ڕاپەڕین دەرفەت و ئاستەنگەكان لە قۆناخی دوای ئەنفالەوە تا پەسەندكردنی بڕیاری فیدڕاڵی 1988 تا 4ی ئۆكۆتبەری 1992
بەشی یەكەم
قۆناخێكی تاریك و ئاڵۆز
بەرگی پێنجەمی كتێبی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بە ناونیشانی – ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان»، هەفتەی ڕابردوو كەوتە بەر دەستی خوێنەران و لە دەستپێكی ئەم كتێبەدا سەرۆك مسعود بارزانی ساڵانی 1988-1990ی بە «قۆناخێكی تاریك و ئاڵۆز» پێناسە كردووە و نووسیویەتی: «بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، كارەسات و نالەباریی ساڵی 1988، هیچی كەمتر نەبوو لە بارودۆخی ساڵی 1975، بەڵام بوونی بەرەی كوردستانی و هاوكاری و تەبایی و یەكڕیزیی لایەنەكان خاڵێكی یارمەتیدەر و پۆزەتیف بوو. هەموو لایەنەكان پێكەوە شانیان دایە بەر بەرپرسیاریەتی، نەك ئەوەی بكەونە تاوانباركردنی یەكتری، ئەمەش لە ڕاستیدا خۆی سەركەوتن و دەستكەوت بوو».
سەرۆك بارزانی لەم كتێبەدا «قۆناخی تاریك و ئاڵۆزی” بە دوو ساڵی كۆتایی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو (1988-1990) پێناسە كردووە و، سەرەتای ساڵی 1990 بە وەرچەرخان و گۆڕانكاریی گەورە لە جیهان و كرانەوەی دەرگایەكی فراوانی بە ڕووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان داناوە، ئەم تێڕوانینەشی لەسەر بنەمای كۆمەڵێك بنەمای سیاسی و زانستی بنیاد ناوە، كە هەر لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە جێگەی بایەخی بوون و لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانكارییانە پلان و ستراتیژیەتی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان داڕشتووە. سەرۆك بارزانی بەمجۆرە ئاماژەی بە سەرهەڵدانی سیستمی نوێی جیهان داوە كە جۆرج بوشی سەرۆكی ئەمریكا لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین ڕایگەیاندووە و بەمجۆرە نووسیویەتی:
1. نزیكەی 10 ساڵ بەر لە ڕووخانی دیواری بەرلین و داگیركردنی كوێت لە لایەن عێراقەوە، «ڕالف داندۆف» زانا و كۆمەڵناسی ئەڵمانی - بەریتانی، بە داكۆكیكردن و پێداگری لەسەر ڕەهەندە ئابوورییەكان و مافەكانی مرۆڤ، بابەت و ڕوانگەكانی سەبارەت بە سیستەمی نوێی جیهان خستە ڕوو.
2. بوشی باوك لە ساڵی 1989 دوای دیداری لەگەڵ «گۆرباچۆف»، دوایین سەرۆك كۆماری سۆڤیەت لە ماڵتا، پێگەی نوێی ئەمریكای لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ڕاگەیاند و بە سیستمی نوێی جیهان لە قەڵەمی دا.
3. ڕۆژی 11ی نیسانی 1990 گۆرباچۆف لە میوانداری لەگەڵ ژمارەیەك میدیاكار و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە مۆسكۆ، بابەتی سیستەمی نوێی جیهانی ورووژاند.
ئەگەر سەرنج لەم سێ خاڵەدا بدەین، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە سەرۆك مسعود بارزانی هەر لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردووە زۆر بە وردی و چڕی بایەخی بەو گۆڕانكارییانە داوە كە لەسەر ئاستی سیاسەتی نیودەوڵەتی ڕوویان داوە و لەسەر ئاستی كوردستانیش شەڕێكی خوێناوی لە نێوان عێراق و ئێراندا هەبووە، هەر بۆیە هەر لە سەرەتای هەشتاكانەوە بیری لەوە كردووەتەوە كە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە چوارچێوەی بەرەیەكدا یەك بگرنەوە و، ئەوە بوو لە ساڵی 1980 بەرەی جود «بەرەی نیشتمانی دیموكراتی» دامەزرا كە چوار پارتی سیاسی لە خۆی گرتبوو، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتای هەشتاكانەوە و دوای هەڵگیرسانی شەڕی «عێراق – ئێران» هەستی بەوە كردووە كە كوردستان لەناو ئەم شەڕ و گۆڕانكارییانەدا پریشكی گەورەی بەردەكەوێت، بەتایبەتی لە دوای دوو ساڵی یەكەمی شەڕەكەدا، هێزەكانی سەدام حوسێن توانییان بەشێكی خاكی ئێران داگیر بكەن، بەمەش سەدام حوسێن گەیشتبووە حاڵەتێكی غرووری ئەوتۆ كە بە عەرەبی پێی دەڵێن «جنون العظمة» و پەنا بۆ هەموو كارێكی وەحشیگەری دەبات و هەنگاوی یەكەمی ئەم وەحشیگەرییەشی بە ئەنفالی بارزانییەكان دەستی پێ كرد.
لەو دوو ساڵەی كۆتایی هەشتاكان كە بە «قۆناخێكی تاریك و ئاڵۆز»ی داناوە، ڕووداوە سەخت و ناخۆشەكان گەیشتوونەتە لوتكە و لە دوای جێبەجێكردنی پرۆسەی «10 ئەنفالە بەدناوەكە» كە سەرانسەری كوردستانی گرتەوە، ڕژێمی سەدام بە سەرمەستیی بردنەوەی شەڕەكەی لە گەڵ ئێران و بە هەموو ئەو تۆپ و جبەخانە و ڕۆكێتەی لەبەر دەستی بوو، بڕیاری دا كە تەواوی ناوچە ئازادكراوەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان داگیر بكات، بۆ ئەمەش لە ڕۆژی 26ی تەموزی 1988 لە چەند قۆڵێكەوە هێرشی كردە سەر دەڤەری خواكورك و بۆ ماوەی 46 ڕۆژ ئەم هێرشانە بەردەوام بوون و هێزێ پێشمەرگەی كوردستان لەو «قۆناخە تاریك و ئاڵۆزەدا» داستانی سەروەریی خواكوركی تۆمار كرد و، دوای ئەم سەركەوتنە مەزنە، سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر لوتكەی چیای خواكوركەوە پەیامی سەركەوتنەكەی ڕاگەیاند و بە هێزی پێشمەرگە و تەواوی گەلی كوردستانی ڕاگەیاند، بارودۆخەكە بەرەو گۆڕانكاریی گەورە دەچێت.
