كریستۆفەر فێتەوێس پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی تۆلەین بۆ گوڵان:   ئامانجێكی مانادار لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا بەدی ناكرێت

كریستۆفەر فێتەوێس  پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی تۆلەین بۆ گوڵان:     ئامانجێكی مانادار لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا بەدی ناكرێت

 

 

كریستۆفەر جەی فێتەوێس پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلەین، تایبەتمەند و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك سیاسەت و ستراتیژیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەكی كۆمەڵكوژ، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆیەكی بەناوبانگ و ئاستبەرزی وەك زانكۆی جۆرج واشنتۆن و زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوە و كتێبە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە تیشكخستنەسەر پەرەسەندن و پێشهاتەكان و ئاقار و ئاراستەی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و چەند پرس و بابەتی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە مشتومڕێكی زۆر لە بارەی هۆكاری هەڵگیرسان و پاڵنەرەكانی بەرپابوونی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، یان بڵێین بڕیاری ڕووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا كراوە، بەڵام لە ئێستادا واقیعەكە ئەوەیە كە ئەم شەڕە درێژەی كێشاوە و پێ ناچێت لە ئایندەیەكی نزیكدا چارەسەرێك لە ئارادا بێت، یان ئاگربەستێك لە ئاسۆدا دەركەوێت، ئایا ئێوە چۆن لە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكەی دەڕوانن و پێتان وایە ڕەوت و ئاراستەی شەڕەكە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات؟

- ئەوەی لەم بارەوە دەتوانم ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە چۆنیەتی بیركردنەوەی ڕووسیا بۆ من جێی سەرسوڕمانە، لە ڕاستیدا هەر خۆی لە خۆیدا كارێكی دژوار و پڕ لە زەحمەتییە بتوانین لە چۆنیەتیی كاركردن و هەڵسووڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان تێ بگەین، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی دەرەوەی ڕۆژئاوا. كەواتە ئەگەر بمانەوێت لەم ڕوانگەیەوە هەوڵی وەڵامی پرسیارەكە بدەینەوە، ئەوا دەكرێت باس لەوە بكەین كە ئاسان نییە بتوانین ئەوە یەكلا بكەینەوە كە سەرۆكی ڕووسیا چۆن بیر دەكاتەوە و لەسەر چ بنەما و بناغەیەك بڕیار دەدات و هەڵوێست وەردەگرێت. دواتر بە تێڕوانینی من ئەم شەڕەی ڕووسیا بەرپای كردووە بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا هیچ لۆژیكێك لە خۆناگرێت و هەڵگری هیچ مانایەك نییە، درێژەكێشانی شەڕەكەش بۆ ئەوە ماوەیە ئەو ڕاستییەی خستەڕوو كە ئامانجێكی مانادار لەم شەڕەدا نییە و ئەوەی هاتووەتە ئاراوە تەنیا كاولكاری و وێرانكاری و تێكچوونی بارودۆخەكەیە. لەوەش زیاتر، نابێت ئەوە نادیدە بگرین كە سەپاندن، یان گرتنەبەری ئەو هەموو ڕێكار و ڕێوشوێنە سزاكارییانەی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەپاندوویانە بە سەر ڕووسیادا، پێمان دەڵێت ئەم شەڕە چ بێ ماناییەك لەخۆ دەگرێت. پێشتر زۆر باس لەوە دەكرا كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین كەسایەتییەكە كە لەسەر ئاستی ستراتیژی بیر دەكاتەوە و بڕیار دەدات و هەڵسوكەوت دەكات و هەموو تاكتیكەكانیشی خزمەت بە ئامانجە ستراتیژییەكانی دەكات، كەچی ئەم شەڕەی ڤلادمیر پوتین بەرپای كردووە، جگە لە گەمژەیی هیچ وەسف و پێناسەیەكی دیكە هەڵناگرێت.

