ڕاپەڕین دەرفەت و ئاستەنگەكان به‌داخه‌وه‌ دواي 1996 كوردستان بووه دوو زۆرن و دوو ئيداره‌

ڕاپەڕین  دەرفەت و ئاستەنگەكان به‌داخه‌وه‌ دواي 1996 كوردستان بووه دوو زۆرن و دوو ئيداره‌

 

 

لە دامەزراندنی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

تا بڕیاردانی ئەمریكا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن

 

بەشی سێیەم

 

به‌راستی رێككه‌وتێكی سه‌یر بوو ، گه‌وره‌ترین شۆڕش  له‌ مێژووی گه‌لی كوردستاندا له‌ 11ی ئه‌یلولی 1961 هه‌ڵگیرسا، بۆیه‌ مانگی ئه‌یلوول گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی بۆ گه‌لی كوردستان هه‌یه‌ . هه‌ر له‌ ساڵی 2001 ه‌وه‌ 11ی ئه‌یلوول رۆژێكی هێجگار گرنگه‌ له‌ مێژووی ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت له‌ مێژووی تازه‌ی هه‌موو جیهاندا و دیمەنە‌كانی ئه‌و رۆژه‌ هه‌رگیز له‌ یاد ناچنه‌وه‌.

 

پلانی ئازادكردنی شاری هەولێر لە 31ی ئابی 1996، بۆ ئەوە نەبوو كە هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بچنە سلێمانی و تەواوی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكەن و، ڕێككەوتنەكەش هەر بەو جۆرە كرابوو كە هێزەكانی پارتی نەچنە پارێزگای سلێمانی، بەڵام دوای ئازادكردنی شاری هەولێر، هێزەكانی یەكێتی بە جۆرێك داڕووخان و لە بەریەك هەڵوەشان كە هیچ كەسێك مەزندەی نەدەكرد، تەنانەت ئەو هێزەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە لە هەڵەبجە بوون و فەرمانیان پێ كرابوو كە هیچ جووڵەیەك نەكەن، لە سلێمانییەوە هەواڵیان بۆ چوو كە هێزەكانی یەكێتی هەموو ناوچەكانیان بە سلێمانییەوە چۆڵ كردووە و گەیشتوونەتە سەر سنووری عێراق – ئێران لە خاڵی سنووری «سەیران بەن»ن، بەمشێوەیە هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجەوە هاتنەوە بۆ سلێمانی و تەواوی هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان.

سەرۆك بارزانی لە بەرگی پێنجەمی كتێبەكەیدا «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد – ڕاپەرین، دەرفەت و ئاستەنگەكان»، لەسەر ئەم قۆناخە هەڵوەستەی كردووە و ئاماژەی بەوە كردووە، پلان و ڕێككەوتنمان تەنیا بۆ ڕزگاركردنی شاری هەولێر بوو، نەك چوونی هێزەكانمان بۆ سلێمانی، بەڵام كە هێزەكانی یەكێتی لە هەموو بەرەكان داڕووخان و بەرەو سنووری ئێران ڕۆیشتن، هێزەكانی پارتی لە هەڵەبجە بە بێ فەرمان هاتنە ناو شاری سلێمانی و، دواتر هێزەكانی میحوەری دووكانیش بەرەو سلێمانی بەڕێ كەوتن و لە ناو سلێمانی هەر دوو هێزەكە یەكیان گرتەوە.

بێگومان یەك دەسەڵات و یەك حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان جێگەی خۆشحاڵی و ڕەزامەندیی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان نییە، هەر بۆیە سەدام حوسێن لە ڕۆژی 10ی ئەیلوولی 1996 « مانع عەبدولڕەشید بەڕێوەبەری موخابەراتی عێراق « دەنێرێتە تاران و پاش ئەم سەردانەش «محەمەدی جێگری ئیتیلاعاتی ئێران» سەردانی بەغدا دەكات و لەسەر ئەوە ڕێك دەكەون كە هەرگیز نابێت هەموو كوردستان بكەوێتە دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئێران و عێراق سەرقاڵی ئەو پیلانە بوون كە بە هەر نرخێك بێت، دەبێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان بگەڕێندرێتەوە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پاشەكشە پێ بكەن بۆ سنووری خۆی، بەڵام لەم هەلومەرجە دژوارەدا پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقاڵی ئەوە بوو كە جارێكی دیكە حكومەت لە كوردستان دەست بە كارەكانی خۆی بكاتەوە، بۆ ئەمەش پەرلەمانی كوردستان دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 3ی ئەیلوولی 1996 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ كردەوە و شەرعییەتی بۆ خۆی گێڕایەوە، دواتر لە كۆبوونەوەیەكی دیكەدا د.ڕۆژ نووری شاوەیسی ڕاسپارد بۆ ئەوەی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت كە حكومەتێكی بنكەفراوان بوو، بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان و بزووتنەوەی كلد و ئاشووری و چەند كەسایەتییەكی بێلایەنیشی تێدا بوو، وەك «د.شەفیق قەزاز، حسێن شنگالی» و دوای ماوەیەكی كورت كابینەی سێیەم متمانەی پەرلەمانی وەرگرت و سەرقاڵی دووبارە ڕێكخستنەوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بوون بۆ هەموو كوردستان.

سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا زۆر ڕاشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە، كاتێك ئێران و عێراق بە تەواوەتی لەسەر ئەوە ڕێككەوتبوون كە دەبێت پارتی لە قاڵب بدرێت، هەواڵی ئەوەی بۆ چووە كە «هێزەكانی پارتی لە سلێمانی تووشی لەخۆباییبوون و بێدیسپلینی ببوون و، شیرازەی ڕێكخستن و پابەندبوونیان لە ناودا نەمابوو». هەر ئەم مەبەستە سەرۆك بارزانی بڕیار دەدات سەردانی سلێمانی بكات و ڕۆژی 4ی تشرینی یەكەمی 1996 كاتێك دەچێتە سلێمانی و بارودۆخەكە دەبینێت، بۆی دەردەكەوێت هەموو ئەو هەوڵانەی پێی گەیشتوون، ڕاست بوون، بەتایبەتی كە سەردانی بەرەی هێزی پێشمەرگەی لە ناوچە سنوورییەكان كردووە، ئەو واقیعەی بە ڕوونتر بینیوە، هەر بۆیە ڕاشكاوانە لە كتێبەكەی نووسیویەتی: «بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە سەردانی چەندین بەرەم كرد، بەڵام بارودۆخی پێشمەرگەكانی خاڵە سنوورییەكان بە تەواوی بێئومێدیان كردم. ژمارەیەكی كەم لەوێ بوون، بێباك و بێ ڕێكخستن. وایان دانابوو، یەكێتی تا هەتایە تەواو بووە و ناگەڕێنەوە، بێ ئاگابوون لەوەی كە ئێران شەو و ڕۆژ سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی یەكێتییە».