ئەم پێشبینییانەی بۆ گۆڕانكاریی گەورە، وای كرد لە سەرەتای ساڵی 1989وە سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان زەمینە بۆ گرێدانی كۆنگرەی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان ساز بكەن و، لە ماوەی خۆسازادانی پارتی بۆ كۆنگرەی 10 واتە سەرەتای 1989 تا 12ی 12ی 1989، گۆڕانكارییە گەورەكە لە جیهان ڕووی دابوو، كە ئەویش ڕووخانی دیواری بەرلین بوو لە (9ی 11ی 1989)، ئەگەر سەرنجێكی ورد بدەین لەسەر خۆئامادەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆنگرەی 10 و مەزندەكانی سەرۆك بارزانی بۆ ڕوودانی گۆڕانكاریی گەورە لە جیهاندا، ئەوا دەببینین لەناو ئەو خۆئامادەكردنەدا ڕووداوە گەورەكە كە «ڕووخانی دیواری بەرلین»ـە نەك هەر سیستەم، بەڵكو جیهانی تازەی دروست كردووە و، كۆنگرەی دەیەمی پارتییش لەناو ئەو گۆڕانكارییە گەورەیە بەڕێوەدەچێت، هەر ئەمەشە كە وای كردووە سەرۆك مسعود بارزانی سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو وەك سەرەتای ئومێد بۆمان پێناسە بكاتەوە.
لە سەرەتای ساڵی 1990 و دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، سەرەتاكانی كۆتایی یەكێتیی سۆڤیەت دەركەوتبوو و لەناو سەركردایەتیی حزبی شیوعی و حكومەتی سۆڤیەتدا ناسەقامگیری و پاشاگەردانی سەریهەڵدابوو، لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبی، بەتایبەتی دەوڵەتانی كەنداو (سعودیە و ئوردن و یەمەن و میسر)، كە لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراقدا پشتگیریی سەدام حوسێن-یان كردبوو، ناكۆكی و ئاڵۆزی دروست ببوو. سەدام حوسێن بە ئاشكرا ڕایدەگەیاند كە ڕۆكێتی دوانی «بایۆلۆژی و كیمایی» دروست كردووە و ئامادەیە كەی بیەوێت نیوەی ئیسرائیل دەسووتێنێت، هەر بۆیە لە مانگەكانی سەرەتای 1990ـەوە ئەو سەرە داوانە دەركەوتبوون كە گۆڕانكارییەكی گەورە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە ڕوو دەدات و، كێشەكانی نێوان ئەو وڵاتانە «بەتایبەتی عێراق و كوێت» گەیشتبوونە ئەو ئاستەی كە پێشنیاری جۆراوجۆر باس دەكران، بەڵام ئەمریكا خۆی لەم كێشانە بە دوور خستبووەوە و تەنانەت وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كردووە «لە 25ی تەموزی 1990 چەند ڕۆژێك بەر لە هەڵگیرسانی شەڕی كوێت، سەددام پێشوازی لە خاتوو گڵاسپی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد، بابەتی گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا و بە تایبەتی قسەكانی گڵاسپی لە كۆبوونەوەكەدا بە لای زۆربەی شارەزا و چاودێرانەوە بە مانای هەڵكردنی گۆڵۆپی سەوز بوو بۆ سەدام».
داگیركردنی كوێت وەرچەرخانێكی گەورە و گۆڕینی هاوكێشەكان
دوای ڕووخانی دیواری بەرلین لە (9/11/1989) و داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە لە (2/8/1990) بە گەورەترین ڕووداو لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، «جیمز بیكر» كە ئەو كات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، لە كتێبی «سیاسەتی دیپلۆماتی» نووسیویەتی: «كاتێك دینس ڕۆس تەلەفۆنی بۆ كردم لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت گەیشتووینەتە ئەو ڕێككەوتنەی كە سۆڤیەتیش دەبێتە بەشێك لە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی بۆ دەركردنی هێزەكانی عێراق لە كوێت، شەڕی سارد كۆتایی هات»، ئەم قسانەی بیكەر پێمان دەڵێت، داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە زۆر لە ڕووخاندنی دیواری بەرلین لەسەر ئاستی جیهان و وەرچەرخانەكانی جیهان گەورەتر بووە. سەرۆك بارزانی لەم كتێبەدا، داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە بە ڕۆژێكی تایبەت لە مێژووی عێراق و وەرچەرخانێكی گەورەی ئەوتۆ دادەنێت، كە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی، لە هەمانكاتیشدا ستایشی وەفای گەلی كوێت دەكات كە بەوەفا بوون بۆ وڵات و میرەكەیان و لەو تەنگانەیدا پشتی وڵاتی خۆیان بەرنەدا و، تەنانەت سەدام حوسێن زۆر بە زەحمەت كەسێكی بە ناوی «عەلا حوسێن» دۆزییەوە تا وەك سەرۆكی كاتیی حكومەتی كوێت ڕابگەیەنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمە كارتۆنی بوو، دواتر عەلی حوسێن مەجید بووە حاكمی ڕەهای كوێت و هەموو كارێكی دزی و تاڵانیان بەرامبەر حكومەت و سەروەت و سامانی هاووڵاتیانی كوێت ئەنجام دا.
