كۆری زۆلی پڕۆفیسۆری یاسا و سیاسەتی ئەمن لە زانكۆی سیراكیوز بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاریگەریی قووڵی لەسەر ئاسایشی وزە و خۆراك دروست كردووە
كۆری زۆلی پڕۆفیسۆری یاسا و سیاسەتی ئەمنییە لە سكووڵی ماكس وێڵ لە زانكۆی سیراكیوز و، بەرپرسی بەشی توێژینەوەیە لە هەمان زانكۆ، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك: كێشە هاوچەرخەكانی پەیوەست بە هەڵگیرسان و بەرپابوونی جەنگ، هۆكار و دەرئەنجام و ڕەهەندەكانی كێشە و تەنگژە جیهانییەكان و ڕۆڵی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی لە پرسە پەیوەندیدارەكان بە قەیران و ناكۆكییە جیهانییەكاندا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە و ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانەی پێشبینی دەكرێت بێنەئاراوە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە پێشبینی گەشبینانە هەبوو لە بارەی باڵكێشانی ئاشتی بە سەر پەیوەندیی نێوان دەوڵەتاندا، بە چەشنێك كە باس لەوە دەكرا سیستمی لیبڕاڵی ڕۆژگارێك دەهێنێتەئاراوە كە تێیدا پشتبەیەكبەستنی ئابووری و پەیوەندی و ئاوێتەبوونی بازرگانی دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتان كەمتر بیر لە پەنابردنەبەر بەرپاكردنی شەڕ بكەنەوە، بەو پێیەی هەڵگیرسانی شەڕ دەبێتە هۆی لەباربردن و لە ناوبردنی بەرژەوەندییە بارزگانییەكان و وڵاتانیش جگە لە زیان هیچ دەستكەوتێكیان نابێت، بەڵام شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بووە هۆی ئەوەی پێداچوونەوە بەم پرسە بكرێت، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ڕەنگە من تا ڕاددەیەك لەگەڵ ئەو بۆچونەدا كۆك بم كە پێی وایە پەنابردنەبەر ڕێگاچارەی جەنگ زیاتر حاڵەت و دیاردەیەك بوو كە لە ڕۆژگار و سەردەمی كۆندا باو و بەربڵاو بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئەوە بوترێت كە لە ڕۆژگاری هاوچەرخدا ئەم حاڵەتە لە ئارادا نەماوە و وڵاتان بە یەكجاری كۆتاییان بە ئەگەری پەنابردنەبەر شەڕ هێناوە. دواتر ئەگەر ئێمە بمانەوێت تاوتوێی ئەم شەڕەی ڕووسیا و ئۆكرانیا بكەین، ئەوا ئەگەر لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە لەم پرسە بڕوانین، ئەوا ئاشكرایە كە پێشێلكارییەكی بنەڕەتی و حاشاهەڵنەگری ئەم یاسایەیە و ئەوەی ڕووسیا پەنای بۆ برد و درێژەی پێ داوە تا ئێستا بەرجەستەبوونی خواستێكی دەستدرێژكارانە و داگیركارانەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، ناكرێت وا وێنای ئەم جەنگە بكەین وەك ئەوەی ئەمە حاڵەتێكی دەگمەن بێت و هیچ هاوشێوەیەكی نەبێت لە هەلومەرج و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، ئەگەرچی بە بەراورد بە ڕابردوو، لەم سەدەیەدا حاڵەتی پەنابردنەبەر داگیركاری و دەستدرێژكاری و پێشێلكردنی سەربەخۆیی و سەروەریی دەوڵەتان كەمتر بووبێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ناكرێت ئاماژە بەوە نەكەین كە ئەمە پەرەسەندن و پێشهاتێكی گەورە بووە و وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕی بەرچاو لەخۆ دەگرێت لەسەر سەرجەم ئاستەكان. خاڵێكی دیكە كە شایستەی ئەوەیە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، ئەوەیە تا ئێستا نەتوانراوە ڕێكار و میكانیزمێك بۆ ڕاگرتن و كۆتاییهێنان بەم شەڕە و چارەسەركردنی بە شێوەیەكی ئاشتییانە بدۆزنەوە، بەتایبەتی كە ڕۆڵێكی كارای نەتەوە یەكگرتووەكان لەم ڕووەوە بەدی ناكرێت و بەرچاو ناكەوێت.