هەواڵی ئەم بێباكی و لەخۆباییبوونەی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میحوەری سلێمانی، بێگومان گەیشتووەتەوە بە ئێران و یەكێتی، هەر بۆیە كاتێك لە ڕۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 1996 هێزەكانی یەكێتی بە پاڵپشتیی تۆپخانەی ئێرانی، هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی پارتی، هێرشەكەیان زۆر ڕێك و پێك و چڕ و توند دەبێت، بۆیە لە چەند قۆڵێكەوە هێزەكانی پارتی دەشكێن و، دواتر سەرۆك بارزانی بڕیار دەدات، كە هێڵی بەرگری بگوازێتەوە بۆ دەوروبەری دووكان و لەوێوە بەرگری بكەن، بەڵام سەرۆك بارزانی زۆر ڕاشكاوانە هەڵوەستەی لەسەر ئەوە كردووە و ئاماژەی بەوە كردووە «كاتێك لە ڕۆژی 14ی تشرینی یەكەمی 1996 لە دووكان لەناو كۆبوونەوەدا بووم، بەداخەوە لەناكاو بەبێ هیچ بەڵگە و پاساوێك فەوزا و بێسەروبەری كەوتە ناو هێزەكانی پارتی. چی بە سەر یەكێتی هات، هەمان شتیش بە سەر هیزەكانی پارتی هات و هەموو هێزەكان سەنگەریان چۆڵ كرد و بەرەو هەیبەت سوڵتان گەڕانەوە بۆ هەولێر بە ڕێ كەوتن.

بەڵام سوپای یەك و سوپای دوو لە هیزۆپ و هەیبەت سوڵتان هێڵێكی بەرگریی پتەویان دروست كردبوو، هەر بۆیە لە ڕۆژی 19ی تشرینی یەكەم جارێكی دیكە هێزەكانی پارتی لە «هیزۆپ و هەیبەت سوڵتانەوە» هێرشیان كردبووە سەر هێزەكانی یەكێتی و هەتا دووكان پاشەكشەیان پێ كردبوون، هەر بۆیە جارێكی دیكە هەوڵەكانی بەریتانیا و ئەمریكا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێكرد و بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆك بارزانی لە ڕۆژی 21ی تشرینی یەكەمی 1996 سەردانی سلۆپی كرد و لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریكا و بەریتانیا بەمەبەستی ئاگربەست كۆبووەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە ئاگربەست و كۆبوونەوەی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی ڕازی دەبێت.

بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەم هەنگاوانەی سەرۆك بارزانی بۆ ئاگربەست و كۆتاییهێنان بە شەڕی خۆكوژی، جارێكی دیكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پشتیوانی تۆپخانەی ئێرانی هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی پارتی و لە ئاكامدا هێزەكانی پارتی زیانێكی زۆر گەورەیان پێ دەگات، هەتا هێزەكانی پارتی لە ڕێگەی نێوان كۆیە و دێگەڵە شەڕێكی قارەمانانە دەكەن و ڕێگە لە پێشرەوییەكانی یەكێتی دەگرن، ئەم شەڕەش دەبێتە خاڵی ئاگربەستی نێوان هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمریكا و بەریتانیاش پشتگیریی ئەم ئاگربەستەیان كرد، پارتی دیموكراتی كوردستانیش پابەندبوونی خۆی بەو ئاگربەستەوە ڕاگەیاند و بۆ ماوەی نزیكەی ساڵێك ئەم ئاگربەستە درێژەی هەبوو.

 قۆناخی چوارەمی شەڕی خۆكوژی

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە مانگی تشرینی یەكەمی 1996، بەداخەوە كوردستان بووە «دوو زۆن و دوو ئیدارە» و، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە لەدەستدانی هەولێر كەوتبوونە حاڵەتێكی دەروونیی ئەوتۆوە كە نەیاندەتوانی ئەمری واقیعی دوای ئازادكردنەوەی هەولێر قبووڵ بكەن، هەر بۆیە وێڕای هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەكان كەوتنە دانانی پیلانی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە بۆ ئەوەی پێكەوە و بە هاوبەشی هێرش بكەنە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەوەی لە ئابی 1996 پێیان نەكرا لە تشرینی یەكەمی 1997 جێبەجێی بكەن، ئەم كارەش نەك هەر تەنیا یاریكردن بوو بە ئاگر، بەڵكو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی دەخستە هەمان ئەو لیستەی كە پەكەكەی بە تیرۆریست ناساندبوو.

سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا باسی ئەوەی كردووە، «لە سەرەتای ساڵی 1997 لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ پەكەكە هەمان بوو، ئاسانكارییەكی یەكجار زۆرمان بۆ پەكەكە كردبوو و تەنانەت بارەگایەكیان لە هەولێر كردەوە، گوایە چاودێریی نەخۆش و بریندارەكانیان دەكەن، بەڵام وەك دوایی پارتی بۆی دەركەوت، ئەو بارەگەیان كردبووە بارەگایەكی سەربازی و بە نهێنی پڕیان كردبوو لە چەك و تەقەمەنییەكی زۆر».

