چاوان خەلیل بۆ گوڵان: هونەری جاران رۆحییەتی كاركردنی زیاتر بوو
چاوان خەلیل لە هەڵەبجە لەدایكبووە، پەیمانگای هونەرەجوانەكان بەشی شانۆی لە هەڵەبجە تەواو كردووە، دواتر بەشی شانۆی لە كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەڵاحەدین تەواو كردووە، هەر لە هەولێر دادەنیشێت و كار و پڕۆژە هونەریەكانی ئەنجام دەدات، لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
-كاتێ باس لە رەوشی شانۆی كوردی لە حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەكرێت، هەست بە چی دەكەیت؟
هەموو قۆناغەكانی مێژووی شانۆ بۆ شانۆكار گرنگیی خۆی هەیە، چونكە هەر رابردووە كە ئەمڕۆ بەرهەم دەهێنێ بە هەموو باشە و خراپەكانیەوە، بۆیە مێژووی ئەو رۆژگارانەی رابردوو كە ئێمە مانان نەبووین و تەنیا خوێندوومانەتەوە، یان مامۆستا و هونەرمەندانی بەئەزموونی ئەو رۆژگارانە بۆمان باس دەكەن، لەڕاستیدا جیاوازییەكی زۆر بەدی دەكرێ، بەتایبەت لە رووی رۆحی كاركردنەوە، كە زیاتر لەوەی ئێستە هەیە، ئەو سەردەمە زیاتر كار دەكرا، ئەوجۆرە لە كاركردنیش بەشێكی زۆری دەچووە خانەی بەرگری و هەستی نیشتمانی و دژایەتیی زوڵموزۆری دەسەڵاتێكی وەك حیزبی بەعس، كە خۆی بۆ خۆی شانۆیەكی جەماوەریی دەخوڵقان، بەڵام ئەوەی ئێستە هەر گرووپ و دەستەو سەنتەر و تیپێك بەپێی پرەنسیپ و باوەڕی خۆی و بە ستایلی خۆی كار دەكات، ئەمەش دوو لایەنەیە، لایەنێكیان فرە فۆڕمی و فرە چەشنیمان بۆ دەخوڵقێنێت و، جۆرێك پەرتەوازەیی لە شانۆی نیشتمانیدا بەدی دەكرێت و بە ناڕوونی ناونیشانی شانۆكەمان دەڕوات.
-شانۆی كوردی پێویستی بە چییە بۆ ئەوەی لەو چەقبەستووییەی ئێستا دەر بچێت؟
شانۆی كورد چەقی نەبەستووە، ئەوە خودی شانۆكارانە بەگشتی چەقیان بەستووە، چونكە دواجار ئەوە شانۆكارە كە قەیران، یان چەق بەستووەیی بۆ شانۆ دروست دەكات، بە بۆچونی من یەكگرتنی شانۆكاران وەك جۆرێك لە دۆستایەتی شانۆكاران لە چوارچێوەی دیدارێكی فراوانی شانۆیدا رێكخستنەوە بخرێتەوە، رێكخستنەوە بۆ هەموو بەرهەمەكان بكرێت و لە رووی شانۆی نیشتیمانییەوە جۆرێك لە رێنمای و مەرج و پێوەری كولتووری و شارستانی و یاد و یادەوەری دابڕێژرێت، تا لە چەند ساڵی ئایندە ئێمەش ببینە خاوەنی شانۆیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی.
-ئایا كۆلێژ و پەیمانگەكان چ رۆڵێكیان هەبووە لە پێشخستنی شانۆی كوردیدا؟
لە ئێستەدا بەداخەوە بە زۆرهۆكار و بەشێوەیەكی گشتی، شكستی ناوەندە هونەرییەكان لە رووی رێژەی بەشداریكردنی تاكی نێو كۆمەڵگە، وەك پەیمانگە و كۆلێژەكان بەدی دەكرێت، كە خوازیار خوێندنی هونەر هەڵبژێرێت. لە رابردوو و لە كە ئەم ناوەندانە لە بنەڕەتدا رۆڵی گەورە دەگێڕن لە دروسكردنی كادیری هونەریدا، بەڵام لە رێنمایی و سیاسەتی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا پێگەیاندنی مامۆستای هونەر بیرۆكەكەی رووبەڕووی چەندین گرفت بوونەتەوە.