* هەروەك ئاشكرایە كە جیهانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە پاڵ ئەوەی هاوكارییەكی سەربازی و دارایی زۆریان پێشكەش بە وڵاتی ئۆكرانیا كردووە و هەر چەندە نەكەوتوونەتە شەڕێكی ڕووبەڕووی و ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕووسیادا، بەڵام چەندین سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سزایانە نەبووتە هۆی ئەوەی ڕووسیا بە جددی بە حیساباتی خۆیدا بچێتەوە و لە بارەی شەڕەكەوە گۆڕانكاری لە هەڵوێستی خۆیدا بكات، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ناكرێت بوترێت ئەم ڕێكار و ڕێوشوێنە سزاكارییانە بە سەر وڵاتی ڕووسیادا بێ ئاكام و بێ كاریگەر بوون. دواتر نابێت ئەوە نادیدە بگرین كە ئەگەر ئەم سزایانەش نەبووبێتنە هۆی ئەوەی ڕووسیا هەڵوێستی لەبارەی شەڕەكەوە گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتبێت، ئەوا كاریگەرییە ئابوورییەكانی ئەم شەڕە لەسەر وڵاتانی دیكەی جیهان تەواو هەستپێكراوە و قەیران و تەنگژەی سەختی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراكی دروست كردووە. بەتایبەتی ئەگەر ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە هەردوو ووڵاتی ڕووسیا و ئۆكرانیا هەناردەكارێكی گەورەی گەنمن. كەواتە ئێمە دەبێت لەو ڕەهەندەشەوە لەم پرسە بڕوانین كە ئەم شەڕە كاریگەریی قووڵی دروست كردووە لەسەر ئاسایشی وزە و ئاسایشی خۆراك و وڵاتە دوورەكانیش بەدەر نەبوون لەوەی پریشكی ئاگری ئەم شەڕەیان بەربكەوێت و بەدەر نەبوون لەوەی بەشی خۆیان باجی ئەم شەڕە بدەن. كەواتە ڕوونە كە هەرچەندە دوو وڵاتن لە حاڵەتی شەڕی ڕاستەوخۆدان، ئەوا بە حوكمی ئەوەی دوو وڵاتی گەورەن و هەناردەكاری گەورەی كاڵای گرنگن، ئەوا ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە ڕەهەندی جیهانییان وەرگرتووە، و ئەوەی جێی سەرنج و لەسەر ڕاوەستانە ئەوەیە كە هەوڵەكان لەسەر ئاستی جیهان بە چەشنێك نەخراونەتەگەڕ كە ببنە هۆی خاوكردنەوەی ڕەوتی شەڕەكە و كردنەوەی دەرفەت و دەروازەیەك بۆ ئەوەی دۆخەكە بە ئاراستەی چارەسەردا ببردرێت.
* هەر لە پەیوەندی بە سزاكانی سەر ڕووسیاوە كە باس لەوە دەكرێت سەرەڕای ئەوەی كە نرخی وزە هەڵكشاوە لەسەر ئاستی جیهان و ڕووسیاش داهاتێكی زۆرتری دەست دەكەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەكرێت ئابووریی ڕووسیا تووشی جۆرێك لە داكشان دەبێتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا لە ڕووی سەربازییەوە زیانێكی زۆری كردووە و بەم دواییەش پاشەكشەی كرد لە گۆڕەپانی شەڕەكەدا، ئایا پێت وایە دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە بەو چەشنە بوو كە ڕووسیا پێشبینی دەكرد، یان با بڵێین ڕووسیا لەم شەڕە چی چنییەوە؟
- ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ هەلومەرج و بارودۆخی پێش هەڵگیرسان، یان پێش بڕیاری ڕووسیا بۆ هەڵگیرساندنی شەڕەكە و پەنابردنەبەر داگیركاریی وڵاتی ئۆكرانیا، ئەوا دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە ڕووسیا هەمیشە ئەوەی دووپات دەكردەوە كە وڵاتەكەی سازش ناكات لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و لەم ڕووەوە دەبێت هەستیاریی ڕووسیا لەبەرچاو بگیرێت لە بارەی هەر هەوڵ و هەنگاوێك بۆ بەرفراوانكردنی ناتۆ بە چەشنێك كە بگاتە سنوورەكانی ڕووسیا. واتە لەم ڕێگەیەوە ڕووسیا هەوڵی دا كە پرسەكە پتر زەق بكاتەوە و بە چەشنێك بەكاری بهێنێت كە بتوانێت بیكاتە زەمینە و پاساوی بڕیارەكەی بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی كە خۆی ڕایگەیاندبوو. كەواتە ڕووسیا هەوڵی دا پرسەكە بەو چەشنە بخاتەڕوو كە پەیوەستە بە نیگەرانییە ئەمنییەكانی وڵاتەكەیەوە، یان دروستتر بڵێین پەیوەستە بە لەبەرچاونەگرتن و پشتگوێخستنی ئەم نیگەرانییە ئەمنییانەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵوێست و كردارەكانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كاریگەریی ئەم هەڵوێستانەیان لەسەر هێنانەئارای ئەم بارودۆخە و بڕیارەكەی ڕووسیا، ئەوا دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین كە بۆچوون و تێڕوانینێك لەسەر ئاستی جیهان دروست ببوو، كە چیتر ئەمریكا بە چەشنی ڕابردوودا ناتوانێت ئۆباڵی و بەرپرسیارێتی پەیوەست بە گرنگیدان بە پرس و كاروبارە جیهانییەكان بگرێتە ئەستۆ، واتە چیتر ناتوانێت، یان ئامادە نییە كاری پێویست بكات و هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو تەنگژە و مەترسی و كێشانەی ڕووبەڕووی جیهان بوونەتەوە. واتە ڕەنگە بتوانرێت بوترێت ئەم دید و تێڕوانینە كاریگەری هەبووبێت لەسەر حیسابات و لێكدانەوەی ڕووسیا، بەوەی شەڕ و داگیركارییەكەی لەم چەشنەی بۆ دەچێتە سەر. ئەوەی پەیوەست بێت بە بەدیهێنانی ئامانجەكانی ڕووسیا لە شەڕەكەوە، یان بڵێین بەدینەهێنانییانەوە. ئەوا ئەگەر لە ڕوانگەی ئامانجە بنەڕەتییە ڕاگەیەندراوەكەی ڕووسیا لەم پرسە بڕوانین، واتە بەرگرتن بە بەرفراوانبوون و بەهێزبوونی ڕێكخراوی ناتۆ، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەم شەڕە ئاكامی پێچەوانەی لێكەوتووەتەوە بۆ ڕووسیا، بە حوكمی ئەوەی ناتۆ بە یەكگرتوویی ماوەتەوە و چەند وڵاتێكی دیكە هەوڵی بوونە ئەندام لەو ڕێكخراوەدا دەدەن.