بە هەر حاڵ وێڕای ئەوەی بۆ چاودێری و بەردەوامیی ئاگربەستی نێوان پارتی و یەكێتی، هێزێكی توركی بە ناوی «PMF» بارەگایەكی لە هەولێر كردبووەوە و چاودێریی ئاگربەستەكەی دەكرد، بەڵام لە ئایاری 1997 پێشێلكارییەكانی ئاگربەست دەستی پێ كردەوە و سەرەتا لەژێر ناوی پەكەكە و دواتر لە بە هاوبەشیی «یەكێتی وپەكەكە» دەستی پێ كرد، بۆ ئەمەش لە 16ی ئایاری 1997 هێزەكانی پەكەكە لە ناكاو هێرشیان كردە سەر خاڵێكی پاسەوانیی سوپای بارزان و لەم هێرشە خافڵگیرییەدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون و سیانزەی دیكەش بریندار بوون، ئەم هێرشە بووە هۆكاری ئەوەی پارتی داوای ئەوە لە پەكەكە بكات لەماوەی 24 كاتژمێردا بارەگاكانیان لە هەولێر چۆڵ بكەن، لەگەڵ ئەوەی پەكەكە بەم داوایەی پارتی ڕازی بوو، بە مەرجێ لە پێشدا ژن و منداڵەكانیان دەربكەن، بەڵام پاش ئەوە سەنگەریان لە پارتی گرت و بارەگاكەیان چۆڵ نەكرد، بۆیە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس ناچار بوون ڕووبەڕوویان ببنەوە و لە ئاكامدا بارەگاكە كۆنتڕۆڵ كرا.

دوای ئەم شەڕە سەپێنراوەی پەكەكە ئیدی یەكێتی و پەكەكە هێرشی هاوبەشیان بە ئاشكرا بۆ سەر هێزەكانی پارتی دەست پێ كرد و لە 18ی ئایاری 1997 بە هاوبەشی هێرشیان كردە سەر میحوەری قەسرێ و ئەم شەڕە هاوبەشەشیان هێندە ئاشكرا بوو، كە وەك سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەی ئاماژەی پێ كردووە و نووسیویەتی «دوای ئەم شەڕە حەسەن كاپلان فەرماندەی هێزەكانی PMF بۆ چاودێریی ئاگربەست، سەردانی كردم و پێی گوتم كە شەڕی قەسرێ، شەڕی هاوبەشی یەكێتی و پەكەكە بووە دژی پارتی و سێ وڵاتیشم لەو بابەتە ئاگادار كردووەتەوە.»

پیلانی ئەو سیناریۆ ترسناكەی كە سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا ئاماژەی پێ كردووە، تەنیا بریتی نەبووە لە شەڕی هاوبەشی یەكێتی و پەكەكە لە دژی پارتی، بەڵكو پشتگیری و هاندانی هەر سێ دەوڵەتی «ئێران و عێراق و سووریا»شی لەگەڵدا بووە بۆ ئەوەی كۆتایی بە پارتی بهێنرێت، بەڵام لە هەمانكاتدا دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی توركیاش بووە، كە پەكەكە ببێتە هێزێكی گەورە لە هەرێمی كوردستاندا، هەر بۆیە دەوڵەتی توركیا بەر لە هێرشە هاوبەش و فروانەكەی «یەكێتی و پەكەكە بە پشتیوانی ئێران و عێراق و سووریا» بە چەند مانگێك حیسابی ئەوەی كردبوو كە نابێت ئەو هێرشە سەركەوتوو بێت، هەر بۆیە دوای هێرشەكەی ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی 1997ی «یەكێتی و پەكەكە» بۆ سەر پارتی و مقاوەمەتی جوامێرانەی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو میحوەرەكانەوە، دەوڵەتی توركیا تێدەگات ئەگەر هاوكاری و یارمەتی هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان نەكات، ئەوا هێزەكانی پارتی ناتوانن مقاوەمەتی هێزە هاوبەشەكەی «یەكێتی و پەكەكە» بكەن كە پشتگیریی سێ دەوڵەتیان لەگەڵدایە، هەر بۆیە لە 3ی تشرینی دووەمی 1997 شاندێكی سیاسی و سەربازیی توركیا سەردانی كوردستان دەكات و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیار دەدەن:

1. دەبێت هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ماوەی 48 كاتژمێردا بكشێنەوە بۆ سنوورەكانی ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی 1997.

2. ئەگەر یەكێتی نەكشایەوە، توركیا دێتە ناو بابەتەكە و بە ئاگری تۆپخانە و تانك پشتگیریی هێزی پێشمەرگە دەكرێت، بەڵام هێزی زەمینی بەشداریی شەڕەكە ناكەن.

3. دوای شكستی هێزەكانی «یەكێتی و پەكەكە» نابێت هێزەكانی پارتییش سنووری ڕۆژی 13ی تشرینی یەكەمی 1997 تێپەڕێنن.

دوای ئەم كۆبوونەوەیە و نەكشانەوەی یەكێتی و پەكەكە، توركیا هاوكارییەكانی دەستی پێ كرد و ئەمجارەشیان هێزەكانی یەكێتی و پەكەكە زۆر خراپتر لە شەڕەكانی 31ی ئابی 1996 شكان و ئەگەر هێزەكانی پارتی دوایان بكەوتنایە، جارێكی دیكەش دەیانكردنەوە بە ئێراندا، بەڵام هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكە بوون و هێڵی 12ی تشرینی یەكەمی 1997یان نەبەزاند و، بەمەش جەولەی چوارەمی شەڕی خۆكوژی كۆتایی پێ هات و هەوڵەكان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەستیان پێ كرد، هەتا لە مانگی ئەیلوولی 1998 بە ڕێككەوتنی ئاشتیی نێوان پارتی و یەكێتی لە واشینگتۆن كۆتایی پێ هات.

