یونسکۆ: ٢٠ ملیۆن منداڵ لە نەیجیریا لە خوێندن بێبەشن

یونسکۆ: ٢٠ ملیۆن منداڵ لە نەیجیریا لە خوێندن بێبەشن

 

 

ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، كە ژمارەی ئەو منداڵانەی نەیجیریا کە ناتوانن بچنە قوتابخانە گەیشتووەتە ٢٠ ملیۆن کەس.

لە بەیاننامەکەی یونسکۆدا هاتووە ، كە تا ئێستا 244 ملیۆن منداڵ لە تەمەنی 6 بۆ 18 ساڵی لە جیهاندا ناتوانن بچنە قوتابخانە. زۆرترین ژمارەی ئەو منداڵانە لە وڵاتانی نەیجیریا و هیندستان و پاکستانن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە نەیجیریا نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە لەنێوان 10.5 ملیۆن و 15 ملیۆن منداڵدا بووە و لەم دواییانەشدا بەهۆی کێشەی ئەمنی لەو وڵاتەدا دۆخەکە خراپتر بووە.

یونسکۆ جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی کێشەی ئەمنی لە نەیجیریا، دایک و باوکان ئامادە نین منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە، یونسکۆ ڕایگەیاند، کە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە ئێستادا لەم وڵاتەدا لە خوێندن دوورخراونەتەوە گەیشتووەتە ٢٠ ملیۆن کەس.

لە نەیجیریا، ساڵی رابردوو زیاتر لە هەزار خوێندکار لە هێرشێکدا کە قوتابخانەکانی باکووری ئەوڵاتەیان کردبووە ئامانج رفێندران.

 لە دوای ئەم هێرشانە زۆرێک لە قوتابخانە و زانکۆکان ناچار بوون خوێندن ڕابگرن.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top