كریستین حوری: پێویستە ئافرەتانی كورد تەنیا گرنگی بە روخساریان نەدەن

كریستین حوری: پێویستە ئافرەتانی كورد تەنیا گرنگی بە روخساریان نەدەن

كریستین حوری یەكێكە لە نمایشكارە سەركەوتووەكانی وڵاتی لوبنان، كە لە تەمەنێكی زوودا توانی شوێنی خۆی لە نێو نمایشكاراندا بكاتەوە، جگە لە كاری نمایشكاری لە چەندین كلیپی هونەرمەندە ناسراوەكانیشدا بەشداری كردووە، هەروەها توانی نازناوی شاجوانی كچە نمایشكارەكان بە دەست بهێنێت.
كریستین سەبارەت بە نواندن دەڵێت: «پێشتر بەشداریم لە چەند كارێكی نواندندا كردووە، لەوانە زنجیرە درامایەكی لوبنانی، بەڵام ماوەیەكە گرنگی زیاتر بە بواری نمایشكاری دەدەم و لە نواندن دوورم، چونكە ئەو رۆڵانەی كە پێشكەشم كراون تا ئێستا رۆڵی لاوەكی بوون، منیش حەز دەكەم ئەو رۆڵەی كە دەیبینم رۆڵێكی سەرەكی و گرنگ بێت، دەبێت ئەو رۆڵە لە ئاستی ئەو نازناوەدا بێت كە من لە بواری مۆدێل بەدەستم هێناوە، نەك ببێتە هۆی ئەوەی لە بەهای نازناوەكە كەم بكاتەوە».
كریستین چەند جارێك سەردانی كوردستانی كردووە، لە بارەی ئافرەتی كورد دەڵێت: «ئامۆژگاری سەرەكیم ئەوەیە كە پێویستە ئافرەتانی كورد تەنیا گرنگی بە لایەنی دەرەوە و روخساریان نەدەن، بەڵكو جوانیی نێو ناخی مرۆڤ پێویستە گرنگیی پێ بدرێت، چونكە ئافرەتی كورد میهرەبانە ودەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر بكات، ئافرەتی كورد قوربانییەكی زۆری داوە سەبارەت بە بواری مۆدە و جوانكاری و هونەریش، دیارە لەم رووەوە هەنگاوی زۆر باشی ناوە، بەتایبەتی لە گرنگیدان بە ماڵ و خێزانی خۆی، بۆیە شایەنی ستایش و رێزگرتنن.»

Top