جەیمس سپێرلێنگ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ئاكرۆن بۆ گوڵان:   ڕووسیا لە مەودای درێژخایەندا بازاڕی ئەوروپای بۆ نەوت و غازە سرووشتییەكەی لەدەست داوە

جەیمس سپێرلێنگ  پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ئاكرۆن بۆ گوڵان:     ڕووسیا لە مەودای درێژخایەندا بازاڕی ئەوروپای بۆ نەوت و غازە سرووشتییەكەی لەدەست داوە

 

 

جەیمس سپێرلێنگ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ئاكرۆن، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك ئاسایشی ناتۆ، ڕۆڵی ناتۆ، ئاسایشی ئەوروپا و كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە و تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و لێكەوتەكانی لەسەر حیساباتی ئەمنی و وزەی ئەوروپا و دەرئەنجامەكانی لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

 

* لە ئێستادا ماوەی شەش مانگ تێدەپەڕێت بەسەر شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا، كە ڕووسیا پێی وابوو دەتوانێت لە ماوەیەكی كەمدا شەڕەكە یەكلا بكاتەوە و ئامانجەكانی بەدی بهێنێت، بەڵام ئاشكرایە ئەمە ڕووی نەدا و ئۆكرانیا بەرگرییەكی سەرسەختانەی كرد و ڕۆژئاواش، بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكارییەكی زۆری سەربازی و دارایی ئۆكرانیایان كرد، سزاشیان بە سەر ڕووسیادا سەپاند، ئێوە چۆن لە كاریگەریی ئەم سزایانە دەڕوانن و ئایا تا چ ڕاددەیەك حیساباتی شەڕیان گۆڕیوە؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی لەم ڕووەوە دەكرێت ئاماژەی پێ بكەین ئەوەیە كە كاریگەریی ئەو سزایانەی لە لایەن ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون، تەنیا لەوەدا بەرجەستە بوون كە بوونەتە ئاماژەیەك بۆ سزادانی ڕووسیا لەسەر پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی و ئەمجارە بە پێچەوانەی حاڵەتی كریمیاوە، داگیركردنی ئۆكرانیا بێ باج بەسەر ڕووسیادا تێنەپەڕیوە، یان نەبووەتە هۆی دابەشبوونی هاوپەیمانەكان بۆ گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لە دژی ڕووسیا. دواتر دەبێت ئەوە بڵێین كە سزا ئابوورییەكان مەودا دوورن و كاریگەریش بوون، بۆ نموونە، ڕووسیا لە مەودای درێژخایەندا بازاڕی ئەوروپای بۆ نەوت و غازە سرووشتییەكەی لەدەست داوە، یەكێتیی ئەوروپا هەوڵ و كۆششی زۆری خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بگاتە هەڵوێستێكی هاوبەش بۆ خۆبەدوورگرتن و خۆدابڕین لە پشتبەستن بە نەوت و غازی ڕووسیا، هەروەها سزا بە ئامانجگیراوەكان لە دژی ئەو كەسانەی پاڵپشتیی حكومەتەكەی سەرۆك پوتین دەكەن، بوونە هۆی ئەوەی گوشارێكی گەورە دروست بێت لەسەر چەندین لایەنی نێو هاوپەیمانیی حوكمڕانی لە نێو ڕووسیادا، هەروەها بوونەتە هۆی ئەوەی نەتوانن دەستیان بە تەكنەلۆژیای ڕۆژئاوا ڕابگات، ئەمەش لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتییەوە باڵادەستی لەدەست بدات، كە تا ئێستا لێی بەهرەمەند بووە لە گۆڕەپانی شەڕدا. هەروەها كاردانەوە و پەرچەكرداری ڕۆژئاوا پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە لادا كە لە نێو ئەم هاوپەیمانێتییەدا ئامانجێكی هاوبەشی پتەو هەیە كە تەمومژییان لەسەر دروست ببوو بە هۆی هەندێ ناكۆكیی ناو بە ناوی پەیوەست بە بەرژەوەندییەكان لە پەیوەندی بەو پرسانەی ڕاستەوخۆ گرێدراو نەبوون بە بەرگریی هاوبەشەوە. هەروەها ئەم شەڕە ئەوەی ئاشكرا كرد كە كۆدەنگیی ناتۆ لەبارەی گرنگیی سیستمی نێودەوڵەتی بنیاتنراو لەسەر بنەمای ڕێساكان تەنیا لە چوارچێوەی گوتار و بەرگرییەكی ڕواڵەتی و ڕووكارانە لە ئاست كاروبار و بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتی قەتیس نەبووە، بەڵكو ئەم كاردانەوەیەی دەوڵەتە ئەندامەكانی ناتۆ بەرجەستەكاری بەرژەوەندییەكی بنەڕەتیی ئەم وڵاتانەیە كە ئامادەن بەرگری لە خۆیان بكەن و لەم ڕووەوە باجی قورسیش بدەن. لە كۆتاییدا دەكرێت ئەوە بڵێین كە هەناردە -هاوكارییە- سەربازی و داراییەكانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆكرانیا بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەم وڵاتە بتوانێت شەڕ بەرپا بكاتەوە لە دژی ڕووسیا و ڕێگری لە داگیركردنی وڵاتەكەی بكات. ئەگەرچی ڕەنگە ئەم هاوكارییانە نەبنە هۆی ئەوەی ڕێگری بكەن لەوەی ئۆكرانیا دوچاری شكستێكی گەورە بێت، یان خاكێكی زۆر لەدەست بدات، بەڵام ئەوەی ئەمجارە ڕۆژئاوا ئەنجامی دا، زۆر زیاتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەكرا، بە بەراورد بە كاردانەوە و پەرچەكرداری دەستبەسەرداگرتنی كریمیا لەلایەن ڕووسیاوە. كەواتە ئەگەر ئەم كاردانەوەیانە هیچی دیكەمان پێ نەڵێن، ئەوا پێمان دەڵێت كە بوونەتە هۆی یەكخستنی هەوڵ و هەڵوێستەكانی ناتۆ و بووەتە هۆی ئەوەی داگیركاریی ڕووسیا بۆ ئەو ناوچانەی دانیشتووانەكەی بە ڕووسی قسە دەكەن و كەوتوونەتە وڵاتانی بەڵتیكەوە ئەگەرێكی لاواز بێت.

