سـیـنـەمـای ژینگەیی ئاوێنەیەك بۆ پێشاندانی گرفتەكانی ئایندە
سینەمای ژینگەیی، یان فیلمە ژینگەییەكان بەشدارییەكی بەرپرسانەیە لە ناساندنی ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەسەر ئاو و هەوای جیهاندا هاتوون، گۆڕانكارییەك كە وەك ئاڵنگارییەكی نوێ ڕووبەڕووی مرۆڤایەتیی بووەتەوە، بەهۆی هەڵەی خودی مرۆڤ لە جۆری مامەڵەكردن لەگەڵ ژینگەو پێكهێنەرەكانیدا.
وەك لە نووسینە ژینگەییەكاندا پیت و وشە و ڕستەكان گوزارشت لە پرسی ژینگە دەكەن، لە سینەمای ژینگەییشدا فیلمە ژینگەییەكان لە ڕێگەی چاوی كامێراوە گوزارشت لە پرسی ژینگە دەكەن.
سینەمای ژینگەیی و فیلمە ژینگەییەكان ساڵانێكە لە ڕێگەی دەنگ و ڕەنگەوە پەیامێكی بەهێزی ژینگەیی وا دەگەیەنن، كە كامێرا دەتوانێت ببێتە چاوی سرووشت و، گۆڕانكارییەكانی ژینگە و ئاووهەوا تۆمار بكات.
سینەمای ژینگەیی، یان فیلمە ژینگەییەكان، یان سینەمای سەوز، دەروازەیەكن بۆ:
یەكەم: ئاشنابوون بە زانیارییەكی گشتگیر بە باسەكانی ژینگە.
دووەم: دروستكردنی ڕایەكی گشتی لەبارەی ئەو ڕاستییانەی كەم كەس ئاگاداریانن.
سێیەم: بوارێكی گونجاوە بۆ دەرخستنی توانا ژینگەییە شاراوەكان و داهێنان لەسەر ئاستی تاكە كەس.
چوارەم: هەوڵێكە بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتی پیسكردن و تێكدانی ئیكۆسیستم و هەمەجۆریی بایۆلۆجی و سامانی سرووشتی.
پێنجەم: دووبارە داڕشتنەوەی بیركردنەوەی تاك و كۆمەڵگە بەپێی بنەماكانی هاووڵاتیبوونی ژینگەیی.
شەشەم: هۆشیاریی ژینگەیی لای هاووڵاتیان جێگیر دەكەن و بەرپرسان و كاربەدەستانیش لە زۆرێك لە كێشە دیار و نادیارەكانی ژینگە ئاگادار دەكەنەوە.
حەوتەم: خێراترین هۆكارن بۆ گەیاندنی بیرۆكەكان بە بینەر و كارتێكردن لە تاك و، هاندانیان بۆ گۆڕینی هەڵسوكەوت و ڕەفتاریان.
هەشتەم: توانای جەماوەر دەگۆڕن بۆ هێزێكی فشار لەسەر بەرپرسان، بۆ ئەوەی ڕێكارە ژینگەییە دروستەكان بگرنە بەر، بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە.
نۆیەم: هۆكارێكن بۆ كۆكردنەوەی تاكەكان لە بۆتەی كاری هاوبەش و خۆبەخشانەدا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی لە كۆمەڵگەدا.
دەیەم: دەرخستنی ڕۆڵی پیشەسازیی سینەما لە زیادكردنی پیسكردنی ژینگە لە ڕێگەی كارە دژ بە ژینگەییەكانی بەهەمهێنەر و دەرهێنەرانی فیلمە سینەماییەكان، وەك ئەوەی لە دەرهێنانی زۆربەی فیلمەكاندا ڕووناكییەكی زۆر و دروستكردن و تێكدانی شوێنی وێنەگرتن و دیكۆری كاتی و چاپكردنی سەدان دانە لە كۆپیی دەقەكان و خواردنی ڕۆژانەی ستاف و گەرمكردنەوە، یان ساردكردنەوەی شوێن و، تەقەمەنی و تەقاندنەوە و ئاگركردنەوە و دووكەڵ و بەكارهێنانی لە ڕاددەبەدەری هۆكارەكانی گواستنەوە و بڕینەوەی درەخت و سووتانی دارستان و پیسكردنی ڕووبار و ئازاردانی ئاژەڵ و .. هتد.
فیلمە ژینگەییەكان لەسەر ئاستی جیهان چەند ساڵێكە سەرەتایەكیان دەست پێ كردووە، بەڵام هێشتا بەراورد بە ئەو فیلمانەی كە باس لە كێشەكانی دیكە دەكەن، زۆر كەمن، بێگومان ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە:
یەكەم: كەمتەرخەمیی دامەزراوە گشتی و تایبەتەكان لە ئاوڕدانەوە لە باسەكانی ژینگە.
دووەم: سینەما بە شێوەیەكی گشتی پارە و بودجەیەكی زۆری دەوێت.
سێیەم: بەرهەمهێنەرانی فیلم بایەخپێدانی یەكەمیان بەو فیلمانەیە كە پارەی زۆریان بە خێرایی بۆ پەیدا دەكەن، نەك بەو فیلمانەی كە باس لە كێشە و گرفتی دوورمەودای وەك ژینگە دەكەن.
چوارەم: نەبوون، یان كەمیی كەلتووری بەرهەمهێنانی سینەمایی ژینگەیی.
پێنجەم: لاوازیی سینەمای ژینگەیی لە ڕووی ژمارە و جۆری فیلمەكان و لە ڕووی كەمیی بینەرانیەوە.
بۆیە لە پێناوی دەستكردن بە دانانی بنەمایەك بۆ هێنانە ئارای سینەمای ژینگەیی و فیلمە ژینگەییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، چەند هەنگاوێكی سەرەتایی پێویستن هەرچەندە بچووكیش بن، لەوانە:
یەكەم: ئەنجامدانی پێشبڕكێی ساڵانە بۆ كورتە فیلمی ژینگەیی.
دووەم: پێویستیی هەبوونی بەشی فیلمە ژینگەییەكان لە هەر فیستیڤاڵێكی سینەماییدا.
سێیەم: دەربازبوون لە كۆتوبەندی چەند بارەكردنەوە و كەلتووری خۆڕادەستكردن بە گرفتەكان.
چوارەم: جەختكردنەوە لەسەر ئامادەكردنی ئەو فیلمە ژینگەییانەی كە دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانە بۆ گرفتەكان دەخەنە ڕوو.