گوڵشەن ساڵح: بە خانمانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەڵێم لەو گۆشەگیرییە وەرنە دەرەوە
گوڵشەن ساڵح ناسراو بە گوڵشەنی گوڵفرۆش، كچێكی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و دانیشتووی قەزای سەیدسادقە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە دەستدانی قاچەكانی هیچ كات نەبووەتە بە بەربەست لەبەردەم خەونەكانی و بەمجۆرە باس لە ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی كاركردنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
گوڵشەن ساڵح ناسراو بە گوڵشەنی گوڵفرۆش، خانمێكی تەمەن 25 ساڵەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و دانیشتووی قەزای سەید سادقە، وەك خۆی باسی دەكات دوای تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی دەستی بە كاركردن كردووە و ماوەی چوار ساڵە دووكانێكی گوڵفرۆشی بەڕێوە دەبات.
ئەو خاتوونە سەبارەت بە چۆنیەتیی لەدەستدانی قاچەكانی دەڵێت: «چەند ساڵێك بەر لە ئێستا بە هۆی ڕووداوێك قاچەكانم لەدەست دا، ئەویش بە هۆی ڕووداوێكەوە لە ماڵەوە وام لێ هات، لە ماڵی خۆمان ژوورێكمان هەبوو، ڕووخا بەسەرمدا و ئیتر لە وكاتەوە نەمتوانی لەسەر پێیەكانم بوەستم و ڕێ بكەم. لە دوای ئەوە نەمتوانی نە لە ژیان و نە لە خوێندن بەردەوام بم».
ئەو خاتوونە گوڵفرۆشە وەك خۆی باسی كرد، دوای ئەو ڕووداوەی كە بووە هۆی لە دەستدانی قاچەكانی، تا ماوەیەك نائومێد بووە، بەڵام دوای شەش ساڵ بڕیاری داوە: «دووبارە خۆم تێكەڵی ژیان بكەمەوە و دەستم كردەوە بە خوێندن تا ئەو ئاستەی خۆم ویستم كە 12ی زانستی بوو». هاوكات دەڵێت: «سپاس بۆ خوا ژیانی منداڵیم وەك هە موو منداڵێكی دیكە سادە و ساكار بوو. لە خێزانێكی مامناوەندیی ئەم شارە بووم. لە ژیانی هە موومان سەختی هەیە، بە لام گرنگ كۆڵنەدان و بەرگەگرتنمانە. كاتێك بڕیارم دا بخوێنم زۆر سەخت بوو. خوێندنگا هەبوو ڕێگەی پێ نەئەدام بخوێنم، خوێندنگاش ئەوپەڕی ئاسانكاری بۆ دەكردم تا كۆڵ نەدەم، منیش كۆڵم نەدا تا ئەو ئاستەی حەزم بوو لە خوێندن بەردەوام بووم». گوتیشی: «بڕوای زۆرم بە تواناكانم هەیە، ئەگەر بڕوام بە تواناكانی خۆم نەبێت، هەوڵ نادەم، بەڵام بڕوام بە خۆم هەبوو، بۆیە هەوڵم دا و ویستم خاوەن كاری خۆم بم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە زیاتر چ كەسانێك پاڵپشت و هاندەری بوون؟ گوتی: «خێزانەكەم هاوكار و پاڵپشت و هاندەری سەرەكیم بوون بۆ هەر هەنگاوێك كە لە ژیان دەینێم، خۆیشم بڕوام بە ئیرادەی خۆم هەیە».
گوڵشەنی گوڵفرۆش وەك خانمێكی خاوەن پێداویستی تایبەت ئاماژەی بەوە كرد كە «ژنانیش دەتوانن هاوشێوەی پیاوان لە بازاڕی كاردا ڕۆڵیان هەبێت»، جەختی لەوەش كردەوە: «كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش لە بەگەڕخستنی تواناكانیان دەتوانن هاوشێوەی كەسانی ئاسایی سوودبەخش بن بۆ كۆمەڵگە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە چ پەیامێكت بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت هەیە؟ گوتی: «لێرەوە بە خانمانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەڵێم لەو گۆشەگیرییە وەرنە دەرەوە با بە كارێكی جوان ژیان جوانتر بكەین».