* ئێوە شرۆڤەكارییەكی تێروتەسەرتان كرد بۆ كاردانەوەی ڕۆژئاوا لە ئاست داگیركاریی ڕووسیا بە سەپاندنی سزا بە سەر ئەو وڵاتە و بە هاوكاریكردنی ئۆكرانیا، بەڵام ئەگەر بێینە سەر باسی كاریگەری و لێكەوتەكانی ئەم شەڕە لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، یان حیساباتی ئەم وڵاتە لە ڕووی پرسەكانی پەیوەست بە بواری ئاسایش و وزەوە و ئایا ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر ئایندەی ئەم كیشوەرە دەبێت؟

- لە ڕاستیدا داگیركردنی وڵاتی ئۆكرانیا چەند دەرئەنجام و لێكەوتەیەكی نەخوازراو و ناهەموار و نالەباری لێكەوتووەتەوە بۆ خودی وڵاتی ڕووسیا. چونكە ئێمە ئەگەر لەم ڕووەوە لە نیاز و خواستی وڵاتانی ئەوروپا بڕوانین بۆ ئەوەی لە ڕووی وزەوە سەربەخۆییەكی تەواو بەدەست بهێنن لە ڕووسیای فیدڕاڵی، سوود و ئەنجامێكی باشی دوولایەنەی هەبووە و هەیە. زۆرێك لە ئامانج و سیاسەتەكانی یەكێتیی ئەوروپا نەك هەر تەنیا سەردەكێشن بۆ ئەوەی یەكێتیی ئەوروپا و ئەورووپییەكان خۆیان ڕزگار بكەن لە هەڕەشەی ڕووسیا بۆ پچڕاندن، یان ڕاگرتنی هەناردەی وزە، بەڵكو لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی یەكێتیی ئەوروپا بەشدارییەكی زیاتر بكات لە كەمكردنەوەی كاریگەری و لێكەوتەكانی قەیران و تەنگژەی ژینگە. كەواتە سوودی بەدەستهێنانی سەربەخۆبوونی ڕۆژئاوا لە ڕووی وزەوە دەبێتە هۆی ئەوەی وزەی نوێبووەوە جێی سەرچاوە تەقلیدییەكانی وزە بگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەورووپییەكان چیدیكە ڕووبەڕووی كۆت و بەند نەبنەوە لە گرتنەبەری سیاسەتەكانی لە ئاست وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە كەنداوی فارس و باكووری ئەفریقا. هەروەها ڕاددە و ئەندازەیەكی زیاتری ئازادی بۆ ئەوروپا دەستەبەر دەكات، لە مامەڵەكردنیدا لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان لە بارەی پرسەكانی پەیوەست بە وزە و گۆڕانی كەش و هەوا بە شێوەیەكی گشتی. دواتر دەبێت ئەوە بڵێین كە پچڕاندنی پەیوەندییەكانی وزە لەگەڵ ڕووسیا كاریگەری و دەرهاویشتەی نەرێنی لێدەكەوێتەوە، ئەگەر لە كۆتاییدا ئەوروپا سەركەوتوو بێت لەوەی چیتر ناچار نەبێت غاز و دواتر نەوتی ڕووسیا هاوردە بكات، ئەوا ڕووسیای دوای ڤلادمیر پوتین چۆن دەتوانێت ڕزگاری بێت لە هەوڵ و مەیلی دەسەڵاتخوازی؟ هیچ یەكێكیش لەم دوو دەرئەنجامە مایەی هەڕەشە و مەترسییەكی كەمتر نییە لەو هەڕەشەی كە ڕووسیای ئێستا بە سەركردایەتیی پوتین دروستی دەكات بۆ ئەوروپا. دواتر دەبێت ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگرین كە سەربەخۆبوونی ئەوروپا لە نەوت و غازی ڕووسیا دەبێتە هۆی ئەوەی لە بەرامبەردا و بە بەردەوامی پشت بە ئەمریكا ببەستێت. بەم دواییە لە لوتكەی مەدرید و لە چوارچێوەی چەمكێكی ستراتیژیی نوێدا ڕاگەیەندرا كە ڕووسیا ڕكابەری سەرەكی و بنەڕەتیی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە.

