بوونی كچ مایەی ڕزگاربوونە لە دۆزەخ

بوونی كچ مایەی ڕزگاربوونە لە دۆزەخ

 

كچ یەكێكە لە نیعمەت و خەڵاتەكانی خودای گەورە كە بە ژن و پیاوێكی دەبەخشێت دوای هاوسەرگیرییان، بۆیە زۆر گرنگە بزانین چۆن دەتوانین بە چاكەكردن لەگەڵیان مافی ئەو خەڵاتە گەورەیەی خودا بدەینەوە.
لە سەردەمی نەزانی لەناو عەرەب كچیان خۆش نەدەویست و بگرە ئەوەندە ڕكیان لێ دەبووەوە، تا دەگەیشتە ئەوەی دەیان كوشت و زیندەبەچاڵیان دەكرد و سزای ژنەكەشیان دەدا كە بۆ كچت بووە!
خودای باڵادەست دەفەرموێ:
قال الله تعالی: {وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالأُنْثَى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ * يَتَوَارَى مِنَ القَوْمِ مِنْ سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ أَيُمْسِكُهُ عَلَى هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ أَلَا سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ}(النحل الآية 58: 59).
واتە: كاتێك موژدەیان دەدا بە كەسێك كە كچی بووە، دەموچاوی ڕەش هەڵدەگەڕا لە تووڕەیی و خەفەت خواردن، لەبەر قسە و ناو وناتۆرەی خەڵكی كە دواتر بۆی هەڵدەواسن و پێی شەرمەزار دەبوو. لەسەر كوشتن و زیندەبەچاڵكردنی مندالی كچ تەنیا لەبەر ئەوەی كچە خودای گەورە دەفەرموێ: {وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ * بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ}(التكوير الآية: 8: 9) .
واتە: لە ڕۆژی دوایی لە منداڵەكە دەپرسن: بە چ تاوانێك كوژرای؟؟
‏قال رسول الله ‏‏ـ صلی الله علیه وسلم ـ‏: (مَنْ وُلِدَتْ له ابنةٌ فلم يئِدْها ولم يُهنْها، ولم يُؤثرْ ولَده عليها ـ يعني الذكَرَ ـ أدخلَه اللهُ بها الجنة) رواه أحمد.
واتە: پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێ: هەركەسێك كچێكی بوو، هیچ ئەزیەت و ئازاری نەدا و سووكایەتی و گاڵتەی پێ نەكرد و هەروەها كوڕەكەی لە سەروویەوە دانەنا (لە خۆشەویستی و گرنگی پێدان وبە گوێگرتن لێی و...هتد)، لە پاداشتیدا خودای گەورە دەیباتە بەهەشتەوە.
لەم فەرموودەیە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، لەناو عەرەب و سەردەمی نەفامی وجەهالەت، كچیان بە شێوەیەكی زۆر قێزەون لە ناو دەبرد، بۆیە هەر ئەوەندە بەس نەبووە كە نەكوژرێن و ئازار نەدرێن، بەڵكو نابێ لەگەڵ كوڕەكانیشتان هیچ جیاوازییان لە نێواندا بكەن، بگرە دەبێ لە هەندێ كات گرنگی زیاتریشیان پێ بدرێت. هەروەها نرخی ژیان و مرۆڤبوون بۆیان فەراهەم بكات و یەكسانی بۆ مرۆڤەكان بكات.
قال رسول الله ـ صلی الله علیه وسلم ـ: ( مَنْ عال جارتين (بنتين) حتى تبلغا، جاء يوم القيامة أنا وهو وضم أصابعه ) رواه مسلم ..
واتە: سەروەرمان (د.خ) دەفەرمووێ:
