۆی خۆمانین بە ناوی (Advanced Medical Journal) و ڕاهێنراوان دەتوانن توێژینەوەكانیان تیادا بڵاوبكەنەوە.
    * ئایا لە ماوەی ساڵانی ڕاهێنانیاندا ڕاهێنراوانی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان، سەردانی وڵاتانی دەرەوە دەكەن بۆ ئەوەی ئەزموونی زیاتر وەربگرن؟
    - تا ساڵی 2014 و پێش بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان ساڵانە ڕاهێنراوەكانی خۆی دەناردە (ئینگلتەرا، هیندستان، توركیا و ئوردن) و لە‌ نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی ڕاهێنانی ئەو وڵاتانە بۆ ماوەیەك مەشق و ڕاهێنانیان دەكرد، بەڵام بەداخەوە لەبەر قەیرانی دارایی ئێستا ناتوانین پێداویستی و خەرجیان بۆ دابین بكەین و چەند ساڵێكە وەستاوە، ئەوكات ڕاهێنراوان تەنیا دەیانتوانی لەو وڵاتانە ڕاهێنان بكەن، بەڵام نەیاندەتوانی لە دوای دەرچوونیان لەو وڵاتانە وەك پزیشكی پسپۆڕ كاربكەن، كەچی ئێستا دوای ئەوەی متمانەمان لەلایەن ئەنجومەنی پزیشكی پێ دراوە و سكووڵەر شیپمان لە سەنتەری (الحسین) بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە بۆ ڕاهێنراوانمان هەیە و ڕاهێنراو دەتوانێت لەسەر ئەركی خۆی بچێت بخوێنێت و، بەهۆی ئەوەشی متمانەمان پێ دراوە، دوای دەرچوونیان ڕاهێنراوانمان دەتوانن لە سەنتەرە بەناوبانگەی وڵاتی ئوردن بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە كاریش بكەن. لەلایەكی دیكەوە توانای ئەوەشمان هەیە بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی، پزیشكی زۆر باش لە پسپۆڕییە جیاوازەكاندا لە دەرەوەی وڵات بانگهێشت بكەین و بەشداری لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ڕاهێنراوانمان بكەن. 
  • شمان هەیە بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی، پزیشكی زۆر باش لە پسپۆڕییە جیاوازەكاندا لە دەرەوەی وڵات بانگهێشت بكەین و بەشداری لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ڕاهێنراوانمان بكەن. تاقیكردنەوەی كۆتایی ڕاهێنراوانی بۆردیش بە شێوەی پراكتیكییە لە ناو قاوشی نەخۆشخانەكاندا ئەنجام دەدرێت، واتە تاقیكردنەوەیەكی كلینیكییە، تاقیكردنەوە بە ڕاهێنراو دەكرێت لە ڕووی پڕاكتیكی و چۆنیەتیی هەڵسوكەوتی لەگەڵ نەخۆش و پەیوەندیی نێوان نەخۆش و پزیشك و هەروەها چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی كە دێتە بەردەمیان، هاوكات شارەزایی و لێهاتوویی كلینیكییان تاقی دەكرێتەوە، دەبێت ڕاهێنراو لەمانە هەمووی سەركەوتوو بێت، ئینجا بڕوانامەی بۆردی لە پسپۆڕییەكەی خۆی پێ دەدرێت و دەبێتە هاوەڵی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان.
    * ئەو مەرجانە چین كە پێویستە لەو نەخۆشخانە و سەنتەرانەی ڕاهێنان هەبێت، تا ڕاهێنراوانی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان ڕاهێنانیان تیادا ئەنجام بدەن؟
    - پێش كردنەوەی سەنتەری ڕاهێنان لە هەر نەخۆشخانەیەكی وڵاتەكەماندا، لە ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان لێژنەی تایبەت پێك دەهێنێت و سەردانی ئەو نەخۆشخانانە دەكات و، دەبێت كۆمەڵێك مەرج و تایبەتمەندی تیایاندا هەبێت، وەك (ژمارەی قەرەوێلەی نەخۆش، چەند نەشتەرگەری تیادا ئەنجام دەدرێت، هەروەها بوونی هۆڵی خوێندن، هۆڵی خوێندنی بەردەوام، هۆڵی گەورە بۆ پێشكەشكردنی كۆڕ و سیمینار، كتێبخانەی زانستی) و چەندین مەرجی دیكە، ئینجا لێژنە تایبەتەكەی ئەنجومەنەكەمان پەسەندی دەكات و دەبێتە سەنتەری ڕاهێنانی ڕاهێنراوان. راهێنراوانی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان خۆیان پزیشكن و نیشتەجێی دێرینن لە نەخۆشخانەكاندا، بەڵام ئەوان لە ژێر سەرپەرشتیی پزیشكی پسپۆڕ و خاوەن نازناوی زانستیی بەرز مەشق و ڕاهێنان دەكەن.