 دەستپێكردنەوەی سەرلەنوێی هەوڵەكانی ئاشتی و جددییەتی ئەمریكا و بەریتانیا لەسەر ئەم پرسە

سەرۆك بارزانی لە لاپەڕە 356ی كتێبەكەیدا سەبارەت بە پێرۆزیی هێڵی 12ی تشیرینی یەكەمی 1997 لای وڵاتان نووسیویەتی: «سوبحانەڵڵا هێڵی 21/10 بە لای ئەو وڵاتانەوە چەند پیرۆز بوو، دەبێت بایەخ و گرنگیی ئەو هێڵە لە چیدا بێت؟ وەڵامەكە زۆر ڕوونە، مەبەستیان تەنیا ئەوەیە كە كوردستان یەكدەست و خاوەنی یەك بڕیار نەبێت»، ئەم تێگەیشتنەی سەرۆك بارزانی بۆ نییەتی وڵاتان سەبارەت بە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی كوردستان، وای كرد بیر لەوە بكاتەوە هەرچۆنێك بێت، بەو جۆرەش شێوەیەك لە سەقامگیری بێنێتە ئاراوە و كۆتایی بە شەڕی خۆكوژی لە كوردستاندا بهێنرێت، هەر بۆیە دوای ئەو سەركەوتنە گەورانەش كە هەوڵەكان بۆ پرۆسەی ئاگربەست و ئاشتی لە نێوان پارتی و یەكێتی دەست پێ دەكاتەوە، سەرۆك بارزانی لەسەر ئاگربەست و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ڕازی دەبێت، بەڵام یەكێتی وێڕای شكستە یەك لە دوا یەكەكانی هەر بە دوودڵی و لە لاوازیدا بە ئاگربەست و ئاشتی ڕازی دەبێت و، وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كردووە «یەكەم پەیوەندی لە 21ی تشرینی دووەمی 1997 لەلایەن «دەیڤید وێڵش»ـەوە كرا و، لە پەیوەندییەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە كرا، یەكێتی داوای ئاگربەست دەكات، ئایا پارتی ڕازییە؟ هەروەها داواشی كرد كە مانگی داهاتوو (كانوونی یەكەمی 1997) كۆبوونەوەیەك لە نێوان پارتی و یەكێتی و ئەمریكا و بەریتانیا لە لەندەن ساز بكرێت، بەبێ ڕاگەیاندن. لە وەڵامدا پێمان ڕاگەیاندن، ڕازیین، بە مەرجێ جەلال تاڵەبانی خۆی لە پەكەكە دوور بخاتەوە و بەڵێن بدات وەك ڕابردوو پەكەكە لە ناوچەكان هێرش نەكەنە سەر پارتی». لەسەر ئەم بنەمایە وێڕای ئەوەی یەكێتی لە لاوازییەوە داوای ئاگربەستی كرد، ڕۆژی 24ی تشرینی دووەمی 1997 پارتی ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام یەكێتی هەمان ڕۆژ ڕاینەگەیاند و تەنانەت ڕۆژی 25ی تشرینی دووەم لەگەڵ پەكەكە بە هاوبەشی هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پارتی، بەڵام كە تێكشكان و هیچیان پێ نەكرا، لە 26ی تشرینی دووەمی 1997 بە ناچاری ئاگربەستیان ڕاگەیاند.

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی 1998 كۆبوونەوەیەكی فراوانی كۆمیتەی ناوەندی ڕێكخست، كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ درێژەی پێ دا، بۆ ئەوەی پارتی دەستپێشخەرییەكی نوێ بۆ ئاشتی ڕابگەیەنێت، ئەم دەستپێشخەرییە نوێیەی پارتی بۆ ئاشتی، خوالێخۆشبوو مامۆستا عەزیز محەمەد سیاسەتمەداری گەورەی كورد ڕۆڵی باشی تێدا گێڕا و وەك سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا ئاماژەی پێ كردووە، لەو ماوەیەدا چەندین جار نامەی زارەكی و نووسراوی لە نێوان «مسعود بارزانی و مام جەلال گواستووەتەوە، خاڵی ئەرێنیی مامۆستا عەزیز محەمەد ئەوە بوو كە هەردوولا بڕوا و متمانەیان بە هەوڵەكانی هەبوو، بەرهەمی ئەو هەوڵانەشی ئەوە بوو كە هەردوولا (پارتی و یەكێتی) ڕازی بوون لە ڕۆژی 12ی ئابی 1998 یەكەمین كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدەن، ئەم كۆبوونەوە هاوبەشەش بووە سەرەتای پتەوبوونی ئاگربەست و سەرەتایەك بۆ دروستبوونی زەمینەیەك بۆ ڕێككەوتنی ئاشتی.

دیارە بەرەوپێشەوەچوونی هەوڵەكانی ئاشتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەسەر دەستی سیاسەتمەدارێكی كورد، لەلایەن ئەمریكاوە بە وردی چاودێری كراوە و جێگەی خۆشحاڵیی ئەوان بووە، هەر بۆیە ئەمریكا بە هەموو هێزەوە دێتە سەر هێڵ و دەیەوێت ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتیی ئاشتی لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بكات، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆك بارزانی ئاماژە بەوە دەكات «لە ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 1998 كاك هۆشیار لە واشینگتۆنەوە بروسكەیەكی نارد، لەو بروسكەیەدا هاتبوو كە بڕیارە لە مانگی تەمموزدا دیڤید وێڵش سەردانی كوردستان بكات لە پێناوی چەسپاندنی ئاشتی لە كوردستاندا، نامەیەكیش بۆ جەنابت «مەسعود بارزانی» دێنێت بۆ سەردانی واشتینگتۆن و ڕێكخستنی چەند دیدارێك لە ئاستی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا».

ئەو بروسكەیەی هۆشیار زێباری كە تیایدا باسی سەردانی «دیڤید وێڵش» دەكات بۆ كوردستان و هێنانی بانگهێشتنامە بۆ ئەوەی سەرۆك بارزانی سەردانی ئەمریكا بكات، وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە بایەخدانی ئەمریكا بە پرۆسەی ئاشتی لە كوردستان و هەروەها پشتگیركردنی ئۆپۆزسیونی عێراقی بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن. وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كردووە، دوای گەیشتنی وێڵش بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 17ی تەموزی 1998 بەمجۆرە دەستی بە قسەكانی كردووە: «سەردانەكەم بەڵگەی گرنگیدانی ئەمریكا بە عێراق و هەرێمی كوردستانە، ئەمریكا بایەخ بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەدات. دوای كێشە و تەنگوچەڵەمەی ئەم دواییە، هەستمان كرد باشترین هاوكاری و یارمەتیدان بۆ پاراستنی ناوچەكەتان، كاركردنە لە پێناو یارمەتیدانی پارتی و یەكێتی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی تەواو بەردەوام».

