یادی هونەرمەندان و سەرنجێك

یادی هونەرمەندان و سەرنجێك

فەرهەنگ غەفور

زۆرجار لە یادی هونەرمەندانی كۆچكردوودا، كە ئێمە نیاز و مەبەستمان رێزنان و بەهەندزانینی خزمەت و هونەرەكەیان بووە، بەڵام لەلایەن هەندێ خەڵكەوە دەكەوینە بەر رەخنەی ئەوەی كە هەر یادی مردووان دەكەنەوە، یان وەك ئەو پەند و بالۆرە كوردییانەی كە هەن و دەڵێن زیندووكوژی مردووپەرستن.
بەر لە چەند رۆژێك یادی هونەرمەند (سەلام كۆیی)مان كردەوە و دیسان ئەو رەخنە و گلەییەمان هاتەسەر، بۆیە بە پێویستی دەزانم سەرنج و روونكردنەوەیەك بنووسم وەك: یادكردنەوەی هونەرمەندان یادكردنەوەیە لە پەیام و خزمەتەكەیان و رێزگرتنە لە تەمەنێك خزمەتی هونەری وك زیاتریش بۆ ئاسوودەیی دڵی خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێ و ئازیزانیانە.
- زۆربەی جار ئەو یادكردنەوانە لەسەر داوای كەسوكاریانە و بۆ ئێمە ناخۆشە دڵیان رانەگرین و خۆمانی لێ ببوێرین.
- هەموو ئەو خەڵكەی بە مەراسیم و یادكردنەوەكە ماندوو دەبن و ئیشی بۆ دەكەن، كە هەڵبەتە ماوەیەك كار و ئامادەكاری و ماندووبوونیشی دەوێ، هەمووی خۆبەخشانەدم و هیچ ئیمتیاز و پاڵپشتییەكی لەگەڵ نییە، نەوەك خوانەخواستە كەسێك گومان لەوە بكات، كە ئەمە بۆ پاداشت و دەسكەوتێك بێت، بەڵكوو هەموو ئەوانەی بە رێكلام و چاككردنی هۆڵ و ئامادەكردنی بابەت و بڕگەكانی مەراسیم و هاتوچۆ و هەرچی مەسرووفاتەوە هەیە، خۆبەخشانەیە و، تەنیا بەرزڕاگرتنی یادی ئەو هونەرمەندە و ئاسوودەیی دڵی كەسوكار و هاوڕێیانی نەبێت نیازێكی لەپشتەوە نییە.
- نیازمان وایە و پلانمان داناوە، بۆ لەمەودوا رۆژێك وەك (رۆژی یادی هونەرمەندان) لە ساڵدا دەستنیشان بكەین و، لەو رۆژەدا یادی هەموو هونەرمەندان بێ جیاوازی بكەینەوە و ببێت بە نەریتێكی ساڵانە بۆ یادی هونەرمەندانمان و چالاكییەكی بەرفراوانی بۆ بكەین، بەمەش خۆمان لەو هەموو یادانە دوور دەگرین، كە دەیان هونەرمەندی ئازیز كۆچی دواییان كردووە و هەریەكە و بۆنە و رۆژێك و مەراسیمێكی دەوێت، بۆیە هیوادارم ئەم پلانەمان سەر بگرێت و ئەم پێشنیارە جێبەجێ بكرێت.
- ئەم سەرنج و تێبینی و بەرچاوڕوونییانەم بۆ هەموو ئەو دۆست و یار و نەیارانە نووسی، كە چ لە پەرۆشییان رەخنە دەگرن، چ لە ئەملا و ئەولا بۆڵەبۆڵ دەكەن، چ بۆ كەسوكاری هونەرمەندانیش، كە گلەیی بكەن لەوەی یاد و مەراسیم بۆ هەندێكیان دەكرێت و بۆ هەندێكیان ناگرێت.
خوای گەورە لە رۆحی هەموو هونەرمەندانی كۆچكردوو و لە ئێمە و ئێوەش خۆش بێت.

یادی هونەرمەندان و سەرنجێك
Top