    * ئایا ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان (بۆردی كوردستانی) لەلایەن بۆردی عێراقییەوە ددانی پێدا نراوە؟
    - بەداخەوە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی فیدڕاڵی بە بیانووی ئەوەی نابێت لە وڵاتێكدا دوو بۆرد هەبێت، متمانەی (Accreditation) بە بۆردی كوردستانی نەداوە، ئەمە لە كاتێكدا ڕاهێنراوانی هەردوو بۆردی عێراقی و عەرەبیش لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان كە سەنتەری ڕاهێنانی بۆردی كوردستانین، مەشق و ڕاهێنان دەكەن، هەر لێرەش تاقیكردنەوە ئەنجام دەدەن، لە كاتێكدا بۆردی كوردستانی لە ڕووی خوێندن و ڕاهێنان و پڕۆگرامەكانی خوێندنەوە، قورسترە لە هەردوو بۆردی عێراقی و عەرەبی.
    * هیچ هەوڵێكتان داوە لە ئاستی وڵاتانی دەرەوە متمانە بۆ بۆردی كوردستانی وەربگرن؟
    - ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، ئەم كێشە گەورەیە ئەمساڵ لە سایەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پشتگیری جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ ئەم بوارە، توانرا هەنگاوی گرنگ بنێین و لەگەڵ «ئەنجومەنی پزیشكی ئوردنی -Jordan Medical Council» بگەینە لێكتێگەیشتنێكی زۆر باش لەسەر ئەم پرسە، لە 7 تا 14ی ئایاری ئەمساڵ 2022 شاندێكی ئەنجومەنی پزیشكی ئوردنی كە پێك هاتبوو لە چوار ڕاگری كۆلێژی پزیشكی، كە ئاستێكی باڵای كۆلیژەكانی ئوردنن، هاتنە كوردستان و سەردانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك)یان كرد، زۆر بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ نەخۆشخانەكان و سەنتەرەكانی ڕاهێنانی بۆردی پزیشكیی كوردستان كرد و، زۆر خاڵی گرنگیان بۆ دەستنیشان كردن، سەرەنجام توانرا متمانەی ئەنجومەنی پزیشكیی ئوردنی بۆ بۆردی پزیشكیی كوردستان وەر‌بگرین لە ڕووی سەنتەرەكانی ڕاهێنانەوە، ئەم هاوتاكردنەی بۆردی پزیشكی كوردستان بە ئەنجومەنی پزیشكی ئوردنی یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پشتگیرییەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بواری تەندروستی و خوێندنی باڵا لە كوردستاندا. بڕیاریشە بەم زووانە شاندێكی دیكەی پزیشكی ئوردنی بێت بۆ بەشداری لە تاقیكردنەوەی كۆتایی بۆردی پزیشكیی كوردستان.
    * كاردانەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەرامبەر ئەم متمانەپێدانە چی بوو؟
    - دداننەنانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی ناوەندی عێراق بە بڕوانامەی بۆردی پزیشكیی كوردستان، بیانوویەكە بۆ ئەوەی پسپۆڕی پزیشكی و پسپۆری وردی پزیشكیی لە كوردستان پێش نەكەوێت، لە ناو بۆردی عێراقیشدا ئەو هەموو پسپۆڕییە نییە كە پێویستمان پێیانە.
    ئێستا ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان 56 لقی پسپۆڕی جیاوازی هەیە، بۆیە پێویستمان بە بۆردێكی سەربەخۆ هەبوو، بۆ ئەوەی بەپێی پێداویستیی وڵاتی خۆمان كاری تیادا بكەین و پەرلەمانی كوردستانیش بڕیاری دامەزراندنی بۆ دەركرد، بۆردەكانی عێراقی و عەرەبیش دەزانن كە مەرج و ستاندەردەكان لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی ڕاهێنانی كوردستان هەیە، بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی بۆردی پزیشكیی كوردستان، خۆیان ڕاهێنراوەكانیان بۆ سەنتەر و نەخۆشخانەكانی ئێمە دەنێرن، تا ڕاهێنان تیایاندا ئەنجام بدەن، بۆیە متمانەپێنەدانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تەنیا بیانوو بووە و ناتوانێت هیچ كاردانەوەیەكی هەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كاتێك بۆردی پزیشكیی كوردستان هاوتا دەكرێت لەگەڵ ئەنجومەنی پزیشكی ئوردنی، ڕاستەوخۆ لەگەڵ بۆردی عەرەبیش هاوتا دەبێت، بۆیە عێراق هیچی پێ ناكرێت.
    سیاسەتی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان ئەوەیە پسپۆڕیی زیاتر بكاتەوە لە پسپۆڕییەكان و پسپۆڕی ورد و كارگێڕیی تەندروستی و ددان و دەرمانساز و ئابووری دەرمان، هەروەها بە نیازین بۆردی (پەرستار)یش بكەینەوە، بە نیازیشن پسپۆڕی (داد پزیشكی) بكەینەوە و، بۆ ئەو مەبەستە لە ڕووی لۆجیستییەوە هەماهەنگی لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەكەین، لە سەرووی هەموو ئەمانە ئێمە دەمانەوێت هەموو پزیشكان ببنە هەڵگری بڕوانامەی بۆردی پزیشكی كوردستان، تا بتوانن باشتر خزمەتی نەخۆشەكانی وڵاتەكەمان بكەن.