* باشە ئەگەر ئەم شەڕە ئەو هەموو بێ ماناییەی لەخۆ گرتبێت و تەنیا خراپبوونی زیاتری دۆخەكە و كوشتار و كاولكاری لێ كەوتبێتەوە، ئایا ڕەوا نییە پرسیاری ئەوە بكەین بۆچی لە بنەڕەتدا بڕیارێكی لەم چەشنە درا و ئەم شەڕە بەرپا كرا؟ بە دەربڕینێكی دیكە دەبێت چۆن لەم شەڕە تێبگەین و ڕەهەندە و ڕایەڵەكانی لێبك بدەینەوە، بە تایبەتی كە زۆرجار باس لەوە دەكرا كە چیتر پەنابردن بۆ شەڕ لەم سەردەم و ڕۆژگارەدا بژاردەیەكی خوازراو نییە؟

- ڕەنگە بۆ تێگەیشتن لە هۆكار و پاڵنەرەی شەڕەكە ئەو لێكدانەوە و شرۆڤەیە ڕاست بێت كە دەڵێت سەرۆك پوتین تووشی هەڵەی حیسابات بووە و لە لێكدانەوەی بۆ دەرئەنجام و درێژەكێشانی شەڕەكە ئامانجەكەی نەپێكا، چونكە باس لەوە دەكرا كە پوتین باوەڕی وابوو بە چەشنێكی خێرا دەتوانێت شەڕەكە بۆ قازانج و بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە، هێندە خێرا كە بوار و كاتی ئەوە نامێنێتەوە كە جیهانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بتوانن كاردانەوەیەكی دژبەرانە بەرامبەر بە ڕووسیا بگرنەبەر. لە هەمان كاتدا ڕەنگە ڕووسیا پێی وابێت دەتوانێت گرەوی شەڕەكە لە پەیوەندی بە بەكارهێنانی نەوت و غازەوە بباتەوە، مەبەستم ئەوەیە لەوانەیە ڕووسیا پێشبینی ئەوەی كردبێت كە ئەوروپا ناتوانێت دەستبەرداری نەوت و غازی ڕووسیا بێت و لە كۆتاییدا ئەوروپا پشت لە ئۆكرانیا دەكات و دەست لە بەرژەوەندییەكانی خۆی هەڵناگرێت بۆ خاتری ئەو وڵاتە. خاڵێكی دیكە ئەوە بوو كە ڕووسیا گرەوی لەسەر هێزە سەربازییەكەی دەكرد، بەڵام دواتر و لە ئێستاشدا ئەو ڕاستییە دەركەوت كە ئەو گەندەڵییەی ڕووسیای گرتووەتەوە كاریگەری نەرێنی و لاوازكاری لەسەر ئەدای سوپای ڕووسیا هەبووە.

* ئێوە پێشتریش باستان لەو ڕێكارە ئابووری و داراییانە كرد كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گرتوویانەتەبەر بۆ سزادانی ڕووسیا، لە هەمان كاتدا لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە هاوكارییەكی گەورە و بەرچاوی ئۆكرانیا دەكەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە تاوەكو ئێستا ئەم سزایانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا ناچار بە پێداچوونەوە بە هەڵوێست و بڕیارەكانیدا بكات، بە چەشنێك كە سەربكێشێت بۆ ڕاگرتنی شەڕەكە، یان گەیشتن بە چارەسەر و ڕێككەوتنێك، كەواتە ئێوە چۆن لە كاریگەری و كارایی ئەم سزایانە دەڕوانن؟

- گومانی تێدا نییە كە ناتوانرێت نكۆڵی لەوە بكرێت كە ئەم سزایانە دەرئەنجام و دەرهاویشتەیان هەبووە لەسەر ئابووریی ڕووسیا، ئەگەرچی ئابووریی ئەم وڵاتە بەرەو داڕووخانیش نەچووبێت، ئەوا تووشی داكشان دەبێتەوە، ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە كە بۆچی كاریگەری و دەرهاویشتەی خوازراویان لێ نەكەوتووەتەوە. لێرەدا دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین كە ئەم سزایانە لەلایەن تێكڕا، یان زۆربەی دەوڵەتانی جیهانەوە نەسەپێندراون، بەڵكو چەند وڵاتێكی دیاریكراون كە بەشدارییان كردووە لە سەپاندنی ئەم سزایانە بەسەر ڕووسیادا. هەر ئەمەش وای كردووە كە ڕووسیا بتوانێت بە ڕاددەیەكی باش خۆی لە كاریگەریی ئەم سزایانە ڕزگار و دەرباز بكات. خاڵێكی دیكە، یان هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە كاریگەریی سزاكان ڕاستەوخۆ نین و دەستبەجێ دەرناكەون، واتە كورتخایەن نین، بەڵكو مەودایەكی دووریان دەوێت بۆ ئەوەی ئاكامی چاوەڕوانكراویان لێ بكەوێتەوە. هەرچۆنێك بێت، گرتنەبەری ئەم شێوازە- مەبەستم لە سەپاندنی سزایە بەسەر ڕووسیادا- باشترە لە بژارەی شەڕێكی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕووی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا، یان ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