هەركەسێك دوو كچ بەخێو بكات تا گەورە دەبن (لە بەخێوكردن و خزمەتكردن و پەروەردەكردن و تا بە شوویان دەدات بە پیاوی چاك) ئینجا فەرمووی: من و ئەو كەسە لە ڕۆژی قیامەت ئەوهاین پێكەوە (ئاماژەی بە پەنچەی شەهادە و ئەوەی تەنیشتی كرد) كەواتە لەگەڵ پێغەمبەر(د.خ) دەبێت.
لە دایە عائیشەوە بۆمان گێڕدراوەتەوە، دەڵێن: جارێكیان ئافرەتێكی هەژار لە دەرگای ماڵی پێغەمبەری داوە و داوای هاوكاری كردووە، دایە عائیشەش خوای لێ ڕازی بێت، دەڵێت: دوو دەنكە خورمام پێ دا، ئەویش بەشی كرد لە نێوان هەر دوو كچەكەی. دواتر ئەو ڕووداوەی بۆ پێغەمبەر (د.خ) گێڕایەوە، ئەویش فەرمووی: بەو كارەی كردی، لە ئاگری دۆزەخ پارێزراو دەبێت.
قال رسول الله ـ صلی الله علی وسلم ـ: (ليسَ أَحَدٌ من أمتي يعولُ ثلاثَ بنات، أو ثلاثَ أخوات، فيُحْسِنَ إليهنَّ إلا كُنَّ لهُ سِترًا من النارِ ) رواه الطبراني
سەروەرمان (د.خ) فەرموێ: هەر كەسێك سێ كچ، یان سێ خوشك بەخێو بكات (بە جوانترین شێوە) ئیللا دەبێتە پەردە و حیجابێك لە نێوان كەسەكە و ئاگری دۆزەخ.
ئەوەی لەم فەرموودانا فێری بووین:
ئیمامی نەوەوی دەفەرموێ: بە نەرمونیانی و سۆز و خۆشەویستی كچ گەورەی بكەیت.
هەروەها كچەكەت هەست بە لاوازی و كەموكورتی نەكات لەبەرئەوەی كچه.
بوونی كچ مایەی ڕزگاربوونە لە دۆزەخ و نزیكبوونەوەیە لە بەهەشت و ڕەزامەندیی خودای گەورە.
هەروەها ئەوەنەش بەس نییە كە لە خواردن و جلوبەرگ هیچ كەمتەرخەمیت نەكردووە، دەبێ لە تەواوی ژیانیان شان بە شانی كوڕەكانت مافیان پێ بدەیت، وەكو:
١: كچان مافی خوێندنیان هەیە هەر وەك براكانیان، چی بۆ كوڕەكانت دەكەیت، دەبێ بۆ كچەكەشت بكەیت .
٢: كچ وەكو براكانی مافی شوفێری هەیە .
٣:وەكو براكانی مافی موڵكداری هەیە، ئەوەیش خاوەن ماڵ بێت.
٤: كچ وەكو براكانی مافی هەڵبژاردنی هاوسەری و ڕەتكردنەوەی هەیە، بە مەرجێك پیاوەكە كەسێكی خەراپ و تەڵەكەباز نەبێ .
٥: كچ وەكو براكانی پێویستە ڕاوێژی پێ بكرێت لە كاروباری ناوخۆیی خێزان و گوێ لە سەرنج و تێبێنیەكانی بگیرێت.
٦: مافی وەرگرتنی بەشە میراتی هەیە و نابێ تووشی شەرمە بكرێت و لە ترس و شەرم و عەیبە نەتوانێ بەشی خۆی وەربگرێت.
٧: لە سەردان و بەسەركردنەوە و هەواڵپرسین دەبێ وەكو كوڕەكانت حیسابی بكەیت.
خاڵێكی دی كە زۆر گرنگە ئەوەیە هەركوڕێك كە باڵغ بوو یان تەمەنی لە (١٨) ساڵ تێپەڕی، مافی بەخێوكردنی لەسەر دایك و باوكی نامێنێ و دەبێ خۆی هەوڵبدات، بەڵام كچ تەمەنی هەرچەندە گەورەش بێ، تا شوو نەكات مافی بەخێوكردنی لە سەر دایك و باوكیەتی.
نموونەیەكی زۆر ناشیرین لە ناو كۆمەڵگەكەمان هەیە، دەبینین باوكێك بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات بۆ خوێندنی كوڕەكەی لە زانكۆی بەرز و ئەهلی و پارەیەكی زۆر دەدات و واسیتەی دەكات بۆ دامەزراندن و سەیارەی بۆ دەكرێت و پارەی بۆ ڕوو دەكات، بەڵام بۆ كچەكەی كە لە براكە زیرەكترو بەتواناترە و بە ئەدەبتر و بێ كێشە و بێ مەسروفتریشە، باوكی لە قوتابخانەیەكی ئاسایی دایناوە و دەبێ بەپێ ڕێگایەكی دوور ببڕێت و بێ نازە و لە كۆتایی لەبەر عەیبە و پاراستنی شەرەف و نامووس كچەكی لە خوێندن بێبەش دەكات.