بێگومان لەناو ئەو هێزە گەورەیەی سوپای عێراق كە پەلاماری كوێتی دا، ژمارەیەك سەربازی كوردیشی تێدا بووە و، لە ڕەفتارەكانی عەلی حوسێن مەجید بەرامبەر بە كوێتییەكان، هەمان ئەو ڕەفتارانەی عەلی حوسێن مەجید ناسراو بە «عەلی كیماوی»یان هاتووەتەوە بەر چاو كە لە قۆناغی ئەنفالەكان و كیمابارانكردنی كوردستاندا دەرهەق بە خەڵكی كوردستان ئەنجامی داون، بەڵام سەربازە كوردەكان زۆر هاریكاریی هاووڵاتییە كوێتییەكانیان كردبوو، چەندی لە دەستیان هاتبێت، هەوڵیاندابوو كە كوێتییەكان لە ڕەفتارە دڕندانەكانی عەلی كیماوی بپارێزن، گەلی كوێتیش هەستیان كردبوو سەربازە كوردەكان هاوكارییان دەكەن، بۆیە ئەمەیان لە ناوخۆیاندا باس كرد و تەنانەت گەیشتبووەوە میری كوێت. سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم پرسە ئاماژەی بەوە كردووە «لە كاتی سەردانیكردنم بۆ كوێت هەستم بە شانازییەكی گەورە كرد، چونكە هەر لە ئەمیرەوە هەتا بەرپرسانی خوارەوەی حكومەت پێیان ڕاگەیاندم، سەربازە كوردەكانی ناو سوپای عێراق هاوكاری و یارمەتیی هاووڵاتیانی كوێتیان داوە».
ئاماژەكردنمان بۆ دڕندەیی كەسێكی وەك عەلی كیماوی بۆ ئەوە بوو بڵێین: ئەم دڕندەیە تەنیا بەرامبەر بە گەلی كوردستان دڕندە نەبووە، بەڵكو بەرامبەر هاووڵاتیانی هاوزمانی خۆی لە كوێت و لە شارەكانی باشووری عێراقیش دوای ڕاپەڕینەكانی بەهاری 1991 لەو شارانە هەر دڕندە بووە.
بێگومان ئەوانەی لەگەڵ سەدام بڕیاری داگیركردنی كوێتیان دەركردووە، ئەو كەسانە بوون كە زۆر لە سەدام نزیك بوون و پێدەچێت عەلی كیماوی یەكێكیان بێت، چونكە وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كردووە، عەبدولجەبار شەنشەل وەزیری بەرگری و نزار خەزرەجی سەرۆكی ئەركانی سوپا، ئاگاداری ئەو پلانە بوون و كە چوون بۆ كۆبوونەوەی هێزە سەربازییەكان لە كۆشكی كۆماری، ئەو كات زانیویانە ئەو پرسە بوونی هەیە.
كاردانەوە نێودەوڵەتی و عەرەبییەكان
زۆر توند و خێرا بوون
هەر دوابەدوای داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 2ی ئابی 1990 كۆبووەوە و بڕیاری «660»ی دەركرد و، داوای كرد كە عێراق دەستبەجێ و بێ مەرج بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە ڕۆژی 1ی ئابی 1990 لێی بووە و، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، هەمان ڕۆژ كۆمكاری عەرەبی كۆبووەوە، لەمەش زیاتر لە ماوەی 2ی ئاب هەتا 25ی كانوونی یەكەمی 1990، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەشت بڕیاری دژی عێراق دەركرد و سزای توندیان بەسەردا سەپاند، بەڵام دەرچوونی بڕیاری «670»ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بڕیارێكی جیاواز بوو، مۆڵەت بۆ عێراق بەو جۆرە دیاری كرا، ئەگەر عێراق هەتا 15ی كانوونی دووەمی 1991 هێزەكانی نەكشێنێتەوە، ئەوا هێزی هاوپەیمان بە بەكارهێنانی هێز عێراق لە كوێت دەردەكەن.
سەبارەت بە شەڕی ئازادكردنی كوێت، سەرۆك بارزانی باس لەوە دەكات دوای دەرچوونی بڕیاری 670 وەك دوامۆڵەت بۆ پاشەكشەی سوپای عێراق، هەوڵە نێودەوڵەتیەكان بۆ ڕێگری لەو شەڕە دەستی پێكرد و تەنانەت كۆبوونەوەیەكی بۆ جیمز بیكەر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی عێراق لە 9ی كانوونی دووەمی 1991 لە ژنێڤ ڕێكخرابوو بۆ ئەوەی عێراق بكشێتەوە و لەمەش زیاتر جیمز بیكەر نامەیەكی سەرۆك بوشی باوكی هێنابوو بۆ سەدام حوسێن، بەڵام دیار بوو دوای كۆبوونەوەكە هیچ ئاكامێكی نەبوو، تاریق عەزیز نامەكەی خوێندبووەوە و لەسەر مێزی هۆتێلەكە بە جێی هێشتبوو، ئەمەش پرسەكەی گەیاندە ئەوەی كە هەموو جیهان چاوەڕێی شەڕی ئازادكردنی كوێت بكات.
هەر لەماوەی دوای داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە، سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی كۆبوونەوەی خۆی كردووە و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە كردووە و لە كۆبوونەوەی بەرەی كوردستانی لەسەر ئەم ڕووداوە، هەڵوێستی بەرەی كوردستانی وەك سەرۆك مسعود بارزانی ئاماژەی پێ كردووە، بەمجۆرە بووە:
1. سەركۆنە و تاوانباركردنی داگیركردنی كوێت.
2. لەو ماوەیەدا بە وردی چاودێریی بارودۆخەكە بكرێت و پەلە نەكرێت لە چالاكیی سەربازی و پێشمەرگایەتی.
3. خۆ ئامادەكردن بۆ هەموو ئەگەرەكان.
4. لێژنەكانی بەرەی كوردستانی لە دەرەوە دەست بە هەوڵێكی چڕو پڕی دیپلۆماسی بكەن لە چوار چێوەی ئەم بڕیارانەدا.
5. كۆبوونەوەی بەرە بەردەوام بن بە مەبەستی بەدواداچوون و چاودێریی بارودۆخەكە.