ئەم ئاڵوگۆڕە لە تێڕوانین و دیدی ڕووسیادا لەوەی ببێتە هاوبەشی ئەوروپا بۆ ئەوەی ببێتە ڕكابەرێكی تەواوی ئەوروپا، ئاماژە بەو ڕاستییەی كە هاوسەنگی و پارسەنگی سەربازی وەك حاڵەت و هەلومەرجێكی گرنگ دەمێنێتەوە لە ئێستادا و هەم لە داهاتووشدا بە چەشنی ئەوەی لە سەروەخت و ڕۆژگاری شەڕی سارددا لە ئارادا بوو.

* هەروەك دەزانن كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی پڕ لە كێشەی و پشێوی و تەنگژەیە، هەروەك چۆن پێشهات و پەرەسەندن و ڕووداوەكانی ئەم ناوچەیە كاریگەری و لێكەوتەیان دەبێت لەسەر بەشەكانی دیكەی جیهان، ئەوا لە هەمان كاتدا ئاڵوگۆڕەكانی جیهانیش كاریگەرییان لەسەر ئەم ناوچەیە هەیە و دەبێت، لەم ڕووەوە چۆن لە كاریگەرییەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانن لەسەر ئەم ناوچەیە، یان پێتان وایە ئەم ناوچەیە بە دوورە لەو كاریگەرییە؟

- بە تێڕوانینی من دەرئەنجام و دەرهاویشتەی شەڕ، یان داگیركاری ڕووسیا بۆ وڵاتی ئۆكرانیا و كاردانەوە و پەرچەكرداری وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئاست ئەم شەڕەدا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ نەك ناڕاستەوخۆ كاریگەری هەیە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ نموونە: هەروەك پێشتر ئاماژەم پێ كرد، هەوڵ و كۆششەكان بۆ خۆدابڕین و دووركەوتنەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە پشتبەستن بە نەوت و غازی سرووشتیی ڕووسیا دەبێتە هۆی زیادبوون و هەڵكشانی خواست و داواكاری بۆ نەوتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتانە (وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی لەم ناوچەیەدا، دەستڕۆیشتووییەكی زیاتر و كاریگەرییەكی زیاتریان هەبێت بەسەر وڵاتانی ئەوروپاوە، هەم لە مەودای كورتدا و هەم لە مەودای درێژخایەندا. بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە مەودای درێژخایەنەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین كە ئامانجی ئاشكرا و ڕاگەیەندراوی وڵاتانی ئەوروپا بریتییە لەوەی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بەكار بهێنن لە بری سەرچاوە تەقلیدییەكانی وزە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی ئەوەی لە كۆتاییدا داواكارییەكی كەمتر هەبێت لەسەر ئەم سەرچاوە تەقلیدییانەی وزە، هەروەها ئەمە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی ئەم دەوڵەتە بەرهەمهێنەرانەی نەوت، لەم ڕوانگەیەوە دەستڕۆیشتوویی ئەم وڵاتانەش كەم دەێتەوە لە ئاست وڵاتانی ئەوروپا و لە پەیوەندی بەو پرسانەی گرێدراون بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیانەوە. ئەم دەرئەنجامەش خۆی لە خۆیدا ئەگەری ئەوە لە خۆدەگرێت كە ببێتە هۆی ئەوەی ناسەقامگیركردنی ناوچەی كەنداوی فارس و بە تایبەتی و بە دیاریكراوی ببێتە هۆی گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندی ئێران. هەرچۆنێك بێت، زەحمەتە بتوانین وێنای ئەوە بكەین كە چۆن ئەم شەڕە بەرفراوان دەبێت بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە بگرێتەوە، یان چۆن ئەكم شەڕە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ڕووسیا دەكات لەم ناوچەیەدا.

Top