ئەحمەد سالار بە خۆر دێتەوە ئاسمانی شار شانازییەك تۆمار دەكات

ئەحمەد سالار بە خۆر دێتەوە ئاسمانی شار  شانازییەك تۆمار دەكات

مامۆستا و رابەری شانۆی هاوچەرخی كورد مامۆستا ئەحمەد سالار، كە تەمەنی خۆی لەسەر تەختەی شانۆدا بەسەر برد وەك (ئەكتەر، دەرهێنەر، نووسەری شانۆ و مامۆستای پێگەیاندنی شانۆكاران) دوایین شانۆیی نووسیوە و ئامادەیە.
شانۆیی (خۆر دێتەوە ئاسمانی شار) دەبێتە (٣٨)مین كاری شانۆیی مامۆستا ئەحمەد سالار، كە ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەییە لە نووسینی شانۆ، بەتایبەتی لە نێو كورددا، چونكە تا ئێستا ئەوانەی شانۆییان نووسیوە لە پەنجەكانی دەست تێپەڕی نەكردووە، لە عەرەبیشد ئەو ژمارەیە نییە، ویلیام شكسپیری گەورە شاعیر و نووسەری جیهانی لە ژیانی خۆیدا (٣٩) شانۆیی نووسیوە.
زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە فڵانە نووسەری یۆنانی وەك یۆرپیدس یان ئەكسیدۆس (٩٠) شانۆییان نووسیوە، بەڵام لە راستیدا ئەوانەی كە ماونەتەوە تەنیا (٣ تـــا ٧) شانۆییە، ئەوانی دیكە رەنگە خەیاڵ، یان زیادە پێهەڵدان بێت.

ئەحمەد سالار بە خۆر دێتەوە ئاسمانی شار  شانازییەك تۆمار دەكات

*خۆر دێتەوە ئاسمانی شار* كە دەبێتە دوایین كاری شانۆیی مامۆستا ئەحمەد سالار، داڕشتنێكی تایبەتی هەیە، خەیاڵێكی میتافیزیكی، فەنتازیایی سەیری تێدا بەدی دەكرێت، مامۆستا فەنتازیای بە واتا جوانەكەی تێدا بەكارهێناوە. ئەم شانۆییە شانازییەكی دیكەی ئەحمەد سالارە و وەك خۆی دەڵێت ئەمە دوایین بەرهەمیەتی، بۆیە دەبێ جوانترین بەرهەمی بێت و كۆتاییەكەی دەبێت ئەو میسكە بۆنخۆشە بێت، وەك لە قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە دەفەرمووێ: (و یسقون من رحیق ختامه مسك).
لە شیعری كوردییشدا باس دەكرێت كە ئەمە بۆن گوڵاوێكە لە باوەشی جۆرە كارئاسكێكی دەشتی قەتای چیندا هەیە، روونتر بڵێین ئەم بەرهەمە (خۆر دێتەوە ئاسمانی شار) دەبێتە كۆكەرەوەی هەموو ژیانی شانۆیی مامۆستا ئەحمەد، كە خۆی لە شەست ساڵ دەدات.
جیا لە سەنگ و بەهای هونەری، ئەم بەرهەمە لە رووی مرۆییشەوە سەنگینە و نرخی خۆی هەیە، چونكە مامۆستا ئەم شاكارەی پێشكەش بە قوتابییەكی ژیر و زرنگ، ئازا و چاونەترسی خۆی كردووە، ئەویش ( ئەریوان عومەر حەسەن دەوڵەت)ە، كە لە رۆژی یەكەمی راپەرینی مێژوویی شاری سلێمانیدا شەهید بوو، وەك وەفا و دڵسۆزییەك پێشكەش بە گیانی ئەم قوتابیە ئازا و نەبەردەی كردووە.

ئەحمەد سالار بە خۆر دێتەوە ئاسمانی شار  شانازییەك تۆمار دەكات

ئەم شاكارە شانۆییەی كە دەتوانین بڵێین دەستە گوڵی تەمەنی مامۆستا ئەحمەد سالارە و، پێشكەش بە میللەتی خۆی دەكات، لە ئێستادا ئامادەیە و لە چەند بەرگێكدا چاپ دەكرێت، تا بگاتە بەردەستی هەموو شانۆكار و خۆشەویستانی شانۆی كوردی، لە داهاتوودا یەكێك لە دەرهێنەرە بەڕێزەكان كاری دەرهێنانی بۆ دەكەن و جەماوەری پێ ئاشنا دەبێت.
ئەم شاكارە دەبێتە سەرچاوەیەك گرنگ و پڕ بایەخ بۆ شانۆی كوردی و ئەوانەی دڵێن شانۆمان نییە با هەوڵ بدەن لەو جۆرە شانۆییانە تێبگەن، جونكە كارەكانی مامۆستا گەنجینەیەكی پڕ بایەخ و سەنگین و موڵكی هەموو كوردێكە.

Top