ئەم قسانەی دیڤید وێڵش كە دەربڕی خواستی ئیدارەی ئەمریكی بوو بۆ ئاشتی لە نێوان پارتی و یەكێتی و پاراستنی هەرێمی كوردستان، بووە هۆكاری ئەوەی كە سەرۆك بارزانی نەرمیی زیاتر بنوێنێت و ئامادەیی زیاتر دەرببڕێت بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ مام جەلال، دوای ئەوەی وێڵش بانگهێشتنامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای پێ دەدات و دواتر پێی ڕادەگەیەنێت سەردانەكە لە مانگی ئەیلوولی 1998 دەبێت، سەرۆك بارزانی بانگهێشتنامەكە قبووڵ دەكات، بۆ ئەوەی ئاكامی سەردانەكەش سەركەوتوو بێت و پارتی و یەكێتی لە واشینگتۆن بگەنە ڕێككەوتنێكی ئاشتیی كۆنكرێتی، هەر لە مانگی ئاب كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی گرێ دەدەرێت و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار دەدرێت شاندیكێ پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی مام جەلال بكات، ئەم سەردانەش زۆر بە ئیجابی لەلایەن مام جەلالەوە وەرگیرابوو و بووە فاكتەرێك بۆ ئەوەی دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و مام جەلال لە وەزارەتی درەوەی ئەمریكا لە واشینگتۆن سەركەوتوو بێت.

ڕێككەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە واشینگتۆن لە ڕۆژی 17ی ئەیلوولی 1998 لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە بە ئامادەبوونی دیڤید وێڵش و سەرۆك بارزانی لایەنی پارتی و مام جەلال لە لایەنی یەكێتی ئیمزای دەكەن، وەرچەرخانێكی گەورە بووە لە بایەخدانی ئەمریكا بە پرسی كورد لەو ئاستە بەرزەدا، بەتایبەتیش كە دواتر بە بۆنەی ئیمزاكردنی ڕێككەوتنامەكە بە ئامادەبوونی مادلین ئۆلبرایت وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی ئەمریكا و ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی، ڕێوڕەسمێكی گەورە ڕێك خرا و چەندین وتار پێشكەش كران. ئەم مەراسیمە گەورەیە بۆ پرسی كورد بووەتە ڕۆژێكی مێژوویی گرنگ و، ئەم ڕێككەوتنە بە جۆرێك بەستەڵەكی نێوان پارتی و یەكێتی تواندەوە كە گەیشتە ئەوەی لە ڕۆژی 8ی كانوونی دووەمی 1999 مام جەلال هەواڵ بۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی دەنێرێت كە بەنیازە سەردانی هاوینەواری سەلاحەدین بكات، ئەم هەواڵەش زۆر بە گەرمی لەلایەن سەرۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لێ دەكرێت و بڕیار دەدەن كە ڕۆژی 14ی كانوونی دووەمی 1999 پێشوازییەكی گەورە و شایستە لە مام جەلال بكەن و سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەی ئاماژەی بەوە كردووە كە بۆ پێشوازیی مام جەلال بڕیامان دا:

1. شاندێكی گەورەی مەكتەبی سیاسی بچێتە دێگەڵە و لەوێوە پێشوازی لێبكات.

2. خۆیشم «مسعود بارزانی» چوومە گۆمەسپان و لەوێوە پێكەوە هاتین بۆ هاوینەواری سەڵاحەدین.

ئەم سەردانە بووە هۆكاری ئەوەی زەمینەیەكی تازە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی واشنتۆن بێتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەی لەسەر تەفسیری بڕگەكانی ڕێككەوتنی واشنتۆن یەكێتی هەر دەیویست بە لۆژیكی «پەنجا بە پەنجا» تەفسیریان بۆ بدۆزێتەوە، ئەمەش خێرایی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی خاو كردەوە.

 كۆنگرەی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان

دوای ئەو بەرەوپێشووچوونانەی پرۆسەی ئاشتیی نێوان پارتی و یەكێتی و دروستبوونی زەمینەیەك بۆ ئاشتییەكی بەردەوام، قۆناخێكی نوێ لە كوردستان هاتەئاراوە و بۆ هەر قۆناخێكی نوێش نەریتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو جۆرەیە كە پێویستە كۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات و خۆی بۆ ئەو قۆناخە نوێیە ئامادە بكات، بۆ ئەمەش پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕۆژی 14ی ئاداری 1999 لە دواكۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی بڕیار دەدات كە لە 6ی تشرینی یەكەمی 1999 كۆنگرەی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ بدرێت.

لەم كۆنگرەیەدا 1506 كەس وەك نوێنەری كۆنگرە بەشدار بوون، هەروەها هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان میوانی كۆنگرە بوون و چەندین بروسكەی پیرۆزباییش لە سەرانسەری جیهانەوە لە كەسایەتی و حزبە سیاسییەكانەوە ئاراستەی كۆنگرەكە كرابوون.

كۆنگرە لە ڕۆژی 6 تا 14ی تشرینی یەكەمی 1999 خایاند و سەرەنجام سەركردایەتییەكی نوێ بۆ پارتی هەڵبژێردرا كە بریتی بوون لە «31ئەندام + 9 ئەندامی یەدەگ» و، دوای ئەوەش مەكتەبی سیاسیی نوێ هەڵبژێردرا و لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە 19ی تشرینی یەكەمی 1999 كۆمەڵێك بڕیاری بۆ گۆڕانكاری لە ناو پارتی دەركرد كە بریتی بوون لە:

1. جەوهەر نامیق سالم لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە دەگوازرێتەوە بۆ سكرتێری مەكتەبی سیاسی.

2. دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیش لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

3. نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی چوارەم ڕابسپێرێت.

4. سامی عەبدولڕەحمان بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دابنرێت.

5. فازڵ میرانی ئەركی مەكتەبی ڕێكخستن و لقی دوو بگرێتە ئەستۆ.

6. فەلەكەدین كاكەیی بكرێتە بەرپرسی ڕاگەیاندن.

7. هۆشیار زێباری ببێتە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە.