بارودۆخەكە لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و بەرەی كوردستانییش بەو جۆرە بووە، ئایا عێراق پێش 15ی كانوونی دووەمی 1991 دەكشێتەوە، یان شەری ڕزگاركردنی كوێت دەست پێ دەكات؟ بێگومان سەدام نەكشایەوە و لە بەرەبەیانی 17ی كانوونی دووەمی 1991 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هەموو شوێنە سەربازی و گرنگەكانی عێراق دەستی پێ كرد و، پێنج ڕۆژ دوای ئەم هێرشە عێراقیش بە مووشەك هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل كاردانەوەی نەبوو، ئەمەش دیارە لە بەر گوشاری ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەبی بوو كە بەشێك بوون لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئازادكردنی كوێت.
سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەی ئاماژەی بەوە كردووە دوای دەستپێكردنی ئەم هێرشانە كۆمیتەی ناوەندیی پارتی كۆبووەوە و هەموو پێشهاتەكان هەڵسەنگێندران و بڕیار درا چاودێریی گۆڕانكارییەكان بكەن، هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە، دوای ئەوەی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان بەشی هەرە زۆری توانا سەربازییەكانی عێراق و بەشی هەرە زۆری ژێرخانەكانی خاپوور كرد، لە 24ی شوباتی 1991 هاوپەیمانان هێرشی زەمینییان دەست پێ كرد و تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا سوپای عێراق خۆی نەگرت و تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی عێراق نامەیەكی بۆ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەگرتووەكان «دیكۆیار» نارد و تیایدا جەختی لەسەر ئەوە كردبووەوە كە عێراق بە هەموو بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش پابەند دەبێت و ڕۆژی 28ی شوباتی 1991 جۆرج بوش ڕایگەیاند كاتژمێر پێنجی ئێوارە بە كاتی لەندەن شەڕەكە بە كۆمەڵێك مەرجەوە لەگەڵ عێراق ڕادەگیرێت و لە ماوەی 48 كاتژمێریشدا شاندی سەربازیی هاوپەیمانان لەگەڵ شاندی سەربازیی عێراق لە سەفوان كۆ دەبنەوە و دەبێت ئەو مەرجانە لەلایەن عێراقەوە قبووڵ و ئیمزا بكرێن.
سەرۆك بارزانی دوای ئەوەی لە ساڵی 1992 سەردانی بەریتانیای كرد و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەو كات «جۆن مێجەر» كۆبووەوە و هەر لەو سەردانەشدا سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا «مارگرێت تارچەر»یشی بینیوە و لەو دیدارەدا تارچەر ڕەخنەی لە سەرۆك بوشی باوك گرتووە و باسی ئەوەی كردووە ئەگەر ئەو سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوایە، ئەوا بە كەمتر لە خۆڕادەستكردنی سەدام ڕازی نەدەبوو.
ڕاپەڕینی پارێزگاكانی باشوری عێراق و
دەرهاویشتەكانی
شەڕی هاوپەیمانان بۆ ئازادكردنەوەی كوێت 41 ڕۆژی خایاند كە تەنیا سێ ڕۆژیان هێرشی زەمینی بوو كە عێراق تێدا تەسلیم بوو. عێراق لەم شەڕەدا نزیكەی 100 هەزار سەربازی كوژران و 30 هەزار سەربازیشی بەدیل گیران كە بەشی هەرە زۆری عەرەبی عێراقی بوون، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو پێشتر لە دوای ساڵی 1988 حكومەتی بەعس بە دوو بڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورە هەموو سەربازە كوردەكانی سوپای عێراقی تەسریح كردبوو، بۆیە عەرەبی عێراق بە تایبەتی لە ڕووی كوشتن و برینداربوونی سەربازەكانیان و زیانەكانیان زۆر زیاتر لە خەڵكی كوردستان زیانمەند بوون، هەر لەم شەڕەدا 240 فڕۆكەی و چوار هەزار تانك و زرێپۆش تێكشكێندران، لەمەش زیاتر خەڵكی پارێزگاكانی باشووری عێراق بەشی زۆریان شیعە مەزهەبن و بۆ ڕۆژێك دەگەڕان كە تۆڵەی خۆیان لە ڕژێمی سەدام بكەنەوە، هەر بۆیە هەر دوابەدوای تەسلیمبوونەكەی عێراق لە ژێر چادرەكەی سەفوان، خۆپیشاندانەكانی شارەكانی باشووری عێراق دەستیان پێ كرد و لە ماوەیەكی كەمدا شارەكانی «بەسرە، عەمارە، كوت، دیوانیە» ڕزگار كران، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك هێزەكانی كۆماری بە سەركردایەتیی عەلی كیماوی و بەكارهێنانی هەلیكۆپتەر زۆر دڕندانە ئەو خۆپیشاندانەیان دامركاندنەوە و شارەكانیان داگیركردەوە.
سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات «هاوپەیمانان بۆیە ڕازی بوون عێراق هەلیكۆپتەر بەكار بهێنێت، چونكە شاندە سەربازییەكەی عێراق بە هاوپەیمانانی گوتبوو، لەبەر ئەوەی هەموو ڕێگاكان بە هۆی هێرشی ئاسمانییەوە تێكچوون، ئەوا ناتوانین بە خێرایی هێزەكانمان بكشێنینەوە و لەبەر ئەم هۆكارە ڕێگەیان پێ دابوون، بەڵام سەدام حوسێن سوودی لەمە وەرگرتبوو»، هەروەها سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە «لە ڕاپەڕینەكانی شارەكانی باشووری عێراقدا خەڵكێكی زۆری سوپای عێراق كوژرابوون و تەنانەت سووتێنرا بوون، بەڵام سوپاس بۆ خوا لەگەڵ ئەوەی دوو فەیلەقی سەرباز كەوتنە دەست خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەو شتانە هیچی ڕووی نەدا.»
ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان و ئازادكردنی كەركووكی دڵی كوردستان
هەر لە دوای داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە، بەرەی كوردستانی بەرنامەی «پلان بۆ ئەگەرەكان»ی گەڵاڵە كرد و هەموو ئەگەرێكی لەبەر چاو گرت و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادەكردبوو، هەر لەو ماوەیەشدا چەند لە شەڕی هاوپەیمانان بۆ ئازادكردنی كوێت نزیك دەبووینەوە، زیاتر خەڵكی كوردستان ورەیان بەرز دەبووەوە و چاوەڕێی لاوازبوونی سوپای عێراقیان دەكرد، بۆ ئەوەی بتوانن ڕاپەڕن، لەمەش زیاتر موستەشاری فەوجە سووكەكانیش كە چەكداری ڕژێم بوون، ئەوانیش لە مانەوەی ڕژێمی بەعس نائومێد بوون و پەیتا پەیتا پەیوەندییان بە لایەنەكانی ناو بەرەی كوردستانی دەكرد و ئامادەباشییان پیشان دەدا بۆ ئەوەی لە هەر دەرفەتێكدا ڕابپەڕن و كوردستان ئازاد بكەن، سەركردایەتیی بەرەی كوردستانیش بەردەوام لە خۆئامادەكردندا بوو، بەڵام هەنگاوەكانیشی بە هەستیاری هەڵدەگرت بۆ ئەوەی ئاكامەكەی بە خراپ بەسەر گەلەكەماندا نەشكێتەوە. سەرۆك بارزانی سەبارەت بەو ئامادەكارییانە نووسیویەتی: «هاوتەریب لەگەڵ ئامادەكارییەكان، بەرەی كوردستانی بڕیاری دا سێ سەركردایەتی بۆ هەر سێ پارێزگای «سلێمانی و هەولێر و دهۆك» دابنرێت و بۆ هەموو شار و شارۆچكە و قەزا و ناحیەكانیش سەركردایەتیی فەرعی دابمەزرێنن، هەر بەپێی ئەم بڕیارەش هێز و بەرپرس بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان كران».
دوای دەستپێكی یەكەم پریشكی ڕاپەڕین لە 5ی ئاداری 1991 لە دەڤەری بتوێن، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە كە بەرەی كوردستانی سەپەرشتیی ڕاپەڕین بكات و كارێك بكات كە ڕاپەڕین بە ئاراستەیەكی خراپدا نەبرێت، لەمبارەوە سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: «ڕۆژی 6ی ئادار سەردانی قاسمە ڕەشم كرد و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و برایانی سەركردایەتیی بەرە لەناوچەكە كۆبوومەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕەسوڵ مامەند لە سۆسیالیست و مەلاحەسەن لە حیزبی شیوعی و ملازم شوان لە پاسۆك ئامادەبوون، دوای تاوتوێكردنی بارودۆخەكە بڕیار درا كە لە هەر دوو ئیزگەی دەنگی كوردستان و دەنگی گەلی كوردستانەوە زانیاری و ڕێنمایی پێویست بە جەماوەری كوردستان بدرێت.»
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێنماییانەی كە هەردوو ئیزگە وەك ڕێنمایی سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی دەیاندا بە هاووڵاتیانی كوردستان بەوەی كەس بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەكاتەوە و ئەمڕۆ دەبێت هەموو یەك هێز و یەك ئیدارە بین و، هەروەها هیچ كەسێك سەربازێكی سوپای عێراق نەكوژێت، یان ئازاری نەدات، بە هەڵمەتەكانی ڕاپەڕین تەواوی هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر لەسەر دەستی خەڵكی كوردستان ئازاد كران و، ئیدی دوای ئەمە كاتی ئەوە بوو كە سەرۆك و سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی خۆیان بێنە ناو جەماوەر و كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن، بۆ ئەمەش سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی لە ڕۆژی 11ی ئادار لە قاسمە ڕەشەوە بەڕێ دەكەون بۆ شاری ڕانیە و یەكەم كۆبوونەوەی سەرۆك مسعود بارزانی وەك سەرۆكی بەرەی كوردستانی لە ناوەوەی وڵات لەگەڵ بەڕێوەبەرانی فەرمانگاكانی شاری ڕانیە دەبێت بۆ ئەوەی دووبارە خۆیان ڕێك بخەنەوە و بەردەوام بن لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و، ئیدی هەموو هەوڵەكان چڕ دەكرێنەوە بۆ ڕزگاركردنی پارێزگای هەولێر و ڕۆژی 14ی ئادار شاری دهۆكیش ئازاد كرا، دوای ئەمەش بەرەی كوردستانی پلانێكی گەورەی بۆ ئازادكردنی شاری كەركووك دانا و سەرۆك بارزانی خۆی چووە پردێ و لەوێوە نەخشەی ئازادكردنەی داڕشت، بۆ ئەوەی لە هەردوو قۆڵی هەولێر و سلێمانییەوە پێكەوە هێرش بكرێت و ئازاد بكرێت، بەمەش بۆ یەكەمین جار لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا كەركووك لەسەر دەستی خەڵك و هێزی پێشمەرگە ئازاد كرا و گەڕایەوە سەر كوردستان، ڕاستە ئازادكردنی كەركووك ماوەیەكی كورت بوو، بەڵام مێژووییەكە كە هەرگیز لە یاد ناكرێت.
دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس شارەكانی باشوری عێراقی گرتەوە، هێزی كۆكردەوە بۆ ئەوەی پەلاماری كوردستان بدات و، ئەو هێزەی ئەو كاتی عێراقیش وێڕای ئەوەی لە شەڕی هاوپەیمانان زیانی زۆری پێ گەیشتبوو، بەڵام هێزێكی پڕچەك و بۆمب و زرێپۆش بوو، كە لەگەڵ چەكی دەستی پێشمەرگە و خەڵكیش بەراورد نەدەكرا، بۆیە كە ڕۆژی 28ی ئادار هێزەكانی ڕژێم هێرشیان بۆ سەر كەركووك و هەولێر و سلێمانی و دهۆك دەست پێ كرد، توانییان لە چەند ڕۆژێكدا ناوەندی هەر چوار پارێزگا گەورەكە بگرنەوە و خەڵكەكەش كە پێشتر دڕندەیی هێزەكانی بەعس و سەدامیان بینیبوو، لە ترسی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی، زیاتر لە 80%ی هاووڵاتیان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشت و ڕوویان لە چیاكان كرد، لەبەر ئەوەشی پێشتر ڕژیمی سەدام حوسێن تەواوی كوردستانی لە دەرەوەی سنووری شارەكان كاول كردبوو و ئاوەدانی تێدا نەمابوو، هەموو خەڵكەكە كە زیاتر لە ملیۆنێك كەس دەبوون، ڕوویان كردە سنوورەكانی ئێران و توركیا و لەوێش بە هۆی باران بارینێكی زۆرەوە بارودۆخیان زۆر خراپ بوو و چاوەڕێی مەترسیی دروستبوونی كارەساتێكی مرۆیی دەكرا، بەڵام ئەمجارەیان سوپاس بۆ خوا و چاوی كامێرەكان كە توانییان ئەم دیمانانە بگەیەننە جیهان، وای كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەنگ بێت و شەخسی جێمز بیكەر بێتە سەر سنووری توركیا بۆ ئەوەی بارودۆخی ئاوارەكان ببینێت. سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە و دەڵێت: «دوای ئەوەی لە ساڵی 1992 چوومە ئەمریكا و جێمز بیكەر-م بینی، پێی گوتم: كاتێك سەردانی سەر سنوورەكانم كرد بۆ ئەوەی ڕەوشی ئاوارەكان ببینم كە هەرگیز ئەو دیمانەم لە بیر ناچێتەوە، هێشتا لە ناو فڕۆكەكە بووم كە قسەم لەگەڵ سەرۆك بوش كرد و پێم گوت: بارودۆخی ئاوارەكان لە ڕووی مرۆییەوە لە مەترسیدایە و ناكرێت زیاتر دوابخرێت و هەر ئێستا بڕیاری دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام بدەن.»
بڕیاری بەرگری و
داستانەكانی كۆڕێ و ئەزمەر
لەناو ئەم كارەساتەدا مرۆییە گەورەیەدا، سەرۆك بارزانی باس لەوە دەكات كە ڕۆژی 1ی 4ی 1991 مام جەلالیش گەیشتەوە كوردستان و هەر هەمان ڕۆژ بۆ شەوەكەی بەرەی كوردستانی كۆدەبێتەوە و بڕیار دەدەن دەبێت بەرگری بكرێت و جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان ئاوارە و سەرگەردان نەبێتەوە و، ڕۆژی دواتر مام جەلال گەڕایەوە سلێمانی و لە ڕۆژی 2ی نیسان شاری سلێمانیش لەلایەن ڕژێمەوە گیرایەوە، سەرۆك بارزانی سەبارەت بەم پرسە لە كتێبەكەیدا نووسیویەتی: « لەو سەرو بەندەدا پەیوەندیمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و هەڤاڵانی لەو سنوورە پچڕا و دوای دوو ڕۆژ پەیوەندیمان پێكەوە كردەوە، ئەوكات زانیمان چی ڕووی داوە». دیارە مەبەستی سەرۆك بارزانی لەوەی ڕووی داوە شەڕی ئەزمەرە كە حكومەت هێرشی بۆ كرد و پاشان لەلایەن هێزەكانی بەرەی كوردستانییەوە داستانێكی قارەمانانە تۆمار كرا و هێزەكەی حكومەت شكێندرا و، لە بەرەی هەولێریشەوە دیارە وەك سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا ئاماژەی پێ كردووە و ئەو شەڕەی بە داستانی كۆمار ناو دەبرێت، لە بنەڕەتدا دوو شەڕە، شەڕی یەكەمیان كە لە 7ی نیسانی 1991 هێزەكانی ڕژێم بە تانك و زرێپۆشەوە هێرش دەبەن بۆ دەربەندی كۆڕێ لە دەربەندەكە تەنیا 24 پێشمەرگەی هێزی بارزانی لێ دەبێت و ئەو پێشمەرگانەش لێیان دێنە دەست و زیانێكی گەورە لە دوژمن دەدەن كە سەرۆك بارزانی بەمجۆرە لە كتێبەكەیدا تۆماری كردووە «بە جێهێشتنی 63 جەنازەی دوژمن، دەستكەوتنی 4 دەبابە، سووتاندنی یەك دەبابە، دەستكەوتنی 75 كلاشینكۆف، دەستكەوتنی 3 سەیارەی جۆری زیل».
ئەم نەبەردییە گەورەیەی ڕۆژی 7ی نیسان كە 24 پێشمەرگەی قارەمان تۆماریان كردووە، هەموو ساڵێك لە كاتی یادكردنەوەی كێشەمەكێشێكی زۆر دروست دەكات، هەندێك لە خەڵك پێیان وایە كە مافی ئەوانە خوراوە كە لە شەڕی 11ی نیسانی 1991 بەشدار بوون، بەڵام سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا بەمجۆرە باسی داستانی 11ی نیسانی 1991 دەكات «دوای شكستەكەی 7ی نیسان، ڕژێم فەرماندەی ئەو فیرقەی گۆڕی و فەرماندەیەكی تازەی بۆ دانا، بۆیە ئەو فەرماندە تازەیە هێزێك كۆدەكاتەوە پەلاماری دەربەندی كۆڕێ بداتەوە و هێزەكانی بەرەی كوردستانییش بەپەرچی ئەم هێرشە دەدەنەوە و هەموو هێزەكانی بەرەی كوردستانییش «پارتی، یەكێتی، سۆشیالیست، شیوعی، پارتی گەل، بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبوڵا تێیدا بەشدار بوون.»
هاوكات لەگەڵ ئەو سەركەوتنە گەورانەی پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش دەرچوو كە هەوڵێكی گەورەی سەرۆكی فەرەنسا فرانسۆ میترانی تێدا بوو، دوای ئەویش بە پاڵپشتیی جۆن مێجەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ناوچەی ئارام و دژە فڕین لە كوردستان هاتە دامەزراندن.
