هەشتەمین دیداری شانۆی كوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو

هەشتەمین دیداری شانۆی كوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو

هەشتەمین دیداری شانۆی كوردیی یۆتۆبۆری بە هەوڵی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی نێودەوڵەتی یۆتۆبۆری Internationella Sköna Konster، بە دروشمی بەسە ژن كوشتن لە كوردستان و، بە نمایشی شانۆگەریی (مەرگی ئاو) كاتژمێر شەشی ئیوارەی رۆژانی 19 و 20ی ئاب لە شانۆی دراماتیكی گۆتێبۆڕگ Dramatiska teateri Göteborg لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

مەنسوور جیهانی

ئەم شانۆگەرییە بەرهەمی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی یۆتۆبۆری، لە نووسینی یەڵدا حوسێن و لە دەرهێنانی بەكر رەشیدە كە تیایدا كامەران كەمال و ئەرینا محەمەدی رۆڵی سەرەكی دەگێڕن، هەروەها كاری دیزاینی دیكۆری لە لایەن هونەرمەندی شێوەكار ئەحمەد نامۆ بۆ ئەنجام دراوە و، ئاسۆ دیلان هونەرمەندی موزیكزانی كوردی دانیشتووی وڵاتی سوید، بە ژەنینی ئامێری عوود تیایدا بەشداریی كردووە.
شانۆگەریی مەرگی ئاو لە لایەن هۆگرانی هونەری شانۆ و هەروەها ئامادەبووانەوە پێشوازییەكی باشی لێ كرا، بە شێوەیەك كە بەرپرسانی هەشتەمین دیداری شانۆی كوردیی یۆتۆبۆری ئیزنیان دا كە لە هەر ڕۆژە و دوو جار ئەم شانۆگەرییە نمایش بكرێت، واتە لە دوو رۆژی دیداردا چوار جار نمایش كرا.
ئەم شانۆگەرییە لە ڕووداوێكی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە، كە لەم ساڵدا لە شاری هەولێر ڕوویدا كە (ماریا سامی) بەداخەوە بە دەستی كەسوكارەكەی كوژرا.
دیداری ئەمساڵی شانۆی كوردیی یۆتۆبۆری بە سەرۆكایەتی بەشی هونەریی عیزەت ڕەئووف و هەروەها بە سەرپە‌ڕەشتی سەرۆكی كۆمەڵە شەماڵ ئیبراهیم و بەرپرسی ئیداری دیدار محەمەد تۆفیق و بەشی تەكنیكی ڕووناكی و دەنگ لە لایەن نەوزاد باهیر بەڕێوە چوو.
كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان لە خۆئامادەكردندایە بۆ سازدانی نۆیەمین دیداری فیلمی كوردیی یۆتۆبۆری كە لە رۆژانی 26 و 27ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە هۆڵی سینەمایی فۆڵكت هیووس (Fulket Hus) لە ناوچەی هەمەركۆڵەن (Hammarkullen) لە شاری یۆتۆبۆری بەڕێوە دەچێت، هەر لێرە لە هەموو فیلمسازانی كورد داوا دەكات كە پێیان خۆشە نوێترین بەرهەمەكانی خۆیان، بۆ ئەم رووداوە سینەماییە بنێرن.
بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen
راگەیاندنی گشتیی هەشتەمین دیداری شانۆی كوردی یۆتۆبۆری.

هەشتەمین دیداری شانۆی كوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو
Top