8. عومەر بۆتانی ببێتە بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكان.

9. ڕەمزی شەعبان ببێتە بەرپرسی دارایی.

10. عارف تەیفوور ببێتە بەرپرسی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان.

11. سەعد عەبدوڵا ببێتە بەرپرسی مەكتەبی دیراسات.

12. مسرور بارزانی و كەریم شنگالی بۆ پاراستنی گشتی.

13. ئازاد بەرواری یارمەتیی سەرۆك بدات لە كاروبارەكاندا.

دوای ئەم گۆڕانكارییانە بەرپرسی نوێش بۆ هەموو لقەكان دانران، بەمەش پارتی بە بەرنامەیەكی نوێوە خۆی بۆ پێشهاتە تازەكان ئامادە كرد، كە لە سەرووی هەموویانەوە ئەو ئامادەباشییانەی بەریتانیا و ئەمریكا بوو كە بەردەوام جەختی لەسەر دەكرایەوە و كە دەبێت ڕژێمی سەدام حوسێن نەمێنێت و لاببرێت.

هەر دوابەدوای بە سەركەوتوویی گرێدانی كۆنگرەی 12ی پارتی و پابەندبوونی پارتی بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی واشنۆتن لەگەڵ یەكێتیدا، لە سەرەتای ساڵی 2000 هەوڵەكانی ئەمریكاش بۆ پشتگیریكردن لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، كەوتنە جووڵە و لە 8ی شوباتی 2000 شاندێكی ئەمریكا گەیشتنە هاوینە هەواری سەڵاحەدین بۆ ئەوەی ئەو چەقبەستووییەی كە ڕێككەوتنی واشنتۆنی تێكەتووە، دەست بە جووڵە بكات. جێگەی ئاماژە پێدانە گەیشتنی چەقبەستوویی ڕێككەوتنەكە بە هۆی ئەوە بوو كە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دوو بڕیاری ناشەرعی دابوو كە بریتی بوون لە:

1. مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بریاری دابوو، جگە لە دادگایەكی شەرعی، دادگایەكی تەمیزیشی لە سلێمانی دامەزراندبوو.

2. بە بڕیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی مام جەلال خۆی كردبووە سەرۆكی هەرێم.

دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم دوو پێشلكارییەی یەكێتی بە شاندی ئەمریكا ڕاگەیاند، شاندی ئەمریكی سەردانی سلێمانییان كرد و پاش كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی، ئەم وەڵامەیان بۆ مەكتەبی سیاسی پارتی هێنایەوە:

 بە مام جەلالیان ڕاگەیاندبوو دەبێت هەر دوو هەڵەكە ڕاست بكرێتەوە.

 داواكاریی ئەمریكا لە پارتی و یەكێتی ئەوەیە «نوێكردنەوە و پابەندبوون بە ڕێككەوتننامەی واشینگتۆن».

لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی ساڵانی 2000 تا 2002 بەردەوام پێشێلكاری و كۆبوونەوەی بەردەوام بۆ ڕێككەوتننامەی واشنتۆن بوونی هەبووە، بەڵام هەتا 4ی تشرینی یەكەمی 2002 پەرلەمانی كوردستان نەیتوانی بە ئامادەبوونی هەر دوو فراكسیۆنی «سەوز و زەرد» كۆببێتەوە، ئەم كۆبوونەوەیە ئەوەندە گرنگ بوو كە خاتوو دانیال میتران دۆستی گەورەی كورد لە پاریسەوە بۆ ئامادەبوونی ئەو كۆبوونەوەیە هاتبووە هەولێر و وەك سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: «مادام میتران بە من – مسعود بارزانی- و مام جەلالی گوت: ئێستا لەگەڵ هەردووكتان ئاشت بوومەوە، ئەگینا لە هەردووكتان عاجز بووم».

 ڕووداوەكانی 2001

  1. شەهیدكردنی فرانسۆ هەریری

شەهید فرانسۆ هەریری كە یەكێك بووە لە تیكۆشەرەكانی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و یەكێك بوو لە كەسە نزیكەكانی جەنابی مستەفا بارزانی، لە یەكەمین هەڵبژاردنی كوردستان لە 19ی ئایاری 1992 هەڵبژێردرا بۆ ئەندامی ئەو پەرلەمانەی كە بۆ یەكەم جار لە كوردستاندا دامەزرا و، بووە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان بوو. شەهید فرانسۆ هەریری لە ماوەی ژیانی پەرلەمانتاریدا ڕۆڵێكی گرنگی لە دەركردنی یاساكان و بەدامەزراوەكردنی كۆی دامەزراوەكانی كوردستان هەبووە. بەردەوام دژی گەندەڵی و پاشاگەردانی لە كوردستان ڕۆڵی سەركردەیەكی بەرپرسیاری گێڕاوە و، لە دوای ئازادكردنی شاری هەولێریش لە ساڵی 1996 بووە پارێزگاری هەولێر و لەو ماوەیەی كە پارێزگاری هەولێر بوو، زۆر حەكیمانە توانی ڕیشەی ڕق و كینەی شەڕی ناوخۆ لە نێوان هاووڵاتیانی تەواوی پارێزگای هەولێردا هەڵبكێشیت و تۆوی برایەتی و پێكەوە ژیان لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەكان و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستاندا دووبارە شین بكاتەوە و، پێشخستن و پێشكەوتنی هەولێر لە زیهنی شەهید فرەنسۆ هەریریدا خەیاڵێكی زیندووی نەبڕاوە بوو و، توانی چەندین شاكاری بەرز لە پایتەختی كوردستان دروست بكات وەك (كۆشكی هونەر، نۆژەنكردنەوەی یاریگەی خۆجێی هەولێر بۆ ئاستی یاریگەیەكی ستاندەری نێودەوڵەتی) ئەم دوو شاكارە ئێستا هەر بووەتە سیمایەكی جوانی پایتەخت، یاریگەی هەولێریش دوای شەهیدبوونی كرایە یاریگەی نێودەوڵەتیی شەهید فرانسۆ هەریری.