خەڵكێكی زۆر وا حاڵی بووە، ئەگەر كچەكەی كارێكی ناڕەوا بكات حەیا و ئابڕووی دەچێت، نازانێ بە كاری ناڕەوای كوڕەكەشی حەیا و ئابڕووی دەچێت و گرفتی زیاتریشی تووش دەبێت .
پێغەمبەری سەروەرمان (د.خ) هەركاتێك فاتیمەی كچی دەهاتەوە، لە بەری هەڵدەستایەوە و سەری ماچ دەكرد و لە جێی خۆی، یان لە تەنیشتی خۆی دایدەنا و قسە و گفتوگۆی لەگەل دەكرد و ڕێزێكی زۆر زۆری لێ دەگرت .
پیاوێكی بە تەمەن هەر كاتێك زاوایەكی دەهات بۆ لای، ڕێزێكی تایبەتی لێ دەگرت، ڕۆژێك كوڕەكان پرسسیان لە بابیان و گوتیان: ئەوەندەی ڕێز لە زاواكەت دەگری» ئەوندە ڕێز لە ئێمە ناگری. بابیشیان گوتی: لەبەر ئەوەی پارچەیەك لە جەرگی خۆم پێ داوە (مەبەستی كچەكەی خۆی بوو)، ئەو زۆر ڕێز لە كچەكەم دەگرێت، منیش ڕێزی زیاتری دەگرم، ئەمەش حۆشەویستیی باوكێكە بۆ كچەكەی لە دوای بەشوودانیشی .
عیمران و خێزانەكەی لە خۆشەویستی بۆ خودای گەورە نەزریان كرد ئەو كۆرپەیەی لە ڕێگایە كە بوو بیكەنە خزمەتكاری (بیت المقدس) بەڵام لە دوای لە دایكبوون كچیان بوو (مەریەمی پاكیزە) زۆر بێتاقەت بوون لەبەر ئەوەی لەو سەردەمە لێ نەدەگەڕان ئافرەت بچێتە پەرستگا و خزمەت بكات، بۆیە دایكی گوتی:
يقول تعالى: {إِذْ قَالَتِ امْرَأَتُ عِمْرَانَ رَبِّ إِنِّي نَذَرْتُ لَكَ مَا فِي بَطْنِي مُحَرَّرًا فَتَقَبَّلْ مِنِّي إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (35) فَلَمَّا وَضَعَتْهَا قَالَتْ رَبِّ إِنِّي وَضَعْتُهَا أُنْثَى وَاللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا وَضَعَتْ وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالْأُنْثَى وَإِنِّي سَمَّيْتُهَا مَرْيَمَ وَإِنِّي أُعِيذُهَا بِكَ وَذُرِّيَّتَهَا مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيم} [آل عمران: 35، 36].
دواتر خودای گەورە پاراستی مەریەم و چووە ناو بەیتولموقەدیس، هەروەها خودای باڵادەست موعجیزەیەكی پێ دا بە لە دایكبوونی حەزرەتی (عیسی عیلە السلام)
بەو پێوەرەی لە كۆمەڵگەی خۆمان دەبینین، ئەو سۆز و بەزەییەی لە لای كچ بۆ دایك و باوك هەیە، لە لای كوڕ نییە، زۆرێك لە دایك و باوكان لە لایەن كوڕەكانیان بەخێو ناكرێن و دەردەكرێن، بەڵام كچەكان دێن و خزمەتیان دەكەن، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر غەدری زۆریشیان لێ كردبێ، بۆیە هیوام وایە كەس لەبەر خاتری كوڕەكانی ستەم لە كچەكانی نەكات.

 

 

 


مەلا ڕەعـد نووری ئۆمەربلی

بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی

Top