    * بۆ متمانەوەرگرتن تەنیا لەگەڵ وڵاتی ئوردن ئەو هەنگاوەتان ناوە، یان هەنگاو و هەوڵی دیكەشتان لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا هەیە؟
    - ئامانجی سەرەكیی ئێمە ئەوە بوو متمانە لە ئەنجومەنی پزیشكی ئوردنی وەربگرین، بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە ببێتە متمانەیەك لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، هاوكات لەگەڵ بۆردی پزیشكی میسری و سعوودی و ئیماراتیش هەوڵمان داوە و، ئێستا دەمانەوێت ئەم متمانەوەرگرتنە عەرەبییە بۆ متمانەوەرگرتنی نێودەوڵەتی بگۆڕین، بۆ ئەمەش سەردانێكی فەرمیم بۆ دوو زانكۆی ئەمریكی ئەنجام دا، كە بە فەرمی بانگهێشت كرابووم، لەوێ توانیمان لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش دروست بكەین و بڕیاریان دا نوێنەریان بۆ كوردستان بنێرن، تا نەخۆشخانەكانی كوردستان و سەنتەرەكانی ڕاهێنانی بۆردی پزیشكیی كوردستان ببینن، ئەوە بوو ڕێكەوتی 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ 2022 پزیشكێكی هاوەڵی بۆردی ئەمریكی سەردانی كوردستانی كرد و چووە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی ڕاهێنان لە هەولێر و دهۆك، بەڵام بە داخەوە بە هۆی بۆردومانی ئێران بۆ سلێمانی و كۆیە نەمانتوانی بیبەین بۆ سلێمانی و نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی ئەویش بەسەر بكاتەوە، لەم سەردانەدا باسمان لە (پزیشكیی فریاكەوتن) كرد و بە نیازین لەگەڵ زانكۆكانی (تێنیسی و پێنسیلڤانیا)ی ئەمریكی پڕۆگرامی خوێندن و ڕاهێنانی (پزیشكیی فریاكەوتن) دابڕێژین، هەروەها ڕێكەوتی 12ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵیش 2022 سەبارەت بە متمانەوەرگرتن لەگەڵ بۆردی ئەمریكی كۆبینەوە. جگە لەمە لە بەریتانیاش پەیوەندیمان لەگەڵ زانكۆكانی (NHS، London College Royal) لەو وڵاتەدا هەیە.
    * ئێوە وەك ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان پەیوەندیتان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان چۆنە؟
    - ئێمە لە ڕووی توانای مرۆیی پلانی ستراتیژیی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ دەكەین، لە هەمان كاتیشدا ڕاهێنراوەكانمان نیشتەجێی دێرینن و سەر بە وەزارەتی تەندروستین، هەر نەخۆشخانەیەك ڕاهێنراوی بۆردی تیادا بێت، ئەوە خزمەتی بەرز بە نەخۆشەكان دەكرێت.
    لە زۆربەی وڵاتان بۆردی پزیشكی دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە، بۆ نموونە ئەنجومەنی پزیشكیی ئوردن دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە و سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتەیە، ئێمەش لەو ڕوانگەیەی كە ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی كەسایەتییەكی ئەكادیمییە و سەرۆكی بۆردی زانكۆی ئەمریكییە لە دهۆك و لە وردەكاریی خوێندنی باڵا پسپۆڕە، بۆیە ئێستا هەوڵێكمان لەبەر دەستە كە یاسای ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان هەموار بكەینەوە و لەسەر بنەمای دەستەیەكی سەربەخۆی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دووبارە یاساكە دابڕێژینەوە.
    * بەرنامەی داهاتووتان بۆ پێشخستنی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕایەتییە پزیشكییەكان لە ئایندەدا چییە؟
    - بەرنامەیەكمان لە بەردەستە پێویستی بە زەمینەسازی و ئامادەباشییە، دڵنیام بگاتە بەردەستی جەنابی كاك مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیریی دەكات، ئەویش ئەوەیە متمانە بە هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی ڕاهێنان وەربگرین و هەموو نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی و تایبەتی بگرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو متمانەیە وەربگرین و بەدەستی بیهنین، ئەوا دەتوانین سەنتەرەكانی ڕاهێنان و نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەتیش بۆ خوێندن و ڕاهێنان بەكار بهێنن، بۆیە ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت و لەمەدا پشتگیریمان بكرێت، ئەوا پەیوەندییەكی هاوسەنگ لە نێوان نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دروست دەبێت، بە نیازیشین پڕۆگرامی پەرەپێدانی پیشەیی بەردەوام (CPD) بۆ هەموو كارمەندانی تەندروستی و پزیشكان و پزیشكی ددان و پزیشكانی دەرمانسازی و پەرستاری پەیڕەو بكەین و پەرەی پێ بدەین.
Top