شەهید فرانسۆ هەرێری دۆستی نزیكی هەموو قوتابیان و لاوانی كوردستان بوو و بایەخێكی زۆری بە هەر دوو توێژی قوتابیان و لاوان دەدا و، ڕۆژی 18ی شوباتی 2001یش كە ساڵیادی ڕۆژی دامەزراندنی هەر دوو ڕیكخراوی قوتابیان و لاوانی كوردستانە، شەهید فرەنسۆ هەریری دەیەوێت بچێتە سەركارەكەی، كە ئەوكات بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، پاشان لەوێوە بچێت بۆ مەراسیمی یادكردنەوەی ساڵیادی هەر دوو ڕیكخراوی (قوتابیان و لاوان) بەڵام بەداخەوە لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر، تیرۆریستانی (جوندولئیسلام) شەهیدی دەكەن. سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا بەم جۆرە باسی ئەو ڕووداوە دەكات: «یەكێك لە ڕووداوە خەمناكەكانی مانگی شوباتی ساڵی 2001، تیرۆری فرەنسۆ هەریری بوو. شەهیدبوونی فرەنسۆ هەریری ڕووداوێكی زۆر خەمناك و دڵتەزێن بوو. یەكێك بوو لە كەسە نزیكەكانی بارزانیی نەمر. لە ناو جەماوەردا زۆر خۆشەویست بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی بوو بە پارێزگاری هەولێر. شەهید فرەنسۆ كریستیان بوو، بەڵام فەرقی نەدەكرد و ڕۆڵی زۆری لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان لەناو پێكهاتەكان گێڕا، زۆربەی زۆری ئەوانەی خۆشیان دەویست و لێی نزیك بوون، موسڵمان بوون. دوو ڕۆژ دوای شەهیدبوونی، تەرمەكەی لە شارۆچكەی هەریر بە ئامادەبوونی دەیان هەزار كەس بە خاك سپێردرا و منیش (مسعود بارزانی) لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بە خاكسپاردنەكەی وتارێكم پێشكەش كرد، دوای ماوەیەك ئاشكرا بوو كە گرووپی تیرۆریستی جوندولئیسلام لە پشت تیرۆركردنی شەهید فرەنسۆ بووە».

  2. كارەساتی 11ی سێپتەمبەری 2001

سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا سەبارەت رێكەوتی 11ی ئەیلوول نووسیویەتی: «بە ڕاستی ڕێكەوتێكی سەیر بوو، گەورەترین شۆڕش لە مێژووی گەلی كوردستاندا لە 11ی ئەیلوولی 1961 هەڵگیرسا، بۆیە مانگی ئەیلوول گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی بۆ گەلی كوردستان هەیە. هەر لە ساڵی 2001ـەوە 11ی ئەیلوول ڕۆژێكی هێجگار گرنگە لە مێژووی ئەمریكا و تەنانەت لە مێژووی تازەی هەموو جیهاندا و دیمەنەكانی ئەو ڕۆژە هەرگیز لە یاد ناچنەوە».

ئەوجا لەسەر ئەو وەسفەی سەرۆك بارزانی بۆ 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961ی كوردستان و 11ی ئەیلوولی ئەمریكای دەكات، چۆن ڕۆژی پێش 11ی ئەیلوولی 1961ی كوردستان مێژوویەكە و ڕۆژی دوای 11ی ئەیلوولی 1961 دەستپێكی مێژوویەكی تازەیە بۆ گەلی كوردستان، بە هەمان شێوە ڕۆژی پێش 11ی ئەیلوولی 2001 مێژوویەكە بۆ ئەمریكا و تەواوی جیهان و ڕۆژی دوای 11ی ئەیلوولی 2001یش دەستپێكی مێژوویەكی تازەیە بۆ ئەمریكا و تەواوی جیهان و، ئەم كردەوە تیرۆریستییە كە ئوسامە بن لادن و ڕیكخراوی ئەلقاعیدە بە شانازییەوە بەرپرسیاریەتییان گرتە ئەستۆی خۆیان، سەرەتا جیهانی گۆڕی و ناوی لێ نرا «جیهانی دوای 11ی سێپتەمبەر» و هەموو جیهانی لە یەك بەرەدا كۆكردەوە، كە ئەویش بەرەی «دژی تیرۆریستان)» بوو، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دەركرد بە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی، كە ئەگەر بزووتنەوەی تاڵیبان هەموو بنكە و بارەگاكانی ڕیكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان دەر نەكات، ئەوا ئەو هاوپەیمانییە هێرش دەكاتە سەر ئەفغانستان و حكومەتی تاڵیبان دەڕووخێنێت، سەرەنجامیش حكومەتی تاڵیبان ملی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش نەدا، بۆیە لە 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001 هێرشی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ سەر ئەفغانستان دەستی پێ كرد و، لە ماوەیەكی كورتدا حكومەتی تاڵیبان ڕووخا و هێزەكانی ئەلقاعیدەش لە كابول و زۆربەی شارەكانی ئەفغانستان دەركران.

سەركەوتنی خێرای ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ڕووخاندنی حكومەتەكەی تاڵیبان بووە هۆكار و هاندەر، بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2002 ئەمریكا بڕیاری تەواو بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن بدات و یاسای ڕزگاركردنی عێراق لەلایەن جۆرج دەبلیو بوشەوە ئیمزا بكرێت.

  ساڵی 2002 و جددییەتی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن

سەرۆك بارزانی لە بەرگی پێنجەمی كتیبەكەی بەمجۆرە پۆلێنی ئەو هەوڵانەی ئەمریكای كردووە، كە بڕیاری یەكلاكەرەوە بوون بۆ جددییەتی ئەمریكا سەبارەت بە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن:

1. لە 30ی كانوونی دووەمی ساڵی 2002 سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش لە وتارە ئیتحادییەكەیدا، هێرشێكی زۆری كردە سەر عێراق و ڕایگەیاند ماوەی 10 ساڵە عێراق لە ئەمریكا یاخی بووە.

2. ڕۆژی 16ی شوباتی 2002 كۆڵن پاوەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: پێویستە ڕژێمی عێراق بگۆڕدرێت و ئەگەر پێویست بێت، ئەمریكا بە تەنیا ئەم كارە ڕادەپەڕێنێت.

