سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شۆڕشی ئه‌یلوول په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شۆڕشی ئه‌یلوول په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شۆڕشی ئه‌یلوول په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا داوای هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كده‌نگی هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌كات، له‌پێناو داكۆكیكردن له‌ پاراستنی مافه‌ ده‌ستووریی و ده‌ستكه‌وته‌ نیشتمانییه‌كان.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 11/9/2022، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی به‌رپابوونی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "ئەمڕۆ یادی گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. ئەم شۆڕشە،وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازییەکانەوە، بە سەرکردایەتی ڕابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، "یەکێک لە گرنگترین و بەهادارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، یەکڕیزیی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان بوو، کە بەهۆی خۆڕاگریی و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان، دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕەواکانی دا بنێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار.
هەروەها گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەمو هاووڵاتییانی کوردستان".

له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانیدا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "ئەمڕۆ کە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە پێناو داکۆکیکردن و پاراستنی مافە دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان، کە خەڵکی کوردستان، دەیان ساڵە لە پێناویاندا خەبات دەکات و قوربانییەکی زۆری داوە".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاندووه‌، " لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی ئەو شۆڕشە مەزنەی گەلی کوردستان دەکەینەوە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان".

Top