-ئایا وەك پێویست پشتیوانی لە شانۆكارە لاوەكان دەكرێت؟
لەسەرئاستی تاك رەنگە پشتیوانیی چەند كەسێك وەك شانۆكار و گەنج كرابێت، بەڵام بەگشتی شانۆكاران لە ژیانێكی زۆر ناهەمووار و ناڕەحەتدا دەژین، كە زۆرجار بەهۆی بژێوی ژیان و گەڕان و هیلاك بوون، شانۆ و هونەر دەبێتە پلانی دووەم و سێیەم، كە بەداخەوە لە ئێستەدا بەهۆی سەختیی ژیانەوە چەندین شانۆكاری بەتوانا وازیان لە شانۆ هێناوە و، تەنانەت هەشیانە كرێكاری دەكات!
-وەك شانۆكارێك، پێتوایە جەماوەر پێویستی بە چ جۆرە نمایشێك هەیە؟
جەماوەر پێویستی بەوشانۆیە هەیە كە كۆژانەكانی خۆی تێدا ببینێتەوە.
-زیاتر حەز لە چ رۆڵێك دەكەیت لە شانۆدا؟
ئەو رۆڵانەی شانۆ پێت دەبەخشێت، هیچی لە هیچی كەمتر یان زیاتر نییە، بەڵام باشترین و گونجاوترین رۆڵ بۆ من ئەویە كە كارەكتەری خۆم و كارەكتەری شانۆییم بكاتەوە بە یەك، تا بتوانم بە باشترین شێوە و بە دڵ ئەو رۆڵە بگێڕم .
-ئایا لە بواری شانۆدا ئافرەتانی شانۆكار بە رۆڵی خۆیان هەستاون ؟
ئافرەتانی شانۆكاری كورد لە زۆر رووە قوربانین، چونكە مامەڵە و واقیعی كۆمەڵگەی كوردی هێشتا زۆری ماوە بۆ ئەوەی كچانی شانۆكار وەك كوڕانی شانۆكار بتوانن ئازادانەتر مامەڵە بكەن، ئەڵبەت كەمێ پێشكەوتن بەدی دەكرێت، بەڵام لە ئاست پێویستدا نییە، بەداخەوەش بە چەندین هۆكاری كۆمەڵایەتی و خێزانی و دابوونەریتەوە چەندین شانۆكاری ئافرەت لە شانۆ دوور كەوتوونەتەوە .
-رێچكەشكاندن، یان بوێریی ئافرەتی كورد لە بواری نواندندا لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
بابەتەكە بوێری و رێچكە شكاندن نییە، چونكە ئەگەر بەو شێوەیە بێت، رەنگە بەشێك لە شانۆكاری ئافرەت ببنە قوربانیی ئەو بوێری و رێچكەشكاندنە، بە رای من ئەوە بابەتی باوەڕ و قەناعەت و خەونی مرۆڤە كە دەیگەیەنێتە ئەو ئاستەی قوربانی بۆ ئامانجەكەی بدات.
-بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ لە خولی دووەمی فێستیڤاڵی شانۆی كەركوك بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
بە راستی منیش یەكێكم لەو هەموو ئافرەتانەی بۆ شانۆ قوربانیم داوە و ماندووبوونم چەشتووە، بۆیە خەڵاتی فێستیڤاڵێكی وەك شانۆی كوردی لە كەركوك بۆ من نەك هەر جێگەی شانازییە، بگرە جۆرێكە لە ئومێد بۆمن و بۆ زۆر شانۆكاری دیكەی ئەم نیشتمانە.
-چاوان چ پەیامێكی هەیە كە لە رێگای شانۆوە بیگەیەنێت؟
لە شانۆدا باشترین پەیام ئەوەیە كە ئازارەكان پیشان بدرێن و جوانییەكانیش بهێنرێتەوە سەر تەختی شانۆی ژیان.
-لە نێوان راگەیاندن و سینەما و شانۆ و دراما، كامیان هەڵدەبژێریت و بۆچی؟
هەریەكەیان گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام من شانۆكارم و شانۆ هەڵدەبژێرم.
-ئایا هیچ پڕۆژەیەكی هونەریت لە بەردەستدایە بۆ ئایندە كاری لەسەر بكەیت؟
لە ئێستادا هیچ بەرنامەو پلانێكی كاری نوێم نییە، بەڵام بۆئایندە نازانم چی كارێك دەبێت و چۆن دەبێت.