3. ڕۆژی 27ی شوباتی 2002 تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند: عێراق بەردەوامە لە دروستكردنی چەكی كۆمەڵكوژ.

4. ڕۆژی 17ی شوباتی 2002 شاندێكی سەر بە (سی ئای ئەی) سەردانی كوردستانی كرد و پێیان ڕاگەیاندین: ئەمریكا بڕیاری داوە كە ڕژێمی سەدام لە دەسەڵاتدا نەمێنێت.

5. لە 1ی نیسانی 2002 شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ڕایان كرۆكەر هاتنە كوردستان و، دوای كۆبوونەوە پەیامێكیان بۆ سەرۆك بارزانی هێناوە كە ڕۆژی 14ی نیسان سەردانی واشینگتۆن بكات.

6. ڕۆژی 15ی مانگ سەرۆك بارزانی بە یاوەریی مسرور بارزانی و هۆشیار زیباری لە فرانكفۆرتەوە بە فڕۆكەیەكی تایبەت بەڕێ دەكەون و پێش ئەوان مام جەلال و بەرهەم ساڵح و پاڤڵ تاڵەبانی گەیشتبوونە واشنتۆن.

7. ڕۆژی 16ی نیسان لەگەڵ ماك لۆخن جێگری سەرۆكی (سی ئای ئەی) كۆدەبنەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا لۆخن ڕایدەگەیەنێت: «ئەمریكا بڕیاری داوە كە پێویستە ڕژێمی سەدام حوسێن لە دەسەڵاتدا نەمێنێت، پێویستە كورد بە تەواوی مافەكانیان بگەن، ئەمریكا بە سیستمی فیدڕاڵی ڕازییە».

8. لە ڕۆژی 26ی تەمموزی 2002 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پەیامێكی ئاراستەی ئەم بەڕێزانە كردبوو (مەسعود بارزانی، مام جەلال، ئەحمەد چەلەبی، شەریف عەلی، ئەیاد عەللاوی، باقر حەكیم) بۆ ئەوەی سەردانی واشینگتۆن بكەن، لە مانگی ئابی 2002 شاندەكە دەگاتە ئەمریكا، بەڵام لە بری سەرۆك بارزانی، هۆشیار زێباری دەچێت.

9. لە ڕۆژی 16ی تشرینی یەكەمی 2002 سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش یاسای بەكارهێنانی هێزی دژی عێراق ئیمزا كرد.

10. لە 11ی تشرینی یەكەمی 2002 كۆڵن پاوەڵ وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند: پێویستە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، حكومەتێكی سەربازی هاوشێوەی حكومەتی ژاپۆن و ئەڵمانیا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، دابمەزرێت.

11. ڕۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 2002 هەر دوو ئەنجومەنی (نوینەران و پیران) دەسەڵاتیان بە سەرۆكی ئەمریكا دا، بۆ بەكارهێنانی هێز دژی عێراق.

12. ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2002 سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی گەورەی مەكتەبی سیاسیی پارتی سەردانی مام جەلال لە دووكان دەكەن، ئەم سەردانە وەرچەرخانێكی گەورەی لە پەیوەندییەكانی هەردوو حزب (پارتی و یەكێتی) دروست دەكات.

13. ڕۆژی 4ی تشرینی یەكەم بۆ یەكەمین جار لە دوای ساڵی 1996 پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی هەر دوو فراكسیۆنی (زەرد و سەوز) كۆدەبێتەوە.

14. دوو ڕۆژ دوای ئەوە لە سلێمانی جارێكی دیكە پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و مام جەلال كۆدەبێتەوە و، بەمەش قۆناخێكی تازە لە كاری هاوبەشی حوكمڕانی لە كوردستان دەست پێ دەكاتەوە.

ڕووداوەكانی ساڵی 2002 سەبارەت بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن و دامەزراندنی دەوڵەتێكی تازە بە ناوی دەوڵەتی فیدڕاڵی و پەرلەمانی و فرەیی و دیموكراتی لە عێراقدا، ڕووداوگەلێكی مێژوویی گەورەی ئەوتۆن، كە لە مێژووی عێراقدا ساڵی ئاوا پڕگۆرانكاری لەسەر ئاستی جیهان بەرامبەر بە عێراق نەبووە و، لەم ساڵەدا خاڵی نەرێنی هەڵسوكەوتە ئیستفزازی و هەڕەشە سەربازییەكانی توركیا لە دژی هەرێمی كوردستان پەرەی سەند، كە ژەنڕاڵەكانی سوپای توركیا هەڕەشەی هێرشی سەربازییان بۆ داگیركردنی هەرێمی كوردستان دەكرد، لە بەرامبەریشدا سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا پێی ڕاگەیاندن: «ئەگەر توركیا بێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانامانەوە شەڕی خۆمان دەكەین، تا چەكەكانمان لەسەر لاشەكانمان هەڵدەگرن».

سەرۆك بارزانی زۆر ڕاشكاوانە بە ئەمریكییەكانیشی ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە كردووە كە ڕاستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو توانایەی نییە لەگەڵ دەوڵەتێكی گەورەی وەك توركیا شەڕ بكات، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە ئەگەر (تەنیا بۆ یەك كاتژمێر)یش بتوانین، شەڕی خۆمان دەكەین.

سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا سەبارەت بە ئامادەكاریی توركیا بۆ داگیركردنی كوردستان نووسیویەتی: «ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2002 وڵاتێكی ئەوروپی زانیاریی پێداین، توركیا ئامادەكاریی كردووە كە بە 75 هەزار سەرباز و هەزار تانك و 1500 زرێپۆش و پشتیوانیی تۆپخانە هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان.. بەڵام لە ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 2002 هەڵبژاردنەكانی توركیا بەڕێوە چوو و حزبە كلاسیكی و نەتەوە پەرستەكان تووشی شكستێكی گەورە بوون، پارتی داد و گەشەپێدان دوو لەسەر سێی كورسییەكانی بردەوە».

بەمەش بارودۆخی سیاسی لە توركیا گۆڕاو لە ئاداری ساڵی 2003 ئەمریكا هێرشی كردە سەر عێراق و ڕژێمی سەدام حوسێنی ڕووخاند.

 

Top