نێچیرڤان بارزانی: پارتی خه‌ون و هیواكانى گه‌لى كوردستانى كرد به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیی رزگاریخوازی

نێچیرڤان بارزانی: پارتی خه‌ون و هیواكانى گه‌لى كوردستانى كرد به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیی رزگاریخوازی

جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و دەشڵێت، "پارتی خه‌ون و خۆزگە و هیواكانى گه‌لى كوردستانى كرد به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیی رزگاریخوازی."

لە یادى 76 ساڵه‌ى دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نووسیویەتی، ئەو یادە "به‌ گه‌رمى لە جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی" پیرۆز دەکات.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت، "یادکردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرز راگرتنی مێژوویەکی گرنگی بەرخودان و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانە و مەدەنیانه‌ و رێزگرتنە لە تێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کوردستان كه‌ له‌ژێر سه‌ركردایه‌تى و ئاڵاى پارتیدا خه‌بات و تێكۆشانى بۆ ئازادى و رزگارى كردووه‌ و قوربانیى داوه‌."

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، پارتی "خه‌ون و خۆزگه‌ و هیواكانى گه‌لى كوردستانى كرد به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیی رزگاریخوازی و هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستانى كۆكرده‌وه‌."

هەر لە پەیامەکەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، "له‌م یاده‌دا لە هەر كاتێك زیاتر کوردستان پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانییه‌تی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەکان و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر. ده‌بێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقیشدا هاوكار و پشتیوان بین بۆ دەربازبوونی وڵات لەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی کە تێكه‌وتووه‌."

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتییەوە:

یادى (76) ساڵه‌ى دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ گه‌رمى لە جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، مه‌كته‌بى سیاسى، سه‌ركردایه‌تى و ته‌واوى ئۆرگانه‌كانى پارتى و خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و كادیران و ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزان و جه‌ماوه‌ری پارتی و گه‌لى كوردستان به‌گشتى پیرۆز ده‌كه‌م.

یادکردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرزڕاگرتنی مێژوویەکی گرنگی بەرخودان و خۆڕاگریی شۆڕشگێرانە و مەدەنیانه‌ و ڕێزگرتنە لە تێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کوردستان كه‌ له‌ژێر سه‌ركردایه‌تى و ئاڵاى پارتیدا خه‌بات و تێكۆشانى بۆ ئازادى و ڕزگارى كردووه‌ و قوربانى داوه‌.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پێداویستییەکی مێژوویی لە ڕۆژگارێكى سه‌ختدا به‌ سه‌ركرایه‌تیى بارزانیى نه‌مر و لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی كوردستان دامه‌زرا كه‌ خه‌ون و خۆزگه‌ و هیواكانى گه‌لى كوردستانى كرد به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسیی ڕزگاریخوازی و هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستانى كۆكرده‌وه‌.

پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام هەڵگری بیروباوەڕێکی نیشتمانیی ئاشتیخواز و دیموکراسیخواز بووە و ئەزموونی ساڵانی دوورودرێژی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یه‌كترقبووڵکردن و لێبووردەیی لە بنەما سەرەکییەکانی کولتوورە سیاسییەکەیەتی، داکۆکیکردن لە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بە جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییەوە، بڕوایەکی نەگۆڕی پارتییه‌ و قوربانیی گەورەی لەپێناودا بەخشیوە.

ئەمڕۆ له‌م یاده‌دا لە هەر كاتێك زیاتر کوردستان پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانییه‌تی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەکان و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر. ده‌بێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقیشدا هاوكار و پشتیوان بین بۆ دەربازبوونی وڵات لەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی کە تێكه‌وتووه‌.

بەرز و پیرۆز بێت یادی ١٦ ئاب، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان.

نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
١٦/ ٨/ ٢٠٢٢

Top