* وەك دەوترێت لە ئێستادا ڕكابەری سەرەكی و بنەڕەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بریتییە لە چین كە هێزێكی هەڵكشاوی ئابووری و سەربازییە، ئایا پێت وانییە لە ئێستادا سەرقاڵبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەم شەڕەوە و ئەو كێشە و تەنگژانەی پرسی وزە ڕووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا- كە هاوپەیمانی ئەمریكان- كردووەتەوە، نەبووەتە هۆی ئەوەی كە چین لەم هەلومەرجەی هاتووەتە ئاراوە سوودمەندی سەرەكی بێت؟

- لە ئێستادا ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە چین خۆی بە دوور نەگرتووە لە ڕووسیا و بگرە درێژەی بە پەیوندییە ئابوورییەكانیشی داوە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، سەرەڕای ئەوەش ڕەنگە نەتوانین بڵێین ئەم بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە و ئەم شەڕەی درێژەی كێشاوە بە چەشنێكی سەرەكی لە بەرژەوەندیی وڵاتی چینە. هەر چۆنێك بێت، من دەمەوێت وەڵامەكەم گرێ بدەمەوە بە پرسی پێشووی پەیوەست بە سزاكانەوە، لەم ڕەووەوە دەتوانم بڵێم ئەگەر چینیش شان بە شانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەشداری بكردایە لە گرتنەبەری ڕێكارە سزاییەكان دژ بە ڕووسیا، ئەوا دەكرا ئەم سزایانە دەرئەنجام و ئاكامی گەورەتر و بەرچاوتریان لێ بكەوتایەتەوە، بە چەشنێك كە ڕەنگە بتوانرێت بوترێت كاریگەرییان لەسەر هەڵوێست و حیساباتی ڕووسیا دەبوو.

* هەروەك ئاشكرایە كە شەڕە سەرئێشە و كێشەی گەورەشی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دروست كردووە، كە شەپۆلێكی گەورەی پەنابەرانی ئۆكرانیا ڕوویان لەو وڵاتانەدا كردووە و لە هەمان كاتدا بەرزبوونەوە و هەڵكشانی نرخی غاز و نەوتیش سەرچاوەیەكی دیكەی كێشە و نیگەرانییە بۆ ئەم وڵاتانە، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و ئایا ئەم دۆخە چ گۆڕانكارییەك لە حیساباتی ئەمنی و وزەی ئەوروپادا دروست دەكات؟

- ئەوە ڕاستە كە وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت هاوكاریی ئۆكرانیا بكەن بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات و بەرهەڵستیی داگیركارییەكە بكات، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە ئەم وڵاتانە بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان هەیە كە دەیانەوێت پارێزگارییان لێ بكەن. هەرچۆنێك بێت ڕەنگە بتوانین بڵێین كە وڵاتانی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا كارێكی باشیان نەكرد لە ڕابردوودا كە بە ڕاددەیەكی گەورە خۆیان وابەستە كرد بە پشتبەستن بە هاوردەكردنی نەوت و غازی ڕووسیاوە، دەرئەنجامەكەش ئەوەیە كە لەوانەیە ئەم وڵاتانە بە ئاسانی نەتوانن بە یەكجاری دەستبەرداری هاوردەكردنی وزە بن لە ڕووسیاوە.

* پێت وایە تا چ ڕاددەیەك ئەم شەڕە ڕووسیای خستووەتەبەر بارێكی گۆشەگیری و دابڕانی نێودەوڵەتییەوە، بە چەشنێك لە بری ئەوەی پێگەی ڕووسیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێز بێت، ئەوا پێگەی ئەم وڵاتە بەرەو پاشەكشە چووە؟

- ئەگەر ئێمە لەو ڕوانگەیەوە لەم پرسە بڕوانین كە وڵاتان، بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ و كۆششەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی خۆیان بە دوور بگرن لە پشتبەستن بە هاوردەكردنی نەوت و غازی ڕووسیا، ئەوا دەرئەنجامەكەی بریتی دەبێت لە لاوازبوونی ڕووسیا، لە هەمان كاتدا نابێت ئاماژە بەوەش نەكەین كە ئەدای لاوازی سوپای ڕووسیاش كاریگەریی نەرێنی خۆی هەبووە لەسەر پێگەی ئەو وڵاتە، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە، ئەوا بەڵێ پێگەی ڕووسیا تووشی لاوازی بووەتەوە.

Top