دەستپێكردنی دانوستاندن لەگەڵ حكومەت و زەمینە سازبوون بۆ هەڵبژاردنەكانی 1992
لە 13ی ئاداری 1991 دوای ئازادكردنی سلێمانی و هەولێر و دهۆك، حكومەتی عێراق لە ڕێگەی حاجی عوبیدەوە نامەیەكی ناردبوو، داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی كردبوو. سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا دەڵێت: «دوای ئەوەی نامەكەم وەرگرت، بانگهێشتی هەموو ئەندامانی سەركردایەتیی بەرەی كوردستانیم كرد و لە كۆبوونەوەكەدا نامەكە تاوتوێ كرا و، بڕیار درا كە وەڵامی نامەكە بدەینەوە و ئاماژە بەوە كرا كە دانوستاندن بژاردەی یەكەممان بووە»، لە كاتی گەڕانەوەی سەیارەكەی حاجی عوبێد دەكەوێتە بەر هێرشی فڕۆكەكان و سەیارەكە بە تەواوەتی سووتابوو، خۆیشی بە موعجیزە ڕزگاری ببوو، بۆیە هەتا حاجی عوبێد هاتەوە و وێنەیەكی تری نامەكەمان پێ دا، بارودۆخەكە زۆر گۆڕا بوو، دیارە ڕژێم وا تێگەیشتبوو ئێمە وەڵامەكەمان پشتگوێ خستووە و كاتێكیش نامەكەی ئێمەی بەدەست گەیشت، ڕژێم كەركووكی گرتبووەوە و وای دانابوو بەرەی كوردستانی لە لاوازییەوە داوای دانوستاندن دەكات.
بە هەر حاڵ هەر لە مانگی نیسانی 1991 جارێكی دیكە دانوستاندن لە نێوان بەرەی كوردستانی و ڕژێمی بە عس دەست پێ دەكاتەوە و سێ جار شاندی بەرەی كوردستانی دەچنە بەغدا، شاندی یەكەمیان شاندێك بووە كە لە چەند ئەندامی بەرەی كوردستانی پێكهاتبوو، بەڵام شاندی دووەم بە سەرۆكایەتی مام جەلال بووە و كاك نێچیرڤان بارزانی و چەند ئەندامێكی تری لەگەڵ بووە و، شاندی سێیەم بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی بووە و نەشیروان مستەفا و چەند ئەندامێكی دیكەشی لەگەڵدا بووە، بەڵام وەك لە كتێبەكەی سەرۆك بارزانیدا كە زۆر بە تێروتەسەلی وردەكاریی ئەم دانوستانانە بڵاو كراوەتەوە، ڕژێمی بە عس نەیتوانیوە لەگەڵ بەرەی كوردستانی بگەنە ڕێككەوتنێك و بە ئاشتییانە كێشەكە چارەسەر بكەن، بۆیە لە ئەیلوولی 1991 حكومەتی عێراق هەموو دامودەزگاكانی لە كوردستان كشاندەوە و ئەمەش بەو حیسابەی بەرەی كوردستانی ناتوانێت كوردستان بەڕێوە بەرێت، بەڵام سەرۆك بارزانی توانی سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی بگەیەنێتە قەناعەت بەوەی دەبێت بە هەڵبژاردن و ئیرادەی خەڵكی كوردستان ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە و بۆ ئەمەش بڕیار درا لە 19ی ئایاری 1992 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
سەرۆك بارزانی لە ماوەی شوبات هەتا نیسانی 1992 كۆمەڵە گەشتێكی دیپلۆماتی بۆ چەندین وڵاتی جیاوازی ئەوروپی بە مەبەستی دروستكردنی پشتیوانی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان ئەنجام دا، كە بەم جۆرە بوون: «لە 21ی شوباتی 1992 سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ سەرۆك توركۆت ئۆزال و سلێمان دیمریلی سەرۆكی حكومەتی توركیا كۆبووەوە، لە 25ی شوباتی 1992 سەردانی بەریتانیای كرد و لەگەڵ جۆن مێجەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و دۆگلاس هێرد بۆ كاروباری دەرەوە و چەند وەزیرێكی دیكە لە حكومەتی بەریتانیا كۆبووەوە و هەر لەوێش بانگهێشتی پەیمانگای بەناوبانگی چاتهام هاوس كرا و لەوێش وتارێكی پێشكەش كرد، لە 10ی ئاداری 1992 سەردانی فەرەنسای كرد و لەگەڵ سەرۆك فرانسۆ میتران لە كۆشكی ئەلیزێ كۆبووەوە، لە 12ی ئاداری 1992 سەردانی ئەڵمانیای كرد و لەگەڵ هانس دیتریش وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبووەوە، لە 20ی ئادار سەردانی نەمسای كرد و لەگەڵ مویس مۆك وەزیری دەرەوەی نەمسا كۆبووەوە،» دوای ئەم سەردانە پڕ دەستكەوتانە سەرۆك بارزانی گەڕایەوە بۆ كوردستان و سەرقاڵی زەمینەسازی بوو بۆ ئەنجامدانی یەكەمین هەڵبژاردن لە كوردستان و، وێڕای ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا ساختەكارییەكی زۆر كرا، بەڵام سەرەنجام بۆ ئەوەی لە دەرەوە بە چاوێكی ناشیرین سەیری كوردستان نەكەن و ئەزموونەكە سەركەوتوو بێت، پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە كە ئاكامی هەڵبژاردن وەك خۆی پەسەند بكرێت و حكومەتیش پەنجا بە پەنجا پێكبهێنرێت.
دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان پەسەندكردنی بڕیاری فیدڕاڵی لە پەرلەمان
سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا نووسیویەتی: «ڕۆژی 24ی تەمموزی 1992 كۆلونیڵ ویلسۆن بەرپرسی «ئێم.سی.سی» بە سێ هەلیكۆپتەرەوە لە ناوەندی زاخۆوە هاتە لامان بۆ هاوینە هەواری پیرمام و پێی ڕاگەیاندم كە ئەمە پەیامی ئەمریكا بۆ تۆ «مسعود بارزانی»م هێناوە، ئەمریكا ئۆپۆزسیونی عێراقی بانگهێشت كردووە بۆ واشینگتۆن، سەركردایەتیی ئەمریكا داوا دەكات مسعود بارزانییش لەگەڵ شاندەكە بێت بۆ ئەمریكا زۆر بۆمان گرنگە كە خۆی ئامادە بێت، چونكە دەزانین چ كاریگەرییەكی هەیە لە كوردستان و ئەگەر بانگهێشتەكەی واشینگتۆن ڕەت بكرێتەوە، بە مانای وەرگرتنی هەڵوێستی دژی ئەمریكایە لە لایەن مسعود بارزانی یەوە و، ئەوكات ئێمەش هەڵوێستمان دەبێت.»
ئەم پەیامەی ئەمریكا بۆ سەرۆك بارزانی، 80 ڕۆژ دوای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان و تەنیا 20 ڕۆژ دوای دامەزراندنی كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لە نامەكەشدا هاتووە: «ئەمریكا دەزانێت شەخسی مسعود بارزانی چ كاریگەرییەكی لە كوردستاندا هەیە».
بێگومان سەرۆك مسعود بارزانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، نەك هەر بانگهێشتی ئەمریكا ڕەت ناكاتەوە بۆ سەردانیكردنی، بەڵكو داوای بەرەی كوردستانیشی ڕەت نەكردەوە كە داوایان لێكرد بۆ ئەوەی دانوستاندنەكانی بەرە لەگەڵ حكومەتی عێراق سەركەوتوو بێت، دەبێت خۆت بە شەخسی وەك سەرۆكی شاندی بەرەی كوردستانی سەردانی بەغدا بكەیت و لەگەڵ سەدام حوسێنیش كۆببیتەوە.
سەرۆك بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ ئەمریكا كە لە كتێبەكەیدا ئاماژەی پێ كردووە، نووسیویەتی: «ڕۆژی 27ی تەمموزی 1992 لە لەندەنەوە بەرەو واشنتۆن بەڕێكەوتین و لەوێ لە فڕۆكەخانەی دالاس مام جەلال و زۆر لە جالیەی كوردی لە پێشوازیماندا بوو، ڕۆژی 28ی تەموز لەگەڵ مام جەلال دوو قۆڵی باسمان لە بارودۆخی كوردستان كرد و هەروەها ڕاوێژ و پرس بە ئۆپۆزسیونی عێراقی كرا، بەتایبەتی ئەحمەد چەلەبی» و لەو سەردانەیدا وەك شاندی ئۆپۆزسیونی عێراقی چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی كۆنگرێس و سەنات و حكومەتی ئەمریكا كردووە، بەڵام گرنگترینیان ئەو كۆبوونەوەیە كە لەگەڵ جێمز بیكەر وەزیری دەرەوە و ستاڤی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كراوە و لەو كۆبوونەوەیە سەرۆك مسعود بارزانی بەمجۆرە سەبارەت بە فیدڕاڵی قسەی كردووە: «داوام كرد گەرەنتییەك هەبێت كە جارێكی دیكە گەلی كوردستان تووشی نەهامەتی و كارەسات نەبێتەوە، هەروەها گوتم «ڕەنگە گۆڕینی ڕژێم ئاسانتر بێت لەوەی ئایا دوای ڕژێم چ بەرنامە هەبێت بۆ حوكمڕانی لە عێراقدا». دواتر پرسیارم كرد: «ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە بە ئاشكرا و ڕاشكاوی باسی مافەكانی گەلی كورد بكرێت و مافەكانی دیاری بكرێت؟ هەر زوو وەڵامی دامەوە و گوتی: «پڕۆژە و ڕەشنووسی كۆنگرەی ڤیەننا شتێكی باشە»، منیش پێم گوت: «جەنابی وەزیر شتێكی باشە، بەڵام قابیلی خوێندنەوەی جیاوازە و زۆر مانا هەڵدەگرێت، ئەگەر دیاری بكرێت باشترە»، وەزیر پرسیاری كرد: «هیچ شێوازێكی دیاریكراو هەیە؟» گوتم: «بە بۆچوونی من فیدڕاڵی شێوازێكی سەركەوتووە بۆ ئەم قۆناغە»، مام جەلالیش خێرا گوتی: «پشتگیریی هەموو بۆچوون و قسەكانی بارزانی دەكەم». دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەو خاڵە كرد كە ئۆپۆزسیونی عێراقی لەسەر هەر شێوازێك بۆ حوكمڕانیی عێراق ڕێك بكەون، ئێمە ڕازین.
ئەم ڕاشكاوییەی سەرۆك بارزانی لەناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و دواتر بەیانەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، وەك گلۆپی سەوز بۆ كوردستان لەقەڵەم دەرێت كە دەكرێت دروشمەكە لە «ئۆتۆنومی بۆ كوردستان و دیموكراتی بۆ عێراق» بگۆڕێت بۆ «عێراقێكی فیدڕاڵی و فرەیی و دیموكراتی و پەرلەمانی»، ئەم گلۆپە سەوزە كە سەرۆك بارزانی زۆر لە مێژ بوو چاوەڕێی بوو لە ڕۆژئاوا و ئەمریكا بۆی هەڵبكرێت، لەم سەردانەیەدا نەك هەر لەسەر ئاستی ئەمریكا، بەڵكو لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتانی ئەوروپا قبووڵ كرا، هەر بۆیە دوای گەڕانەوەی لەم سەردانە سەركەوتووە، لە ئەیلوولی 1992 سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و، دوای باسكردنی ئاكامی سەردانەكەی، پەرلەمانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی پرسی فیدڕاڵی تاوتوێ بكەن، پەرلەمانیش لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا زەمینەسازی كرد و لە 4ی ئۆكتۆبەری 1992 ئەم بڕیارە مێژووییەی دا، پاشان لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی پەسەند كرا و دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێنیش، لە نووسینەوەی دەستووری عێراق لە 2005 شەرعییەتی دەستووریشی بە بەردا كرا.
ئەم مێژووە ئەوەمان پێ دەڵێت كە كاریزمای سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر ئاستی دەوڵەتێكی گەورەی وەك ئەمریكا لە ساڵی 1992 ەوە حیسابی وردی لەسەر كراوە و، هەر پرسێكیش بارزانی شانی بداتە بەر نەتەوەكەی هەر پێی دەگات.